کارزان کۆیی: سەربەرزم کەنان بڕاوم کردویت!
پێش چەند ڕۆژێک لەسەر هەڵوێستێکی بوێرانەی برای ڕۆژنامە نووس کاک{هێمن مەمەند} سوپاسێکمان ئاڕاستە کرد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و پێکەنینە{ڕێکخراوی هیوایەک بۆ ئاشتی لە کوردستان} وەڵامی داینەوە، پێم باشە دەقی وەڵامەکەیان وەک خۆی بۆ بەرژەوەندی خوێنەر بخەینە ڕوو، تا لەڕووی زمانەوانیەوە سوود لەوەڵامەکەیان وەربگیرێت، لەکۆمێنتەکەیاندا دەفەرموون: ((من شاهیدي اون دە دە م بە ریز کوکوي هوکار بوو بەنان بربني شخصي من وتەکان بیجە وأنە وە دەبینم کاتیک مفوض بوو لە دائرە بەک بەرامبەر مزکەوای کەورە سە رە تاي اتفاظە کەبوو)) خوێنەری بەڕێز هیوادارم چەند جارێک سەرنجەکەیان بخوێننەوە تا بێگومان بن لەرۆشنفیکری ئەو بەڕێزەی کە بەناوی ئەوڕێکخراوە وە لێدوان دەدات، ئەو بەڕێزە دەفەرموێت: ((من شاهیدي اون)) زاراوەی {من} بەڵێ کوردیە و {شاهید} عەرەبیە بەڵام نازانم {اون} کام زمانە، هەرەها دەفەرموێت: (بەریز کوکوي هوکار) پێم وایە زاراوەی{بەریز} بەواتای بەڕێز دێت لێرەدا و زاراوەی{کوکو} ش بەواتای کارزان کۆیی دێت لێرەدا و{هوکار} یش بەمانای هۆکار دێت، وە پاش هەوڵدانێکی زۆر توانیمان بزانیین واتای{بەنان بربني شخصي} واتای چی دەبەخشێت، بەڵام ئەوەی زۆر ماندوی کردین زاراوەی{بیجە وأنە} بووتا گەیشتینە ئەو ڕاستیەی کە بەواتای پێچەوانە دێت لەهزری نووسەردا، بەهەمان شێوە ئەم وشانەش ماندویان کردین {دائرە بەک} و { مزکەوای کەورە}.
بەڕێزان وەک دەزانرێت هەموو ڕێکخراوەکان ڕێکخراوی گشتین و بۆ بەرژەوەندی گشتی دامەزراون، نەک بۆ بەرژەوەندی و مەبەستی تاکەکەسی، وە بەپێی یاسا بەکارهێنانی ڕێکخراو بۆ مەبەستی تایبەت و تاکە کەسی کارێکی نایاساییە، لەهەمان کاتدا دەکرێت بپرسین ئەو بەڕێزەی کە بەناوی ئەو ڕێکخراوە و ئەندامەکانیەوە بەمەبەستی تایبەت هێرش دەکاتە سەر ئێمە، ئایە زمانحاڵی فەرمی ئەو ڕێکخراوەیە یا هەموو ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە هاوڕان لەسەر ئەو لێداوانەی، کەهیچ پەیوەندیەکی نیە بە پەیڕە و پرۆگرامیانەوە بگرە پێچەوانەی دروشمە کەشیانە، پێم وایە بۆ وەرگرتنی وەڵامێکی درووست باشتر وایە روو بکەینە دادگا.
ئەو بەڕێزە لە لێدوانەکەیدا دەفەرموێت ئێمە لەسەرەتای ڕاپەڕینە مەزنەکەدا{مفەوەز} بووین، نەخێر ئێمە لە سەرەتای دروست بوونی حکومەتی هەرێمەوە وەک ئەفسەر لەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەست بەکار بووین، لەپێش دروستبوونی حکومەتی هەرێمیشەوە وەک ئەفسەری شۆڕش لەدادگای شۆرش کارمانکردووە، وە هەروەها لە لێدوانەکەیدا دەفەرموێت: گوایە ئێمە لەسەرەتای ڕاپەڕنە مەزنەکەدا { لەبەڕیوەبەرایەتی ڕەگەزنامە وبارشارستانی } ئەو دەمە دەستمان هەبووە لەنان بڕینی بەڕێزیا! وەک هەمووان دەزانیین لەسەرەتای ڕاپەڕینەکەدا کەس لەسەر کاری حیزبایەتی نان بڕاو نەدەکرا و هەموو لایەنەکان هاوبەش بوون لەحکومەتدا، ئەوانەی دەردەکران ئەوانە بوون کەپێشتر ڕابردوویەکی سەربەرزیان نەبووە، یاخود دەست پاک نەبوون، ئێمە ئەو تاوانە بۆکەس دروست ناکەین، بەڵام من وەک خودی خۆم گەردەستم هەبووبێت لەنان بڕینی هەرکەسێکدا لەسەرەتای ڕاپەڕیندا، بەسەربەرزی دەزانم و شانازی پێوە دەکەم، وە بەهیچ شێوەیەک پەشیمان نیم لێی. بەڕێزم گەر ئێمە هۆکار بووبین لەنان بڕاوکردنت بێگومانم کارێکی درووستم کردوە و سەربەرزم پێی.