بورهان شێخ ڕەئوف: تورکیا لە کەمالیەتەوە بۆ ئەردۆگانیەت.
تورکیاى نوێ لە سەردەستى کەمال مستەفا پاشا ئەتاتورک لە 1923 ڕاگەیەنر ا و کۆتایى بە شەش سەدە حوکمڕانى خەلافەتى ئیسلامى عوسمانى هێنا بە دروشمى یەک میللەت و یەک ئاڵاو یەک دەوڵەت لە ژێر ناوى دیموکراسى سیکوێلاریزم دژى کۆنەپەرستى بەڵام ئەوەى بینیمان ئەگەر دیموکراسى هەبووبێت تەنها بۆ نەتەوەى تورک بووە نکوڵى کردنە بووە لە مافى گەلانى ترى ئەو وڵاتەى پاشماوەى عوسمانى کە زۆر بۆ دواوە گەڕانەوە ئەگەر دەوڵەتى خەلافەت تەنها باج و خەراج و سەربازگیرى لە گەلانى تر دەخواست و زۆر دەستى وەر نەدەدا لە کاروبارى بەڕیوەبردنى میرنشینەکان.
بەڵام سەردەمى کۆمارى کەمالیست هەموو ئەو مافانەى سەندەوە لە گەلانى تر کە لە سنوورى دەوڵەتى تورکیاى نوێ دا مانەوە وەکو بەشێک لە کوردستانى باکور و ئەرمەن و عەلەوى و شەرکەس و عەرەب و… تد.
من نامەوێت باسى مێژووى سەردەمى حوکمڕانى تورکیا ى کەمالی بکەم وا لە ساڵى 2023 دەبێتە سەد ساڵ چونکە ئەو بابەتێکى درێژە بە چەند کتێبێکیش تەواو نابێت نەک بە وتارێک بەڵام والە 24 حوزیرانى ئەمساڵەو بە پراکتیک ئەردۆگان لە هەوڵى گۆڕینى ئەو سیستەمەدایە لە م هەڵبژاردنەشدا بە تەواوى کۆتایى بە سیستەمى حوکمڕانى پەرلەمانى کەمالى هێنا سەرەڕاى ناڕەزایەتى زۆرێک لە هێزوو لایەنە ئۆپۆزەسیۆنەکان.
ئێستا دەتوانین ناوى بنێین سەردەمى ئەردۆگان چونکە تەنها ئەم توانى زۆربەى بنەماکانى سیستەمى کەمالى بگۆڕێت سوپاى ئەو وڵاتە کە پێشتر لە هیچ کام لە سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانەکانى ئەو وڵاتەى قبوڵ نەکردووە دەستکارى بنەماکانى دەستوورى ئەو وڵاتە بکەن و خۆیان بە پاسەوانى دەستورو عیلمانى زانیوە بەڵام ئێستا دەستەمۆى ئەردۆگانن دەزگاکانى دادوەرى و بانکەکانیش تا ڕادەیەکى زۆر پاکسازى کراون لە نەیارانى ئەردۆگان پێشتریش بە بیانووى کودەتاکەى 15 تەمووزى 2016 بەشێکى زۆر ى نەیارەکانى لە هەموو دامودەزگاکانى دەوڵەت چ لە سوپا و هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس دادگاکان و پەروەردەو … تد، دوورخرانەوە لە کارەکانیان یان ڕاپێچى زیندانەکان کران بە شێوەیەک کە هەموو زیندانەکان سیخناخ کراون.
بەڵێ ئەردۆگان هەر ڕۆژى 24 ى حوزەیران دواى کۆتایى هاتنى پرۆسەى دەنگدان لە وتارى سەرکەوتن دا وتى چۆن پێشووتریش لە وتارى سەرکەوتن لە ڕاپرسى گۆڕینى دەستوور پیرۆزبایى لە گەلى تورکیا و دواتریش پیرۆزبایى لە گەلانى ناوچەکە کرد وتى پیرۆزبایى لە خەڵکى سوریا و عێراق و ئەفغانستان و پاکستان و هەموو زۆرلێکراوان دەکەم ئەمجارەش وتى:
پشت بەو متمانەى پێتان بەخشین ئەمڕۆ لەم هەڵبژاردنەدا بەیەکەو پشت بەخوا دەگەینە هەموو ئامانجەکانمان بۆ ساڵى 2023 کە دەکاتە یادى سەد ساڵەى ڕاگەیاندنى کۆمارى تورکیا دیارترین و گرنگترینى ئەو ئامانجانە ئەوەیە تورکیا ببەینە ڕیزبەندى یەک لە و دە دەوڵەتە زەبەلاح و خاوەنى هێزو داهاتى ئابوورى لە سەر ئاستى جیهان لەم پێناوەشدا دیدگاى سیاسى شوێن و ڕێ ى پێویست گیراوەتە بەر بۆ ئەوەى تا ئەو بەروارە تورکیا ببێتە خاوەنى داهاتى نەتەوەیى دوو تریلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.
لە هەمانکاتدا بەڵێنى دا کە بەهەموو توانایەکیەوە بە گژ هێزە تیرۆریستەکاندا بچێتەوە ئەوەى بۆ کورد جێگەى نیگەرانیە و لە بانگەشەى هەڵبژاردنەکانیشدا بە دەنگى بەرز هاوارى دەکرد کێشەیەک نیە بەناوى کێشەى کورد بەڵکو کێشەى تیرۆرمان هەیە ئەمە بۆ ناوخۆى تورکیا.
ئەوەى پەیوەندى بە دەرەوەى سنورەکانى تورکیاشەوە هەیە وتى هەوڵدەدەین بۆ ڕزگارکردنى زیاترى خاکى سوریا و قایم کردنى پێگەى نێو دەوڵەتى تورکیا لەم پێناوەدا کاتمان نیە بە فیڕۆى بدەین.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن تورکیا یەکەم فڕۆکەى F35 لە ئەمریکا وەرگرت لە چوارچێوەى ئەو بۆندەدا کە سەد فڕۆکەى جەنگى پێشکەوتوو بکڕێت کە ڕۆکێتەکانى دەگاتە هەموو شوێنەکانى ڕۆژهڵاتى ناوین کە ئەمە یەکێک لەو خاڵە بەهێزانەیە کە ئەردۆگان زۆر شانازى پێوەبکات و ئەو هەڕەشانەى پێوە بکات.
بەڵام لە بەرامبەردا ئەوروپیەکان و ئەمریکا خۆشحاڵ نین بەرامبەر بەم لێدوان و هەڵسووکەوتانەى ئەردۆگان هەربۆیە کۆنگریسى ئەمریکا لە هەوڵى ئەودایە ئەو بۆندى فرۆشتنى فڕۆکەى جەنگى F35 ڕابگرێت لە بەرامبەر دەستوەردانەکانى لە سوریا و هاوپەیمانێتیەکانى لە گەڵ ڕوسیا و ئێران بێجگە لە پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ هەروەها کرێنى سیستمى ڕۆکێت و ڕادارى S400 ڕووسى ئەوەش کێشەو نیگەرانییەکى ترى ئەمریکا و پەیمانى ناتۆیە.