نەبەز گۆران: تەقاندنەوەی كۆگای هێزە حیزبییەكان.
لەماوەی تەنها یەك مانگدا، لەسەرتاسەری _عێراق_ (8) كۆگای تەقەمەنی هێزە حیزبی و میلیشاكانی ناو عێراق تەقینەوە. پاش هەموو تەقینەوەیەك لێدوانەكان باس لە كێشەی تەكنیكی كارەبا، یان بەرزی پلەی گەرما دەكەن. بەڵام ئەم رووداوە یەك لە دوای یەكانە لە حاڵەت تێپەڕیكردوە و بووە بە دیاردە.
سەرەتا كۆگایەكی تەقەمەنی هێزێكی ملیشیا لە شاری_بابل_ تەقییەوە، پاش ئەو كۆگایەكی دیكە لە شاری_بەسڕە_ تەقییەوە، بەدوای ئەودا دوو كۆگای تەقەمەنی لە شاری_بەغداد_ تەقییەوە. ئەم تەقینەوانە گوازرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە شاری _هەولێر_ سەرەتا كۆگایەك تەقییەوە، پاشان كۆگایەكی دیكە، دوای ئەو كۆگایەك لە شاری _سلێمانی_ و، دواترین رووداو تەقینەوەی كۆگایەك بوو لە شاری _دهۆك_.
هەموو ئەو كۆگایانە كۆگای تەقەمەنی هێزە حیزبییەكانی عێراقە و، هیچ كۆگایەكی سوپای عێراقی نەتەقیوەتەوە! ئەگەر كێشەكە پلەی گەرمابێت، كۆگاكەی _سلێمانی و كۆگاكەی هەولێر_ دوو لەو كۆگا ستانداردانەن لەسەردەمی سوپای كۆنی _بەعس_ دروستكراون و بەشێوازێك دروستكراون پلەی گەرما هیچ كاریگەرییەكی لەسەریان نەبێت، گەر كێشەی وزەی كارەبابێت، پرسیارەكە ئەمەیە بۆچی لە ماوەی مانگێكدا ئەم هەموو كێشەیە رووبەرووی كۆگاكانی تەقەمەنی هێزە حیزبییەكانی سەرتاسەری _عێراق_دەبێتەوە؟! ئەی بۆ پێشوتر ئەمە رووینەدەدا؟
هەندێك سەرچاوەی سەربازی باس لەوەدەكەن گوایە لیژنە پێكهێنراوە بۆ گومانخستنە سەر چەكە ئەمریكاییەكان، گوایە كە فرۆشرابن! هۆكاری ئەم تەقینەوانە پەیوەندی بەو لیژنانەوە هەیە! ئەمە تەنها گومانێكە و پێناچێت هیچ حەقیقەتێكی لەپشتەوەبێت، بەڵكو داپۆشینی دیوە راستییەكەی رووداوەكانە. ئەو لیژنانە بە درێژایی مێژووی حیزبی كوردی و عێراقی هەبووە و، هیچ كاتیش نەیانتوانیووە كاری دەسپاكی راستەقینە بكەن. ئەو چەكانەش فرۆشراون پێشتر لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە زانراوە كە فرۆشراون و، زانراویشە لە چ شوێنێك كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە.
ئەوەی گرنگە رووداوی بەردەوامە تا دەگاتە ئاستی دیاردە. یانی پرسیارە جەوهەرییەكە ئەمەیە، ئەم هەموو رووداوە لە سەرتاسەری عێراقدا لەماوەیەكی كەمدا بۆچی؟ ئایا ئەمە تەكنیكێكی نوێیە بۆ داماڵینی چەكی حیزبەكان؟ ئایا ئەمە فێڵێكە بۆ سەرلەنوێ پارە بەهەدەردانەوە بەبیانوی كڕینی تەقەمەنی بۆ هێزە حیزبییەكان؟ ئایا هێزێكی دەرەكی لەم رووداوەدا بوونی هەیە؟ گەر بوونی هەیە كێیە؟ پاشان مەبەستی لەمە چییە؟ ئێمە ئەم پرسیارانە دەكەین، سەبارەت بە هەرێم دڵنیاین وەڵامێكی دروست لە وەزارەتی پێشمەرگە نابیستین، چونكە بەدواداچوون و لیژنەكانی ئەو وەزارەتە پێناچێت وەڵامێكی تازەی پێبێت و، جارێكی تر وەڵامە كۆنەكە دەبیستینەوە و باس لە كێشەی تەكنیكی و كارەبا دەكرێت. هەرچۆن لە عێراقدا حیزبەكان دوای تەقینەوەكان ئەو جۆرە قسانەیاندەكرد، لێرەش بە هەمان شێوەیە. كاری لیژنەكان كارێكە ئەنجامی نییە، وەك _روسەكان_ دەڵێن: ” هەرشتێك ویستت سەرنەگرێت، لیژنەی بۆ دروستبكە.”
هەندێك لە شارەزایانی كۆگای تەقەمەنی و سەربازی، پێیان وانییە ئەمە تەنها رووداویی ئاسایی بێت، تەنانەت بەو جۆرە بیردەكەنەوە كە لەناو ئەو كۆگایانەدا جۆرە چەكێكی تەوقیتكراو بوونی هەبێت بتوانرێت لەكاتی مەبەستدا بتەقێنرێتەوە و كۆگایەكی پێلەناو ببرێت. (مەبەستیان ئەوەیە لەلایەن وڵاتێكی دەرەكییەوە چۆرە چەكێك دراوە بەم هێزانە، ئەو چەكە كۆنترۆڵكراوە و لەناو كۆگاكاندا هەركات بیانەوێت دەیتەقێننەوە!) لەبەر ئەوەی هێزە حیزبی و میلیشاكانی عێراق، زانیاریان لەسەر چەكەكان زۆر نییە، ئەكرێت لە هەموو حاڵەتێكدا وڵاتێك بتوانێت هەمان كار بكات و چەندینجاریش دووبارەی بكاتەوە.
گومانەكان و لێدوانەكانی شارەزایان لەسەر ئەم تەقینەوانەی كۆگای چەكدارە حیزبی و میلیشیاكان بەرەو ئەوەماندەبەن، هەوڵێك هەیە پۆ پەكخستنی هێزە حیزبییەكان. ئەم هەوڵە بەشێكی پەیوەندی بە تەقاندنەوەی كۆگاكانەوە هەیە، ئەما ئەمە تەنها بۆچوونە، ئەشێت بۆ بینینی تەواوی راستی رووداوەكانی بوەستین و بینین و گوێبگرین بزانین كۆتایی ئەم چیرۆكە تازەیەی عێراق لەناو كۆگای چەكەداندا بەرەو كوێ دەڕوات.
ئەوەی تا ئێستا روویداوە كۆتایی هێنانە بەبەشێك لە كۆگاكان، دورنییە ئەوانی دیكەش بگرێتەوە. یانی بە دیوە سەربازییەكەدا حیزبە چەكدارەكانی عێراق كەمێك پەلوپۆكراون، ئەو كۆگایانەی چەندین ساڵە تەقەمەنی تێدا هەڵدەگرن بۆ كاتێك پێویستیانبێت بیكەنە كەرەستەی بەرگیركردن لە حیزب، ئێستا وردە وردە بەرەو خاڵیبوونەوە دەچن، ئەگەر بۆچوونی ئەو بەشەی شارەزایانی سەربازی _عێراق_ راستبێت، پێدەچێت ئەم دەسپێكە كۆی سەرجەم كۆگاكان بگرێتەوە و تەنها سوپای عێراق ببێتە خاوەن كۆگای تەقەمەنی. بۆ هەرێمی كوردستانیش دیارنییە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیە دەكەن، لێ بەهەرجۆرێك مامەڵەی لەگەڵ بكەن بێگومان هەرێم بەشێكە لە چوارچێوەی عێراق، لەوێ چی رووبدات لێرەش روودەدات.