عەبدولڕەحمان عەلی: کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لەپەرلەمان چیان ووت؟
ئەمڕۆ 9- 7- 2018 ، دەستەی کۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی هەرێم هاتنە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان بۆ قسەکردن و خستنەڕووی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیارە 30- 09- 2018 ئەنجامبدرێت .
لەو دانیشتنەدا 50 پەرلەمانتار پرسیاریانکرد لەسەر شێوازو میکانیزمەکانی هەڵبژاردن و ڕێگریکردن لەساختەکاری، ئەوەی لێرەدابەچەند خاڵێک ئاماژەی بۆ دەکەم قسەولێدوانی سەرۆک و جێگرو بەرپرسی بازنەی هەڵبژاردنەکانە لەکۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردن و ڕاپرسی:
1- فۆڕمی خۆراک کراوەتە بنەما بۆ دروستکردنی تۆماری دەنگدەران، کەداتاکە لەوەزارەتی بازرگانی لەبەرواری 31- 12- 2017 وە وەرگیراوە.
2- دەتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری دیاریکراو بۆ هەڵبژاردن ئەنجامبدەن کە 30 ی ئەیلولی 2018یە.
3- قەڵەم بۆدەنگدان بەکارناهێنرێت بەڵکو مۆر (ختم) بەهەمان شێوەی هەڵبژاردنەکانی 12- 05- 2018 ی ئەنجومەنی نوێنەران بەکاردێت.
4- بودجەی هەڵبژاردن 29 ملیاردو 250 ملیۆن دینارە، کە لەو ڕێژەیە ٪30 ی پارەکە بۆ کڕینی ئامێری ئەلیکترۆنیە، لەکاتێکدا ئامێربەکارناهێنرێت بۆ هەڵبژاردنەکە.
5- بۆ نەمانی قەرەباڵغی لەبنکەکانی دەنگداندا لەهەربنکەیەکی دەنگدانی تایبەت کە 48 کاژێر پێش هەڵبژاردنی گشتی دەنگ دەدەن نابێت ژمارەی دەنگدەران لە 2000 کەس تێپەڕبکات و بنکەی دەنگدانی گشتیش 2500 دەنگدەر دەنگی تێدا دەدەن، وەهەردەنگدەرێکی دەنگدانی تایبەت لەڕۆژی دیاریکراوی خۆیاندا دەنگ نەدەن ئەواناتوانن لەدەنگدانی گشتی دەنگەکەیان بدەن چونکە ناویان لەلیستی تۆماری گشتیدا سڕاوەتەوە.
6- کارتی ئەلیکترۆنی بەکارناهێنرێت چونکە پێویستی بەئامێری ئەلیکترۆنی هەیەو لەم هەڵبژاردنەشدا ئامێری ئەلیکترۆنی بەکارنایەت.
7- بەم زوانە کۆمسیۆن 50 هەزار کارمەندی کاتی بۆبەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان دادەمەزرێنن، وەکۆمسیۆن خۆی خاوەنی 1500 کارمەندی هەمیشەییە کەئەمانە لەسەرپشکی حیزبەسیاسیەکان دانراون.
8- بە 15 ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکان تۆمارەکان لەسەر دیواری بنکەکانی دەنگدان هەڵدەواسرێن تاکو دەنگدەر دڵنیابێت لەوەی لەچ بنکەیەک دەنگ دەدات.
9- بەوتەی سەرۆکی کۆمسیۆن (UN)نایەن بەدەنگیانەوەو زۆر موقەسیرن لەگەڵیاندا، وە لەئێستادا کەژمارەیەک دادوەر سەرپەرشتی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن هیچ هەماهەنگیەک نیە لەنێوانیاندا لەکاتێکدا پێشتر هەماهەنگی هەبوە لەنێوانیاندا.
10- دەستێوەردانی حیزبی هەیەلەکارەکانی کۆمسیۆن بەڵام بەوتەی خۆیان ڕێگرییان کردوە لەهەموو دەستێوەردانێک.
11- بەکارهێنانی ئامێری مۆبایل قەدەغەیە لەبنکەکانی دەنگدان بەتایبەت کەفشارهەیە لەسەردەنگدەرلەدەنگدانی تایبەت.
12- کومسیۆن پێی باشبوو کەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەمواربکرێتەوە چونکە 31 ماددەی پێویستی بەهەموارە.
13- دواین بەراوردی ناوی دەنگدەران لەتۆماری دەنگدانی پێشوتری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ تۆماری تازە ئامادەکراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بریتیە لە 270 هەزار دەنگدەر واتا تۆمارەکەی هەرێم دوای پاککردنەوە ئەو ڕێژەیەی کەمکردوە، کەتۆمارەکەی پێشتر بەکاردەهات ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی بە (3 ملیۆن و 363 هەزارو 429)کەس دیاریی کرد بوو.
14- بەپێی ئەوئامارەی کەلەوەزارەتی تەندروستیەوە ڕادەستی کۆمسیۆنی هەرێم کراوە ژمارەی مردوانی سەرو تەمەن هەژدەساڵ لەساڵانی نەوەدەکانەوە تاکۆتایی ساڵی ( 2017 ) ( 125 )هەزارو( 317)کەسە، واتا ژمارەی دەنگدەرانی هەرێم بەپێی تۆماری دەنگدەرانی نوێی کۆمسیۆن ( 3)ملیۆن و(86) هەزاروکەسرێکە.
ئەمانە کورت و پوختی وتەکانی کۆمسیۆنی هەرێم بوون، بەڵام لەهەمووی گرنگتر بۆبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەردو خاوێن و دوور لەساختەکاری بەبڕوای بەندە کەلەدانیشتنەکەش ئاماژەم پێدا ئەوەیە: کەهەموان هەوڵبدەین زۆرترین هاوڵاتی ودەنگدەر بەشداری هەڵبژاردن بکەن، و بژاردن وجیاکردنەوەی دەنگەکان ڕاستەوخۆ لەبنکەووێستگەکاندا بەئەنجامی فەرمی هەژماربکرێت و سندوقی دەنگدان تادوای ڕاگەیاندنی کۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردن لەسنوری یەکەئیدارییەکەدا بمێنێتەوە بەپارێزراوی بۆئەوەی گەر تانەو سکاڵا هەبوو هەرلەوبنکەیە بژاردنی دەنگەکان دووبارەبکرێتەوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە.
وە لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کەکۆمسیۆن لەژێر هیچ فشاروگوشارێکدا ئامادەنەبێت بۆ درێژکردنەوەی کات و ماوەی دەنگدان کەئەوە دەرفەتی زۆر دەڕەخسێنێت بۆ گزی و دزی و ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکاندا.
بەهیواین کۆمسیۆن بتوانێت بەجۆرێک لەجۆرەکان ئومێد بگەڕێنێتەوە بۆ هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکی ئەویش بەپاک بەڕێوەچونی هەڵبژاردن دەبێت، چونکە گەر نەتوانرێت هەڵبژاردنێکی پاک و دوورلەساختەکاری بەڕێوەبچێت ئەوا هاوڵاتی ودەنگدەری کورد بەجۆرێک لەهەڵبژاردن و دیموکراسی دەتۆرێت کەئاشتبونەوەی دەبێته مەحاڵ.