دکتۆر مەریوان وریا قانع: سەبارەت بەدۆخی ئەمڕۆکەی بزوتنەوەی گۆڕان.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لەم ماوەیەدا ژمارەیەک نامە و پرسیاری زۆرم بۆ ھاتوە لەسەر ئەوەی دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبینم و گۆڕان بەرە و چی کوێ دەڕوات؟ حەزدەکەم لێرەدا زۆر بە کورتیی لە پێنج خاڵدا وەڵامی ئەو دۆستانە بدەمەوە و ڕا و بۆچوونی خۆم لەم ڕووەوە بخەمە ڕوو:
یەکەم: بە بۆچونی من بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی بەرنامەیەکی سیاسییە کە تا ساڵانێکی درێژی تریش گرنگیی خۆی بۆ کۆمەڵگای ئێمە لەدەستنادات. ئەم بەرنامەیە داوای کۆمەڵێک ڕیفۆرمی سیاسیی گرنگ دەکات کە ئەنجامنەدانیان جگە لە کارەساتی گەورە ھیچی تری لێ دروستنابێت. لە پێش ھەمووانیشەوە دروستکردنی چوارچێوەی نیشتیمانیی بۆ سەرجەمی کایەکان و دەزگا سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە، دوای ئەویش سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوریی و سیاسەت و کۆمەڵگا لە ھەرێمدا. بێگومان کۆمەڵێک خاڵی تریش کە ئێرە شوێنی دووبارەکردنەوەیان نییە.
دووھەم: بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی خاوەنی دوو ئاکاری بنەڕەتیی و سەرەکییش بوو کە لە ھێزە گەورەکانی تری ناو ھەرێمی کوردستانی جیادەکردەوە. یەکەمیان، نەبوونی تەوریسی سیاسیی و غیابی تەواوەتی کردەی بە بنەماڵەکردنی سیاسەت بوو لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا. ھیچ کەسێکی سەر بە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بەشێک نەبوو لە پێگە گرنگ و بنەڕەتییەکانی دەسەڵات لەناو بزوتنەوەکەدا، نە خێزانەکەی، نە کوڕەکانیی و نە خزمەکانی. لەباتی ئەمانە کۆمەڵێک کەسایەتی نوێ و کەسانی گەنجی سەر بەچینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا دروستبوون و بوون بە ڕووخساریی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە. دووھەم ئاکاری ئەم بزوتەنوەیە ئەوەبوو، ئەو پەیوەندییەی لەناو پارتە سیاسییەکانی تری کوردستاندا لە نێوان سیاسەت و پارەدا ھەیە، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بوونی نەبوو. ئەمەش وایکردبوو ئەم بزوتنەوەیە ئەو گەندەڵییەی تیادا نەبێت کە لەناو ھێزەکانی تردا بەشێوەیەکی فراوان و ترسناک ھەیە. لە ڕاستیشدا کاری سیاسیی لەناو گۆڕاندا زۆرجار مانای زیان لێکەوتن و ڕیسککردن بە ژیان و کار و بژێوی ئەوانەوە کە سەر بەم بزوتنەوەیە بوون. ئەم کەسانە زۆرجار لەباتی دەسکەوت و قازانجکردن، لەبەردەم ھەڕەشەی جۆربەجۆردا بوون. ڕۆحیەتی کاری خۆبەخشیش ڕۆحیەتی ھەرە سەرەکیی ناو بزوتنەوەکە بوو.
سێھەم: ئێستا ھەردوو ئەو کۆڵەکەیەی بزوتنەوەکەی لەسەر دروستبووە لە دۆخی تێکچوون و وێرانبوونێکی بەرچاودایە. ھەم تەوریسی سیاسیی لەناو بزوتنەوەکەدا لە چڵەپۆپەدایە و تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم ئێستا کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا خاوەنی ھەموو شتێکن لەناو گۆڕاندا. خاوەنی زەویی و زار، پارە و کۆمپانیا و میدیای بزوتنەوەکەن. ئەم خاوەندارێتیەش مەسەلەیەکی مەعنەویی و رەمزیی نییە، بەڵکو ئامرازێکە ھەم کوڕەکان و ھەم ئەوانەی لەدەوریان کۆبوونەتەوە، بەکاریدەھێنن بۆئەوەی سەرجەمی بزوتنەوەکە کۆنترۆڵ بکەن و بەھەمان لۆژیکی تەوریسی سیاسیی ناو پارتی و یەکێتی کاریپێبکەن. کە ئەمەش تەواو تەواو ناکۆکە بە پرنسیپ و بەھا ھەرە بنەڕەتییەکانی ئەم بوزوتنەوەیە. کۆڵەکەی دووھەمی بزوتنەوەکەش، مەبەستم نەبوونی پەیوەندییە لەنێوان سیاسەتکردن و پارەپەیداکردندا، ئێستا لەبەردەم لەقبوون و داڕمانێکی بەرچاودایە. ھەم ناشەفافیەت و ھەم قسە و باسێکی زۆر و ناکۆک لەسەر مەسەلەی دارایی و پارە و سەرمایەی بزوتنەوەکە لەئارادایە.
چوارھەم: لەناو بزوتنەوەیەکدا کە کاری خۆبەخش وخۆبەخۆ و گرێدانەوەی سیاسەتکردن بە ژیان و خەمی گشتییەوە جەوھەرەکەی بێت، سەرمایەیەکی مەعنەوی دروستدەکات کە جیایدەکاتەوە لە ھێزەکانی تر. ئێستادا ئەم سەرمایە مەعنەویە لەبەردەم ھەڵوەشاندنەوەیەکی سەرتاسەریدایە. لەناو گۆڕاندا نوخبەیەکی خاوەن پێگەی سیاسیی و مەسڵەحەتی شەخسیی دروستبوون کە تا زیاتر قسەبکەن زیاتر ئەم سەرمایە مەعنەوەیە وێراندەکەن. پێشدەچێت ھەموو شتێک بکەن بۆ پاراستنی ئەو پێگە سیاسییەی کە ھەیانە با ئەو شتانەش تەواو ناکۆکبێت بە پرنسیپە ھەرە سادە و سەرەکییەکانی ئەم بزوتنەوەیە.
پێنجەم: گۆڕان قەیرانێکی گەورەی سەرکردایەتیکردنی ھەیە کە گەر بە زوویی چارەسەری نەکەن، بێگومان لەسەر بنەمای پرنسیپەکنی بزوتنەوەکە و لەدەرەوەی تەوریسی سیاسیدا، ئەوا بوونی سەرجەمی بزوتنەوەکە دەخەنە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە