عەبدولڕەحمان عەلی: پەیڕەوێکی پڕپڕ لەکۆتوبەندو ڕێگیری.
دوێنی سێ شەممە 10- 07- 2018، لەدانیشتنی پەرلەمان چەند ماددەو بڕگەیەک هەموارکران لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە گرنگیان دەبێت بۆ پڕۆسەی لێپرسینەوە، و چاودێریکردنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەمەودوا، لەوانە:
1- لەپڕۆسەی پرساندندا وەزیر لەنێو هۆڵی پەرلەمان ئامادەبێت یان نا پڕۆسەکە ئەنجامدەدرێت، واتا بیانوی نەهاتنی وەزیر بۆ پەرلەمان لەمەودوا هیچ بەهایەکی نابێت و بێ ئامادەبونی خۆشی پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت.
2- بەواژۆی ( 5/1)یەک لەسەرپێنجی ئەندامان دەتوانرێت سەرۆکی حکومەت بانگهێشتی نێو هۆڵی پەرلەمان بکرێت، و بەواژۆی(6/1) یەک لەسەر شەشیش بانگهێشتی وەزیربکرێت، کەپێشتر دەبوایە سەرۆک وەزیر بەواژۆی(3/1) یەک لەسەر سێ و وەزیریش بەواژۆی (4/1)یەک لەسەرچواری ئەندامان بانگهێشتی پەرلەمان بکرانایە .
3- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە بۆسەندنەوەو وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران و وەزیرانی کابینەکەش پێویستی بە دەنگی( 3/2) دوو لەسەرسێی ئەندامانی پەرلەمان هەبوە تاکو پڕۆسەکە جێبەجێبکرایە، بەڵام لەهەموارەکەدا کەکراوەودەنگی ئەندامانی پەرلەمانی لەسەردرا، لەمەودوا تەنها سەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران پێویستی بە دەنگی (3/2)دوولەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەبێت، چونکە وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران واتا متمانەسەندنەوە لەکۆی کابینەکە.
بەڵام بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لەوەزیرانی کابینەی حکومەت کەئەمیش پێشتر هەرپێویستی بە دەنگی(3/2) دوولەسەر سێی ئەندامان هەبوو، بەڵام لەهەموارەکە گۆڕدراوەو لەمەودوا دەتوانرێت لەنێو هۆڵی پەرلەماندا بەدەنگی زۆرینەی ڕەها (نیوە+1) متمانە لەوەزیر وەربگیرێتەوە.
ئەو سێ گۆڕانکاریە لەبەشی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کەتایبەتە بەچاودێریکردن گۆڕانکاری گرنگن و حکومەت و بەرپرسانی زیاتر پابەندو ملکەچی پەرلەمان دەکەن بۆ لێپرسینەوەو تەنانەت لێوەرگرتنەوەی متمانەش، کەپێشتر و بەپێی پەیڕەوەکە دنیایەک کۆت و بەندی بۆپەرلەمان و پەرلەمانتاران دروست کردبوو کەمن هەموو کات بەبۆمبی تەوقیتکراوم دەشوبهاند لەکاری پەرلەمانیداو دەبوە لەمپەرێکی قورس، لەبابەتی چاودێریکردن و بانگهێشتی بەرپرسانی حکومەت، و تەنانەت متمانە لێوەرگرتنەوەیشیان.
بەهیوای هەموارکردنەوەی تەواوی ماددەوبڕگەکانی تری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کەلەئێستادا زیاتر لە(70٪)ی هەموارەکەی گفتوگۆی لەسەرکراوەو دەنگیشی پێدراوە.