کارا فاتیح: ڕەهەندی سکیۆلاری دوعا.
پاڕانەوە و دوعای جۆراوجۆر لە کاتی جیاجیا و بۆ فرە مەبەست، لە ڕەهەندی و خورافی و ئایینەوە، بە هۆی بەهێزییان لە نەستی کۆدا لە پاڵ ئەم دوو ڕەهەندە دێرینە ڕەهەندێکی کەلتوورییشیان وەرگرتوە و بوونەتە بەکارهێنانێکی گشتی بۆ حاڵەت و بۆنەی دیاریکراو و تایبەت و هەمەجۆر و بەشێکی گەورە لە کەلتووری زارەکی و قسەکردن پێک دەهێنن. پاڕانەوە و دوعاکردن لە پانتایییەکی بەرفراوان بە کار دەهێنرێن و بۆ زۆربەی خەون و هیوا و خۆزگە و چاوەڕێکردن و پێشبینیکردن بۆ ئاییندە و… هتد، ـەکانی مرۆڤ پەنا بۆ دوعاکردن و پاڕانەوە براوە و ئێستایش وەک دیاردە و ڕاهاتن لە سەر زاری زۆرینەی زۆر (گەر نەڵێین هەموو) مرۆڤێکە.
پاڕانەوە و دوعاکردن لە پاڵ دیوە ئایینییەکەدا، لە ڕووی دەروونییەوە دەکرێت وەک هەوڵی مرۆڤ بۆ نەرمکردنەوەی زبریییەکانی ڕێگەی ژیانی بێت و هەست بکات بە ژێر تیشکێکی میهرەباندا ڕێ دەکات و ئەوەی دەیبینێ و دێتە ڕێی مانادار و بەهادارتر بێت، بەم هۆیانەیشەوە مرۆڤ ئەزموونی ئیرادەی خۆی بەهێز بکات، بەڵام کە پاڕانەوە و دوعاکردن دەکرێنە عادەت، وەک نەریت و موجامەلە و پڕکردنەوەی ناکاراییی زمان لە تەعبیر لە فیکر و بیرکردنەوە بە کار دەهێنرێن، ئیتر دوعا و پاڕانەوە ئەو ڕەهەندە لە دەست دەدەن کە لە پشت دەروونێکی پتەوەوە دەوەستن و ئیرادەی مرۆڤ بە هێز دەکەن، بۆیە پاڕانەوە دوعاکان دەبن بە:
1- گۆڕینی کار بۆ نیەت، ڕاستە دەکرێت هەموو کارێک سەرەتا نیەت بێت، سەرەتا بیرێک، مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کارێك دەجووڵێنێت، بەڵام نیەتی بێ کردار، بوونی ئومێدێک بێ جووڵە و هەوڵ، خەونێک بێ گەشت و سەرکێشی بریتییە لە نیەتێکی پاسیڤ و خەونێکی مردوو و ئومێدێکی بێ گیان، هەموو ئەمانیش لەو دوعا و پاڕانەوانەدا بە تەواوی بەرجەستەن کە وەک عادەت بە سەر زاراوەن: خوایە، ئەم زوڵمە قەبووڵ نەکەیت. خودایە زاڵمان لە ناو بەریت. خودایە بۆ خاتری ناوە جوانەکانی خۆت ئەم دز و مافیایانەمان لە کۆڵ بکەیتەوەو… هتد.
2- دوعا و پاڕانەوەکان وەک جۆرێک ڕێز بە کار دێن، بەڵام ڕێزێکی حەقیقی نا لە مرۆڤ، بەڵکوو تەنها نماییشێکی پێویست یان ناچاری یان ئامانجدار بۆ خۆناساندن وەک کەسێکی مرۆڤدۆست و ئیجابی و چاکەخواز. ڕێزی ڕاستەقینە ڕێزە لە مرۆڤێکی خاوەن بەها و مافی گەردوونی، ڕێزگرتن لە مرۆڤ داننانە بە مافی هەنووکەیی مرۆڤ و وەلانانی هەر بەربەستێک لە بەردەم ئازادی و ژیانی. لەحزەیەکی ئێستایییە و کار و جووڵەی ڕووبەڕوو و دەمودەست پێشکەش دەکات، بەڵام ڕێزی ناو دوعا و پاڕانەوەکان ڕەوانەکردنی کۆمەڵێک وشەی بێ کردارن بۆ داهاتوو، قسەن و نابنە چالاکی، ڕێزن بەڵام ڕێزێکی پاسیڤ کە هیچ ئەکتێک لە خۆ ناگرن و تەنها بە نماییشی دەمێننەوە: لە خودا داواکارم تەمەندرێژ و سەرکەوتوو بیت. خودا ڕەحمەت پێ بکات و شیفای دەردت بنێرێت و… هتد.
3- پاڕانەوە و دوعا بە زمانێکی دینی تەنها داوا دەکات، داواکاریش سیفەتێكی ناچالاكی هەیە، ئەوەی داوا دەكات، تەنها دەخوازێت و دەپاڕێتەوە بەڵام كاریان بۆ ناكات یان زەحمەتە هەوڵیان بۆ بدات، بۆیە داواكاران لێرەدا بكەر نین، پاسیڤ و لەكارداماڵراون، داواکاریی بێ هەوڵ دەبنە جۆرێک لە دروشم، دروشمیش پەیامێكی بێ قورسایی و ناوەرۆكە، یان ناوەرۆکێکی پوچی هەیە، چونكە دروشم هەمیشە پەیام لە ئاستی زارەکی و قسەدا دەهێڵێتەوە و نایگۆڕێت بۆ كردار: خودایە ستەملێکراوان بە سەر ستەمکاراندا سەر بخەیت. خودا لەگەڵ هەژارانەو…. هتد.
4- پاڕانەوە و دوعاکردن، هەمیشە یان بەزۆری زمانێکی دینیی هەیە، هەمیشە بە شێوەیەکی میکانیکی زمان و بیركردنەوەی مرۆڤ دەخاتەوە باوەشی دیدی میتافیزیکی و ئایینی و خەون و ئامانج و کارەسات و ئاییندەی مرۆڤ دەخاتە ناو دەستێکی دوور و نەبینراو، ئەمەیش وەک عەڵقەیەکی بەهێزی ئەو پرەنسیپە تۆتالیتارییە کار دەکات کە خەونی تاک لە ناو کۆبیرکردنەوە و گشتخوازیدا دەتوێنێتەوە و دەسەڵاتی گۆڕانکاری کوێر یان لاواز دەکات.
5- لە هەموو ئەم خاڵانە گرینگتر پاڕانەوە و دوعاکردن، مرۆڤ لە سەر ئەوە ڕادەهێنێت کە ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان وەک ڕووداوگەلی سروشتی ببینێت، وەک ئەوەی هێزی بانسروشتی لە پشت ئەو ڕووداوانەوە بن و خوڵقاندبنی، ئەمەیش خۆبەخۆ لە خزمەت بکەرانی ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوانەن و هاوکات دەستی مرۆڤ کورت و بێهێز دەکات لە ئاست بەرگرتن بەو ڕووداوانە و گۆڕینی ئاراستەکانیان و کۆتاییهێنان بە کارەسات و سزادانی بکەر و تاوانباران.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ناکرێت پاڕانەوە و دوعا ڕەهەندێکی سکیۆلار و دونیایییش وەربگرن؟ وەڵام بەم پرسیارە هەر (بەڵێ)یە، چونکە پاڕانەوە و دوعاکردن مادام بەشێکی پتەو بن لە کەلتووری زارەکی و بەپتەوی لە نەستدا جێگیر بوووبن و بەهێزەوە و زووزوو لە ئاخاوتن و ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بێنە سەر زار، بۆیە پێویستە ئەم نەریتە زارەکییە ڕەهەندێکی سکیۆلاری تێدا بەهێز بکرێت، ئەویش بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەو خاڵە نێگەتیڤییانەی ئاماژەیان بۆ کرا، پاڕانەوە و دوعاکردن بکڕێنە پاڵنەر بۆ بەهێزکردنی ئەزموونی ئیرادە، بکرێنە خۆراکی ئەو عەشقە دونیایییەی دەیەوێت مانا بە جیهان بدات و لە ڕەنگڕێژکردنی چارەنووس ڕۆڵی هەبێت.