بەهرۆز جەعفەر: لە پێناو چی و کێ پێشمەرگە بە کوشت ئەدەن؟!.
بۆ ئەوەی سەرنجی هاوپەیمانان ڕابکێشن پێشمەرگە بە کوشت ئەدەنەوە.
نیوە شەوی ئەم 16ی تەموزی 2018 یە (8) پێشمەرگە لە چیای قەرەچووغ لە هیچ و پووچی خۆڕایی بە کوشت دراون یاخود بەشەهید کردن دراون، لەلایەن ئەصحابولمەصڵەحەکانی کوردستانەوە. کورد 3500 کەسی لە شەڕی داعش دا بە هەڵە لە پێناو سیاسەتێکی هەڵە بە شەهید کردن دا، وە زیاتر لە 10000 دە هەزار کەسیش برینداربوون، ئەمانە هەموو نەفەقەی داراییان هەیە تا دەیان ساڵی تر لەسەر کوردستان ئەکەون، وە برين و زیانێکی مەعنەوی و دەروونی یە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام بینی تان ئەنجامەکەی هیچ دەرچوو، بە ڕێککەوتنێک یەکێتی کەرکوکی فرۆشتو، پارتیش دوای ڕیفراندۆمێکی بێ مانا میللەتی کوردی لوت شکاوانە بردەوە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی مەرکەزی بەغدا، ئەوەش دەرئەنجامی بوغرایی و بێ دەربەستی و فشە کەرێتی بەعزێک لەم بەناو قادە تازانە.
پارتی و یەکێتی هەرکاتێک باریان کەوتۆتە لێژی موصيبەت و بەزمێکیان دۆزیوەتەوە وەک قەزیەیەک دەستیان پێوە گرتوەو خۆیان پێ ژیاندووەو خەڵکیان لەسەر بەکوشت داوە. لەسەر خوێنی خەڵک ملیارەها دۆلاریان کۆکردۆتەوەو ژیاون.
ئەمجارەش، ئەیانەوێ شەڕی داعش زیندوو بکەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر سەرنجی ئەمریکاو بەناو هاوپەیمانان ڕابکێشن، بەڵام من پێیان ئەڵێم: هاوپەیمانان زۆر باش لەم کلاواتانەیان تێگەیشتوون و خۆیان عەزیەت نەدەن». پارتی ئەیەوێ بەناوی کوردایەتیەوە کەسابەت لەسەر حیسابی خوێنی ڕۆڵەکانی نیشتیمان بکات.
ڕۆحی ئەو (8) پێشمەرگەیەش شاد بێت کە بە کوشت دراون لە چیای قەرەچووغ، ئبتر بزانن هەڕەشە لەسەر پاڵیوگەی نەوتی کام فیرعەونی حیزب هەبووە لەو دەڤەرە تا (8 ) ڕۆڵەی کورد یان بە کوشت داوە.!. دەنا هاوپەیمانان خۆیان چەک و تفاقیان هەیە پێویست بەوە ناکا کوڕی میللەت چەند ئاغایەک بە کوشت بدرێت.
هەقە کەسوکاری هەموو شەهیدان نەک لایەنگر و جمهوری حیزبی کوردی نەبن، بەڵکو ڕاپەڕن و داوای خوێنی ڕۆڵەکانیان بکەن کە ئەم فیرعەونانە بە کوشتیان ئەدەن.