بەهرۆز جەعفەر: قەزیەی کورد بەم جۆرە هەر بۆخۆی بونی خیانەتە!؟
قەزیەی کورد لای دەستەڵاتی کوردی نە پرسی مێژووە. نە ئێستا نە ئایندە. نە پرسی بونیادنانە، نە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، تەنها پرسێکە لە سایەیدا کەرامەتی ئینسانی تاکی کورد ئەشکێنرێت. وەرە تەنانەت بکۆڵەرەوە، لە کۆمەڵەی هیواو دارکەرەوە دروستبونی پارتی بە هەڵەو بە دژواری پێی گرتوە، دەستپێکردنی شەڕی ئەیلول لە 1961 بڕیارێکی هەڵەو دیراسە نەکراو بو، تەنانەت هەندێک ئەڵێن خیانەتێکی سیاسی بووە، چونکە عەبدولکەریم قاسم ئامادەگی پێدانی مافەکانی کوردبو، زۆریشی جێ بەجێ کرد، هێشتا وەفد لە بەغدا نەگەڕابوەوە لە بەرەی زاخۆ وە لە خۆوە شەڕیان لەگەڵ حکومەت هەڵگیرسان و ناویان نا «شۆڕش».
سەرهەڵدانی جاشێتی لە 1964بەدواوە تەنها تاوانی جاشەکان نییە، ئەوانە تاوانباری سەرەکین کە وا ئەکەن خەڵک ڕێگەی جاشێتی بگرێتە بەر، چونکە ئەسڵەن عەدالەت لە شۆڕش دا نەبووە. ئینجا دروستکردنی یەکێتی مانای فرە مینبەری و کۆبونەوەی ڕا جیاوازەکان نەبو، بەڵکو لە ئەزەڵەوە مانای فرەکوێخایەتی و بەرژەوەندی تاکەکەسی بو. کاردانەوەی ناوخۆیی بو، نەک زەرورەتی نەتەوەیی و هەرێمایەتی.
لە ڕاپەڕینی 1991ەوە بە هۆی شەڕی کوەیتەوە بەرئەنجامی شەڕی ئێران – عێراق فورسەتێ بۆ کورد ڕێک کەوت، لەیەکەم هەنگاودا پارتی ئینجا یەکێتی لە جاشەکان خۆشبون و دەرگا و پەنجەرەکان بۆ جاشەکان کرانەوە، ئێستاشی پێوە بێت جاشەکان خۆشبەخت ترین چینی کۆمەڵگەی کوردی و باڵادەستترینن. هەر یەکێ پرۆژەیەکی بۆ بونیادی نەتەوەیی هەبێ جاشەکان و فشۆڵەی ناو پارتی و یەکێتی گرفتی بۆ دروست ئەکەن.
شەڕی ناوخۆ، ئەوجا دزینی سەدان ملیار دۆلار، فرۆشتنی خاک، پەلاماردانی تاک، بێباکی، قەت بینیوتانە ماڵی سەرۆکی حکومەت سەدان دۆنم زەوی بێت سەدان هەزار گەنجی بێکار هەبن، سەدان ڕۆژ مووچە نەدرێت، کەچی هێشتا بەناوی قەزیەی کوردییەوە چەپڵە بۆ ئەم حیزبانە لێ بدرێت!؟. پارتی و یەکێتی سی ساڵە ناتوانن ئەو دوو سێ گەڕەکەی ناوی هەرێمی کوردستانە ببەنە ڕێوە. کەرامەتی مرۆڤی کوردیان لە بوغرایی و بەترانی بەناو نەتەوەیی دا شکاند.
بەڵێ، دۆزی کورد هەیەو دۆزێکی جوانە٬ وە ناسیۆنالیزم بابەتێکە هەیەو تیایدا نەتەوایەتی مانای گرینگی خۆی هەیە، ئەمما قەزیەی کورد تەنها درۆیەکی گەورەیە بۆ کەسابەتی سیاسیی و گیرفانۆکراسی لەسەردەستی نوخبەکانی دەستەڵاتی پارتی و یەکێتی دا. جا لەبەرئەوە ئەوان گوتیان با بچین بۆ بەغدا تاکی کورد بڵێ با نەچین، گوتیان با سەربەخۆ بین بڵێ با سەر بەخۆمان نە بین باشترە.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts