بورهان شێخ ڕەئوف: کۆبوونەوەى لووتکەى هلسنکى ترەمپ و پوتین.
16 ى تەمووز لە شارى هلسنکى پایتەختى فنلەندا کۆبوونەوە لووتکە لە نێوان سەرۆکى هەردوو زلهێزى جیهان وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ڕوسیا ئەنجامدرا بێگومان ئاشکراو ڕوونە ئەو دوو وڵاتە کاریگەرى گەورەیان بە سەر هەموو ڕووداوەکانى جیهانەوە هەیە و هەریکەیان خاوەنى دیدو بەرژەوندى خۆیەتى و لە هەوڵى پاراستن و جێ پێ قایمکردن و سەپاندنى هەژموونى خۆیانن.
کۆبوونەوەکە ى هەردوو سەرۆک وەکو ڕاگەیەنرا بە درێژى باسى زۆر لە کێشەو قەیرانەکانى جیهان و ناوچەکەیان کردووە بە تایبەتى ئاشتى لە سوریا و ڕۆڵى ئێران و بوار نەدان بە کەڵک وەرگرتنى ئێران لە نەمان و لەناوچوونى داعش بەتایبەتى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین و هاوکارى هەماهەنگى لە بوارەکانى وزە و بەگژاچوونەوەى تیرۆر و ئاسایشى ئیسرائیل.
ئەم کۆبوونەوە یە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە لە ساڵى 2016 ەوە پەیوەندییەکانى ئەو دوو وڵاتە گرژى و ئاڵۆزى قورسى بە خۆیەوە بینی بە هۆى ئەوەى ئەمریکا ڕوسیا تۆمەتبار دەکات بە دەستوەردان لە پرۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا لە ڕێگەى هاککردنى حسابى ئەلکترۆنى حزبى دیموکراتى ئەمریکاوە، ڕوونتر ئاژانسى CIA هەواڵگرى ئەمریکا هەواڵەکى پشتڕاستکردەوەو تەنانەت لیژنەى لێکۆڵینەوەى دادوەر میللر فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ12 دیبلۆماتى ڕووسى دەرکردووە.
لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەو کۆبوونەوەى لووتکە ئەنجامدرا کە هێشتا ناکۆکى و ململانێ ى گەورە بوونیان هەیە لە نێوان دوو زلهێزدا کە خۆى لە ناکۆکیەکانى سوریا دەبینێتەوە کە ئەمریکا پشتیوانى هێزەکانى ئۆپۆزەسیۆن دەکات بە دیاریکراوە هێزەکانى سوریاى دیموکراتى سەر بە کوردەکان و ڕووسیاش پشتیوانى ڕژێمى ئەسەد دەکات ڕاستەوخۆ و بە هەموو شێوازێکى سەربازى سیاسى و دارایى و…تد، بە هەمان شێوە لە کێشەى ئێران و ئەمریکادا ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەى ( 5+1 ) کشاوەتەوە و ڕوسیا پابەندە پێوەى تا ئێستا ئامادە نیە بچێتە ژێربارى سزاو ئابڵووقەکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە سوریاش لە گەڵ ئێران هەماهەنگە بۆ پشتیوانى ڕژێمى بەشار ئەسەد.
بۆیە ئەم لووتکە لە لایەن ناوەندەکانى بڕیار لە ئەمریکا و لە لایەن میدیا کانى ئەو وڵاتەوە خوێندنەوەى جۆراو جۆرى بۆکرا تەنانەت بە جۆرێک وەسفیان کرد کە ئەمە لووتکەیەکى کە کەسى و تایبەتى نێوان دووسەرۆکە نەک لووتکەى فەرمى نێوان سەرۆکى دوو وڵات.
توندترینى کاردانەوەکانى ناوخۆى ئەمریکا
هەرچەندە کاردانەوەکان لە هەردوو حزبى گەورەى ئەمریکاى کۆمارى و دیموکراتى یەوە دەرچوون، واتە بە خودى حزبەکەى سەرۆک ترەمپیشەوە کە لە سەر زارى سیناتۆر جۆن مەکین کە یەکێک لە کەسایەتیە دیار و کاریگەرەکانە لە سەر ئاستى ئەمریکا وتى پرێس کۆنفرانسى هەردوو سەرۆک یەکێک لە خراپترین چرکەساتەکانى مێژووى سەرۆکایەتى ئەمریکایە و بە هەڵەیەکى کارەسەتبار ناوزەدى کرد.
هەروەها گەوەرە کۆنگریسمانى کۆمارییەکان لە کۆنگریس بۆل رایان وتى: با سەرۆک ترەمپ بزانێت ڕووسیا هاوپەیمانى ئێمە نیە! هەروەها ناکرێت ئێمە و ڕوسیا هاوتا و هاوسەنگ بەراورد بکرێین لە ڕووى ئاکار و ڕەوشتەوە کە ئەوان هەمیشە دژ بە پرنسیب و بەها ئاکارى و دیموکراسیەکانى ئێمەن.
هەروەها ڕایان دووپاتى کردەوە کە ڕوسیا دەستیوەرداوە لە هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا بۆ ئەوەى ڕێچکەى دیموکراسى بگۆڕێت، لاوازى بکات لە بەرئەوە پێویستە ئەمریکا ڕێ نەدات بەو دەستوەردان و بەربەستێک دابنێت یۆ ئەو کردەوە بێ بەهایانە.
هەروەها هەر لە حزبى کۆمارییەکان سەرۆکى کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا بۆب کروکر یش وتى پۆتین سەرکەوتوو بوو تا ئاستێکى باش لەم کۆبوونەوەى لووتکەدا هەروەها وتى لێدوانەکانى سەرۆک ترەمپ واى پیشانى داین کە پاروویەکى چەورو ئاسانین.
هەروەها دیموکراتەکانیش کاردانەوەى جیاوازتر و توندتریان هەبوو بەرامبەر بە وتەکانى ترەمپ لە پرێس کۆنفرانسەکەداکە تا ئاستى خیانەت وسووکایەتى ناویان برد، نانسى بلۆسى سەرۆکى کەمینەى دیموکراتەکان لە ئەنجومەنى نوێنەران وتى پوتین سووکایەتى بە ترەمپ کرد هەروەها لە توێتێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى توێتەر وتى هەموو ڕۆژێک لە خۆم دەپرسم ئایا ڕووسەکان چیان هەیە لە سەر ترەمپ لە ڕووى سیاسى و کەسێتى و ماڵیشەوە؟ وەڵامى ئەم پرسیارە شیکارى ڕەفتارى ترەمپە کە ناتوانێت بەرەنگارى پوتین ببێتەوە.
لە هەمووى توند تر لێدوانێکى سەرۆکى کەمینەى دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنى پیران تشاک شومرە، کە وتى: مێژووى ئەمریکا سەرۆکێکى واى بە خۆیەوە نەدیووە کە سەرۆکەکەى پشتیوانى دوژمنێکى ئەمریکا بکات، وەکو ئەوەى ترەمپ بەرامبەر پوتین کردى.