نەوزادى موهەندیس: بۆچى هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى بەهێز لە عێراق و کوردستانیشدا سەرهەڵنادات؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە ژیانى سیاسى لەهەر وڵات و کۆمەڵگایەکدا دەکەوێتە ژێر هەژموون و کاریگەریەکانى تایبەت بەو وڵات و کۆمەڵگایانەوە و سروشت و دابونەریتى ئەو کۆمەڵگایانە کاریگەرى گەورەیان دەبێت لەسەر سەرهەڵدان و لەدایکبوونى هەر ڕەوت و بزوتنەوە و پارت و دیاردەیەکى سیاسى یان ئابورى یان کۆمەڵایەتى و هەموانیان زادەى بیر و ئەندێشە و ئاستى هوشیارى ئەو کۆمەڵگایانە دەبن و هەموانیان لەهەناوى تاک و کۆمەڵگاکانەوە هەڵدەقوڵێن و دواجاریش دەبنە ڕەنگدانەوەى واقعى کۆمەڵگاکانیان.
جا ژیانى سیاسى و حیزبایەتى هەر کۆمەڵگایەکیش لەو ڕاستیانە بەدەر نیە و بەهەمان شێوە دەکەوێتە ژێر هەمان کاریگەر و سروشتى تاک و کۆمەڵگاکانەوە، ژیانى سیاسى ساغڵەم لەهەر جێگەیەکدا بێت دەبێت لەدوو جەمسەرى هاوکێشەیەکى سیاسى پێکبێت کە بریتین لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن،هەرکات یەکێک لەو جەمسەرانە لاوازبوو یان هەر بوونى نەبوو ئەوا ژیان و دۆخى سیاسى بەشێوەیەکى سروشتى گەشە ناکات و هەمیشە ناجیگیرى سیاسى بوونى دەبێت و تاک و کۆمەڵگاش هەمیشە توڕە و ناڕازى دەبن.چونکە بەسروشتى مرۆڤەکان هیچ کات هەمووان نەلەدەسەڵات ڕازین و نەهەموانیش دەبنە ئۆپۆزسیۆن،بۆیە بوونى فرە حیزبى لەلایەک و بونى هێزى ئۆپۆزسیۆن وەک پێویستیەکى حەتمى کۆمەڵگاکان و ژیانى سیاسى زۆر پێویستن،چونکە ناکرێت کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان سەرتاپایان یەک ڕەنگ و یەک دەنگ بن لەسەر هەموو مەسەلە جیاوازەکانى ژیان و ئیدارە و سیاسەت و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتىو فەرهەنگى و ..هتد.کەواتە هەرکات دەسەڵاتێکى بەهێز هەبوو دەبێت ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێزیش هەبێت بۆئەوەى هاوسەنگى هاوکێشە سیاسیەکان ڕابگیرێتو هەرکاتیش هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى بەهێز پەیدا ببێت ئەوا بەدڵنیایى دەسەڵاتێکى توندوتۆڵیش دروست دەبێت لانى کەم بۆ پارێزگارى لەدەسەڵات و مانەوەى خۆى لەسەر کورسى دەسەڵات و ناتوانێت بە ئارەزووى خۆى مامەڵە بکات چونکە باش دەزانێت چاودێریەکى ووردى لەسەرە و بەرەنگارى دەکات،بەمەش لەکۆتادا وڵات و کۆمەڵگا قازانج دەکەن..
ئاشکراشە لەهەموو سیستەمە دیموکراتیەکاندا هەردوو هێزى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەیە و هەمیشەش لە ململانێیەکى بەردەوامدانو توانیویشیانە ژیانى حیزبایەتى و سیاسى وڵاتەکانیان بەروپێشبەرن و ببنە هۆکارى گۆڕانکارى و داهێنان و پێشکەوتنیشو ئەم دیاردەیەش دیاردەیەکى زۆر ساغڵەم و تەندروستەو هیچ زیانێکى نەگەیاندوە بە ڕەوتى پێشەکەوتن و گەشەکردنى وڵات و کۆمەڵگاکان و بگرە ئاستى هوشیارى تاکەکانیشى بەرزکردۆتەوە و ئینتیماى بۆ نەتەوە و نیشتیمانیش تۆخکردۆتەوە و هەریەکەیان خۆى بەخاوەن و ئایندەى وڵاتەکانیان دەزاننو بەبەردەوامیش لە پێشبڕکێدان کە چۆن دەسەڵات بگرنە دەست بۆ ئەوەى زیاترین خزمەت بە نیشتیمانەکەیان بکەن،بەڵام بەداخەوە لە وڵات و کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان بەگشتى و دواکەوتوو هەژار و نادیموکراسى و تاکڕەوەکاندا هەمیشە دەسەڵات لەهەوڵى بچوککردنەوە و نەمان و ناشیرینکردنى هێزى ئۆپۆزسیۆندایە و ڕێگە نادات کە چالاکى سروشتى خۆى ئەنجام بدات و لەلایەکى تریشەوە هێزە ئۆپۆزیۆنەکانیش بۆخۆیان نەبونەتە هێز و جەمسەرى بەهێز لەهاوکێشە سیاسیەکاندا و نەیانتوانیوە ببنە جێگرەوەى دەسەڵات و لەکاتى بونیانیشدا نمونەیەکى جوان و جیاوازیان لەدەسەڵات پیشان نەداوە.بەو شێوەیە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە ڕەوت و لەدایکبونێکى سروشتیدا نەهاتوون وزەرورەتى قۆناغەکەش پەیداى نەکردوون ،بگرە ئەوەندەى وەک پەرچەکردا هاتونەتە بوون نیوهێندە پێویستى قۆناغەکە و گەشەکردنى کۆمەڵایەتى و هوشیارى سیاسى کۆمەڵگا نەیخواستوون. هەربۆیەشە ژیانى حیزبایەتىلەم کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیانەدا هیچ کات سەقامگیرى سیاسى بەخۆیانەوە نابینن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ،کە ئایا بۆچى هێزى ئۆپۆزسیۆن لەعێراق و کوردستانیشدا دروست نابن؟ ئایا حیزب و سەرکردە سیاسیەکان نایەنەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات ڕێگەیان پێنادات؟ئۆپۆزسیۆن بوون یانى مردن و پوکانەوەى حیزبى سیاسى یان گەشە و بەردەوامبونیان؟ئۆپۆزسیۆن بون لە پێناو گرتنە دەسەڵات یان مانەوە بەبەردەوامى وەک هێزێکى دژە دەسەڵات و وەک ئۆپۆزسیۆن؟و دەیان پرسیارى تریش.
بەداخەوە ژینگەى سیاسى لە عێراق و تاڕادەیەکیش لەکوردستاندا ئامادە نین بۆ دروستبوون و سەرهەڵدانى هێزى ئۆپۆزسیۆنێکى خۆڕسک و ڕەسەن کە وەڵامدانەوەیەکى ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانەى سروشتى کۆمەڵگا و داواکاریەکانى هاوڵاتیان بێت،بەهۆى ئەوەى کە سیستەمى حوکمڕانیەکە هەرچەندە بەناو دیموکراسیە بەڵام لەناخى مرۆڤ و تاک و کۆمەڵگا و سەرکردە سیاسیەکاندا ئاڕاستەیەکى قۆرخکارى و پاوانخوازى و تاکڕەوى و خۆسەپێنى هەیە هەر ئەمەش وادەکات کە هەموان هێندەى حەز بەدەسەڵات و ئیمتیازات و خۆشى و شیرینیەکانى دەسەڵات دەکەن نیوهێندە حەزبە ئۆپۆوسیۆن بوون ناکەن،لە عێراق و کوردستانیشدا دەسەڵات ماناى دەوڵەمەندبوون و ژیانێکى خۆش و دەسەڵاتى ڕەها و وەرگرتنى ئیمتیازاتەکانە بە ڕەوا و ناڕەوا،نەک ماناى خزمەتکردن و پێشکەوتن و گەشەکردن و هوشیاربونەوەى کۆمەڵگا و وڵات بێت،بۆیە هەموان هەوڵى دەسەڵات و هاوبەشى و شەراکەت دەکەن لە دەسەڵاتدا،لەم وڵاتەدا بەداخەوە ئۆپۆزسیۆن بوون ماناى بچوکبونەوە و پوکانەوەى حیزب و لێدوورکەوتنەوەى هاوڵاتیانەچونکە هیچ دەسەڵات و ئیمتیازاتێکیان لا نیە بیدەنە لایەنگر و ئەندام و جەماوەریش، هەربۆیەش جەماوەریش بەداخەوە لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان گەر هەبن کۆنابنەوە،جەماوەریش سروشتى حیزب و سەرکردەکانیان وەرگرتوە و ئەوانیش هەمیشە حەز بە نزیکى لەدەسەڵات دەکەن چونکە زۆر باش دەزانن کە ژیان و گوزەرانیان بەندە بە حیزب و سەرکردە و دەسەڵاتدارانەوە، لەبەرئەوەى سیستەمى حکومڕانیەکە لەسەر پایە مرۆڤدۆستیەکان لە یەکسانى ودادپەروەرى و سەروەرى یاسا و ڕێزگرتن لەتاک و هاوڵاتیان و ئازادیەکان دروستنەبوە،بەپێچەوانەوە هێندەى گەندەڵى و سیخوڕى و نادادپەروەرى و پێشێلکردنىمافەکان و یاسا برەویان هەیە نیو هێندە پەروشى و خەمخۆرى باویان نەماوە.لەلایەکى تریشەوە هێز و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بۆخۆیان نەیانتوانیوە ببنە نمایندەیەکى ڕاستگۆ و ڕاستەقینە بۆ داواکارى و مافەکانى چین و توێژەکان و سەرجەمى هاوڵاتیانیش، کە بەشێوەیەک زۆرینەى کۆمەڵگا لەدەوریان کۆببنەوە،ئەوانیش نمونەیەکى جوانتر و باڵاتریان لەدەسەڵات پیشان نەداوە،ئەوان هێندەى دواکەوتە و داهێنەرى دروشم و بەرنامەى دوور لە لۆجیکن نەیانتوانیوە لەسەر زەمینەى واقع ببنە جێگرەوەیەکى بەهێزى دەسەڵات، هەر لەبەر ئەمەشە کە هیچ کات یان لانى کەم لە مەودایەکى کورت و نزیکدا هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى بەهێز نە لە عێراق نە لەکوردستاندا دروست نابێت،چونکە هێز و سەرکردە سیاسیەکان هێندەى چاویان بڕیوەتە بەشدارى لەحکومەت و بەرکەوتنى بەشە کێکى شیرین لە دەسەڵات و ئیمتیازاتەکان نیوهێندە پەرۆشى پێشکەوتن و خزمەتکردنى کۆمەڵگاکانیان نین،هەربۆیە دەبینین لە ماوەى 27 ساڵ لەکوردستان و 15 ساڵ لە عێراقدا و دواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى تاکڕەو و خۆسەپێن کەچى هێشتا سیستەمێکى دیموکراسى ڕاستەقینە نەهاتۆتە بون و نەچەسپیوە و هەموان هەر حەز بە سەردەمى تاکڕەوى و قۆرخکارى دەکەن و گیانى تۆڵەسەندنەوە و گزیکردن و ساختەکارى تیایاندا بەرزە .
یەکێک لەهۆکارەکانى دروستنەبوون و پێکەوەنەنانى هاوپەیمانى لەنێوان هێزە براوەکانى هەڵبژاردنەکانى 12 ى ئایاردا بە شیعە و سونە و کوردیشەوە بۆ پێکەوەنانى حکومەتى ئایندەى عێراقیش و دواتریش لەکوردستاندا هەرئەوەیە کە هیچ هێز و سەرکردەیەکى سیاسى ڕازى نیە ببێتە هێزی ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، هەموان حەز دەکەن و هەوڵیش دەدەن بەشداربن لەدەسەڵاتدا، وهەرگیز ئامادە نین لەدەسەڵات دووربخرێنەوە یان خۆیان دووربکەونەوە ،هەرئەمەشە کە بۆتە هۆى دواکەوتن و وێرانبوونى هەموو بنەماو و بەهاکان لەم وڵاتەى ناوى عێراقە بەکوردستانیشەوە.جا تاءئەوکاتەشى هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى بەهێز و خۆڕسک و خاوەن دیدوبۆچون و بەرنامەیەکى نیشتیمانى سەرهەڵنەدات هیچکات دۆخى سیاسى عێراق بەکوردستانیشەوە جێگیر نابێت و هەمیشە توڕەیى و ناڕەزایى و خۆپیشاندانە جەماوەریەکان ئامادەبوزنیان هەیە و ئەگەرى تەفینەوەیان لەهەر ئان وساتێکدا ئامادەگى هەیەو پێدەچێتیش لەئایندەشدا پەناش ببرێتە بەر کودەتاى سەربازى گەر جەماوەر و سوپابگەنە دوا سنورى بێئومێدى و بێ متمانەی بە دەسەڵاتداران و سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان. کەئەمەش هێندەى تر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و عێراق بەکوردستانیشەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەى یەکەمى خۆخۆرى و دواکەوتویى و هەژارى وبێیاسایى و ئایندەیەکى ناڕۆشنیش.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی