بەهرۆز جەعفەر: ئەبێ باری لاری کوردستان بە بەرهەم سالح ڕاست بکەنەوە.
پێشەکی (وەک هەموو جارێک) ئەبێت ئەوە بڵێم: کە ڕاوبۆچونی من تەعبیر لەڕاو بۆچونی هیچ حیزب و گروپێک ناکات (تەنها نوێنەری کەرەستەکانی نوسین و بیرکردنەوەی خۆمم). واتە تەنها لە ڕووی ئەخلاقیەوە بەرپرسم لەوەی کەوتومەو ئەیڵێم٬ لە ڕووی سیاسییەوە بەرپرس نیم لە بردنەوە یان شکستی ڕەوتەکەی دکتۆر بەرهەم ساڵەح، چونکە لە فەلەکی بەڕێوەبردنی ئەو ڕەوتەو هیچ ڕەوتێکدا نیم، تۆزێکیش وردتری بکەمەوە ئەم جۆرە هەڵوێست و نووسینانە نەک هەر قازانج بە من ناگەیەنێت، بەڵکو زیانی لە ڕایەڵەی پەیوەندییە جۆربەجۆرەکانی خۆم و دەستگاکەشم داوە.
دکتۆر بەرهەم سفر کورسی بێنێت یان دە کورسی مێژوو و ئێستای هەیەو، ئایندەش ئەبینرێت، یەکێتی و پارتی لە حکومەتی ئایندەی عێراق دا ڕۆڵیان لاواز تر ئەبێت لە خولەکانی پێشوتر، ئەو بڕە بودجەی حکومەتی عێراق ئێستا ئەینێرێت دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئەبڕدرێت، تەنها کاتێک بەغدا بودجە ئەنێرێت کە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی کەرتی نەوت و غازی هەرێم ڕادەستی حکومەتی مەرکەزی بکرێت، دوای کەوتنە سەرکاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقیش یەکەم کارێک بیکەن ئەوەیە یاسای نەوت و غازی تایبەت بە عێراق دەرئەچوێنن، بە پێی ئەو یاسایەش سیاسەتی ووزەی هەرێم و تەواوی مامەڵەکانی پێشتریش کردویەتی ئەکەوێتە بەردەستی حکومەتی مەرکەزی بەغدا. ئینجا ئەوە کێیە جگە لە یەکێتی و پارتی ئەوەندە کاراکتەرێکی بەهێزە توانای ئەو تەحەدیانەی هەیە لە بەغدا؟!.
لە هەرێمی کوردستانیش ناڕەزایەتیەکان لەناخی خەڵکدا شتێکی کەمتر نییە لەوەی کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە، دوور نییە سەرەتای گۆڕینی چوارچێوەکەش نەبێت لە هەرێمی کوردستان، ئەوجار خۆ خەڵکی بەرگەی خولێکی تری دەستەڵاتی دووبنەماڵەی پێوە نەماوە (ئەبێت خۆشیان ئەو پرسیارەیان لێک دابێتەوە). یانی هەر بۆ خۆی کردەیەکی نا سیاسیانەیە بۆ چوار ساڵی تر کاک نێچیرڤان بارزانی ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەت!.
لە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش، نە کۆنگرە ئەبەسترێت، نە بەمزوانە توانای بڕیاردان لە جاران بەهێزتر ئەبێت، ئەوجا دوو کاندید لە ناو بنەماڵەی تاڵەبانی خەریکی کار بۆ خۆ کردنن ببن بە سەرۆک کۆماری عێراق، هیچیان ئەو ناوە ناسراوە نیین لە شەقامی سیاسی عێراق دا، هیچیان پارتی پاڵپشتیان ناکات ئەگەر یەکێتی کارێکی گەورەتر و بەهێزتر بۆ پارتی نەکات لە بەرامبەردا. ئینجا هەرکامێکیان سەربکەوێت لە ئەنجامدا کێشەکانی ناو ماڵباتی تاڵەبانی و یەکێتی زەقتر ئەکاتەوە.
بۆیە سەرەڕای دروستکردن و زیندووکردنەوەی لیستی نەوەی نوێ بۆ لێدان لە پرۆژەکەی دکتۆر بەرهەم، سەرەڕای ئەو تەزویرە ئاشکراو زەقەی کرا (لە دوبارە ژماردنەوەی دەنگەکاندا بەدەگمەن سندوقێک هەبووە لە کوردستاندا دەنگەکانی ناوی هاوتای ئەنجامە ئەلیکترۆنیەکە بوبێت!). هێشتا ئەوە بەرهەم ساڵەحە وەک کاراکتەرێکی سیاسیی پشوودرێژ، وەک تاکە کاراکتەرێکی وا کە هەم باری یەکێتی و ئایندەی ڕاست بکاتەوە، هەم فریای هەرێمی کوردستان و ئیدارە شکستخواردوەکەی بکەوێت، هەم لە بەغداش ڕووبەڕووی ئەو تەحەددیە تازانە ببێتەوە کە بە هۆی هەڵەکانی یەکێتی و پارتیەوە میللەتی کوردی لەسەر سزا ئەدرێت. ئەمە لە یاریگایەک ئەچێت فانیلە کرابێتە بەر جمهور و یاری بکەن یاریزانەکانیش کرا بێتن بە جمهورو تەماشاکەر!.
هەقی خۆیەتی ئەو سەدان کەسەی بۆ پلەو پۆست دەوری «هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری» یان دابو، وە دەوری خودی دکتۆر بەرهەم یان دابو، ئیتر دڕ بەم قۆناخی تەنگانەیە بدەن و، جورئەتی ووتن بکەن و، لەسەر پێ بن بۆ هەر گۆڕانکارییەک.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts