لەتیف فاتیح فەرەج: ئەردۆغان و شەقى ئەمەریکى.
1
ئەمەریکا لە سیاسەت کردنا دۆست و دوژمن ناناسێ، بۆ ئەمەریکاو بە تایبەت بۆ ئێستاى ئەمەریکا بەرژەوەندى لە سەرو هەموو شتێکى ترەوەیە، ئەوە بۆیە هەرچى چاکەیەک لە گەڵ ئەمەریکا بکەیت، لە کوێدا بەرژەوەندى لەتەک دوژمنەکەى تۆدا هەبوو پشتت تێدەکات، زۆر جار لە بەر بەرژەوەندى ئەمەریکا لە نێوان قوربانى و جەلادا، جەلاد هەڵدەبژێرێت، نەک ئەوە زۆر جار لە بەر دڵى ستەمکار شوناسى تیرۆریست دەداتە پاڵ قوربانى، رێک وەک ئەوەى بەرانبەر پەکەکە دەیکات، هەرچەند خۆیشى زۆر باش دەزانێ دەوڵەت خێوى تیرۆرو هەترەش بردنە نەک بزوتنەوەیەک کە لەبەر داواى ئازادى بە ناچارى داویە بە شاخا.
2
لە نێو ئەو بەزم و زەنا سیاسیەدا کە ئامانج لێى رامکردنى ئەوانى ترە، ئەردۆغان وەک ستەمکارێک خۆ دەنوێنێت، ستەمکارێک کە دەیەوێ بڵێت منیش هەم، زیندانەکانى پڕ کردووە لە دەنگى جیاواز، لە سەر گۆرانى سزاى زیندانى دەدات بەسەر پەرلەمانتارا، لە گەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەوروپا چاو لە تاوانەکانى دەنووقێنن، ئەردۆغان و تورکیا بە پێوەرى مامەڵە لەتەک روسیاو ئەوروپادا دەیانەوێت یارى بە سمێڵى ئەمەریکا بکەن، ئەمە لە چیرۆکى قەشەکەدا بە جوانى دەردەکەوێت، لە گەڵ ئەوەشدا کە ئەمەریکا لە نێوان کوردو تورکدا، پەکەکەو ئاکەپەدا، ئەردۆغان و ئۆچئالاندا، تورک و ئاکەپەو ئەردۆغان هەڵدەبژێرێت، بەڵام لە مافى خۆیشى کڕ نابێ.
3
ئەمەریکا بۆ گرتن و کوشتى هەزاران کەس لە تورکیا قسەیەکى حسابى ناکات، لێ بۆگرتنى ” ئەندرۆ برانسۆن”ى قەشە کە لە 50 ساڵى تەمەنى 23 ساڵى لە ئیزمیر ژیاوە، هەڕەشەى توند لە تورکیا دەکات، لە یەک کاتا دۆناڵد ترەمپ و مایک پنسى جێگرى هەڕەشەى توندیان لە تورکیاو ئەردۆ کرد ئەگەر برانسۆن بەرنەدات، بەنس وتى” ئەگەر تورکیا برانسۆن بەرنەدات و نەینێرێتەوە ئەمەریکا سزاى گەورەى دەدات”، قسە لەوەش دەکرێت کە” ئیبرۆ ئۆزگان” ى تورک لە ئیسرایل لە بەرانبەر برانسۆن ئازادکراوە، وایە یان نا جارێ ڕوون نیە، لێ دادگاى تورکیا بە پەلە قەشەکەى لە زیندانەوە ناردە ماڵەوەو رایگەیاند لە ماڵەکەیدا دەست بەسەرە، هەڵبەت ئەمەریکا بەوەش رازى نیە،
4
تورکیا تۆمەتى گولەنى بوون و هاوکارى پەکەکە ى داوەتە پاڵ برانسۆن و ماوەى 2 ساڵە لەسەر ئەوە لە زینداندایە، قەشەکە لە ئیزمیر 25 شوێنکەوتوى هەیە، هەراى ئەمەریکا لەسەر قەشەکە لە لایەکەوە نیشانەى خەمخواردنە لە هاوڵاتى خۆى با 20 ساڵ زیاتریش لە ئەمەریکا نەبووبێ، مەلایەکى کورد کە دۆستى منەو هەرگیز دەستى ناچێتە خوێنى کەس زیاتر لە 10 ساڵە بە تۆمەتى پەیوەندى بە قاعیدەوە لە ئەمەریکا لە زینداندایەو تا ئێستا حکومەتى هەرێم و دەسەڵاتدارانى ئێرە ئازایەتى ئەوەشیان نەبووە لە هۆکارى گرتنەکەى بپرسن، خۆ لێرەش مەلاى مزگەوت دەگرن و دەکوژن و تۆمەتیشى بۆ دروست دەکەن، یەکێتى زانایانیش بە یەک دەنگ دەڵێن پەکوف.
- Latest Posts by لەتیف فاتیح فەرەج
لهتیف فاتیح فهرهج: له چ دهستێكی نا ئهمینداین.
-لەتیف فاتیح فەرەج: دەربارەی ئاکاری کوردی.
-لهتیف فاتیح فهرهج: قوربانیه بادینیهكان و موستهشارهكان.
- All Posts