عەلی مەحمود: 3ی ئاب خاڵی وەچەرخان لە عەقڵی تاكی كورد.
زیاتر لە 1200 ساڵە ئێزیدییەكان لەسەر ئەم خاكە جینۆساید دەكرێن, هەموو ئەو تاوانانەی داعش لە 3-8-2014 بە دواوە ئەنجامی داوە, بە درێژایی ئەو مێژووە , 74 جار فەرمانی بۆ دراوە, لە ماوەی دوانزدە سەدەی رابردوودا بەردەوام تاڵانكراون و كچان و ژنانیان كراوە بە كەنیزەك و لە بازاڕی گەرمی كۆیلەی شارەكان فرۆشراون, پیاوانیان سەربڕدراوە و كەلەسەری گەورەكانیان لە شوێنە گشتییەكان كراوەتە دارا, زەوی و خاكیان داگیر كراوە, لەوانەیە زۆرێك لە ئێمە دایە گەورەكانی لەوان بن, لە زۆربەی جارەكانیش بۆ خۆ رزگاركردن بە زۆر بە كۆمەڵ ئاینیان پێ گۆڕدراوە, لەو 72 فەرمانەی پێشوو وەك ئاماژەی پێ دەدەین, ئەوانەی پێش 2003, پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشداریان لە كۆی تاوانەكاندا كردووە, هەندەك جاریش خۆیان سەركردایەتی فەرمانەكانیان كردووەو لە مێژووشدا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە و قارەمانی نەتەوەیی هەژمار كراون, وەلێ لە دوا فەرماندا, فەرمانی 74ی رۆژی یەك شەمە رەشەی 3ی ئۆگستسی ساڵی 2014 ەدا, كە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب پێی هەڵسان لە ژێر ناوی داعش, ئیتر پیاوانی كورد نەك بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكە, داگیر كەری گەلی عەلی بەگ و بەردەڕەشە نین, بگرە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوە, ئەویش بە پێچەوانەی فەرمانەكانی پێشوو, لێرەدا پیاوانی كورد نەك بەشداری تاوانەكە ناكەن, بەڵكە دەستە بژێرێك لەوان دەڵێن هەموو ئێزیدین بەرەو روی تەواوی رابردووە رەشەكە دەبنەوەو و زۆربەش شانازی بە نادیە مورادەكەیانەوە دەكەن, ئەو یەك شەمە رەشەی لە تاوانەكانی داعشدا, بە بەردەم راگەیاندنەكانەوە چەندە رەشتتر دە بێت, دەبێتە دوا فەرمان و دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و دادگاییكردنی كۆی تاوانەكانی پێشوو, سەرجەم 73 فەرمانەكەی پێشوو لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە, دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراو لە مێژوو, مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە, 3ی ئاب لە تاوانەوە دەگۆرێت بۆ دادگای مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو.
بەهۆی زیاتر لە 80 ساڵ بزاوتی رۆشنبیری و سیاسی لە كوردستاندا, كۆمەڵگایەكی بەرهەم هێنا, تاوانەكانی 74 فەرمانی غەزای دژ بە ئێزیدییەكان رەت كردەوە, لێرەدا هەست بە گۆڕانكارییەكی هێمنانە و كودەتایەنەش هاوكات دەكەین لە عەقڵی تاكی كورددا, هەرچەندە بەشێكیشی لە ژێر كاریگەری ئیسلامی سیاسیدان, كەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەڕۆكدا لە گەڵ داعش, كەمایەتییەكی زۆر بچوكی چەند هەزار كەسی نەبێت, بە ئاشكرا ئەوی دی هەموو رەتی تاوانەكەیان كردەوە, ئیتر ئێزیدییەكان مرۆڤی پێش یەك شەمەی رەش نین, ئیتر هەموو سێی ئابێك, هەموو بە بێدەنگ چركەیەك رادەوەستن و رێز لە قوربانیان دەگرن, ئیتر هەموو 3-8ی ساڵێك نەفرەت لە هەموو فەرمانەكان دەكەنەوە, بە رێزگرتن لە قوربانیان رەتی مێژووە رەشەكانی هاوشێوەش دەكەنەوە , ئیتر لە بری داگیركردنی خاك و چەپڵە لێدان بۆ كەلەسەرە بە دارەوە كراوەكان مۆم بۆ قوربانیانی 74 فەرمانی نەگریس دادەگیرسێنرێت, ئیتر غەزای پیرۆز دەبێتە وەحشیگەری, هەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییكردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە 12 سەدەی رابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە هاوچەشنەكانی یەك شەمە رەشەكە,3-8 ساڵەكانی دواتر, ئەم رەتكردنەوەیە گەیشتە پۆپەی خۆی, بووە بەشێك لە یاداوەری گەلێك , بووە دابڕان لە گەڵ مێژووی 1200 ساڵەی رابردوو و هەر 73 فەرمانەكەی پێشو تر.
لە فتوكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ( 780-855 م ) ەوە, تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەوە (“خگیب المفسرین” شیخ الإسلام, مفتی القسگنگینیە,) كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر لەوانی دی ناو زەد كرد, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانیانی دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد, جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژوو, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدە و تاوانباری جینۆسایدە, سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردە چێت و پێكهاتەیەك هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت ,ئەوەی ئێستا داعش دەیكات, عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش دەریكرد بەرامبەر بە ئێزیدییەكان بە تاوانكاری زیاترەوە.
قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە, لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكرد, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 رەوایەتی ئاینی و پیرۆزی پێ بەخشی و رەوایەتی دا بە قڕ كردنەكە لە پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بوە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ هەموو رەشتر و دڵەڕەقتر لە 3-8-2014, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو, سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و كارەسات بوو بۆ ئێزیدییەكان, ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا عەرەب و توركەكان پێی هەڵنەستان, لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە, وەلێ تاوان بە تاوانی دەمێنێتەوەو تاوانكار لە سزا نابێت رزگاری بێت و پێگەی راستەقینەی خۆی دەبێت پێببەخشرێتەوە كە تاوانكاری ئەنجامدەری جینۆسایدە و هەموو هێماكانی گەورە نیشاندانی ئەو تاوانكارە لە مێژوو و یاداوەری گەلدا پێویستە بسڕدرێتەوە, بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێمەوە تا دادگاییكردنی تاوانكاری جینۆسایدی 74 فەرمانی ئێزیدی هەموو ئێزیدین وەلێ نا بۆ سستەمی كۆنەپەرستانەی چینایەتی ئێزیدی, بەڵێ بۆ كۆمەڵگای یەكسان و ئازادو كراوە.