لەتیف فاتیح فەرەج: جەهل و ماریفەت, بە بیانوى هێرشەکەى سەر بابەکر دڕەیى گوڵبەخشەوە.
مرۆڤى مەزن ئەو مرۆڤەیە ئاوەزى لە باڵاى بەرز تر بێت نەک باڵاى لە ئاوەزى، حزبى مەزنیش ئەو حزبەیە کە ئەندامەکانى وا فێر بکات مرۆڤیان وەک مرۆڤ خۆش بوێ و رێزى لێبگرن، نەک وەک کۆیلەو گوێڕایەڵ، هەموو ئەو ماڵپەڕو پەیجانەى کار لەسەر شکاندنى مرۆڤ دەکەن خۆیان نەک شکاون، لەڕووى ئاکاریشەوە بۆشن و شیاوى توڕدانن، چونکە ئیدى خۆیشیان نایانەوێ ببنەوە بە مرۆڤ، نایانەوێ رێزو حورمەتیان بۆ بگەڕێتەوە، هەندێک دنیاکە دەکەن بە زبڵخان بۆئەوەى ئەوانى تریش پیس بکەن، رێک وەک ئەوانەى لە سەرە ڕێدا پیساى دەکەن تا پێڵاوى ئەوانى تر پیس بێت، ئەمە پێچەوانەى ئەوانەیە کە دنیاکە پڕدەکەن لە باخ و گوڵ و گوڵزار تا بۆنى دنیا خۆشتر بێت، هەیە دەمى باخى گوڵەو هەشە مرۆڤ نایەوێ دەم و لەوسى ببینێ، لەم باشورى کوردستانە حزبى کوردى لەوەتەى چاوى هەڵهێناوە کار لەسەر شکاندنى کورد دەکات، تەنانەت بۆ ئەو کارە پیاوانى ئاینى و رۆشنبیران و شاعیران و کەسایەتیەکانیشیان تێوە گلاندوە، هەژارى شاعیر بەو هەموو تواناو زمان زانى و جوانیەوە، هەندێ شتى هەیە مرۆڤ بێزیان لێدەکاتەوە.
لە شوێنێک بە حزبێک دەڵێیت ئێوە تەنانەت دار تێلى کارەباشتان حزباند، هەندێک رەخنە دەگریت هەر لایە بەجۆرێ لێکدانەوەى بۆ دەکات، لە باشورى کوردستان بەشێک لە میدیا و پیاوە زەبەلاحە سیاسیەکان لە برى ئەوەى مرۆڤى دروست بەرهەم بێنن، کار لەسەر ناشرینکردنى هەموو شت دەکەن، وەک ئەو گایە ریخنەى دەیەوێ هەموو ریخن کات، لە برى خۆ چاککردن، لە باشورى کوردستان مرۆڤ وەک مرۆڤ سەیرى ناکرێ وەک ئەوە سەیرى دەکرێت سەر بە چ رەنگێکە ئەمەش کۆمەڵى کوردەوارى لەم بەشە وردو خاش کردوە، سیاسیەکانى کورد نازانن، کە کۆمەڵى تەندروست لەسەر دەستى سیاسى بیر دروست و رۆشنبیرى بیر دروست و میدیا کارى بیر دروست دروست دەبێت، نەک لەسەر دەستى دێبوک و موهەڕیج.
چەند شورەیى و شەرم و کێماسیە کارو کردارمان ببێتە ئەوەى چۆن ئەوى تر بشکێنین، لە کاتێکا پۆلیسێکى نەتەوەو دەسەڵاتێکى تر بە شولکێکەوە بتوانێ هەزارمان ریز بکات.
تا ئەو خاڵەى کۆتاى بابەتێکى کۆنترى منە لە سەر ئەو شێوازى مامەڵەیەى لە تەک مرۆڤى کوردا دەکرێت لە سایەى ئەم حزباندنە ناجۆرەى باشورى کوردستاندا، کە خەریکە بە ناچارى وەکى پیرەمێرد بڵێین ئەوانە سەرچاوەى فیتنەو ئاشوبن، رێز گرتن و رێز نواندن بچوکى و ناشرینى نیە، مرۆڤ لە حزبێکى دیکە بێت و دەستى ناساغى حزبێکى تر بگرێت ئەوە گەورەییە نەک چەمانەوە و بچوکى، رێزنواندن بۆ نەخۆشێک و بە خشینى گوڵ پێى سەرە ڕاى جیاوازى ئایدۆلۆژى، ئەوە جوانیە نەک ناشرینى، سەیرکەن ئێمە کەوتوینە چ کەوشەنێکى پڕ دڕک و داڵەوە، سەیرکەن ئایدۆلۆژیا چۆن کوێرى کردووین، راستى ئەمە قسەى زۆر هەڵدەگرێت و لە ستونێک و وتارێکى کورتا بە کۆتا نایەت، من هەردوک نمونەکەى بابەکر دڕەى بۆ خاتوو هێرۆ برایم ئەحمەد و هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ لە چوار چێوەى رێزدا دەبینم و وەک هەمان رێز نواندنى نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلال سەیرى دەکەم، ئەمەش حاڵەتێکى زۆر ئاساییەو لە رێزو حورمەت زیاتر نیە، من تا ئێستاش کە خەریکە خۆم دەچەمێمەوە لە رێ و بان ناکەومە پێش بە ساڵاچوویەک ئەوەش رێزو پەروەردەیە، داخوا ئەو پەروەردە جوانەى ئێمە کوێوە چوو، دڕەیى هاوڕێم تۆ رێزى خۆت بنوێنە، چ دەبێ با ببێ.
- Latest Posts by لەتیف فاتیح فەرەج
لهتیف فاتیح فهرهج: له چ دهستێكی نا ئهمینداین.
-لەتیف فاتیح فەرەج: دەربارەی ئاکاری کوردی.
-لهتیف فاتیح فهرهج: قوربانیه بادینیهكان و موستهشارهكان.
- All Posts