نەوزادى موهەندیس: چۆن! ئەم دۆخە قەتیسەى هەرێمى کوردستان تێبپەڕێنرێت؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە هەرێمى کوردستان لەدواى ئەنجامدانى ڕیفرادۆمەوە لە 25/9/2017وە ڕووبەڕووى گەمارۆى سیاسى و ئابورى و ئەمنى بوەوە لەلایەن وڵاتانى دەرودراوسێ و بەغدادیشەوە و ئەمەش بوە هۆکارى لێکترازان و دوورکەوتنەوەى زیاترى هێزە سیاسیەکانى کوردستان و پەرتکردنى نێوماڵى کورد لە کوردستان و تاڕادەیەکیش لەدواى ڕووداوەکانى 16/10/2017 لە ناوچەدابرێنراوەکانیش توشى کارەسات و شکستى سەربازى هات. هەموو ئەو ڕووداوانە کاریگەرى خراپیان کردە سەر دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى کوردستان و هێندەى تر درزى نێوان سەرکردە و لایەنە سیاسیەکانى تۆخکردەوە و فراوانترى کرد.و کار گەیشتە تۆمەتبەخشینەوە و تاوانبارکردنى یەکترى بە خیانەتکردن لە نەتەوە و نیشتیمان.
دواتریش بەهۆى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراقەوە لە 12/5/2018دا و هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکاندا، لەسەرتاسەرى عێراق بەکوردستانیشەوە دەنگى ناڕەزایى بەرزبۆوە لەسەر ئەنجامەکان و زۆرینەى لایەنەکان ناڕازیبوون لەو ئەنجامانە و کەوتنە تانەلێدان و داواى بەدەست ئەژمارکردنى سندوقەکانى دەنگدانیان کردو ئەمەش بوە هۆى ئەوەى کە جارێکى تر ناکۆکى و ململانێ حیزبیەکان لە کوردستاندا تۆخببنەوە و ژمارەیەک لایەنى سیاسى کە 4 لایەنى سەرەکى(گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هاوپەیمانى و لەگەڵیشیاندا بزوتنەوەى ئیسلامى و شیوعى ) بوون و بەرەیەکیان لە یەکێتى و پارتى گرت و تۆمەتى تەزویر و ساختەکاریان بۆ هەڵبەستن و ئەوەى پێیانکرا لە پەڕلەمانى عێراق و دادگاى فیدڕاڵى کردیان بۆ ئەوەى یان تەواوى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە ڕەتبکرێتەوە یان 100% ئەنجامەکان و ێندوقەکان بەدەست ئەژمار بکرێتەوە. بەڵام هیچ کام لەو داواکاریانە جێبەجێ نەبوو ،تەنها ئەو ێندوقانەیان ئەژمارکردەوە کە تانەیان لەسەربوو.ئەوەتا تاکو ئێستا کە نزیکەى 3 مانگى تەواوە هێشتا ئەنجانى کۆتایى دەرنەکەوتوە و دادگاى فیدڕاڵیش پەسەندى نەکردوە.بەم شێوەیە دەوڵەتى عێراقى ماوەى 3 مانگە بێ پەڕلەمان و بەبێ دەسەڵاتى یاسادانانە و حکومەتیش حکومەتى کاربەڕێکەرە و لەئێستاشدا باشور و ناوەڕاستى عێراقیش گیرۆدەى گێژاوێکى سیاسى و ئابورى بۆتەوە و جەماوەریش لەهەموان ناڕازین و دەستیان داوەتە خۆپیشاندا کە ماوەى مانگێکى تەواوە.ئەم دۆخە نەخوازراوەى عێراق بۆتە هۆى لێکهەڵوەشانى تەواوى نێوماڵى شیعە و سونە و کوردیش.
ئەوەى گرنگە چۆن دەتوانرێت ئەم دۆخە قەتیس و مەنگەى کوردستان بشەڵقێنرێت و بتوانرێت لە کاریگەریە خراپەکانى ڕووداوەکانى ڕابووردوو ڕزگاربکرێت و هەنگاو بەرەو ئایندەیەکى باشتر و گەشتر بنرێت؟
ئەم دۆخە هەموان لێى بەرپرسیارن لەسەرکردە و حیزب و جەماوەریش بە بچوک و گەورەیانەوە،چونکە هیچ کامیان خەمخۆریەکى جدیان دەرنەبڕیوە بۆ تێپەڕکردن و بازدان بەسەر ڕق و کینە کۆنەکان و بەرژەوەندیە حیزبى و کەسیەکانى خۆیاندا و جەماوەریش متمانەو بڕواى بەهیچ کام لەو سەرکردە و حیزبانە نەماوە و هیچ سەرکردە و حیزبێکیش ناتوانێت نوێنەرایەتى جەماوەر بکات و شەقامى کوردى بجوڵێنێت و داواى مافە ڕەواکانى خۆیان بکەن.حیزب و سەرکردە سیاسیە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانیش نایەنەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆنى ڕاستەقینە و ناشتوانن ئەو ڕۆڵە بە ڕاستگۆیانە بەرجەستە بکەن و هەموانیان ئەوەندەى هەڵپەى دەسەڵاتگرتنە دەست و کۆکردنەوەى سەروەت و سامان و بەدەستهێنانى پلە و پۆست و ئیمتیازاتى حیزبى و کەسین نیوهێندەى پەرۆشى ئایندەى گەل و نەتەوە نین.
هەربۆیە ئەم دۆخە قەتیسە دەخوازێت کە:
1- سەرکردەیەکى کاریزما و بەهێز دروست ببێت (بەوێنەى مام جەلالى ڕەحمەتى) و بتوانێت سنور و تابۆ حیزبیەکان تێبپەڕێنێت و هەنگاوى پەرۆشانە هەڵبگرێت بەرەو ئاشتى و ئاشتبونەوە لەنێوان سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان و جەماوەریشدا.
2- حکومەتى هەرێم هەوڵبدات کە ژیان و گوزەرانى جەماوەر باش بکات و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکات و خزمەتگوزاریە بنچینەییەکانیان بۆ دابین بکات لە ئاو و کارەبا و سووتەمەنى و مووچەى مانگانە.
3- حکومەت هەوڵى ئاوەدانکردنەوەى وڵات بدات و پڕۆژەى خزمەتگوزارى و ئاوەدانى جێبەجێبکات بۆ نەهێشتنى بێکارى و هەژارى و هەڵاوسان و کاربکات بۆ بوژاندنەوەى بازاڕ و بازرگانى و ئابورى وڵات.
4- هەوڵدبدرێت پەیوەندیە ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ حکومەتى هەرێمدا پتەوبکرێتەوە و ئاسایى بکرێتەوە بۆ تێپەڕاندنى کاریگەریەکانى ڕیفراندۆم.
5- هەوڵى یەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانى کۆمەڵگاى کوردەوارى بدرێت و هەموان لەسەر یەک گوتار و یەک کردار ڕێکبکەون و لەبەرامبەر بەغدادى شڵەژاو و تێکچوودا بەبەهێز خۆ پیشان بدەن و داواى مافە ڕەواکانى گەلەکەمان و ئیستحقاقى هەڵبژاردن بکەن.
جگە لەم هەنگاوانە کورد هیچ ڕێگەیەکى لەبەردەمدا نیە،وهیچ کاتیش دوورکەوتنەوە و دڕدۆنگى و لێکترازان لەبەرژەوەندى کورد نەبوە و تەنها بەیەک و یەکگرتوویى کورد توانیویەتى مافەکانى خۆى مسۆگەر بکات،و ئەم دۆخەش پێویستى بەهەوڵ و خەمخۆرى هەموان هەیە چونکە ناوچەکە بەگشتى لەبەردەم گۆڕانکارى گەورە و کتوپڕدایە و پڕیشکى هەر جەنگێکیش ڕاستەوخۆ بەر هەرێمى کوردستان دەکەوێت،جا چەندە ئامادە و یەک ماڵ و توندتۆڵبین ئەوەندە دەتوانین خۆمان بپارێزین ،ئەگینا بەم دۆخەى ئێستامانەوە ئەوەى هەشە لەدەستمان دەچێت.بۆیە هەق وایە سەرکردە و حیزب سیاسیەکان پەرۆشى زیاتر بنوێنن و بەرژەوەندى گەل و نەتەوە بخەنە سەروو بەرژەوەندیە حیزبى و دەسکەوتە مادیە بچوکەکانەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی