دلێر حسێن پیرۆمەری: باڕێگریی لە ڕەهاتر بونی مەرکەزیەت بگرین.
سیستەمی حوکمڕانی هەرێم یەکانگیر نیە لەگەڵ هیچ سیستەمێکی جیهانی، لەشێوازی حوکمڕانی دونیادا ووڵات نیە شێوازی دیاریكراوی نەبێت، جا لەسیستەمدا: یا پیادەی سیستەمی دیموکراسی دەکرێت یان دیکتاتۆری واتا شوناسی سیستەمەکە دیاریکراوە، بەجۆرێکی تر یان سیستەمی پەرلەمانیە یان سسیتەمی سەرۆکایەتی، یان ئەوەتا سیستەمی پادشایەتی دەستوری یان پاشایەتی بێ سنورە، کەئەمەش دەستور جۆری حوکمڕانی دیاری دەکات وەلێ لێرە بەهۆی ئەوەی گروپێكی نەخوێندەوار لە حوکمڕانیدان و حوکمی هەرێمی کوردستان دەکەن کە لەپێناو مانەوەو بەردەوامیدان بەئەجێندای خێڵ و بنەماڵەو حزبەكانیان هەموو جوانی سروشتی و مرۆیی ئەو وڵاتەیان ناشیرین کردووە، هەمیشە ڕێگر بونە لەبەردەم جێگرتنی پرەنسیپە دیموکراسیەکان لەحوکمڕانیدا، سەرجەم چەمکە جوان و بەها دیموکراسیەکانیان خستۆەتە ژێر هەژمونە نەخوێندەواریەکەی خۆیان، لەبەردەمی گەلیشدا خۆیان وانمایش كردووە گەر ئەوان نەبن ووڵات ناڕوا بەڕێوە.
ئەمەش ڕێك وەكو چیڕۆكی ئاغاو مانگا وایە:
دەگێرنەوە لەدێھاتێكدا ئاغایەک هەبوو دەستەڵاتی بەسەر هەموو شتێكدا هەبوو بەجۆرێک کەس نەیدەتوانی بەبێ پرسی ئاغا هیچ بکات، جا ئاغا چی گوتبا دەبوایە خەڵکی گوندی جێ بەجێی بکەن، ڕۆژێکیان مانگای هاوڵاتیەکی گوندنیشین سەری لەمەنجەڵێک گیر دەبێت، چەندی دەکەن مەنجەڵەکە لەسەری مانگاکە نابێتەوە، خەڵکەكەش ئاغا ئاگادار دەکەنەوە، کاتێ ئاغادێت وەزعەکە دەبینێ دەڵێ سەری مانگاکە ببڕن، خێرا خەڵکەکە بریارەکە جێ بەجێ دەکەن و مانگاکە سەر دەبڕن، دوای سەربڕینیش مەنجەڵەکە هەر بەسەری مانگاکە دەمێنێتەوە، یەکێک دێت دەڵێ: گەورەم مەنجەڵەکە هەر بەسەر سەری مانگاکە ماوە، ئاغا ئەمجارە ئەمر دەکات بەوەی مەنجەڵەکە هەڵدڕن بۆ ئەوەی لەسەری مانگاکە ببێتەوە، خەڵکەکە مەنجەڵەکە هەڵدەدڕن، دوای هەڵدڕاندنی مەنجەڵەکە ئاغا بەعاجزی دەچێتە لایەک دەوەستێ، زۆر بەغەمباری سەیری خەڵکەکە دەکات، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی دەپرسێ: گەورەم بۆ عاجزی؟ ئەوە نیە مەنجەڵەکەمان لەسەری مانگاکە کردووە؟
ئاغا دەڵێ غەمبارەیەکەم بۆ مەنجەڵەکە نیە بۆ ئەو خەڵکە داماوەیە، ئەگەرھاتوو من مردم ئەوانە چی دەکەن و كێ مشورگێڕیان بێت.
جا دۆخی سیاسی هەرێم لەئێستادا وەک ئەو نمونەیە کەباسم کرد، خەڵكی لەهەرێمی كوردستان گیرۆدەی دەستی کۆمەڵێ نەخوێندەواربووە هەرچی مەرگەسات و نەهامەتی هەیە بۆ ئەو گەلە داماوەیان هێناوە، بەبیری خۆیان تەنها ئەوان توانای حوکمڕانیان هەیەو جگە لەوان کەس نیە شیاوی حوکمڕانی بێت، كەچی مشورگێڕیشیان بەمجۆرەیە كە ھەموو تاكێكی بەفامی كۆمەڵگە شایەدی عەیانی خراپەكاریەكانیانە.
غرووری سیاسیە نەخوێندەوارەکانی هەرێم بەجۆرێک بووە سنورەکانی هەرێمیشی تێ پەراندووە، تەنانەت هەندێ جار هەڕەشەیان لەووڵاتان دەکرد بەجۆرێک خۆیان ئەوەندە بەزانا و دانا دانابوو تا چارەنوسی ئەو گەلەیان بەمڕۆ گەیاند.
لەوڵاتێکی سەربەخۆ خەریکە پارێزگاشمان بۆ بەڕەوا نابینن ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە حوکمڕانی هەرێم لەجۆرێكی ھێندە خراپە تا ئێستا تاقی نەكراوەتەوە لەهیچ وڵاتێکی دونیادا، چونکە هیچ چەمک و پێناسەیەک تەعیبر لەو حوکمڕانیە ناکات.
دواین هەوڵی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەنمونە وەر بگرین، دەزانن بیست و حەوت ساڵە کێ حوکمڕانمانە، دیارە سەرۆک وەزیران لەهەوڵی ئەودایە ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشێنێتەوە، بەجۆرێک وڵات بگێڕێتەوە بۆ سیستمی مەرکەزی موتڵەق، وەک ڕابردوو تەنها خۆیان و بنەماڵەکانیان پادشا وحاکمی یەکەم و کۆتابن، ئەم شێوەیەش لەجیهانی حوكمڕانیدا مەگەر تەنها لەوڵاتە دواکەوتوو و دیکتاتۆرەکان پیادەی بکرێت، بۆیە هەر دەستکارییەک لەسیستەمی لامەرکەزی ئیداریدا پاشەکشێی ڕاستەوخۆیە لەپرۆسەی حوکمڕانی دیموکراسی و تەندروست.
خۆ ئەوانەی حوكم گەر بۆیان بگونجێت تەنانەت دەستكاری دەستەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)یش دەكەن.
هەرچەندە ئێمە بەپێ یاسای ژمارە 3 ساڵی 2009 ز پیادەی سیستەمی لامەرکەزی دەکەین بەڵام لەئەمری واقیعدا یەکێتی و پارتی ڕێگرن لەجێ بەجێ کردنی سیستەمی ناسەنتەری لامەرکەزی ئیداری، کە دەتوانین بڵێن گونجاوترین و چاکترین سیستەمه، کە هاوڵاتی تێدا سودمەند دەبێت، جا لامەرکەزی ئیداری بێت یان لامەرکەزی دارایی یان هەر جۆرێکی تر لەئیدارەدانی حوکمڕانی کەتێدا سودی زۆر بەناوچە جیاوازەكان دەگەینێ.
دەبێت هەموو هەوڵەکان بەئاراستەی ئەوە بێت کە پەرە بەسیستەمی لامەرکەزی ئیداری بدرێت کەم و کوڕییەکانی ئەو سیستەمە چارەسەر بکرێن نەک پاشەکشێ لەو سیستەمە بکرێت و بگەڕێینەوە بۆ دواوە، بۆسیستەمی تەقلیدی مەرکەزی کەتەنها چەند کەسێک تێداحاکم و بریاردەربن، کەئەمەش جگە لەزیان گەیاندن بەووڵات هیچی تری لێ سەوز نابێت.
بۆ دژی سیستەمی مەرکەزی و شەخسی بین؟
ئەو سیستەمە بوو سەرۆک وەزیران پاشەکەوتی زۆرملێی سەپاند بەسەر فەرمانبەران، هەربەهۆی ئەوسیستەمە بەمیزاجی شەخسی باج و رسومات زیادکرا، تەنانەت بەهۆی مەرکەزی شەخسی ناڕوونی لەداهاتی نەوت و گومرگەکان هەیە بەجۆرێک زانیاریەکان لەکەسێک ودوان وسیان تێپەڕ ناکات، سەروەتی گشتی لێڵە، سەروەریش سەرەوژێرە.
لەڕێ ئەم سیستەمی تاك بڕیاریە نا عەدالەتی جوگرافی هاتۆتە ئاراوە بەجۆرێک پارێزگاکان نەیان توانیوە خێر لەسەروەت و سامانی خۆیان ببین، سەروەت و سامانی خۆیان بخەنە بەرژەوەندی ناوچەکانیان.
بۆیە باپێش بەڕەھاتر بوونی مەركەزیەت بگرین.