دیار عومەر کاکە: کاڵفامی سەرکەردەکانی کورد، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەك نمونە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر بڕوانینە شۆڕشی گەلان و ئازادی خوازان لەمێژودا، هەمیشە لە سەروی خەبات و تێکۆشانی میللەتەوە سەرکردەیەك یان چەند سەرکردەیەك هەبوە، ئەگەر سەرکردەکە خوێنەرەی باش بوبێت بۆ ڕوداوەکان و پلانداڕێژەری باش بۆبێت، هەمیشە بە کەمترین قوربانی زۆرترین دەسکەوت هەبوە، بەپێچوانەوەشەوە ڕاستە، کاڵفامی سەرکردەکان زۆرجار گەلەکەیان توشی زۆرترین قوربانی و شکست کردوە، تەنانەت زۆرجار نا هوشیاری و بریاری خراپی سەرکردەکان بونەتە شکستی شۆڕش.
ئەگەر بڕوانینە ڕابردوی کوردستانی باشور لە نیو سەدەی ڕابردودا، ئەبینین زۆرجار بڕیاری سەرکردەکان بوەتە هۆی زۆرترین قوربانی و گەورەترین شکست و کەمترین دەسکەوت.
ئەگەر ڕیفراندۆم وەك نمونەیەك وەرگرین و بگەڕێینەوە کەمتر لە ساڵێك، بەراوردی سەردەمی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە ساتەکانی دوای 2003 بکەین تا ئێستا، بە سێ خاڵ شیکردنەوەی بارودۆخی ناوخۆی کوردستان و سیاستەی نیودەولەتی و وڵاتانی دەوروبەر بکەین :
1- بارودۆخی وڵاتانی دەوروبەر: ئەگەر سەیرێکی بارودۆخی وڵاتانی دەوروبەری کوردستان بکەین، عێراق و ئێران و تورکیا، ئەگەینە ئەم ڕاستیە:
A- عێڕاق: لە 2003 عێڕاق تەنها ئازاد نەکرا، بەڵکو شتێك نەما بە ناوی دەوڵەتی عێڕاق، ئەمریکا هەموو وەزارەت و سوپاو فەرمانگەکانی عێڕاقی هەڵوەشانەوە، تەنها کورد لە گۆڕەپانا هەبو، پاشان عێراق کەوتە ناو جەنگێ تایەفی ومەزهەبی تا 2014، پاشان جەنگی داعش و لە دەستدانی نزیکی 35% ڕوبەری جوگرافی عێڕاق، ئیتر تا 2015 عێڕاق لە لاوازترین کاتدا بو، بەڵام لە 2015 ەوە بەبەشداری ئێران و حەشدی شەعبی و سەرکەوتنەکانی 2015 و 2016، ئەمە وایکرد لە 2017 لە بەهێزترین کاتیدا بێت، ئیتر لە ڕوی سەربازی و لە ڕوی سیاسیەوە، ئەوەش بەهۆی پشتگیریکردنی ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپا بۆ عێراق لە جەنگی دژی داعش و سەرکەوتنەکانی.
B- ئێران: لە دوای 2003 ەوە، بەهیچ شێوە ئێران ئەوەندەی ساڵی 2017 بەهێز نەبوە لە ڕوی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە، ئێران جگە لەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا زۆر باش بو، لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا لە ژێر گرێبەستەی 6 کۆ یەك بو، کە وایکردکە گەمارۆی سەر ئێران لابردرێت، ئیتر ئێران لە سەردەمی زێرینیدا بێت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا ، جگە لە بەهێزکردنی ئابوری و هێنانی کۆمپانیا ئەوروپیەکان بۆ ئێرانو ناردنی نەوت و فراوانکردنی هەژمونی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە.
C- تورکیا: لە 2003 ەوە تا 2016 هەمیشە پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا باش بوە، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا هەڵبەز و دابەز بو، بەڵام لە کۆتایی 2017 تورکیا لە باشترین پەیوەندی بو لەگەڵ روسیا، جگە لەوەی لە ڕوی ئابوریەوە زۆر بەهێز بو، ئەوە پەیوەندیە باشە وایکرد تورکیا هێز ڕەوانەی سوریا بکات و عەفرین داگیربکات بە ڕەزامەندی ئەمریکاو تورکیا و ئەوروپا!
2- وڵاتە زلهێزەکان و بارودۆخی ناوچەکە : جەنگی داعش بوە هۆی نا سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی ئاوارە بون، بەشێکی زۆریان ڕویان لە ئەوروپا کرد، وڵاتانی زلهێز پارەیەکی زۆریان لە جەنگی داعش سەرفکرد، بۆیە وڵاتانی زلهێز هیچ نا سەقامگیریەکی تریان قبوڵ ناکرد لە ناوچەکە، کە ببێتە هۆی ئاوارەی زیاتر و جەنگی زیاتر و کارەسات، هەربۆیە وڵاتانی زلهێز داوایان لە کورد کرد ڕیفراندۆم بۆ دو یان سێ ساڵ دوابخات، بە سەرکردایەتی کوردیان راگەیان کە ناوچەکە بەرگەی نا سەقامگیری تر ناگرێت، هەربۆیە لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەموو وڵاتانی زلهێز یەکدەنگبون دژی ڕیفراندۆم!
3- بارودۆخی ناوخۆی کوردستان: ئەگەر لە 2003ەوە بڕوانینە بارودۆخی ناخۆی کوردستان تا 2017، ئاشکرایە بە هیچ شێوە بارودۆخی ناوخۆ بەو شێوەیەی 2017 پەرتەوازەو خراپ نەبوو، پەیوەندی حیزبە سیاسیەکان لە خراپترین ئاستدا بو، گۆران و یەكێتی بێ سەرکردەبون، کاك نۆشیروان کۆچی دوایی کردبو، مام جەلال ماوەی سێ ساڵ بو نەخۆشبو دور بو لە حیزب، گۆڕان و پارتی لە جەنگی ڕاگەیاندن بون، یەکێتی بو بوە چەندەها بەشەوە. لە ڕوی ئابوریەوە کوردستان لە خراپترین ئاستدا بو، حکومەت ئیفلاس بو، کۆمپانیا بیانیەکان کوردستانیان جێ ئەهێشت بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوری و سیاسی کوردستان، هاوڵاتیان متمانەیان بە حکومەت نەبوو، بەردەوام خۆپیشاندان بو لە ناوچەی سەوز-نیللی بەهۆی قەیرانی ئابوری.
ئەگەر ىروانینە ئەو سێ خاڵەی سەرەوە، ئەگەینە ئەو ئانجامەی کە لە 2003 ەوە تا 2017، کاتی دەستنیشاندکردنی ڕیفراندۆم خراپترین کات بوە کە بڕیاری ئەنجامدانی پرسێکی گرنگی مێژویی چارەنوسی لەو جۆرە دراوە! ئەمە لە ڕوی بارودۆخی وڵاتانی دەوروبەور و بارودۆخی ناوچەکەو و بارودۆخی نێوخۆیی کوردستان.

خۆ ئەگەر ئەو پرسە گرنگەیان بۆ ساڵێك دواخستایە وەك ئەوکات داوا ئەکرا لە سەرکردایەتی کورد، باوردۆخی ئێستا لەو سێ ڕوەوەی کە ئاماژەمان پێکرد، زۆر باشترە بەبەراورد لەو کاتە، ئەوکات ئەنجامەکە قەت بەو شێوەیەی ساڵی ڕابردو خراپ نابو، لەوانەیا ئەنجامی باشی هەبوایە، ئەوەش لەبەر ئەوەی جەنگی داعش و شەڕ نەماوە لە ناوچەکە، ئێران و تورکیا گەمارۆیان لەسەرەو بارودۆخی ئابوری و سیاسیان لەوپەڕی خراپیە، لایەنە عێڕاقیەکان لە ئێستادا پێویستیان بە کوردە بۆ دروستکردنی حکومەتی عێراقی نوێ.
هەر بۆیە ىڕیارێکی هەڵەی بەو شێوەیە، کوردی توشی گەورەترین شکست کرد، بوە هۆی لاوازکردنی کورد بۆ خراپترین ئاست لە سەدەی بیست و یەکدا، بوە هۆی بەفریودانی خوێنی هەزارەها پێشمەرگە کە روحی خۆیان بەخشی بۆ پاراستنی خاکی کوردستان لە کەرکوك و خانەقین و دەشتی موسڵ، بڕیاری هەڵە وایکرد وڵاتانی عێڕاق و ئێران و تورکیا یەگبگرن بەهاوکاری ئەمریکاو ئەوروپا بۆ لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و جارێکی تر لە باربردنی خەونی دەوڵەتی کوردستان! لە باربردنی ئەو خەونە لە ئەوستۆی سەرکردە سیاسیەکانی دەسەڵاتە بە پارتی و یەکێتیەوە، هەردوو لایەن بە ڕەزامەندی هەموو سەرکردەکانیان و هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسیان هاودەنگ بون لە بڕیاردان لەسەر ڕیفراندۆم و ئەو شکستە مێژویە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت