سۆران محەمەد: ئاسته‌نگه‌کانی ره‌خنه‌ی کوردی.
نووسه‌ری ناوداری جیهانی ( گابریل گارسیا مارکیز) له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو توانا‌و لێهاتووییانه‌ی له دنیای نووسیندا هه‌یبوون، له دوانامه‌کانی ژیانیدا ئاوات به‌وه ده‌خوازێت بریا زیاتر بژیایه تاکو زیاتر بیری لە شتەکان دەکردەوەو په‌له‌ی له ده‌ربڕینیان نه‌ده‌کرد. ئه‌ی چی سه‌باره‌ت نووسه‌رانێکی نه‌وه‌ی نوێ و مۆدێرن که زۆر له ئاستی به‌رهه‌مه‌کانیان دڵنیان و ته‌نانه‌ت بوارێکیش بۆ وتوێژو گوێگرتن ناهێڵنه‌وه له‌باره‌یانه‌وه؟ که له راستیدا ره‌خنه به‌و مانایه نایه‌ت که ئه‌و جۆره که‌سانه به شێوه‌ی عاتیفی لێی ده‌ڕوانن به‌وه‌ی (بابه‌ت) و (که‌س) تێکه‌ڵاو بکه‌ن! ئه‌وه هاوچه‌رخترین دیارده‌و شیمانه‌ی ره‌خنه‌ی جیهانییه که بابه‌تیانه ته‌نیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌قدا ده‌کات و نووسه‌ر داده‌بڕێت له جه‌وهه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌کان. بۆ نا ؟ ئه‌و بازنه ته‌سکه‌ی په‌یوه‌ندی و ناسیاویهکانی نووسه‌ری له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت زۆر زۆر ته‌سکتره له‌و بازنه فراوانه‌ی سه‌رجه‌م خوێنه‌رانی جیهان، خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و ده‌قه ده‌که‌ن. به بێ بوونی هیچ ناسینێکی شه‌خسی پێشوه‌خته بۆ نووسه‌ره‌که‌ی.
بێگومان ره‌نگه ئه‌م هۆکاره‌ش بێت که بوو بێته هۆی ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرێك بێنێته گۆ و بنووسێت:
نووسه‌ری کورد کبریایهکی به‌تاڵی تێدایه و ئه‌و رۆحه ئازاده‌ی خوێندنه‌وه‌ی تێدا نییه که به‌چاوێکی بێلایه‌نه‌وه سه‌یری ده‌قی داهێنه‌ری به‌رامبه‌ر خۆی بکات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌کو پله‌و به‌رژه‌وه‌ندی که‌سایه‌تی سه‌یری نووسین ده‌که‌ن.(1)
ئه‌وه‌ی زیاتر هانیدام بۆ تیشكخستنه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دوا په‌ڕتوکی ره‌خنه‌نووس (دانا عه‌سکه‌ر) بوو که‌له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا سه‌رقاڵی خوێنده‌وه‌ی بووم، ڕاشکاویی ئه‌م په‌ره‌گرافه وه‌ستاندمی و پێم باش بوو وه‌کو زۆر له بڵاوکراوه‌کانی تر پشتگوێی نه‌خه‌ین، چونکه کرۆکی بابه‌تێکی بایه‌خداره‌و زۆر به‌که‌می لای ئێمه دههروژێندرێت، ئه‌و تیایدا ده‌ڵێت:
ره‌خنه په‌یوه‌ندی به ئاراسته‌ی فیکره‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌دا بینیم له هه‌ندێك نوسه‌ره‌وه به ناوی ره‌خنه، ره‌خه وێران ده‌که‌ن، نه‌ك زیندووی ده‌که‌نه‌وه، داخه‌که‌م ره‌خنه لای ئه‌و جۆره که‌سانه وه‌ك میلێکی دڵداری لێهاتووه‌و به نووسه‌رێکه‌وه گرتی ئیتر پێیان وایه که‌سی تر نووسه‌ر نییه ته‌نها ئه‌و که‌سه نه‌بێت که ئه‌وان له‌سه‌ری ده‌نووسن.(2)
ته‌واو هاوڕای ئه‌م بۆچوونه‌م سه‌باره‌ت به‌شێك له کاری ره‌خنه‌یی ئه‌مڕۆی کوردی، که ره‌نگه ئه‌مه‌ش هۆکارێك بێت له‌وه‌ی که‌سانێك هه‌بن بڵێن: هێشتا کاری رهخنهییمان وه‌ك پێویست پێنه‌گه‌شتووه.
یه‌کێکی تر له‌و په‌ڕتوکه ره‌خنه‌ییانه‌ی پێش 4 ساڵ له چاپدراو له دنیای وێژهماندا هیچ کاردانه‌وه‌ی نه‌بوو و ئاماژه‌یه‌کیشی پێنه‌درا، که به هه‌مان شێوه چه‌ندان بیروڕای ناوی جێی لێوردنهوهن ، په‌ڕتوکی ( پراکتیزه‌کردن و تیۆریزهکرنی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی) بوو که تیایدا هه‌وڵدراوه خاڵ بخرێته سه‌ر پیته‌کان و ئه‌و واقیعه تاڵه‌مان بۆ تاوتوێ بکات که وێژه‌ی کوردی پێدا تێده‌په‌ڕێت، بۆ نموونه نووسه‌ر تیایدا ده‌ڵێت:
داهێنان له رۆشنبیریی کوردی‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ نییه‌و ده‌توانم بڵێم هێزێكی کاربه‌ده‌ستی راگه‌یاندن هه‌یه بۆ کوشتنی داهێنان. له رۆشنبیریی ئه‌ده‌بی کرچ وکاڵدا واتای نووسینی روکه‌شانه ده‌خولقێنێ، به‌ڵام ده‌قی داهێنه‌ر له رۆشنبیریه‌کی ئه‌ده‌بی چالاکدا ده‌توانێ ببێته هۆکاری خوێندنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه. له زۆرینه‌ی ناوه‌نده‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا نووسینی داهێنه‌ر هه‌میشه نووسینێکی غوربهتاویی مرۆڤێکی غه‌ریبه، که له نێو ژینگه‌یه‌کی پیسبوودا ئاخاوتن ده‌کات.(3)
لێره‌دا جێی خۆیه‌تی بپرسین: ئایا ره‌خنه ده‌بێت وه‌ك باران نه‌رم بێت هه‌ر وه‌ك چۆن هزرمه‌ند ( فرانك. ئه‌ی . کلارك1860-1936) ئاماژه‌ی پێده‌کات، تاکو گه‌شه‌کردنی به‌رهه‌م په‌ره‌پێبدات، نه‌ك کار له‌سه‌ر وشك کردنی ره‌گه‌کان بکات؟(4)
یان وه‌ك ره‌خنه‌نووسی ناوداری ئه‌مریکی (نۆرترۆپ فرای1912-1991) ده‌ڵێت: هیچ که‌سێك توانای به‌سه‌ر ئازادی ده‌ربڕیندا ناشکێت ئه‌گه‌ر نه‌زانێت چۆن زمان به‌کاربێنێت، ئه‌م جۆره مه‌عریفه‌یه‌ش خه‌ڵات نییه، هێنده‌ی فێربوون و کارلهسهرکردنه.(5)
ئه‌وه‌ی له به‌ره‌نجامی لێوردبوونه‌وه‌ی منه‌وه بۆ نووسینه ره‌خنه‌ییه‌کانی ئه‌وڕۆمان لام گه‌ڵاڵه بوو، هه‌رواش بۆ ئیزافهدانێك به‌و دوو رایه‌ی پێشووی رهخنهنووسهکانمان ئه‌وه‌یه که تێبینی ئه‌وه‌م کردووه زیاتر ره‌خنه‌کان سه‌باره‌ت چه‌ند فیگه‌رێکی میدیای وێژه‌ی کوردین و به‌س، لای زۆربه وه‌ك مۆدێك دووباره ده‌بنه‌وه، زۆر که‌م ده‌قێکی داهێنه‌رانه‌ی نووسه‌رێکی بزر خراوه‌ته ژێر تیشکی لێکۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ییه‌وه، که له واقیعی ئێمه‌دا ده‌بوو کاره‌که به پێچه‌وانه‌وه بێت، ئه‌و گهرههره شاردراوانه ئاشکرا بکرێن که لای زۆربه‌مان ونن، بۆیه لێره‌دا جێی خۆیه‌تی بپرسین ئایا هۆکاره‌که‌ی له نه‌بوونی ده‌نگی داهێنهرانهدایه؟ یان له عه‌قڵیه‌تی شه‌رمن و داخراوی چاولێکردن؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به پێویستم زانی زیاتر تاوتوێی چه‌مکی ره‌خنه بکه‌ین و تێڕوانینی زانستیانه‌مان بۆی، وامان لێبکات هه‌ڵوێسته‌یه‌کی جدی به‌رانبه‌ر بنوێنین.
جێی ئاماژه‌یه که زۆر سه‌باره‌ت ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی گوتراوه‌و نووسراوه، له‌وانه: ره‌خنه ئه‌و کاره‌یه که هه‌ڵده‌ستێت به راڤه‌و لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر به‌رهه‌مێکی وێژه‌یی، که‌واته ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌یه که ده‌پرسێت ئه‌ده‌ب چییه‌و چ کار ده‌کات و چ به‌هایه‌کی هه‌یه.(6)
هه‌رچی فه‌رهه‌نگی ئۆکسفۆردیشه ئاماژه‌ی به‌وه داوه؛ ره‌خنه بریتیه له دیراسه‌کردن و وتوێژکردنی به‌رهه‌مه وێژه‌ییه‌کان، له‌وانه‌ش بۆ نموونه هه‌ڵسه‌نگاندن و شیکارکردنی گرنگی و ماناکانیان. (7)
هه‌روه‌ها رهخنهنووسیش زۆری له باره‌وه گوتراوه‌و نووسراوه؛ هه‌ر له ساده‌ترینیانه‌وه که ده‌ڵێت: ئه‌و که‌سه‌یه هه‌ڵده‌ستێت به کاری جیاکاریی باش له خراپی کاره وێژه‌ییه‌کان، ئه‌وه ره‌خنه‌گره.(8)
کۆنسێپتی ره‌خنه‌گر کۆنه هێنده‌ی کۆنێتی مێژووی مرۆڤایه‌تی، که ئه‌زموون و ئاوه‌ز و لۆژیك هاوشانی سیفه‌ته‌کانی ره‌خنه‌گر بووه، ئه‌م باسانه‌ش له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له فه‌یله‌سوفه یۆنانییه‌کانه‌وه له‌سه‌ر وه‌ستانی بۆ کراوه له‌وانه ( ئه‌فلاتون) و (ئه‌رستۆ) ، بۆیه ئه‌وانیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای لێکۆڵینه‌وه‌و نووسینه‌کانیانه‌وه، وه‌ك(ئه‌رستۆ) که له‌باره‌ی ره‌خنه‌وه نووسیویانه تاکو ئه‌مڕۆمان که چاپه‌مه‌نی و ئینته‌رنێت په‌ره‌ی سه‌ندووه، ره‌خنه‌گران خاوه‌ن هزر بوون. وێڕای ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گر به‌و که‌سانه ده‌گوترێت رۆشنبیریی و شاره‌زایی و بایه‌خدانیان وه‌ك پێویست هه‌بێت سه‌رباره‌ت کاره ئه‌ده‌بیه‌کان، به‌ڵام ره‌خنه‌گری راسته‌قینه ئه‌و که‌سه‌یه کارێکی ره‌خنه‌یی کاریگه‌ر به ئاکام بگه‌یه‌نێت له سۆنگه‌ی گرنگیدانی ههمهکیهوه بۆ ده‌قه داهێنه‌ره‌کان.
وه‌ك زیاتر شۆڕبوونه‌وه به سیفه‌ته‌کانی ره‌خنه‌نووسی کارامهشدا باس له سیفه‌ته ورده‌کانی که‌سایه‌تی و ناخه‌کی ره‌خنه‌نووسی داهێنه‌ر کراوه. له‌وانه 2 جۆری سه‌ره‌کی ئاماژه‌یان پێدراوه، یه‌کێکیان سروشتییه‌و ئه‌وی تریان وهدهستخراوهکانه وه‌ك رۆشنبیری و زانین و مه‌عریفه، هه‌روه‌ها توانای پهیوهستکرنی قوتابخانه‌و ته‌وژمه داهێنه‌ره ئه‌ده‌بیه‌کان و ره‌خنه‌ییه‌کانی هه‌بێت و بتوانێت ده‌ستنیشانی بنه‌ماو سه‌رچاوه‌ی پێکهێنه‌ره‌کانی ده‌قه ناوازه‌کان بکات، تا توانای ده‌ستنیشانکردن و ناسینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندیه هونه‌ریه‌کانی هه‌بێت و کاری به‌راوردکردنی به واقیع و ڕێسا و قوتابخانه جۆراوجۆره‌کان و فه‌لسه‌فیه مۆدێرنیه جیهانیهکان و زه‌مه‌نه‌که‌ی بکات. ئیتر ئایا به کار له‌سه‌رکردنی به‌شێکی ده‌ق بێت یان هه‌موو.
هه‌رچی خه‌سڵه‌ته سروشتیهکانیشه وه‌ك بوونی چه‌شه‌ی بڵندو هه‌مه‌چه‌شن، ورده‌کاری هه‌ست و هه‌سته‌وه‌ریی، به‌رفراوانی دیدگا، کرانه‌وه به رووی نوێ‌دا، سه‌رنج وردیی و قوڵیی تێگه‌شتن.(9)
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م؛ ئه‌گه‌ر هه‌ر رۆشنبیر‌و خوێنه‌رێك ورد بێته‌وه له کرۆك و ناواخن و بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی ره‌خنه‌ی وێژه‌یی ده‌گاته ئه‌و راستییه‌ی که بێ بوونی ئه‌م بنه‌مایانه ره‌خنه‌ی دروست وه‌دی نایه‌ت: له‌وانه ئازادیی و ره‌هایی له هه‌ڵبژاردن و بڕیار‌و راڤه‌کردن، توانادارێتی هه‌ڵێنجان و دۆزینه‌وه‌ی ده‌قی ره‌سه‌ن، بابه‌تی و زانستی‌بوون له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی پره‌نسیپی ئیتیکی ره‌خنه‌یی(10) وهبهربێت، چونکه له خودی خۆیدا ره‌خنه جۆرێکه له دۆزینه‌وه‌و داهێنانی وێژه‌یی و ئه‌م کاره‌ش زۆر ئه‌سته‌متره له‌وه‌ی که‌سانێك وه‌ك مه‌دح و زه‌م تێی بڕوانن ، یان ته‌نیا له ریزکردنی وته‌و فه‌لسه‌فه‌ی ره‌خنه‌نووس و فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌کاندا کورتی بکه‌نه‌وه، که له‌مباره‌دا زیاتر ده‌چێته قاڵبی کۆپیکردنه‌وه وه‌ك له هه‌ڵێنجان و که‌شفکردن و کردنه‌وه‌ی کۆده شاردراوه‌کان. . ئه‌وه ره‌خنه‌ی کلاسیك بوو که وشه به وشه شیکاری مانای ده‌کردو ستایڵ و که‌شی گشتی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی ده‌قه‌کان و نه‌گوتراوه‌کانی ده‌ق و ته‌کنیك و ستاتیکه جۆراوجۆره‌کانی فه‌رامۆش ده‌کرد، ته‌نیا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌ك لایه‌ن ده‌کرده‌وه که مانا بوو و به‌ها هه‌مه‌جۆره‌کانی تر‌و بیردۆزه نوێکانی ره‌خنه‌ی فه‌رامۆش ده‌کرد که جیاوازی به دیدگای تێروانین له ده‌ق ده‌به‌خشن.
که‌واته ناکرێت بڵێین ره‌خنه‌مان نییه، ئه‌وه ده‌قی ناوازه‌یه که له په‌یوه‌ندییه‌کی راستهوانهدا ره‌خنه هه‌ڵده‌بژێرێت. هه‌رچه‌نده ده‌قنووس زۆر بێت، هه‌وڵی جدی داهێنان له‌و کوچه‌و گوزه‌رانه‌دا فه‌رامۆش ده‌بن که ته‌نیا به په‌له وه‌ك ده‌ربڕینی ناخ و ئازاره‌کان یان بۆ ئاره‌زوومه‌ندی نووسین بنووسرێت، ئه‌وه رۆژگاره ته‌ته‌ڵه‌و بێژی ده‌نگه داهێنه‌ره‌کان ده‌کات و له سه‌دان نووسه‌ردا ته‌نیا ره‌نگه هێنده‌ی په‌نجه‌کانی ده‌ست وپێی مرۆڤ ببنه جێی تێڕامان و وردبوونه‌وه‌و هه‌ڵویسته له‌سه‌رکردن . داهێنانیش قۆرخ و موڵکی که‌س نییه‌و دنیای ئه‌فراندن و خه‌یاڵ و ته‌کنیکه جۆراوجۆره‌کان زۆر به‌رفراوانه‌و بوارێکی یه‌کسانه له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌و داهێنه‌ره هۆشمه‌ندانه‌ی ده‌زانن چی له جیهان و ده‌وروبه‌ریاندا ده‌گوزه‌رێت.
***
پهراوێزو سه‌رچاوه‌کان
………………………..
(1) پراکتیزه‌کردن و تیۆریزهکرنی ره‌خنه‌ی ئه‌ه‌بی،نه‌جات حه‌مید، ل 72، ساڵی 2013
(2) ) ئه‌رگیومێنتی دژه‌کان. دانا عه‌سکه‌ر ، ل69
(3) پراکتیزه‌کردن و تیۆریزهکرنی ره‌خنه‌ی ئه‌ه‌بی، ل 44،81، 73 ساڵی2013
(4) positivity-great-quotes-on-criticism
(5) Northrop Frye, The Educated Imagination، p.93
(6) Literary criticism St. Mary’s University، Diane Duesterhoeft.
(7) The Cambridge English Dictionary, literary criticism Meaning
(8) en wikipedia.org/wiki، literary criticism
(9) مفهوم الناقد، كاظم الزبيدي.
Ethic (10) ئیتیك :