ئامانج کریم: لە لوتکەی بێ ئومێدیدا.
گەلێکی چەوساوە لە نیشیمانێکی خەفە کراودا توانیبێتی بەرگەی زەبری داگیرکەران بگرێت هەر لە گرتن و لێدان و کوشتن و ماڵ وێرانبون و ئاوەرەی و دەربەدەری هەمیشە لەژێر زەبری ئاگروو ئاسن و جینۆساید و ئەنفال و کیما باراندا چیاو شاخی کردبێتە ماڵ و پەناگە و لە هەناویدا هەمیشە ڕۆحی بەرەنگاری و مقاوەمەت هەبوبێت و هەمیشە بە ئومێدەوە چاوەڕوانی ئایندەیەکی پڕشنگ دار بوبێت بۆ چرکەیەک بێ ئومێد نەبوبێت، نەنگیە لەدۆخێکی وەک ئێستاداو لەم سەردەمی عەولەمەیە و کرانەوەی دونیا بینی بەگشتی نەتوانێت بەخەباتی مەدەنیانەیش بەرەنگاری ستەمی دەسەڵاتی قۆرخ کاری ببێتەوە.
بێ ئومێدی و سارد بونەوە و نەمانی ئینتیماو باوەڕ بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێگای مەدەنی و دیموکراتیەکان چ سودێک بە تاکی کۆمەڵگا دەگەیەنێت؟ یاخود بایکۆتکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەتوانێت چ گۆڕانکاریەکت بۆ بکات جگە لە درێژەدان و مانەوەی دەسەڵاتی قۆرخ کاری؟
تەواوی بەرپرسیاریەتی هاونیشتیمانی لەم هەرێمی کوردستانەدا لە پرسە سیاسیەکاندا ئەوەی کە دەتوانێت کاریگەری هەبێت تەنها دەنگدانە لە ڕۆژی دەنگداندا بچیتە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن و دەنگی خۆت بدەیت،
کاتێک من و تۆی هاونیشتیمانی ئامادەی ئەوەمان تیا نەبێت لە چوارساڵی تەمەنماندا، ڕۆژێک تەنها یەک سەعات بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆمان بدەین! ئیتر بۆچی گلەیی و گازندە لە حکومەت و ڕۆتینات و گەندەڵی و ناجۆریەتی سیستەمی حوکمڕانی ئەم هەرێمە بکەین؟
کێ هەیە لەم دەسەڵاتە ڕازی بێت؟
ئەی کە ناڕازیت و نایشتەوێت بەشداری هەڵبژاردن بکەیت و بەتەمای بایکۆتی بکەیت، چاوەڕوانی چ جۆرە گۆڕانکاریەک دەکەیت؟
دەتەوێت بورکان بتەقێت و دەستەو دایرەی حوکم ڕانی بسوتێنێت و تۆ نەسوتێیت؟
یان دەتەوێت ترشە باران بەسەر بەرپرسەکاندا لە ئاسمانەوە ببارێت و ئەوان هەڵپڕوکێنێت و تۆ تەڕنەکات؟
بێ ئومێد کردنمان بە تەزویر و ساختە کاری و دزینی دەنگەکانمان بۆ لایەنەکانی دەسەڵات نابێت ببێتە فاکتەری بێ ئومێدیمان و بایکۆت کردنی پڕۆسەکە بە گشتی، ئێمە وەک هاوڵاتی وەک هاونیشتیمانی دەنگی خۆمان دەدەین، ئەوەی ئەرکی سەر شانی ئێمەیە بەو پەڕی ئینتیماو دڵسۆزیەوە جێ بەجێی دەکەین و دەنگی خۆمان دەدەین، دواتر لە پارێزگاری دەنگەکانمان و لە تەزویر و ساختە کاری دەسەڵاتداران ئێمە بەرپرس نین!
ئەو لایەنانەی دەنگی دەنگدەرەکانیان دەدزرێت و ناتوانن داکۆکی لێ بکەن و ڕێگری بکەن لە تەزویرو ساختەکاری خۆیان ئەرکی سەرشانیان قورس تر دەبێت و ناچار دەبن بیر لەڕێگا چارەی تر بکەنەوە بۆ ڕزگار بون لەو دۆخەو پڕۆسەی گۆڕانکاری، دەبێ ئێمە بەزۆرینەی دەنگەکانمان و بەشداریکردنی زۆرینەمان لەپڕۆسەی دەنگدان ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێنین کە بەجیهانی ڕابگەیەنن و بڵێن: ئێمە خەڵکی خۆمان و دەنگدەرەکانمان دەنگی زۆرینەیان پێداوین ئەم دەسەڵاتە نایەوێت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بکات هەر بۆیە شەرعیەتی هەڵبژاردنی ڕێگا چارەی تر هەڵدەبژێرین.