سۆران محەمەد: ریچارد گاری براتیگان، نووسه‌رێکی ته‌نزئامێزی ناشاد.
ڕیچارد گاری بڕاتیگان ( 30- 01- 1935 تا 14- 09- 1984) نووسەری ئەمریکی، خاوەنی 10 پەڕتووکی هۆنراوەو 11 ڕۆمان و 1 پەڕتووکی کورتە چیرۆكە، هەروەها پەخشانیشی نووسیوە. لە تاکۆمای واشینگتۆن لەدایك بووە، لەساڵی 1956 چووتە سانفراسیسکۆ، هەر لەو ساڵانەشدا خۆی لە دنیای نووسین و داهێناندا بینیەوە و بەرەو جیهانیبوون هەنگاوی نا، مه‌خابن وه‌ك هه‌ندێك نووسیارو بیرمه‌ندی دی لە 14ی سیبتەمبەری 1984 بە ڕووداوی خۆکوژی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
وێڕای ئەوەی سەر بە ڕێبازی پۆستمۆدێرنیزم ناوزەد دەکرێت؛ ئەمڕۆ نووسەران، خوێنەران، هونەرمەندان، میوسیکژەنان …. ئیلهام لە کارەکانی ڕیچارد بڕاتیگان وەردەگرن و کارەکانی پەرچڤەی سەر زیاد لە بیست زمان کراون. دوا ڕۆمانی (ژنێکی بێ بەخت) لەساڵی 2000 دا لە چاپدرا. لە 8/6/ 1957 و لەتەمەنی 22 ساڵیدا هاوسەرگیریی کرد لەگەڵ ڤێرجینیا دیۆن ئاڵدەر کرد‌و لە 03/25/ 1960 تەنیا منداڵێکیان بوو بە ناوی ئیانت ئیلیزابێت براتیگان و لە 1970/7/27 دەستبەرداری یەك بوون لەگەڵ هاوسەرەکەی. دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ ئەکیکۆ نیشیزاوا یۆشیمورای ڕەچەڵەك یابانی لە 1/12/ 1977 کرد‌و لە پاش چەند ساڵێك و لە 1980/11/12 دەسبەرداری یەك بوون.
برسێتی حزورێکی بەردەوامی هەبوو لای بڕاتیگان لەسەرەتای لاوی و گەشەکردنیەوە، بۆ نموونە لە تەمەنی بیست ساڵیدا ئەو دەسگیرکرا چونکە بەردێکی گرتبووە پەنجەرەی پۆلیسخانەیەك. ئەوڕاڤەی ئەوەی کردبوو کە بۆیە وای کردووە تا بچێتە زیندان و لەوێ بواری دەبێت و دەتوانێت بخوات، بەڵام لەبری زیندانڕەوانەی نەخۆشخانەی ئۆریگۆن کرا. لەوێ چارەسەری لێدانی کارەبایی بۆ کرا به بیانوی توشبوونی حاڵه‌تی شیزۆفرینیای به‌دگومانیی.
دیکنسن و ولیەم کارۆلس ویلیەمس کاریگەریان لەسەر بەرهەمەکانی بڕاتیگان بووە، پەخشانەکانی زۆر جار بەلای شێتۆکەیی و سەمەرەدا دەچن، بەسەرهاتە سوریالیەکان، یان ئەو تێبینی و وێکچواندنانەی لەگەڵیەکدا بەرەنگاردەبنەوەو نەگونجان و دوورکەوتنەوەیەکی گەورەیان لەخۆ دەگرت. بەڵام جارانێکی تریش سادەوئاسان بوون. ئەو حەزی دەکرد ڕۆمانەکان لەگەڵیەکدا بدورێت، درێژیی پەرەگرافی بەشەکان به‌جۆرێك درێژدەبوونەوە لە نێوان هاتن و چووندا لە نێوان داڕشتنە لەناکاوەکان و ئاڵۆسکاوی سۆزدارو وێناکردنی سادەی تێبینیکراوی ژیانی ڕۆژانە.
چەندڕەگەزێکی دیاری کراو لە بوونەوەران و شمەك لە نووسینەکانیدا دووبارە دەبوونەوە، وەك تەختەدارەکان، ماسیە خاتوونەکان، ڕووبارەکان .. چیرۆکەکانیشی پڕ بوون لە گۆڕانکاریە سەیرەکان: ناوەکان دەبوون بە کردار، مرۆڤەکان دەبوونە بیرۆکەکان، ناونیشانی پەڕتووکەکان دەبوونە پیت.
دەڵێن وەك پێویست نێوانی لەگەڵ ڕەخنەگراندا باش نەبووە، تەنانەت پاش مردنیشی وەك پێویست تیشکی نەخراوەتە سەر لە لایەن رەخنەگرانەوە.
( ئەبۆت کیت )ی ڕەخنەنووس دەڵێت: شیکاری ڕەخنەیی بۆ شێوازی بڕۆتیگان وای ڕاڤەدەکەن کە برەوی بڕاتیگان وەك نووسەر لە شێوازی کاریگەری بەکارهێنانی زۆرانبازی و گرژی نێوان واقیع و خەیاڵدایە.
باشترین ڕۆمانی لە ساڵی 1967دا چاپکرد بە ناوی ( ڕاوکردنی ماسیەخاتوونە لە ئەمریکا) ، شایه‌نی باسه له سه‌ره‌تای ساڵی 2017 دا وه‌رگێڕانی ئه‌م رۆمانه له لایه‌ن به‌ڕێز (محه‌مه‌د مرادی) بۆ یه‌که‌مجار له ڕێی خانه‌ی په‌خشی ڕێنما به کوردی بڵاوکرایه‌وه.
رۆژێك برادەرێك باسی گرنگی ده‌قه‌کانی ئه‌م شاعیره‌ی کرد‌و چۆن کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر هه‌ندێك نووسه‌رو شاعیر جیهێشتووه، ئه‌و وه‌ك شاعیر‌و خوێنه‌رێکی جیدی له گرنگی ئه‌م ده‌قانه‌ی ریچارد تێگه‌شتبوو، هه‌رچه‌نده لای وا بوو وه‌ك پێویست به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م که‌ڵه نووسه‌ره به کوردی نه‌کراون ، بۆیه پێم باش بوو لێره‌دا چه‌ند ده‌قێکی براتیگان به کوردی بکه‌م.
گه‌ر سه‌رنجێکی وردی ده‌قه‌کان بده‌ین ده‌بینین ریچارد کارێکی ناوازه‌ی کردووه‌و پێش ئه‌و کهسانێكم نه‌دیوه‌ته‌وه ئه‌م شێوازه‌یان په‌یره‌و کردبێت و جورئه‌تی ئه‌و کاره‌یان کردبێت، ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بێت له‌مڕۆماندا زۆرترین هه‌واداریی هه‌یه له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا.
جێگۆڕکێیه‌کی سه‌یر له زاراوه‌و وشه‌کاندا هه‌یه له سه‌ره‌تاو ناوهندو کۆتایی ده‌قه‌کاندا، جارانێك گوێ به هیچ یاسایه‌ك نه‌دراوه له ناویاندا، جارانێکیش گاڵته‌کردنه به عه‌قڵی مرۆڤگه‌لێك، جارانێك سیفه‌ته دژه‌کان پێکه‌وه ده‌گونجێنێت، هه‌رچه‌نده شێوازی ئایرۆنیکی له‌ناو ئه‌م شیعرانه‌دا بزر نابن، به‌ڵام گاڵته‌جاڕیه‌کی جوان و بێ ئازار ده‌بینرێته‌وه.. هه‌ڵقوڵاو له نامه‌عقولی ژینی که‌ڵه نووسه‌رێکی به‌دبه‌خت و ناکام.. نامه‌وێت چیدی له‌سه‌ر شیعره‌کان بدوێم ئه‌و سپه‌یسه بۆ خوێنه‌رانی هؤشمه‌ند جێدێڵم:
بفه‌رمون له‌گه‌ڵ 7 ده‌قی ئەم شاعیر‌و نووسه‌ره‌دا:
(1)
گەڕانەوەی ڕووبارەکان
هەموو ڕووبارەکان دەچنە ناو دەریاکەوە
هێشتا دەریاکە پڕ نەبووە؛
بۆ شوێنەکە .. لە کوێوە ڕووبارەکان دێن،
بۆ ئەوێ جارێکی تر دەگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ باران دەبارێ لە چیاکان.
بارانێکی گەرمی سەوزە
لەگەڵ خۆشەویستی
لە گیرفانەکانیا
بۆ بەهار لێرەیە،
و خەون نابینێت
بە مردنه‌وه.
باڵندەکان مۆسیقا دەرئەکەن
وەك دەمژمێرەکان چرکە دەکەن بە ئاستەم
لە سەر زەمین
لەوجێیەی مناڵەکان جاڵجاڵۆکەیان خۆشدەوێ،
لێیانگەڕێ با بنوون
لە قژیاندا.
بارانێکی هێواش خرمەی دێت
لەسەر ڕووبارەکە
وەك تاوەیەك
پڕ بێت لە گوڵی سوورکراوە،
و لەگەڵ هەر دڵۆپێکی
باراندا
ئۆقیانووسەکە
جارێکی تر دەستپێدەکاتەوە
(2)
تەنیا چونکە
تەنیا لەبەر ئەوەی
خەڵک بیرتی خۆش دەوێت
مانای ئەوە ناگەیەنێ
دەبێ هەرواش
لاشەتیان لا بێت
(3)
بەلەمێك
ئۆو جوانە
بەگورگبووەکە بوو
لە جەنگەڵە شەڕەنگێزەکەی.
ئێمە بردمان
بۆ کەرنەڤاڵەکە
ئەو دەستی کرد
بە گریان
کاتێك چەرخو فەلەکەکەی بینی.
کارەبایی
ئەسرینی سەوزو سوور
هەڵوەرین بەسەر
ڕومەتە فەرووەدارەکانی.
ئەو بە
بەلەمێك دەچوو
لە دەرەوەی
ئاوی تاریك
(4)
پیاو
بە شەپقەکەوە
نزیکەی پێنج ئینج بەرزترە
لە ماشێنی تەکسی
(5)
نۆ شت
ئەمە شەوە
(6)
سانفرانسیسکۆ
ئەم هۆنراوەیە لەسەر زەرفی کاغەز دۆزرایەوە
لە لایەن ڕیچارد براتیگان
لە شوێنی غەساله لە سانفراسیسکۆ.
نووسەرەکەی نەزانراوە
…………
تێبینی: له وڵاته رۆژئاواییه‌کان دوکانی جل شۆرین هه‌یه‌و غه‌ساله‌ی تیایه و خه‌ڵکان پاره‌ی تێده‌که‌ن و جله‌کانیان ده‌شوات، بۆ نزیکردنه‌وه‌ی له تیگشتنی خوێنه‌ر هم روونکردنه‌وه‌یه‌م نووسی، جونکه لای ێمه جارێ همه په‌یدا نه‌بووه. (وه‌رگێڕ)
(7)
بو، تا ئەبەد
دەسوڕێمەوە وەك خێو
لە بنەوەی سەرەوە
من داگیرکراوم لەلایەن
هەموو ئەو بۆشاییانەی
تیایدا ئەژیم بێ
تۆ
………..
* ( تێبینی –بو- ناوی توتکه سه‌گه‌که‌ی ریچارد بوو) وه‌رگێڕ