میران محەمەد: بایکۆت زیندوکەرەوەیە!
ئەزمونی بەشداری کردنی گۆڕان لە دو خولی هەڵبژاردن و دانیشتن لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان و پۆستەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و سەرجەم دامودەزگا حکومیەکانی هەرێم، سەلماندیان کە بۆچون و دیدی ئەو لێپرسراو کادێرو بەرپرسانەی بزوتنەوەکە هەڵەبون کە پێیان وابو بەو بەشدارییەیان دەتوانن لایەنەکانی دەسەڵات ناچار بە ملدان بۆ چاكسازی رێشەیی بکەن. جا لە بەر دڵسۆزیان بوبێت یان نییەتی بەرژەوەندخوازی، هیج جیاوازییەکی نیە، چونکە هیچیان پێ نەکراو هیچیان پێ نە گۆڕدرا، جگە لە گۆڕانی هەست و سۆز و متمانەی کۆمەڵانی خەڵکە رەشوڕوتە ستەم دیدەو ناڕازیەکانی گەلەکەمان نەبێت بەرامبەر بزوتنەوەکەیان بە ئاڕاستەیەکی زۆر نەرێنی! با واز لە پرتەوبۆڵەی تەزویرو ساختەکاری و دزینی دەنگەکان بێنین. لەدەستدانی نیوەی کورسییەکانی بزوتنەوەکە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەڕلەمانی عێراقدا، بەڵگەیەکە بەدرۆخستنەوەی ئەستەمەو خۆ خەڵەتان و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی نەبێ هیچی تر نیە!
لە لایەکی تریشەوە بە درێژایی ئەو چەند ساڵانەی گوزەشتن، بۆ هەموان ئاشکرا بو، کە هەر پۆست و بەرپرسیارێتیەك، لە هەر ئاستێکدا بوبێت، لایەنەکانی دەسەڵات بۆ ئەندامانی گۆڕان دەسبەرداری بوبێتن، ئەوا مەبەست لێی ناوزڕاندن و ناشرینکردن و دۆڕانی متمانەیان بوە لە ناو جەماوەرەدا. ئەویش لە ڕێی دەیان فێڵ و هێنانە پێشی سەدان تەگەرەو ئاستەنگ و بەربەست، جارجاریش بە هێرش کردنەسەری راستەوخۆی جەستەیی یان لۆمەو سەرزەنشت کردن لە راگەیاندنەکانیانەوە، بە مەبەستی شکست پێ هێنانی پرۆژەو پلان و کارەکانیان. بە شێوەیەك دەگمەن هەڵکەوتوە کادرێکی گۆڕان بەدەر لە وەرگرتنی موچەو دەرماڵەو ئیمتیازاتەکانی، کەبونەتە جێی تانە و ناڕەزایەتی جەماوریان لێ کەوتۆتەوە، توانیبێتی لە ڕێێ دەسەڵاتەکانی پۆستەکەیەوە سودێكی بە کۆمەڵانی خەڵکی گەیاندبێت!؟ یان چاکسازییەکی گرینگی لە بوارێك لە بوارەکاندا لە بەرژەوەندی گشتی هێنابێتە دی!؟ بۆ نمونە، لە پاڵ وەرگرتنی ئەو هەمو کورسی و پۆست و پلەوپایە باڵا و گرینگ و جیاوازانەیاندا، توانیویانە نان بڕاوێکی هەژاری هەواداری بزوتنەوەکەیان بگێرنەوە سەر کارەکەی خۆی و قەرەبوی ماوەی بە ناهەق دورخستنەوەیان لەکارەکەی بۆ وەرگرتبێتەوە!؟
وەك ئەڵێن زۆر وتن قورئان خۆشە!
گەر گۆڕان بیەوێت زیندو ببێتەوە، سەرلەنوێ سۆزو متمانەو پاڵپشتی کۆمەڵانی خەڵکی بەدەس بهێنێتەوەو ژمارەی جەماوەرەکەی بەرەو هەڵکشان بەرێتەوە!؟ باشترین رێگە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق و کۆی پڕۆسەی حوکومڕانی و دەس بەرداربونیانە لە گشت پلەوپایەو پۆستەکانیان لە هەرێم و بەغدا! گەڕانەوەیانە بۆ ناو باوەشی جەماوەر. بە تەنها جێ نەهێشتنی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و پڕ مەینەتە. رێکخستن و سەرپەرشتی و پێشەنگی کردنی رێپێوان و خۆپێشاندانەکانیانە دژی هەمو جۆرە ستەم و ناوڕەوایی و گەندەڵی و ماف خواردنێك، نەك لەدورەوە سەیرکردنیان! گەڕانەوەیانە بۆ گۆرەپانی خەباتی ئاشتی خوازانەی جەماوەری وەك بزوتنەوەیەکی سیاسی نەتەوەیی بێ چەکی رێ پێدراو بە گوێرەی یاسا پەیڕەوکراوەکانی هەرێم و عێراق و بە ئاگاداری و لە ژیر چاودێری سەفارەتەکانی وڵاتانی جیهان لە بەغدای پایتەخت و قونسوڵخانەکانیان لە شارەکانی هەرێم. رخێکراوێکی پابەند نەبو بە هیچ ئیدیۆلۆژیایەکەوە. رخێکراوێك تاکەکانی گشت چین و توێژەکانی گەلەکەمان لە هەڵگرانی سەرجەم بیروباوەڕە زەمینی و ئاسمانیەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، هەروەك لەسەرەتای دروست بونیەوە ئامانجی دامەزرینەرکەی بوە! گرتنە خۆی کەسانێکی دڵسۆز، کە ئامانجی سەرەکیان تەنهاوتەنها ناچارکردنی دەسەڵاتداران بێت بە چاکسازی ریشەیی و ببنبڕکردنی گەندەڵی و فەراهەمکردنی ئاسودەیی و خۆش گوزەرانی بۆ گشت هاوڵاتیان و رەخساندنی ژیانێکی پڕ لە دڵنیایی بۆیان. نەك پیشەیان ماستاوکردن و خۆچەمانەوە و ڕاکردن بێت بە دوای کورسی و پلەوپایەدا بۆ خۆ پێ گەیاندن و خۆ جیاکردنەوە لە جەماوەرو خۆ دەوڵەمەند کردند لەسەر حسابی ئەوان!
هەرکەس و گروپێك بە راستی ئامانجیان چاکسازی بێت. نە بە نهێنی و نە بە ئاشکرا دژایەتی کردنی دەسەڵاتیان بۆ گەیشتن بە پۆست و پلەوەپایەکانی ئەوان و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان نە بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبنە جێی رێزو متمانەی گەل و لە هەمان کاتدا سەرانی دەسەڵاتیش! وە قسەکانیان جێگر و کاریگەرو بیسراو دەبن. کورسی پۆست و بەرژەوەند خوازان لێی دوردەکەونەوەو رێگاکانی چاكسازی و بنبڕکردنی گەندەڵیش کورتتر و خۆشترو ئاسانتر دەبنەوە.
تەنها تکام ئەوەیە، بە مێشکێکی کراوەو دڵێکی فراوانەوە ئەم وشانەم لێ وەربگیرێت. کەتەنها مەبەست لێی دەربڕینی رایەکی تایبەتە، کە ڕەنگە شیاوی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر کردن بێت!