دلێر حوسەین پیرۆمەڕی: ئەوەی بۆ ئێمە و هاوڵاتیان یەکلای نەبۆەتەوە، ئایا پارتی و یەکێتی تاچەند پابەندی دروشمە قەومیەکانی ڕابردویانن؟
هەرچەندە یارییەک لەهێز و توانای فاشلەکانی ئێرە گەورەترە.
پێدەچێت لەیاریی ئەو جارە ئەرکیان قورس بێت، چونکە تەشکیلی حکومەتی ئەوجارەی عێراق و معادەلەکانی پێکهێنانی قورسە، چونکە ئەمریکا لەڕێگای بەرەی عەببادی دەیەوێت شوێن پێ خۆی قایمتر بکات لەعێراق و دەسەڵاتی ئێرانی شیعەگەری لەناوچەکە کەم بکاتەوە.
لەبەرامبەردا ئێرانیش لەڕێگای مالیکی دەیەوێت بۆچوار ساڵیتر حوکمێکی شیعەگەری مەزهەبی هەژموون داسەپێندراوی ئێرانی هەبێ لەناوچەکە.
بۆیە ئەوەی جێی سەرنجە ئەرکی یەکێتی و پارتی لەو قۆناغەدا قوڕسە، چونکە ئەوەی دەبیندرێ ململانێی ئێران و ئەمریکایە لەناوچەکە، لەڕێ مەکگۆرک و قاسمی سلێمانی کەوەک دوو کاراکتەری سەرەکی برەو بەیارییەکە دەدەن بۆئەوەی هەریەک بەهەرجۆرێک براوە دەربچێت.
پەرتەوازەی کورد هەڵێکی تری دایە ماڵی شیعە بۆ خۆ ڕێکخستنەوەیان، بەڵام لەچانسی کورد حاڵی ئەوانیش لە کورد باشتر نیە هەرچەندە گرنگ بوو کورد لەو قۆناغە یەک گوتارو یەک هەڵوێست بوایە، بەڵام بەداخەوە پارتی و یەکێتی وەک پیشەی هەمیشەیان هیچ دەرفەتێکیان بۆ یەکڕێزی نەهێشتۆتەوە.
لەپاڵ نەبوونی یەک گوتاری کوردی فرە جەمسەری ئەو قۆناغەی هاتۆتە پێش قۆناغێکی هەستیارە لەڕووی قەومیەوە دەبێت بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، بەئەجێندایەکی نیشتمانیانە کار بکرێ کە ئاستەمە، چونکە ئەو دوو پارتە شتێک لەھەگبەیاندا نیە بەناوی یەكڕیزی نیشتمانی، وەک چۆن کێشەی نەتەوە لای ئەوان بایەخی نیە، ئێستا لەبارودۆخێکی دەرونی خراپ بۆخۆیان گوزەر دەکەن، هەرچەندە وەک دوو برابەش لێرە کۆک بن، قوڕسە بتوانن بەو برابەشیەش خۆیان بۆ بەرەییەک یەکلایی بکەنەوە. چونکە هەردوو پارت بەدوو ئەجێندای دژ بەیەکی دەرەکی کار دەکەن.
پەرتەوازی و بێ ئەزمونی و خۆسەپێنی سەرانی پارتی و یەکێتی لەکوردستان، هۆکارە بۆ ئەوەی لەئێستادا ئاستەمە بتوانین بەپێگەیەکی بەهێزەوە لەبەغدا دەربکەون، بەتایبەتی دوای ریفراندۆمە شکستخواردوەکەو ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر و ناوچە کێشە لەسەرەکان.
کورد وتەنی: ماڵی دزراوە خێر ناداتەوە، ڕەنگە دەنگی دزراوی هاوڵاتیان ببێتە هۆکاری مەرگی سیاسیان لەئایندە.