دیمانه لەگەڵ دکتۆر که‌مال میراوده‌لی ده‌رباره‌ی 31 ی ئاب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌مه‌ ده‌قی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌یه‌ که‌ به‌ بۆنه‌ی 31 ی ئابه‌وه‌ گۆڤاری لڤین له‌گه‌ڵ: دکتۆر که‌مال میراوده‌لی کردبووی– و له‌ ژماره‌ی تایبه‌ت به‌ 31 ی ئابی ساڵی 2010 دا بڵاوکرایه‌وه‌.

لڤین: خویندنه‌وه‌ی به‌رێزتان بۆ ڕووداوی 31 ی ئاب چییه‌؟

دکتۆر که‌مال: ڕووداو نییه‌. کاره‌ساتێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ره‌گه‌وره‌ی میژووی کورد بوو، کاره‌ساتی خوێن و خیانه‌ت و ژێرپیدانی به‌رژه‌وه‌ندی و که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و به‌راوه‌ژووکردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆبوون و دروستکردنی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامه‌ییدا ئه‌نجام بدرێ. ده‌بوو تا ئێستا گه‌ر به‌ سه‌دان نه‌بێ به‌ ده‌یان کتێب و دیراسه‌ی ئه‌کادیمی به‌ڵگه‌نامه‌یی و مێژووییمان له‌ سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته‌ هه‌با. به‌ڵام به‌ هۆی به‌رده‌وامی سیاسه‌ت و ئه‌قڵییه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیخوازیی ته‌سکی 31 ی ئاب و ڕووداوه‌کانی دوای ئه‌وه‌، نه‌ک ئه‌و جۆره‌ دیراسه‌مان نیە، به‌ڵکو هه‌موو ده‌زگا ئه‌کادیمی و په‌روه‌رده‌یی و ڕۆشنبیریی و میداییه‌کانیش وه‌ک هه‌موو لایه‌نێکی تری ژیانی کورده‌واری به‌ هۆی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی بنه‌ماڵه‌یی خێڵەکی یەوە په‌کیان خراوه‌، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌و ده‌سەڵاته‌ سه‌ددامییه‌ی تانکه‌کانی ڕژێمی عێراق له‌ هه‌ولێردا بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و حیزبه‌که‌یان دروستی کرد، هه‌ر به‌و شێوه‌ که‌ڵه‌گاییه‌ دیکتاتۆرییه‌ نانه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌رده‌وامه‌و له‌ ئه‌نجامی پرۆسه‌ی رووخانی عیراق و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ رێکه‌وتنی ستراتیجی پارتی و یه‌کێتی به‌هێزتریش بووه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی پارتی به‌خۆیدا بچێته‌وه‌، یان سسیتمێکی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستووریی و یاسایی هه‌بێ بتوانێ، سه‌رانی پارتی له‌ سه‌ر ئه‌و خیانه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ی داداگایی بکا. واته‌ ئێستا له‌ هه‌موو لایه‌نێکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و میدیاییدا 31 ی ئاب به‌رده‌وامه‌و سه‌رانی پارتی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی نرخه‌که‌ی بده‌ن، به‌ره‌که‌ی ده‌خۆن.
لڤین: به‌ڵام مه‌سعود بارزانی تا ئێستا دوو جار له‌ سلێمانی له‌ سه‌ر شه‌ری براکوژی داوای لێبوردنی کردووه‌. ڕات له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ چییه‌؟
دکتۆر که‌مال: مه‌سعود بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌سه‌لاتی پێشنیازی یاساو قبولکردنی یان ڕه‌فزکردنی یاساکانی هه‌یه‌. داوای لێبوردن گه‌ر هه‌ستێکی ئینسانی ڕاسته‌قینه‌ بێ شتێکی جاکه‌. به‌ڵام داوای لێبوردن بۆ قسه‌یه‌کی بریندارکه‌ر یان زیانێکی بچووک ده‌کرێ. بۆ تاوانی گه‌وره‌ی وه‌ک براکوژیی و 31 ئاب، که‌ هێشتا ئه‌نجامه‌کانی چاره‌سه‌رنه‌کراون شتێکی بۆش و بێ ناوه‌رۆکه‌. کاک مه‌سعود ده‌توانێ و پێویسته‌، وه‌ک به‌رپرسی یه‌که‌م له‌ 31ی ئاب و زنجیره‌ تاوانه‌کانی شه‌ڕی براکوژیی، که‌ پرۆژه‌ی یاسایه‌ک وه‌ک (یاسای راستی و داد) ی خوارووی ئه‌فریقا، یان [لێپرسینه‌وه‌ داد] ی عێراق ئاماده‌ بکاو خه‌ڵک ڕایی له‌ سه‌ر بدات، ئه‌وسا په‌رله‌مان دیباتی بکاو بریاری له‌ سه‌ر بدا.
ده‌بێ چاره‌نووسی هه‌موو قوربانییه‌کان ئاشکرا بکرێن. شه‌هیده‌کان هه‌قیان بسه‌ندرێته‌وه‌، تاوانباران سزا بدرێن. خه‌ڵکی ئاواره‌کراو بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و مڵکی خۆیان، ماڵ و سامان بگه‌رێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌کانیان. قوربانی و زیانلێکه‌وتوان قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌. ڕاستییه‌کان ئاشکرا بکرێن و هه‌موو غه‌در لێکراویک بتوانێ کێشه‌که‌ی به‌رێ بۆ دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ، هه‌لومه‌رجی ئاشتبنوونه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ دروست بکڕێ.
مه‌سعود بارزانی پێویسته‌ به‌ پێی یاسایه‌ک خوێنی کوژراوان بداو سه‌روه‌ت و سامان و دارایی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی و حیزبه‌که‌ی و سه‌رچاوه‌کانیان ئاشکرا بکاو ماڵی به‌ ناهه‌ق داگیرکراو بگێرێته‌وه‌ بۆ گه‌ل. ته‌نیا ئه‌وسا داوای لیبوردن مانایه‌کی ده‌بێ.

لڤین: بۆچی ‌ هێزه‌ عه‌ره‌بییه‌کان ئه‌وانه‌ی له‌ ڕووداوی 31 ئابدا زیانیان به‌رکه‌وت، به‌رامبه‌ پارتی دیمۆکراتی کوردستان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌؟

دکتۆر که‌مال: به‌ پێچه‌وانه‌ی کورده‌وه‌، که‌ سیاسه‌ته‌که‌ی شاخی و خیله‌کی و دوور له‌ ترادیشنی عه‌قلانی و بیرکردنه‌وه‌ی دووربین و ستراتیجی نه‌ته‌وه‌ییه‌، عه‌ره‌ب ترادیشنێکی ـ میژوویی دوورودرێژو قوولی زمان و دین و ڕۆشنبیری و که‌لتوورو سیاسه‌ت و عه‌ره‌بیزم و دیپلۆماسییه‌تی جیهانی هه‌یه‌‌. ئه‌وان بیرکرنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ستراتیجی شۆڤێنی دوورخایه‌نیان هه‌یه‌. به‌ نیسبه‌ت هه‌موو هیزه‌ عه‌ره‌بییه‌کانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر کورد ئه‌وه‌یان لا گرنگه‌ رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بگرن و پاشکۆییی سیاسیی و ئابووریی کوردستان بهێڵنه‌وه‌.
ىۆیه‌ گه‌رچی ‌هێزێکی عه‌ره‌بی، کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی عیراق، ئه‌وسا زه‌برێکی باشییان له‌ ئه‌نجامی 31 ی ئابدا به‌رکه‌وت وه‌ک عه‌ره‌ب و ستراتیجی عه‌ره‌بی، 31 ی ئاب سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ بوو بۆ ئه‌وان وه‌ک عه‌ره‌ب، چونکه‌ زه‌برێکی زۆر کوشنده‌تری له‌ کوردو و پاشه‌رۆژی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دا. بۆیه‌ ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی که‌م بۆ زیانگه‌یاندن به‌ ستراتیجێکی گه‌وره‌تر به‌کارناهێنن. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی و داروده‌سته‌که‌ی قه‌ت سه‌ربه‌خۆ نه‌بوون ئه‌و هێزانه‌ی له‌ پشت ئه‌ون به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ هاوپه‌یمانی نێوان عه‌ره‌به‌ شۆڤێنیی و به‌عسییه‌‌کان و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا هه‌یه‌ و، به‌عسیه‌کان له‌ لایه‌که‌وه‌و ئیسرائیل و ئه‌مریکاو تورکیا هه‌موویان له‌ پرۆژه‌ی 31ی ئابدا به‌شدار بوون. بێده‌نگی هێزه‌ عه‌ره‌بییه‌کان پێوه‌ندی به‌مه‌وه‌ هه‌یه‌، جگه‌ له‌مه‌ش که‌سێکی وه‌ک ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی خۆشی خاوه‌ن بریار بێ، بێ پریسیپی و و ئینتیهازییه‌ت و موساوه‌مه‌ بۆ ده‌ستکه‌وتی که‌سیی لای سیاسییه‌ ساخته‌کان هه‌میشه‌ له‌ پێش پرسی ویژدان و دیفاع له‌ خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌یه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ سه‌یر نییه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بێده‌نگی هه‌ڵبژێڕێ.

لڤین: رووداوی 31 ی ئاب یه‌که‌م ده‌ستێکه‌ڵکردنی هێزه‌ کوردییه‌کان نییه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ بیانییه‌کان، به‌ڵام ئه‌م ڕووداوه‌ زیاتر له‌ رووداوه‌کانی دیکه‌ قسه‌ی له‌ سه‌ر ده‌کڕێ، هۆکاری ئه‌م قسه‌له‌سه‌رکردنه‌ به‌م شیوازه‌ چییه‌؟

دکتۆر که‌مال:  31 ئاب چ بوو؟ به‌ وردی بیر له‌مه‌ بکه‌وه:‌.
سه‌ددام دوو کوڕی بارزانی واته‌ برای مه‌سعود بارزانی کوشتبوون.
سه‌ددام 8000 بارزانی له‌ ناو بردبوون.
سه‌ددام به‌ کیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌ی وێران کردبوو، 5000 شه‌هیدو هه‌زارانی بریندارو ژه‌هراوی کردبوو.
سه‌ددام 182000 هه‌زار کوردی ئه‌نفال واته‌ زینده‌به‌چال کردبوون که‌ گۆڕه‌کانیان دیار نه‌بوون.
سه‌ددام 4000 شارۆچکه‌و دێهاتی کوردستانی باشووری ته‌ختکردبوون و ژیانی زیندووی ته‌نانه‌ت زینده‌وه‌ر و ڕووه‌کیشی له‌ کوردستان له‌ ره‌گ هه‌ڵكێشا بوو.
سه‌ددام هه‌زاران گه‌نجی کوردی زیندانی کردبوون و سه‌دانی له‌ سێداره‌دا بوون.
به‌لای که‌مه‌وه‌ دوو ملیۆن کورد له‌ شوێنی باوو باپیرانیان هه‌لقه‌نران و گوازرانه‌وه‌.
کۆچره‌وێک دوای ڕاپه‌ڕن دروستبوو، که‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ یه‌ک ملیۆن کورد له‌ به‌فرو بۆراندا دایانه‌ شاخ، ڕۆژی به‌ ده‌یان منداڵ ده‌مردن، له‌ ئه‌نجامی ئه‌مانه‌دا به‌ هه‌وڵی زلهێزه‌کان و به‌ بریاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان ناوچه‌ی ئارام بۆ کورد دروست کراو، له‌ سه‌ددام قه‌ده‌غه‌ کرا هێز بنێرێته‌ کوردستان.

ئه‌مه‌ حاڵه‌تی جێنۆساید بوو، به‌ هه‌موو ماناو دامێنه‌کانییه‌وه‌. میلله‌تێک ئه‌مه‌ی به‌سه‌ربێت، قه‌ت جارێکی تر ناوی دوژمنه‌که‌ی ناهێنێ و، تا سه‌ربه‌خۆ نه‌ىێ و تۆڵه‌ی تاوانی جێنۆساید به‌ پێی دادپه‌روه‌ریی سروشتی و یاسای جیهانی و په‌یمانه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان نه‌کاته‌وه‌وه‌، دانانیشێ و بیر له‌ هیچ شتێکی تر ناکاته‌وه‌.
كه‌چی مه‌سعود بارزانی و تاڵه‌بانی یه‌، دوژمن و سه‌ددام به‌ دۆست ده‌زانێ و، دێ 31 ی ئاب وه‌ک گه‌وره‌ترین نموونه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پێشکه‌ش ده‌کات! له‌ کاتێکدا بۆ پاراستنی کورد له‌ جێنۆساید، هه‌موو دنیا، به‌ بریاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان، له‌ سه‌ددامیان قه‌ده‌غه‌ کردبوو بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کوردستان. بروا ناکه‌م له‌ یه‌که‌م تاوانی هابیل و قابیل – وه‌ تا ئێستا، له‌ مێژووی هیچ میلله‌تێکدا تاوانێکی خیانه‌تکارانه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ناشیرین و ناهه‌ق هه‌بێت.

به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ئاست گه‌وره‌یی تاوانه‌که‌ هه‌ر وه‌ک دلۆپیش هیچی ئه‌وتۆ بۆ 31 ی ئاب نه‌کراوه‌و نه‌نوسراوه‌. یه‌ک دیراسه‌ی ئه‌کادیمی و مێژوویی، یه‌ک کتێبی به‌لگه‌نامه‌ بلاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌. یه‌ک که‌س دادگایی نه‌کراوه‌. زیاتر له‌ 20 که‌س له‌ خێزانی قوربانیانی 31 ئاب له‌ کاتی که‌مپه‌ینی سەرۆکایەتیمدا هاتنه‌ لام که‌ هێشتا چاره‌نووسی کور یان مێرد یان که‌سوکاریان نازانن. خه‌لکی ته‌ق ته‌ق به‌ ئاشکرا پییان وتم و به‌ ڤیدیۆش قسه‌کانی ئه‌وانم تۆمار کردووه‌ که‌ پارتی له‌ 31 ئابدا ته‌نیا له‌و دێیه‌ 120 ژنیان فه‌ساد کردووه‌ چونکه‌ مێرد یان که‌سوکاریان پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی بوون. له‌ ناوچه‌ی بیتوێنیش کاری ئه‌وا بێئەخلاقانە ئه‌نجام دراوه‌.
31 ی ئاب لای هه‌ر میلله‌تێکی تر بوایه‌ به‌ لافاو له‌ سه‌ری ده‌نووسراو تاوانباریش هه‌قی خۆیان ده‌درایه‌. به‌لام ئێستا ده‌بینین لایه‌نی دووه‌می هاوکێشه‌که‌ی 31 ی ئاب که‌ جه‌لال تاله‌بانییه‌و دوای ئه‌و هه‌موو نه‌خشه‌و پیلان و شه‌رفرۆشتن و خوێنڕشتن و نه‌فیری عام و به‌کوشتدانی سه‌دان که‌ڵه‌ پێشمه‌رگه‌ی گه‌رمیان و ناوچه‌کانی تر و دروستکردنی هه‌زاران قوربانی ده‌چێ له‌ حه‌مایله‌خان ده‌پارێته‌وه‌ عه‌فوی که‌ن که‌ گه‌وره‌ترین هه‌له‌ی له‌ ژیانیدا کردووه‌ که‌ له‌ بارزانی جیابۆته‌وه‌و به‌ کوڕی بارزانی قبولی بکه‌ن و وه‌ک محامییه‌کی 31ی ئاب و ناوبانگی پارتی بێباکانه‌ له‌ خواو خه‌لک و مێژوو راستییه‌کان ده‌شارێته‌وه‌و ده‌شێوێنێ گه‌رچی که‌سیش ته‌نانه‌ت مه‌سعود بارزانی خۆشی باوه‌ری پێناکا. که‌سیش له‌ ناو حیزبه‌که‌ی نقه‌ی لێنایه‌!

لڤین: زۆر جار پارتییه‌کان شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌که‌ن ده‌ڵێن حه‌کیمیی سه‌رکردایه‌تی پارتی له‌وه‌دایه‌ که‌ توانیوێتی دوژمنه‌کانی کورد بۆ خزمه‌تی خۆی به‌کار بێنێت، تۆ له‌ باره‌ی ئه‌مه‌وه‌ چی ده‌ڵێی؟

دکتۆر که‌مال: بروا ناکه‌م ئه‌مه‌ بۆچوونی هه‌موو یان ته‌نانه‌ت به‌شێکی که‌می پارتییه‌کانێش ىێ. ده‌توانین بڵێین ئه‌مه‌ بۆچوونی پارتییه‌ پاراستنه‌کانه‌ یان بنه‌ماڵه‌چییه‌کان. به‌ سه‌دان ئه‌ندام و ته‌نانه‌ت لێپرسراوی پارتیش ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری زۆربه‌ی بارزانییه‌کانێش له‌ که‌مپه‌ینه‌که‌دا پیوه‌ندییان پێوه‌ کردم، که‌ بێزارن له‌و بنه‌ماڵه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌. به‌ڵام ڕاسته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی پارتی تا ڕادده‌یه‌کی زۆر به‌ که‌لتووری خیانه‌ت ڕاهێنراوه‌و په‌روه‌رده‌ کراوه‌. بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ هه‌ندێکیان شانازی به‌ خیانه‌ته‌وه‌ بکه‌ن بۆ عێراق، بۆ ئێران، بۆ تورکیا، بۆ به‌عسییه‌کان، بۆ ئه‌نفالچییه‌کان.

گه‌ر پارتی سه‌ددامی بۆ به‌رامبه‌ربوونه‌وه‌ی داگیرکه‌رێکی تر وه‌ک ئێران یان تورکیا ‌هێنابا، دیاره‌ ئه‌وه‌ به‌کارهێنانی دوژمنان بوو بۆ خزمه‌تی خۆی و کوردیش، به‌ڵام بۆ داگیرکردنی په‌رله‌مان، کوشتن و ڕاونانی کورد، کوشتوبرو فه‌رهوود و به‌دره‌وشتی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی هه‌ولێر و سلێمانی و کۆیه‌و بیتوێن و ناوچه‌کانی تر و… هتد، ئه‌مانه‌ کارێکن که‌ هه‌ر که‌سێ مرۆڤ بێ ئاره‌قی شه‌رمی به‌رامبه‌ر ده‌ڕێژێ نه‌ک شانازی پێوه‌ بکات.

لڤین: پێتوایه، کاریگه‌رییه‌کانی ڕووداوی 31 ی ئاب له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی چین؟ ئه‌م رووداوه‌ چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر هاوکێشه‌ سیاسییه‌کان؟

دکتۆر که‌مال: کاریگه‌رییه‌کان یه‌کجار گه‌وره‌و زۆرن. دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای حیزبی داخراوو دوور له‌ بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگای مۆدێرن، ده‌زگا ده‌وری نییه‌. ئه‌گینا ده‌بوو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ئێستا له‌ لایه‌ن به‌شی مێژوو-و کۆمه‌ڵناسی و ستراتیجی جیهانی و سیاسه‌ت له‌ زانکۆکانه‌وه‌ له‌ ده‌یان کتێبدا هه‌بوونایه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی زانستی بابه‌تی لۆجیکی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و پاشه‌رۆژو، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ڕاستیی و هه‌ق و داد، وه‌ڵامه‌کان له‌ به‌رده‌ستی هه‌موو کور و کچێکی کورد دابان بۆ خویندنه‌وه‌و لێفێربوون و وانە لێوه‌رگرتن. به‌ڵام خنکاندنی کۆمه‌ڵ و به‌تاڵکردنی زانکۆکان له‌ ناوه‌رۆک و مانا و حیزبیکردن و ساخته‌ییکردنی رۆشنبیری و میدیاو هه‌موو لایه‌نێکی ژیانی گه‌لی کوردستان، وایکردووه‌ ته‌نیا چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌کی که‌م گرنگی به‌ به‌دواداچوونی ڕاستییه‌کان بکه‌ن. ئه‌وانیش وه‌ک ده‌بینین هه‌میشه‌ که‌وتوونه‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌و په‌لاماری ده‌سه‌ڵات. واته‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ مێژووییه‌ گرنگانه‌ ئاخاوتن یان وتارێکی ئه‌کادیمی زانستی بن، به‌ ناچاری بوون به‌ ئاخاوتنی ڕۆژنامه‌گه‌ری و بابه‌تی هاروژاندنی رۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌کان. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ئه‌نجامێکی 31 ی ئاب و پێشهات و پاشهاته‌کانێتی.
من پار له‌ چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ لڤین وتم ئه‌م بابه‌تانه‌ ده‌بێ بۆ دوو شت به‌جیبهێڵرێن؛ بۆ ئه‌کادیمیاو بۆ یاسا، واته‌ وتاری ئه‌کادیمی و وتاری یاسایی. به‌ڵام هیچ کامیان له‌ 20 ساڵی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی شاخی کوردیدا له‌ کاردا نه‌بوون و ده‌وریان نه‌بینیوه‌ تا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش به‌م شێوه‌ بمێنێ، ئه‌م ده‌زگایانه‌ دروست نابن و ده‌ور نابینن. که‌وایه‌ ئه‌م فایلانه‌ش بۆ هاروژاندن و کولانه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌، چونکه‌ برینه‌ گه‌وره‌کان سارێژ نه‌کراون. خۆزگه‌ ئێستا باسی چه‌سپبوونی سێ بنه‌ماکه‌ی کۆمه‌ڵگای مۆدێرنمان له‌ کوردستان بکردایه‌ واته‌: زانست، دیمۆکراسی و یاسا. به‌ڵام کوردستان له‌و سێ بنه‌مایانه‌ بێبه‌شکراوه‌. بۆیه‌ بۆته‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاژاوه‌یی که‌ به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی و حیزبی نایاسایی، نادیمۆکراتی، دوژمن به‌ زانست و رۆشنبیری و ڕاستیی، به‌ره‌و هه‌ره‌س و دارزاندنی پتر، به‌رێوه‌ی ده‌با.
ئه‌م کۆمه‌ڵگا زڕو پر له‌ نادادی و ناهه‌قی و گه‌نده‌ڵییه‌ به‌رهه‌می 31 ئابه‌. ئه‌و کاره‌ساته‌: پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی وه‌ستاند، سه‌ددام واته‌ عیراقی کرده‌وه‌ خاوه‌ن بریار، پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و مه‌ده‌نیکردن و به‌ده‌زگاییکردنی کۆمه‌ڵگای کوردستانی وه‌ستاندو به‌راوه‌ژوو کرده‌وه‌، 120 ڕێکخراوی ناحکومی جیهانی، ئێن – جی – ئۆ له‌ کوردستان بوون دوای سیویه‌کی تاوان، هه‌موو کشانه‌وه‌. باشترین کادری کۆمه‌ڵگایی و ئیداری و بنیاتنان که‌ به‌ هۆی ئه‌وانه‌وه‌ دروست بوو بوو، رۆێشتنه‌ ده‌ره‌وه‌و ڕاکێشران بۆ ئه‌مریکا. ناوچاکی کورد هاته‌وه‌ سه‌ر سفر. هه‌ره‌سی سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی ده‌ستی پێکرد. خیانه‌ت بوو به‌ که‌لتوورو ستراتیجی. مرۆڤی کورد و خێزانی کورد کران به‌ بابه‌تێک بۆ کوشتن، برسیکردن، تاڵانکردن، ڕاوده‌وونان. ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی کوردی کوشت و ته‌نانه‌ت پرسی ئاشتی ناوخۆیی کوردی کرده‌ پرسێکی ناوچه‌یی، ده‌وری موعاره‌زه‌ی عێراقی وه‌ک کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌ر حیسابی کورد له‌ جیهاندا زیاد کرد، تورکیا و تورکمانه‌کان به‌ ڕه‌سمی هاتنه‌ ناو هاوکێشه‌که‌وه‌، پرۆسه‌ی په‌رله‌مان و دیمۆکراتیکردن و مه‌ده‌نیبوون پتر هه‌ره‌سی پێهێنرا، ڕۆشنبیری بۆشنبیرو ساخته‌ به‌ سه‌دان دروست کران و، سیویه‌کی ئاب رێگه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی یه‌ک حیزبی پارتی له‌ هه‌ولێرو بادینان خۆشکرد. زه‌مانێک تاڵه‌بانی ده‌یوت پارتی به‌ دووربینیش هه‌ولیر نابینێته‌وه‌، ئێستا پارتی نه‌ک ته‌نیا ئه‌و ناوچانه‌، به‌ڵکو خه‌لکه‌که‌شیان به‌ ره‌عیه‌تی خۆی و سه‌رچاوه‌و ملکه‌کانی به‌ مڵکێ خۆی ده‌زانێ. ئه‌مه‌یه‌ مانای دروستکردنی دوبه‌ی.
ئه‌وه‌تا سه‌رده‌شت عوسمان له‌ ناوجه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی ده‌کوژرێ و وه‌ک به‌ردی بن ده‌ریا پرسه‌که‌ی ون ده‌بێ و هێشتا پارتی په‌لامار ده‌دات. ئه‌وه‌تا باسکارێک له‌ ده‌ره‌وه‌ میتۆدی ئه‌کادیمی زانستی به‌ڵگه‌یی بۆ لێکۆلینه‌وه‌که‌ی به‌کاردێنی، لڤین چاوپێکه‌وتنێکی ته‌واو وردو زانستی و پرۆفێشنالانه‌و به‌رپرسانه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کا، که‌چی پارتی په‌لاماری لڤین و مافی پرسیارو وه‌ڵام ده‌دا و ده‌زگا ساخته‌کانی سیندیکاو بۆشنبیرانی ده‌سه‌ڵات به‌ گژ لڤیندا ده‌کات. ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌رو نیعمه‌تی سیویه‌کی ئابن. تا ئه‌و فایله‌ له‌ ڕێگای یاساو ئه‌کادیمیاوه‌ دانه‌خرێ، سیو یه‌کی ئاب کاریگه‌ری کوشنده‌ی خۆی له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌مێنێت. تا وه‌ک پێشتر وتم: یاسایه‌ک بۆ ده‌رخسنی ڕاستییه‌کان و ئاشکراکردنی جاره‌نووسی ونکراوان و قه‌ره‌بووی زیانلێکه‌وتوان و دادگایی تاوانباران ده‌رنه‌چێو جێبه‌جێنه‌کرێ، ئه‌و برینه‌ قووڵانه‌ له‌ ناو قوڵایی جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌مێننه‌وه‌.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت