سیروان شەهید سمایل وەرتی: خیانەت و نیشتمان فرۆشی وەک مەترسیەکی بەردەوام.
میژووى کورد تەنیا چەند لاپەڕەیەکى نەخشێندراونیە بەشۆڕش و خەبات و قوربانیدان لە پێناو ئازادى، بەڵکو پڕیەتى لە چەندان کارەساتی گەورەى خیانەت و پەلکێش کردنى دوژمنان، تیرۆر و خەنجەردان لە پشتى یەکتر. ڕوداوەکانى پشتى پەردە ڕووى ڕاستەقینەى ئەو حزب و بنەماڵەو سەرکردانە دەردەخەن کە پەیکەرى شۆڕشگێڕیان بۆخۆیان داتاشیوە! کاتێک شۆڕش بەبازومەچەک و خوێنى هەژاران و تێکۆشەرە پاکەکان بەردەوامى هەبوو، ئەو بنەماڵەو بەناو سەرکردانە هەرگیز لینکى پەیوەندیان لەگەڵ دوژمنان نەپچڕاندبوو، بەڕواڵەتى نمایشکارى پاڵەوان و سەرکردەى شۆڕش بون، بەڵام لە ژێرەوە دەست لەناودەستى دووژمن بازرگان و دۆستى ئەوان بون.
ڕووداوەکانى شەڕى ناوخۆ چەشنى مەنهۆڵێکى بۆگەنن کە بەترازانى سەرى مەنهۆڵەکە بۆنێکى پیس و ناخۆش ئەوناوە دەتەنێت. ڕەنگە بەدبەختى ئێمەى کورد تەنیا دابەش بوون و داگیرکەرانى خاک و نیشتمانەکەمان نەبێت، بەڵکو مێژوو پێمان دەڵێت: کە ناکۆکى و ململانێ ى ناوخۆ، خیانەت و خۆفرۆشى وەک کرمێک هەمیشە جەستەى ئەم نیشتمانەى داڕزاندوە. هەرکاتێک پرسی نەتەوەیمان گەشەى سەندبێت بەرەو گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان ئیتر بەدروستبونى ناکۆکى و ململانێ لە نێوخۆماندا خەونەکان لەبارچوون، هەمیشەش دەستى بێگانە لەو ناکۆکیانەدا بونى هەبووە. بەدیاریکراوى میژووى شۆڕشی کوردى لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەم هێندەى شەڕکردن و دەستنانە قورگى یەکترى بوە لە نێوخۆماندا بەقەد ئەوە شۆڕش و بەرخودان نەبوە دژى داگیرکەران، لەو نێوەندەشدا بۆ شکاندن و لەناوبردنى یەکترى دەست درێژکراوە بۆ ڕاکێشانى دوژمنان و داگیرکەران.
31 ئاب یەکێک لە نمونەو ڕوداوە هەرە قێزەوەنەکانى دواى ڕاپەڕینە! وەختێک بینەرى گرتە ڤیدیۆیی و بەڵگە ڕەشەکانى ئەوێ ڕۆژێ دەبین مرۆڤ شەرم دەکات، کە هێشتا هەمان ئەو حزب و بنەماڵە و کەسانە ڕووى قسەکردن و فرۆشتنەوەى خەبات و کوردایەتیان هەیە بەسەر خەڵکى ترەوە. کاتێک گوێمان لە وتەو دروشمەکانى ئەو سەرکردانە دەبێت کە دەمامکى نەتەوەییان پۆشیوە، موچرکى شەرم بەجەستەماندا دێت ئاخر هەمان ئەو کەسانەن بانگەشەى پرسی نەتەوەیی دەکەن و خۆیان کردووە بە ئاڵا هەڵگرى دەوڵەتى کوردستان.
بەڵێ تا ئەم دەم و چاوە بێزراوانە بەردەوام بن لە دەسەڵات، خیانەت و نیشتمان فرۆشى هەمیشە ئەگەرێکى کراوەیە. وەختێک پارتى و سەرۆکەکەى باوەش بە دیکتاتۆرێکى خوێن مژدادەکەن و فەرمووى سوپایەکى داگیرکەردەکەن بۆسەر خاکى ئازادکراوى کوردستان کە دەستى سوربووە بە ڕشتنى خوێنى هەزاران هاوڵاتى بێتاوان، سوپایەک کە کیمیایی ڕشتبوە بەسەر ئەم نیشتمانەدا، سوپایەک نزیکەى دووسەد هەزار لەگەنج و پیرو ژن و مناڵى کوردى زیندەبەچاڵ کردبو، سوپایەک هەزاران دیهاتى جوانى کوردستانى وێران کردبو. وەختێکیش حزبێکى تر بۆ زیادکردنى نفوزى حزبی و لەپێناو ڕاستکردنەوەى بارى لارى حزبەکەى نیوەى خاکى کوردستان دەفرۆشێت. ئیتر دەگەینە ئەوەى بڵێین ئێمەى کورد لەسایەى ئەم جووت حزبە هەمیشە لەبەردەم دووبارە بونەوەى ڕوداوى ترین لە چەشنى 31 ئاب چونکە ئەمانە لەپێناو مانەوەى خۆیاندا هەموو شتێک دەکەن، ئەمەشیان نەشاردۆتەوەى هەم بەوتن و هەمیش بەکردار سەلماندوویانە. ئایە؟ میللەتێک دوای ئەو هەموو قوربانیە هێشتا پاڵەوانەکانى 31 ئاب و 16 ئۆکتۆبەر حوکمى بکەن ئیتر چۆن خیانەت ئەگەرێکى کراوە نابێت.
- Latest Posts by
سیروان شەهید سمایل وەرتى: گۆڕان لەبەردەم پیلانى دەسەڵاتدا.!
- All Posts