شێرزاد شێخانى: ئازادى رادەربڕین لەژێر سایەى حوکمى پارتیدا.
چەند رۆژێک لەمەوبەر بەبۆنەى جەژنى قوربانەوە ژمارەیەک رۆژنامەنووس و کارمەندى رۆژنامەیەکى گەورەى عیراقى بەمیوانى هاتنە سلێمانى بۆ بەسەربردنى پشووى جەژن .. بۆ بەسەرکردن و میواندارییان یەکترمان گرتەوە، لەباسکردنى وەزعى سیاسى چەقبەستوى ئەمڕۆى عیراق و ئاییندەى وڵاتەکە قسەى زۆرمان کرد. سەرنوسەری رۆژنامەکە عەرەبە، لەمیانى قسەکانیدا باسى ئەوەى بۆ کردم کەوا بەرپرسێکى باڵاى پارتى پەیوەندى تەلەفۆنى پێوە کردوەو داواى لێکردوە وتارەکانى من لەرۆژنامەکەیدا بڵاو نەکاتەوە!. بەقسەى سەرنوسەرە عەرەبەکە دەڵێ: پێمگوت ” ئێوە ئەگەر کێشەى شەخسیتان لەگەڵ ئەم نوسەرە هەیە، ئەوە پەیوەندى بەمنەوە نیە، ئەگەر کێشەشتان لەگەڵ وتارەکانیەتى، ئەتوانن بە وتار وەڵامى بدەنەوە منیش وەکو عورفى رۆژنامەنووسی بۆتان بڵاوى ئەکەمەوە “.
ساڵانێک بەر لەئێستا لەرۆژنامەى ( الشرق الأوسط ) ى لەندەنى وەکو پەیامنێرى کوردستان کارم ئەکرد، نزیکەى چواردە ساڵ لەم کارە بەردەوام بوم، بەڵام کاتێک وتارێکى رەخنەییم لەحکومەتەکەى نێچیرفان بارزانی لە پێگەى ( ئیلاف ) بڵاو کردەوە، سەرانى پارتی بەفشارێکى زۆر لەرێگەى کەسێکى ناو ئەم رۆژنامەیە توانیان لەم رۆژنامەیە دەرم بکەن. چەند مانگێک پێش ئێستاش جارێکیتر رۆژنامەکە پێویستیان بەمنەوە هەبو، گەڕاندنمیانەوە سەر کارى پەیامنێرى بۆ دوو مانگێک، بەڵام دواى ئەوەى پارتیەکان پێیان زانى، جارێکتر توانیان فشار بخەنە سەر رۆژنامەکەو دەرم بکەنەوە.
هەر لەم ماوەیەدا لەسەر ئەوەى لەمیدیاکانى یەکێتیدا لەچەندین دیدارى تەلەفزیۆنیدا بەشداریم کردوەو رەخنەم لەسیاسەتەکانی پارتى گرتوە، لەرێگەى کۆیلەکانیان لەباڵادەستەکانى ناو یەکێتیەوە توانیان دەرگاى ئەو کەناڵانەى یەکێتیشم لێدابخەن.
لەوەتەى دەستم بەنوسین کردوە قەت وشەى زبرم بەرامبەر بە هیچ لایەنێکى سیاسی بەکار نەهێناوە، لەرەخنەى سیاسى بەولاوە هیچ شتێکى ناشرین بەرامبەر نەیارەکانم نەوتوە، رەخنەکانیشم هەمووى لەپێناو میللەتەکەى خۆم وداکۆکیکردن بوە لە نەهامەتیەکانى لەبەرامبەر دەسەڵاتە زاڵمو ستەمکارەکان، بەڵام ئەم حزبانەى کوردستان بەتایبەتیش پارتی و بنەماڵەکەیان لەزمانى رەخنە تێناگەن، بۆیە هەرچی لەدژیان بوەستى یا پۆخڵەواتەکانیان بخاتە روو، یان دەمکوتى ئەکەن، یان لەناوى ئەبەن، نمونەشمان زۆر بینیوە لەمبارەیەوە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆری پارتی چۆن مامەڵە لەگەڵ قەڵەمە ئازادەکاندا ئەکات، چەندین کەسی لەناوبردوە لەسەر رەخنەگرتن لێیان.
من سێ ساڵە لەزێدى بابوباپیرانم دوورم، لەترسی پیلانەکانی پاراستنى پارتی ناتوانم سەردانى گۆڕى دایکو باوکیشم بکەم لەهەولێر، ترسى ئەوەم هەیە کۆیلەیەک یا بەڵتەچییەکى پاراستن زەفەرم پێ بباتو دواتر وتەبێژى پۆلیسەکەیان بێتە سەر تەلەفزیۆن و بڵێ ” لەسەر کێشەى کۆمەڵایەتی لەناوبراوە “؟!. دۆسیەکەشم بنگۆم بکرێ وەکو هەمو دۆسیەی ئازادیخوازەکانی پێشتر.
رۆژنامەنوسێکى هاوڕێم گێڕایەوە کەوا لەرێگەی موختارى گەڕەکەوە کارەبای موەلیدەیان لەسەر بڕیوە!. هاوڕێیەکى تر سەرۆکى دەزگایەکی میدیاییە لەهەولێر فەرمووی” لەهەولێر خانویەکیان دەستناکەوێ بۆ بارەگاکەیان، چونکە پاراستن هەڕەشە لەهەر خاوەن خانویەک ئەکات ئەگەر خانوەکەی بەکرێ بدات پێیان”؟!. نوسەرێک گیڕایەوە” لەناو تەکسیدا هەندى رەخنەی لەپاشەکەوتی مووچە گرتوە، یەکسەر سایەقەکە بۆ ئاسایشی ناو قایممقامیەتی هەولێری راپێچ کردوە؟!.
ئەم هەڵسوکەوتانەی پارتی و سەرانى بنەماڵە، قەڵەمەئازادەکان هارتر ئەکات، نانبڕین و دەمکوتکردن سیاسەتێکی فاشیلى رژێمە دیکتاتۆرەکانى ناوچەکەیە زۆربەیان هانایان بۆ بردوە، بەڵام هیچ سوودێکی بۆیان نەبوە، سەدام حوسێن شانازى بەوەوە ئەکرد گوایە دوو ملیۆن بەعسی لەعیراقدا بەرهەم هێناوەو، سەدان دەزگای ئەمنى داپلۆسێنەری هاوشێوەى پاراستنەکەی پارتی دامەزراند، تەنانەت شوفێری تاکسیەکانیشی کردبوە جاسوسی رژێمەکەی، بەڵام لە ئاکامدا رژێمەکەشیان رووخا و، سەدامیش لە کونە سەگی گوندێکی نزیک زیدەکەی خۆی دەرهێنراو بەرەو سێدارە بردرا.. عیبرەت وەرگرتن لەم نمونانە بۆ حزبە تازە دیکتاتۆرەکان شتێکى باشە.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts