نەوزادى موهەندیس: ئایندەى حوکمڕانى لە عێراقدا بە ئاڕاستەیەکى هەڵەدا هەنگاو دەنێت!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئەوەى لە ئێستادا دەگوزەرێت لە پەرتوبڵاوى نێو ماڵەکانى شیعە و سونە و کورد و ئەوانى تریش و هەبونى ململانێى توندى ناڕەوا لەسەر پۆست و پلە و ئیمتیازاتەکان ونەگونجان و لێکنزیک نەبونەوەى لایەن و سەرکردە سیاسیەکان و پیادەکردنى سیاسەتى ڕق و کین دژى یەکترى و هەوڵدان بۆ تێکشکاندنى دۆست و یار و نەیارەکان پێکەوە تەنها لەپێناو سەرکەوتنى خوددا، هەوڵى پەراوێزخستن و کەنارگیرکردنى یەکترى و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانى سیاسى و دەسەڵات و کارکردن بۆ بچوککردنەوەى یەکدى، هەموو ئەم هەنگاو و نیەت و کردارانە دەچنە چوارچێوەى دوژمنایەتى ڕاستەقینە و ئاشکراشە هەموو دوژمنایەتیەکى ناڕەوا هەمیشە دۆڕاندن و شکست و کارەساتیشى بۆ هەموان لێدەکەوێتەوە.
ئەوەى ئێستا لە ناو ساڵۆن و ڕاڕەوەکانى سیاسى لە عێراق و بەغدادا دەیبینین و هەستى پێدەکەین لە هەوڵدان بۆ پێکەوەنانى گەورەترین کوتلەى پەڕلەمانى کە زۆرترین ژمارەى ئەندام پەڕلەمان لەخۆبگرێت و کڕینى ویژدان و هەڵوێستى هەندێک و بەڵێندانى ناڕاست بەهەندێک و فریودان و ساختەکاریش لە واژۆکانیان و زۆر کار و هەنگاوى ناڕەواى تر، هەموو ئەمانە یەک ڕاستیمان پیشان دەدەن کە بریتیە لەوەى کە زۆربەى سیاسیەکانى عێراق تەنها لەخەمى حیزب و سەرکردە و بنەماڵەکانیاندان نەک نەتەوە و نیشتیمان، لەخەمى بەدەستهێنانى سەروەت و سامان و پلە و پۆست و ئیمتیازاتدان نەک گێڕانەوەى شکۆ و سەروەرى عێراق و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیان و دابینکردنى خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، تەنها ئەوەى لێدەخوێنرێتەوە کە ئایندەى حوکمڕانى لە عێراقدا بەرەو هەڵدێر و بە ئاڕاستەیەکى نادروست و هەڵەدا هەنگاو دەنێت نەک بە ئاڕاستەى بنیاتنانەوە و گەشەپێدان و پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە، هەنگاو بەرەو تاکڕەوى و قۆرخکارى و پاوانخوازى و گەندەڵى زیاتر و نادادپەروەرى زۆرتر دەنێت نەک ڕێزگرتن لە دەستور و یاساکان کە بڕوایان بە دیموکراسیەت و پێکەوەیى سیاسى و سیستەمێکى پەڕلەمانى و فیدڕاڵى هەیە.
ئاشکراشە تاوان و لێپرسراوێتى هەموو ئەم هەنگاوە هەڵانە لەئەستۆى شیعەى زۆرینەدان چونکە هۆکارى یەکەمن بۆ تێکدانى نێوماڵى عێراق بە گشتى و بەتایبەتیش نێو ماڵى خۆیان، شیعەى زۆرینە مەزهەب لە عێراقدا لە ئێستادا کەس حەسودیان پێنابات چونکە دابەشبونەتە سەر چەندین بەرەى ئێران و ئەمریکا و عەرەبى سونەى کەنداو و تەنانەت تورکیاش،ئەوان ئەوەندى لەنێوخۆیاندا تەفروتونابوون و لێکهەڵوەشاون و دڕدۆنگن لەگەڵ یەکتردا هیچ کات بەم شێوەیە ناکۆک و ناتەبا نەبوون بەدرێژایى 15 ساڵى ڕابووردوو، لانى کەم کێشە و ململانێکانیان دەرنەچووبوە دەرەوەى نێوماڵەکەى خۆیان، بەڵام لە ئێستادا بونەتە مایەى گاڵتەجاڕى دۆست و دوژمنەکانیان و لەماوەى ئەم 15 ساڵەى ڕابووردودا ماهیەتى ڕاستەقینە و ڕووى ڕاستەقینەى پیلان و نیەتە خراپەکانى خۆیان نیشاندا و سەلماندیشیان کە شیعەى عێراقى لە ئاست بەڕێوەبردنى دەوڵەتێکى وەک عێراقدا نین، ئەوان بەکار و کردەوە و هەڵوێستە ناڕۆشن و شاراوە ودرۆزن و دووڕوەکانیان لەگەڵ سونەى عەرەب و کوردیشدا هەردوولایان لەخۆیان دورخستۆتەوە وبەمەش عێراق و ئایندەکەیان خستۆتە بەر مەترسى لێکهەڵوەشاندنەوەوە.
شیعەى عەرەب لە ئێستادا گەرەکێتى کە حکومەتێکى زۆرینەى شیعە پێکبهێنێت و هەموو پێکهاتەکانى تر کە کاریگەرن و هاوبەشى ڕاستەقینەى بنیاتنانەوەى عێراقى نوێ بوون تەریک بکەن و ڕۆڵ و کاریگەریان زیاتر بچوک بکەنەوە،ئەمەش بۆخۆى هەڵەیەکى مێژوویى گەورەیە و بەدەستى خۆیان ئایندەى عێراق و ناو وناوباگى دەخەنە بەر مەترسى لێکهەڵوەشان و ڕووبەڕووى گیروگرفتى زۆرى دەکەنەوە کە هیچ پێویستى پێیان نیە.شیعەى عەرەب بەتایبەتى بەبێ کورد دۆخى سیاسى و ئابورى زۆر خراپە و ناتوانێت عێراق بپارێزێت و یەک و یەکگرتوویى خاک و گەلانیشى بپارێزێت.شیعە بەبێ بوونى هاوپەیمانى و دۆستایەتى ڕاستەقینە لەگەڵ کوردا پشت و پەنایەکى گەورەى لێ دووردەکەوێتەوە،هەموو کات کورد زامنى پاراستن و یەک و یەکگرتوویى خاکى عێراق بوە،هەرکات کورد و شیعە لێک جودا بونەوە ماناى جودابونەوەى کورد و بچوکبونەوەى عێراق و لێکهەڵوەشانەوەیەتى.
بۆیە تەریککردنى کورد و بەشداریپێنەکردنى لە کوتلەکانیان(( کوتلەى سائیرون ونەێر و حیکمە و وەتەنیە و ئوسامە نوجەیفى و تورکومان و..هتد کە خاوەنى 177 ئەندامە))لەگەڵ کوتلەى(( دەوڵەتى یاسا و فەتح وئەوانى تردا کە 145 ئەندامن)) و بڕوانەهێنان بە داواکارى و پڕۆژە ڕەواکانى کورددا ئەوا هیچ کات عێراقى شیعە مەزهەب ئۆگرەیى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى بەخۆیەوە نابینێت، باشوور و ناوەڕاستى عێراق کە لە ئێستادا لەهەموو ڕووەکانى سیاسى و ئابورى و خۆشگوزەرانى و ئاوەدانیەوە ناگاتەوە بەکوردستان،ئەوا بەبێ بوونى کورد لە سیستەمى حوکمڕانى عێراقدا ئەوەندەى تریش لەکەڵک دەکەوێت و هێز و پێزى تیادا نامێنێت.بۆیە بۆ شیعەکان لە پێش کوردا بە قازانجە کە جێگە و پێگەى سەنگین و شایستەى کورد بپارێزن و بەدەم داوا ڕەوا نەتەوەیى و نیشتیمانیەکانیەوە بێن.
شیعەکان لەگەڵ سونەکانیشدا و تەنانەت لەگەڵ مەسیحى و تورکومانەکانیشدا پەیوەندى و دۆستایەتیان زۆر توندوتۆڵ نیە و تەنها وەک مقاش و بۆ بەرژەوەندى کاتى و تاکتیکى خۆیان لەگەڵیاندا ڕێککەوتون،بۆیە پێکەوەنانى هەر هاوپەیمانى و کوتلەیەکى پەڕلەمانى بەم شێوەیەى ئێستا و بەبێ بونى میساقێکى شەرەف و نوسراو وبڕواپێهێنەر هەرگیز چارەنوسى سەرکەوتن نابێت،بەڵکو زۆر لاواز و فشەڵ و بێ پشتیوانى جەماوەرى و شەقامى عەرەبى دەمێنێتەوە،بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە سەرهەڵدانەوەى خۆپیشاندانە جەماوەریەکانى بەسرا و باشور و بەغدادە لە 4/9/2018وە زۆر بەتوندى و وەڵامدانەکانى دەسەڵاتدارانیش بە گولە و توندوتیژتر هێندەى تر شکستى هەوردوو هاوپەیمانى و کوتلە عەرەبیەکانى((شیعە و سونەى ))دەرخست.
بەدڵنیایش لە ئایندەشدا هەروا دەمێنێتەوە چونکە هەموانیان گومانیان لەیەکترى هەیە و هیچکامیان ڕاستگۆیانە دەستى کارکردن و برایەتى و ئاشتى بۆ ئەوى تر درێژنەکردوە،هەربۆیە چاوەڕواندەکرێت کە بەناچاری ڕووبکەنەوە کورد و تەنها کورد لاسەنگى هاوکێشەکەى نێوانیان ڕاستدەکاتەوە،خۆشبەختانەش کورد وەکو زۆرینەى ((یەکێتى و پارتى)) و گەر ئەوانى تریش بێنە پاڵیانەوە تائێستا سیاسەتێکى ڕاست و پشوودرێژییەکى باشیان نواندوە و تەسلیمى هیچ لایەکیان نەبون و ئەوەندەى لە هەوڵى بەدەستهێنانى گرەنتى ڕەسمى و نوسراون بۆ مافە ڕەوا نەتەوەییەکانى کورد نیوهێندە پۆست و پلە و ئیمتیازاتەکانیان لا گرنگ نەبوە،کەئەمەش تائێستا خاڵى سەرکەوتن و بەهێزى کوردە.بۆیە گەر زۆرینەى شیعەى عەرەب و تەنانەت سونەکانیش گەرەکیان بێت 4 ساڵى ئایندە ساڵانێکى ئارام و ئۆقرەیى بێت بۆ هەموان دەبێت هەر لەگەڵ کوردا ڕێکبکەون و بەهەموانیش عێراق بەڕێوەبەرن،ئەگەرنا ئەوا هەرلایە و ڕێگا و ئاڕاستەى خۆى هەڵدەبژیرێت و ئەوکاتیش تۆمەتبارى سەرەکى تەنها و تەنها شیعەى عەرەبەکان دەبێت،چونکە ئیڕادەى ڕاستەقینەى عێراقیان دۆڕاندوە و هەرلایەکیان بۆنەتە لایەنگیرى ئێران یان ئەمریکا کە ئەوانیش شەڕى بەرژەوەندى خۆیان دەکەن لەسەر حسابى خاک و گەلانى عێراق و بەمەش تەنها درزى نێوان و جیاوازیەکانیان گەورەتر کردوە نەک یەک و یەکێتى و یەکگرتوویى عێراق.بۆیە ئەم پێشبڕکێ ناشەریفانەیە و ئەم ماراسۆنە نەبڕاوەیەى هەردوو کوتلەى عەرەبى شیعە ،ئاڕاستەى کارکردن و بیرکردنەوەیەکى هەڵەیە و ئایندەى عێراق بەرەو تاریکى و لێڵى زیاتر دەڕوات و لەکۆتایشدا بەزیانى گەورەى هەموان کۆتایى دێت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی