عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد؛ فریای پڕۆسەی بازرگانی هەرێم بکەون، تا بەتەواوی دانەتەپێت.
بازگەدانان لەنێوان هەرێم و عێراق کوشتنی بازرگانی هەرێمە
هەرچەندە عەیامێکە لەچەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراق و، لەو شوێنانەی نزیکن لەناوچە سنورییەکانی هەرێم لەلایەن بازگەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بەبێ بوون و پێدانی هیچ پسوڵەیەکی فەرمی و بیانویەکی باوەڕپێکراو کەئەوەش پێشێلکردنی تەواوی دەستورو یاسا کارپێکراوەکانە, هەر ئوتومبێلێکی بارهەڵگر، کە کاڵاو شمەکی پێیەو لەهەرێمەوە دەچێتە شارەکانی خواروناوەڕاستی عێراق بڕێک پارە وەردەگیرێت کەزۆری و کەمیەکەی پەیوەندی بە جۆری ئوتومبێل و بڕی کاڵاو شمەکەکەوە هەیە. ئەم کارە نیگەرانی زۆری لای بازرگانانی هەرێم دروستکردوەو، بەهەوڵێکی تری دەزانن بۆ پوکانەوەی پڕۆسەی بازرگانی هەرێم و، کەمکردنەوەی کاڵاوشمەکی هاوردەکراو لەدەرەوە بۆناو هەرێم، بەتایبەت ئەو کاڵاوشمەکانەی کە ڕاستەوخۆ دەنێردرێن بۆ شارەکانی خواروو ناوەڕاستی عێراق.
ئەوەی کە لەئێستادا بۆتە خەمێکی گەورەتر لای بازرگانانی هەرێم هەوڵدان و کارکردنەلەلایەن حکومەتی عێراق بەگشتی و پارێزگاری کەرکوک بەتایبەتی بۆ دانانی سێ بازگەی گومرگی لەنێوان شارەکانی( کەرکوک ـ سلێمانی، کەرکوک ـ هەولێر، موسڵ ـ دهۆک ).
گەر ئەم هەوڵ و نیەتە سەربگرێت و بچێتەبواری جێبەجێکردنەوە ئەوا جگەلەوەی بەتەواوی بازرگانان بێهیوا دەکات، دەشبێتە هۆکارێک بۆ کوشتن و لەباربردنی پرۆسەی بازرگانی و گۆڕینی ڕێڕەوو ئاڕاستەی بازرگانی لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ خواروی عێراق، و هێنانەوەڕێچکەی خۆشی دواتر دەبێتە کارێکی زۆر ئەستەم و گران.
بۆیە لەئێستادا کەباس لە پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی نوێ دەکرێت ئەرکی سەرکردایەتی کوردو هەموو پارتەسیاسیەکانە کەنوێنەریان هەیە لەعێراقدا لەدەسەڵاتی جێبەجێکردن بن یان یاسادانان پێویستە پێش باسکردن و هەوڵدان بۆوەرگرتنی پۆستێکی لاوەکی و تەشریفاتی کەهیچ دەستکەوتێکی لێوە بەدینایەت بۆ کوردو ئەزمونیش ئەوەی بۆسەلماندوین، باشترە جەخت لەجێبەجێکردنی ماددەوبڕگەکانی دەستوری عێراق بکەنەوە وەک خۆی، چونکە دانانی بازگەی گومرکی لەنێوان شارەکانی ناوخۆی عێراقدا کەهەرێمیش بەشێکە لەعێراق لەئێستادا نەک پێشێلکردنی یاسایە بەڵکو یاریکردنیشە بەو دەستورەی کەبەقسەی هەموو بەرپرسانی عێراق بەهەرێمیشەوە چەترێکەو دەبێت کۆکەرەوەی هەموان بێت لەژێریدا.
بۆیە داوا لە بەرپرسان و نوێنەرانی هەرێم لەبەغداد، سەرکردایەتی سیاسی کورد، لیژنەکانی دانوستانکار لەگەڵ حکومەتی عێراقی دەکەم کە؛
تکایە تکایە فریای پڕۆسەی بازرگانی لەهەرێم بکەون و ڕێگربن لەهەموو ئەو هەوڵە نهێنی و ئاشکرایانەی کەدەدرێت لەپێناو کوشتنی بازرگانی و گۆڕینی ڕێڕەوەکانی بازرگانیکردن لەهەرێمەوە بۆناوچەکانی تری عێراق چونکە لەئەنجامدا جگەلەوەی هەرێم لەڕووی کۆکردنەوەی سەرچاوەی داهاتەوە لاوازترو بنکۆڵتر دەبێت وڕووبەڕووی داتەپینێکی تری ئابوریش دەبێتەوە، لەکۆتایشدا هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێم سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو تەنگەژەو قەیرانانەی کە ئێستا پێوەی گیرۆدەیە باجدەری سەرەکی ئەم هەوڵەی تری حکومەتی ناوەندە.
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا/ بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی ومافی بەکاربەر لەپەرلەمانی کوردستان .