عه‌تا قه‌ره‌داخی: كورد 98 ساڵ له دواى سیڤه‌ر چی بكات؟
له رووخاندنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، سه‌ربارى لاوازیى ناسیونالیزمی كوردى، هه‌لی ئه‌وه هه‌بوو كه ده‌وڵه‌ت بۆ كورد دروست بكرێت، وەک چۆن چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له ناوچه‌كه‌دا بۆ عه‌ره‌ب دروست كرا، كه ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی له‌و كاته‌دا هێنده له ناسیونالیزمی كوردى په‌ره‌سه‌ندوتر نه‌بوو. واته چوارچێوه‌ى چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی ناسیونالیستی بۆ عه‌ره‌ب دروست كرا، به‌بێ ئه‌وه‌ى ناسیونالیزم ئاماده‌بوونی هه‌بێت. دیاره له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و بۆچوونه‌ى كه ده‌شێ له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تدا ناسیونالیزم گه‌شه بكات و پێ بگات. جێبه‌جێكردنی به‌نده تایبه‌ته‌كانی (62-63-64)ى رێكکه‌وتنی سیڤه‌ر لە 10-8-1920، ده‌شیا ئه‌و هه‌له‌ى به كوردیش بدایه و ده‌وڵه‌تی كوردى پێكبهاتایه، به‌ڵام دیاره جووتبوونی به‌رژه‌وه‌ندیى رۆژئاواى داگیركه‌ر له‌و كاته‌دا له‌گه‌ڵ تورك و عه‌ره‌به‌كان ئه‌و هه‌له‌ى به كورد نه‌دا و رێكکه‌وتنی لۆزان ئه‌و ئومێده‌ى كوردى له‌و كاته‌دا له گۆڕ نا. بۆیه له‌و كاته‌وه بۆ ئێستا و بۆ له‌مه‌ودواش كورد رێگایه‌كی له‌به‌رده‌مدا ماوه بۆ دروستبوونی ده‌وه‌ڵه‌تی كوردى، ئه‌ویش بوونی ناسیونالیزمی كوردییه به ئایدیۆلۆجیاى بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریى به‌رفراوان، كه هه‌موو سنووره ناوچه‌ییه‌كانی خێڵ و عه‌شیره‌ت و حزب و رێكخراو و ئایین و مه‌زهه‌ب و ته‌ریقه‌ت ههڵوهشێنێـتهوه و كورد بكات به یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و له ده‌ورى یه‌ك ئامانج كۆى بكاته‌وه، كه ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆیی و پێكهێنانی ده‌وڵەتی نه‌ته‌وه‌ییه. تا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش پێكنه‌یه‌ت نه كورد ئازادى و دیموكراسی و ماف به خۆیه‌وه ده‌بینێت، نه له مه‌ترسی له‌ناوچوون رزگارى ده‌بێت، نه ده‌توانێت له به‌رهه‌مهێنانی شارستانێتیدا به‌شداریى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تی بكات.
ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ى په‌ره‌سه‌ندنێكی سروشتییان هه‌بووه له قۆناغی دیاریكراودا گه‌یشتوونه‌ته ئاستی به‌رهه‌مهێنانی دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌ت. راسته ده‌وڵه‌ت وه‌كوو دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی سه‌یر ده‌كرێت، به‌ڵام رێگاى ئاسایی بۆ گهیشستنی كۆمه‌ڵگه به ئاستی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت رێگاى په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه ئه‌ویش روانگه‌ى جیاواز و جۆراوجۆرى هه‌یه. ئه‌وه ئاشكرایه له روانگه‌ى تیۆرى ماركسیزمه‌وه چینی ناوه‌ند ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كات. به‌ڵام ئێستا ئێمه له روانگه‌ى سیانه‌ى هیگڵییه‌وه سه‌یرى دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین. هیگڵ پێی وایه: بۆ گه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه به ده‌وڵه‌ت، ده‌بێ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به قۆناغی خێزان و قۆناغی كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نیدا تێ بپه‌ڕێت و ئه‌وسا ده‌گات به ده‌وڵه‌ت(1). ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى هیگڵ باسی ده‌كات ده‌وڵه‌تێكی سروشتییه كه زۆرینه‌ى ده‌وڵه‌تان تا قۆناغی كۆڵۆنیالیزم له‌م رێگایه‌وه دروست بوون. هۆبز راى وایه: ده‌وڵه‌تی سروشتی بریتییه له به‌رده‌وامبوونی ده‌سه‌ڵاتی باوك، كه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ خێزان و لقه‌كانی (2). لاى هیگڵ و هۆبز خێزان بنه‌ما، یان یه‌كه‌ى سه‌ره‌كییه بۆ دروستبوونی دامه‌زراوه‌كانی تر تا ده‌گاته دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌ت.
مه‌به‌ست له ده‌وڵه‌تی سروشتیش ئه‌و دامه‌زراوه‌یه كه كۆمه‌ڵگا له په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا به‌رهه‌می ده‌هێنێت و خاسێتێكی گشتیی هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی سیۆسیۆلۆجیای هاوچه‌رخه‌وه سه‌یر بكه‌ین ئه‌وا ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌ی باڵاترین ده‌سه‌ڵاته و له بارێكی وه‌هاشدا ده‌وڵه‌ت ده‌بێته ده‌وڵه‌تی تاكه‌كه‌س یان بنه‌ماڵه یان پێكهاته و چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئایینێك، له بارێكی وه‌هاشدا پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵگا كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا پیاده ده‌كرێت، ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وان هیچ ناگه‌یه‌نێت، بێجگه له ركێفكردن و سنوور بۆدانان و ئازادی زه‌وتكردن، ده‌شێ وه‌كوو نه‌یار سه‌یری ده‌وڵه‌ت بكه‌ن، ته‌نانه‌ت له باشترین نموونه‌ی دیموكراسیشدا. له كۆمه‌ڵگا خێڵایهتییهكاندا مۆتیڤی خوێن و ده‌مار پێكه‌وه كاریان كردووه و بوونه‌ته بزووێنه‌ری مێژوو بۆ گه‌یاندنی كۆمه‌ڵگا به ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌ت (3). ئه‌م دوو كاركهره پێكه‌وه له كۆمه‌ڵگا خێڵایهتییهكاندا یه‌كیان گرتووه و فیدراسیۆنی خێڵیان پێكهێناوه، ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی خێڵی دروست كردووه. هه‌مان مۆتیڤی خوێن و ده‌مار له‌گه‌ڵ ئاییندا یه‌كیان گرتووه و ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی‌یان پێكهێناوه. ده‌وڵه‌تی كۆنی هیند له یه‌كگرتنی مۆتیڤی خوێن و ده‌مار و مۆتیڤی سروشتی جوانی هیند به‌رهه‌مهاتووه.
له روانگه‌ی ماركسیزمه‌وه ده‌وڵه‌ت به‌رهه‌می په‌ره‌سه‌ندنی ژێرخان و له ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا سه‌رخانی كۆمه‌ڵگایه و به‌و پێیه‌ش بزوێنه‌ری مێژووی ئابوورییه. دیاره كورد له هیچ كام له‌م ده‌روازانه‌وه نه‌هاتوونه‌ته ناو مێژووەوە و نه‌یتوانیوه ده‌وڵه‌ت وه‌كوو دامه‌زراوه‌یه‌كی رێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا دروست بكات. له مێژووی نوێشدا واته له سه‌رده‌می مۆدێرنێته‌دا كه ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیست پێكهات. دیسان كورد له‌م ده‌روازه‌شه‌وه نه‌یتوانیوه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێكبهێنێت.
كه‌واته ئایا كورد ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مدا ماوه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پێكبهێنێت؟ ئایا ئه‌و ده‌وڵه‌ته وه‌كوو ده‌وڵه‌تی به‌رهه‌می ناسیۆنالیزم پێكدێت یان وه‌كوو ده‌وڵه‌تی سروشتی؟ ئایا ئه‌گه‌ر وه‌كوو ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیزم پێكهات، له ئه‌نجامی گه‌شه‌كردنی ناسیۆنالیزمی كوردی و بوونی به بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی جه‌ماوه‌ری پێكدێت یان وه‌كوو زۆرێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه له كۆتایی هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌مدا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به بڕیاری سیاسی پێكهاتن، ده‌وڵه‌تی كوردیش پێكدێت؟ لێره‌دا ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی ناسیۆنالیزمی كوردی و گوتاری ئه‌و ناسیۆنالیزمه و ده‌وڵه‌ت ده‌دوێین و ده‌پرسین، ئایا ناسیۆنالیزمی كوردی بووه‌ته هه‌ڵگری گوتاری ده‌وڵه‌ت؟(4) به هه‌رحاڵ ئێمه ئێستا ته‌نانه‌ت له‌به‌رده‌م شوناسی نه‌ته‌وه‌دا، له‌به‌رده‌م دوو بۆچوونداین، بۆچوونێكی كلاسیكی، كه پێی وایه نه‌ته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای زمان و مێژوو و دابونه‌ریت و جوگرافیای هاوبه‌ش دروست ده‌بێت، به‌ڵام به روانینی سه‌رده‌می مۆدێرنیته ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه دروست ده‌كات. له‌م روانگه‌یه‌وه شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌كه‌وێته به‌رده‌م پرسیاره‌وه، چونكه تاكوو ئێستا كورد نه‌بووه‌ته ده‌وڵه‌ت و به‌و پێیه‌ش بنیادتنانی نه‌ته‌وه یان پێكهاتنی نه‌ته‌وه له‌به‌رده‌م پرسیاردایه.
من بڕوام وایه گه‌یشتنی كۆمه‌ڵگای كوردی به قۆناغی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت له رووی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه شتێكی رهتنهكراوهیه، به‌ڵام گه‌یشتن به‌و قۆناغه چۆن و كه‌ی ده‌بێت، ئه‌وه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌كه په‌یوه‌ندیی به شێوازی په‌ره‌سه‌ندنی ناوخۆیی ئه‌م پێكهاته ئیتنیكییه‌وه هه‌یه. ئاشكرایه له رابردوودا ئه‌م پێكهاته‌یه له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه په‌ره‌سه‌ندنێكی سروشتی نه‌بووه. كه قۆناغی فیودیالی كوردی، به تایبه‌تی له رووی شێوازی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، قۆناغێكی بێ شوناسه، واته له‌به‌ر نائاساییبوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه قۆناغی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئابووریی فیودیالی له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا به جۆرێك نه‌بووه له هه‌ناوی ئه‌و قۆناغه‌دا وه‌كوو كۆمه‌ڵگا ئاساییه‌كان، چینی بۆرژوای پیشه‌سازی و نیشتمانی، یان چینی ناوه‌ند ده‌ربكه‌وێت و ئه‌و چینه‌ش هه‌ڵگری پرۆژه‌ی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بێت. هه‌روه‌ك ئایین له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا وه‌كوو یه‌كێك له بنه‌ما و پایه‌كانی ناسیۆنالیزم نه‌بووه‌ته ئه‌و فاكته‌ره‌ی رۆڵی خۆی له‌و بواره‌دا ببینێت، به‌تایبه‌تی ده‌شیا ته‌سه‌وف به‌تایبه‌تی رێبازى نه‌قشبه‌ندى لای كورد ببوایه‌ته یه‌كێك له پایه‌كانی ناسیۆنالیزم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش رووی نه‌داوه. ره‌گه‌زه‌كانی خوێن و ده‌مارگیری له كۆمه‌ڵگای كوردیدا نه‌یانتوانیوه ببنه بزوێنه‌ری كۆمه‌ڵگا، وه‌كوو چۆن له كۆمه‌ڵگا خێڵایهتییهكانی تردا به تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی ئه‌و ده‌وره‌یان بینیوه و بوونه‌ته مۆتیڤی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت(5). كورد نه‌یتوانیوه ته‌سامی (بڵندبوون) به سروشتی جوانی كوردستان بكات و له‌گه‌ڵ هه‌ستی ساده‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا یه‌كیان پێ بگرێته‌وه و ببنه بزوێنه‌ری مێژووی كۆمه‌ڵگای كوردی. له كاتێكدا ئه‌م گریمانانه‌ی سه‌ره‌وه هیچیان روویان نه‌داوه، چه‌ندین ره‌گه‌ز و دیارده‌ش كۆسپی به‌رده‌م دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی بوون، وه‌كوو فرهزاریی زمان و پێكهاته‌ی خێڵایه‌تی و عه‌شیره‌تایه‌تی و تۆپۆگۆافیای ناله‌بار، كه ده‌وری له زیاتر په‌رتكردنی یه‌كه‌كانی خێڵ و عه‌شیره‌تدا بینیوه و هه‌روه‌ها فره‌ئایینی و فره‌مه‌زهه‌بی و كۆنه‌بوونه‌وه‌ی ئابووری و له‌به‌رڕۆیشتنی ئابووری هه‌موویان ده‌وریان بینیوه له زیاتر په‌رتكردنی كۆمه‌ڵگای كوردی و ته‌نانه‌ت له دروستنه‌بوونی بازاڕی هاوبه‌ش و بازرگانیی ناوخۆ له كوردستاندا. ئه‌مانه‌ش له هۆكاره‌كانی لاوازیی پرۆسێسی كۆمهڵایهتیبوونن له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا و ئه‌وه‌ش رۆڵی بینیوه له ده‌ركه‌وتن و باڵاده‌ستبوونی چه‌مكی به‌شی خۆكردندا، كه ئه‌وه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا لاوازكردنی یه‌كێتیی كۆمه‌ڵگا و یه‌كبوونه، ئه‌مه‌ش وای كردووه ناسیۆنالیزمی كوردی توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت ببێته بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی جه‌ماوه‌ریی خاوه‌ن پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی. كورد له هیچ كام له‌و دهروازنهی له سه‌ره‌وه باس كران، نه‌یتوانیوه بگاته ئاستی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام ئه‌وه ئاشكرایه كه بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد زیاتر له سه‌ده و نیوێك به‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانیدا تێ ده‌په‌ڕێت، ئایا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بۆچی تاكوو ئێستا نه‌یتوانیوه ده‌وڵه‌تی كوردی دروست بكات؟
ناسیۆنالیزمی خاوه‌ن شوناس هه‌ڵگری پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه، به‌ڵام ئایا بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی له سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه كه به بزووتنه‌وه‌ی به‌درخانییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات، خاوه‌نی پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت بووه؟ یان هه‌ڵگری گوتاری ناسیۆنالیزم بووه؟ ئه‌گه‌ر به‌كورتی سه‌رنجێك له بزووتنه‌وه‌كانی كورد بده‌ین، له رابردووه‌وه تاكوو ئێستا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت هیچ كامیان هه‌ڵگری پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌بوون. به‌كارهێنانی سیاسییانه‌ی ناسیۆنالیزم بریتییه له پره‌نسیپی بڕیاری خۆدان یان بڕیارى خۆ كه ده‌گه‌ڕێت به‌دوای بیناكردنی ژیانی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و بوونێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری، كه له‌لایه‌ن تاكه نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا بكرێت (6). به‌م پێیه ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ناسیۆنالیزم بیناكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه، كه ئه‌وه‌ش به قۆناغی بیناكردنی نه‌ته‌وه داده‌نرێت. بزووتنه‌وه‌كانی كورد هه‌ڵگری هه‌ندێ داواكاریی ناوچه‌یی بوون، كه زیاتر له داواكاریی خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان ده‌چێت و له‌وه‌دا كۆ ده‌بێته‌وه كه داخوازیی ده‌سه‌ڵاتێكی ناوچه‌یی سنووردار بووه، له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌تی فه‌رمانڕه‌وادا. بزووتنه‌وه‌ی به‌درخانی و شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی، داواكاریی ده‌سه‌ڵاتێكی ناوچه‌یی بووه له‌سایه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی توركه‌كاندا. بزووتنه‌وه‌ی سمكۆ و ته‌نانه‌ت كۆماری كوردستان لە مهابادیش هه‌مان داواكاریی بووه، كه ئه‌وه‌ی كۆماری كوردستان گه‌یشتووه‌ته ئاستی به‌ده‌ستهات، به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌كی كورت، به‌ڵام نه‌یتوانیوه درێژه به خۆی بدات. ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود به مه‌مله‌كه‌ت ناو براوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه له سنووری ده‌سه‌ڵاتی پێشتری میرنشینی بابان و له سنوورى قه‌ڵمڕه‌وى رێبازى قادرى بپه‌ڕێته‌وه.
سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی كوردی له به‌درخانییه‌كانه‌وه بۆ كۆماری كوردستان سه‌ده‌یه‌ك ده‌كات، به‌ڵام له ئاستێكی زۆر لاوازدا بووه و نه‌بووه‌ته بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیونالیزمی خاوه‌ن شوناس، چونكه ئاشكرایه ناسیۆنالیزم به‌رهه‌می مۆدێرنیته‌یه و له‌و قۆناغه‌شدا كوردستان له بارێكی هێجگار دواكه‌وتووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا بووه و نه‌ك بنه‌ماكانی مۆدێرنێته به‌ئاشكرا بوونیان نه‌بووه له كوردستاندا، به‌ڵكوو ده‌توانین بڵێین بزووتنه‌وه‌كانی كورد له‌ژێر دوو فاكته‌ردا دروست بوون، كه یه‌كه‌میان كاردانه‌وه بووه بۆ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی توندوتیژیی داگیركه‌ره‌كانی كوردستان، دووه‌میشیان سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ستێكی لاوازی نه‌ته‌وه‌یی بووه به كاریگه‌ریی بوونی نوخبه‌یه‌كی خوێنده‌واری كورد له پایته‌ختی عوسمانی و شاره‌كانی تری ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان و شه‌ریف پاشا و چه‌ندانی تریش.
له سه‌روبه‌ندی دروستبوونی حزبدا له كوردستاندا هه‌ر له (خۆییبوون)ه‌وه بۆ حزبی هیوا و رزگارى و ژێكاف و پارتی دیموكراتی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبه‌كانی دواتریش، كه زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی كولتوور و فه‌رهه‌نگی حزبی شیوعی و سۆڤێتیدا دروست بوون، هه‌ڵگری به‌رنامه و گوتاری دیموكراتی بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌سته و داگیركه‌ری كوردستان و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان بوون. جێگای خۆیه‌تی له‌م قۆناغه‌دا وردتر سه‌یری ناسیۆنالیزمی كوردی و به‌رنامه و گوتاره‌كه‌ی بكه‌ین، به‌تایبه‌تی له جه‌نگی دووه‌م به‌دواوه كه قۆناغی په‌ره‌سه‌ندنی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێی كوردستانه، به نه‌ته‌وه‌ى دهوڵەته داگیركه‌ره‌كانی كوردستانیشه‌وه. له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌م، ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی تورك دامه‌زرا، ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بیش كه‌وته جووڵه و سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تانی بڕیاربه‌ده‌ست كۆمه‌ڵێ مه‌لیك و پاشایان له ترۆپكی لووتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتی به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا دانابوو، كه له نیشتمانی عه‌ره‌بیدا دروستیان كردبوون، به‌ڵام نوخبه‌یه‌كی رۆشنبیر و كه‌سانی تریش ده‌نگی ناسیۆنالیستیی عه‌ره‌بییان به‌رز ده‌كرده‌وه و باسی یه‌كێتیی عه‌ره‌ب و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی عهرەبیان ده‌كرد و حزبه ناسیۆنالیسته عه‌ره‌بییه‌كان و سه‌ركرده ناسیۆنالیسته‌كانیش ده‌ركه‌وتن و له‌ژێر كاریگه‌ریی به‌هێزبوونی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بیدا، له به‌شێكی دیاری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا ناسیۆنالیسته‌كان له شێوه‌ی كوده‌تای سه‌ربازیدا ده‌سه‌ڵاتی وڵاتیان گرته ده‌ست. له‌م قۆناغه‌دا كورد كه وڵاته‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌دا دابه‌ش كرابوو، له‌بری ئه‌وه‌ی حزبی ناسیۆنالیستی خاوه‌ن پرۆژه‌ی رزگاركردنی كوردستان و یهكگرتنهوهیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی دروست ببێت، كه‌چی حزبی خاوه‌ن به‌رنامه و گوتاری دیموكراسی بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌سته و داگیركه‌ر و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی بنده‌ست دروست بوو، به تایبه‌تی له باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش تاكوو ئێستا هه‌ژموونی ماوه و به‌رده‌وامه و زۆر له حزب و بزووتنه‌وه‌كانی كورد هێشتا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش لاوازیی ناسیۆنالیزمی كوردی و نه‌بوونی به ناسیۆنالیزمێكی خاوه‌ن پرۆژه نیشان ده‌دات.