ئاریتما محه‌ممه‌دی: ئیتر كورد یه‌ك نه‌ته‌وه نییه!
كورد و ئه‌فغانه‌كان له زۆر بوواردا لێك ده‌چن! (هۆكاری ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕ له ئه‌فغانستان كۆتایی پێ نایه‌ت، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه گه‌لانی ئه‌و وڵاته خوێندنه‌وه‌یان بۆ كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان نییه، ئه‌مه‌ش كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی ئاڵۆزتر كردووه، هه‌موو خۆیان به ئه‌فغان هه‌ژمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له كرداردا به‌وچه‌شنه نییه و هه‌ركامه‌یان خاوه‌ن زمان و ناسنامه و ته‌نانه‌ت خاوه‌ن كولتووری جلوبه‌رگ و خواردنیشن. كاتێكیش ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن فره‌تر ڕه‌نگی ئه‌و ناوچه كه لێی هاتوون به به‌رگی حوكوومهتدا دهههسوون تا ئه‌وه‌یكه خزمه‌تی هه‌موو گه‌لانی جیاوازی ئه‌فغانستان بكه‌ن.
ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی بێ متمانه‌یی نێوان پێكهاته‌كان، بۆیه هه‌ركام له‌و نه‌ته‌وانه پشتیوانی له سیاسه‌تمه‌داری هاوزمانی خۆیان ده‌كه‌ن. كه‌چی خۆشیان به ئه‌فعان هه‌ژمار ده‌كه‌ن له كاتێكدا هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌كی جیاوازن و قه‌د هه‌وڵ ناده‌ن ناسنامه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌موو ئه‌فغانییه‌كاندا ساز بكه‌ن، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان به‌و ناسنامه هاوبه‌شه نییه، به‌ڵام ترسیان لهبهزمانهێنانیدا هه‌یه، چونكه نازانن ئاكامه‌كه‌ی چی ده‌بێ، به‌ڵام هه‌رچی ده‌بێ باببێ، چونكه له‌مه زیاتر دۆخه‌كه ئاڵۆزتر نابێ…)
ئه‌فغانستان له كۆمه‌ڵه كوولتوورێكی جیاواز پێكهاتووه كه گرینگ‌ترینیان له شیعه، سوونه و هه‌زاره‌كان پێك دێ، شیعه‌كان چه‌ند گرووپێكی جیاوازن و سوونه‌كانیش په‌شتوون، تاجیك، ئووزبهك، به‌لووچ و په‌شه‌یی له‌خۆ ده‌گرێ. ئه‌م سێ كوولتووره سه‌ره‌كییه له‌گه‌ڵ یه‌ك سازانیان نییه، چونكه به‌شێك هه‌زاره‌كان به ئه‌فغان هه‌ژمار ناكه‌ن و به‌شێكی دیكه‌یان جیاوازییه ئایینییه‌كانی نێوان شیعه و سوونه كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی پتر كردووه و كه‌سیش نایهه‌وێ خۆی له خوێندنه‌وه‌ی نوێ بدات، چونكه پێی وایه ده‌بێته قوربانیی.
له كوردستانیش تاكوو ئیستا هه‌موو كورد خۆی به یه‌ك نه‌ته‌وه پێناسه ده‌كات، كه‌چی له كرده‌وه‌دا ئه‌مه زۆر بێمانایه و كه‌س له‌گه‌ڵ كه‌س هاوڕا و ته‌با و یه‌كگرتوو نییه. كورد به‌سه‌ر چه‌ند وڵات‌دا دابه‌شكراوه، پێش ئه‌و دابه‌شبوونه‌ش كورد هه‌ر له‌نێوخۆدا دابه‌ش ببوو، بۆیه نابێ دابه‌شبوونی كورد هه‌ر هه‌مووی بخه‌ینه ئه‌ستۆی كۆلۆنیالیزمی سه‌رده‌م، چونكه كورد قه‌د له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێنه‌كه‌وتووه كه له‌ژێر ئاڵایه‌كی هاوبه‌ش و له‌ژێر فه‌رمانی سه‌ركرده‌یه‌كی هاوبه‌شدا یه‌كبگرێت، له‌و كاته‌وه ئیمپراتووریی ماد ڕۆخاوه، كورد ده‌وڵه‌تی درووست نه‌كردووه كه هه‌موو كوردستان له‌خۆ بگرێت، به‌ڵام خاوه‌نی ده‌یان ده‌وڵه‌تشار بووه، هۆكاری درووست بوونی ده‌وڵه‌تشاری كوردان بۆ ئه‌و ناكۆكییه‌ی نێوان سه‌ركرده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كه‌سیان ملی بۆ كه‌سیان ڕانه‌كێشاوه و هه‌ركامه بۆ خۆی، خۆی به سه‌رۆك و پاشا زانیوه. ئه‌مه‌ش له مێژوودا بێ وێنه‌یه كه كورد چه‌نده خۆخۆر و خۆكووژ بووه.
ئیستا كه كورد سه‌دان ساڵ ژیانی له ژێرده‌ستی تێپه‌ڕ كردووه، هه‌نووكه ئه‌م بندهستییهی كورد سنووری خووڵقاندووه، ئه‌م سنوورانه‌ش كولتوور و ناسنامه‌ی جیاوازی به كورد له به‌شه‌كانی كوردستان به‌خشیوه، كه هه‌ركام له به‌شه‌كانی كوردستان له‌ژێر ده‌ستی وڵاتێكی بێگانه‌یه، وه‌ك ئاماژه‌م پێی كرد، ئه‌م دابه‌شبوونه‌ش كوردی كردوه‌ته خاوه‌ن كوولتوور و ناسنامه‌ی جیاواز؛ باشوورییه‌كان زۆرتر فاسۆلیا ده‌خۆن، له كاتێكدا له ڕۆژهه‌ڵات فاسۆلیا خواردنێكی زۆر ئاساییه، یانخود له ڕۆژئاوا و باكوور گه‌لی كورد خواردنی زۆر تیژ ده‌خۆن، له كاتێكدا له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات به‌و چه‌شنه نییه، ئه‌مه ته‌نیا باسی كوولتووری خواردنه. یان مرۆڤی باشوور كه‌سایه‌تییه‌كی تووندوتیژی هه‌یه و له‌سه‌ر بچووكترین كێشه و شت خه‌ڵك ده‌كوژێت، به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵات خه‌ڵك له‌به‌ر هیچ شتێك خه‌ڵكی دیكه ناكووژێت، واته خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات نهرمونیانترن. له باكوور بابه‌تی ئابووریی زاڵه به‌سه‌ر كوردبوون و نیشتمانیبوون دا.
یان تا سۆرانییهك هه‌بێ كه‌س دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ بادینیی و كرمانجییهك ناكات، یانخود پێچه‌وانه، سه‌باره‌ت به باكوور و ڕۆژئاواش هه‌روه‌ها. من له شارێك ده‌ژیم، ده‌یان كوردی ڕۆژئاوای لێیه، كه‌چی ئه‌وان پتر له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كاندا تێكه‌ڵن و سۆرانییهك به كه‌سێكی نزیك له خۆیان پێناسه ناكه‌ن. له سیاسه‌تیشدا به هه‌مان چه‌شن، هه‌میشه به‌رژه‌وندیی به‌شێكی تری كوردستان ناته‌با بووه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌شێكیتری كوردستان دا.
كاتێ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان نه‌یاری ڕژیمی ئێرانن، باشوورییه‌كان دۆستی ڕژیمی تارانن، ئه‌وكاتیش ڕۆژهه‌ڵات پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ڕژیمی سه‌دامدا هه‌بوو كه‌چی باشوور دژی ڕژیمی سه‌دام خه‌باتی ده‌كرد و له پێوه‌ندی قووڵدابوو له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێران، ته‌نانه‌ت پێشی سپای ئێران ده‌كه‌وتن بۆ نێو باشوور. هه‌روه‌ها له‌به‌ر دۆستایه‌تی ڕژیمی ئێران دژی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش شه‌ڕیان كردووه، یانخود له ماوه‌ی ئه‌م چڵ ساڵه‌ی ڕابردوودا كه كوردانی ڕۆژهه‌ڵات ئاواره‌ی باشوور بوونه له‌لایه‌ن هندێك حیزبی سیاسیی باشوور كوژراون، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌پێناو نوێكردنه‌وه‌ی دۆستایهتییهكهیان بۆ ڕژیمی تاران ئه‌نجام داوه.
سه‌باره‌ت به باشوور و باكووریش؛ هه‌م پارتی و هه‌م یه‌كێتی له‌به‌ر دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ توركیه دژی په‌كه‌كه شه‌ڕیان كردووه یان په‌كه‌كه دژی ئه‌مان شه‌ڕی كردووه، چونكه پێی وابووه یه‌كێتی و پارتی جێپێی ئه‌م لێژ ده‌كه‌ن. ئیستاش باشوور له پێوه‌ندی قووڵدایه له‌گه‌ڵ ڕژیمهكانی ئێران و توركیه، له‌كاتێدا كوردانی ئه‌و به‌شانه‌ی كوردستان نه‌یاری سه‌ره‌كی ئه‌و ڕژیمانه‌ی ئێران و توركیه‌ن. دیموكراته‌كان و كۆمه‌ڵه‌كان پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌یه و لانیكه‌م له‌ماوه‌ی رابردوودا پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنیان له هه‌ڵبژاردنه‌كان لێ‌كرد، له‌وڵاشه‌وه په‌كه‌كه پێوه‌ندی زۆر قووڵی له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێران‌دا هه‌یه.
ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت كه ئیتر كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو نییه، چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی جیاواز لێكیانی دوور ده‌خاته‌وه. به‌رژه‌وه‌ندیی ڕۆژه‌هه‌ڵات له‌وه‌دایه كه نه‌یاری ئێران بێ، كه‌چی به‌رژه‌وه‌ندیی باشوور له‌وه‌دایه كه دۆستی ئێران بێ و خزمه‌تی ڕژیمی ئێران بكات و ته‌نانه‌ت ئیزن نه‌دات ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان سنووره‌كانی ئه‌وان ببه‌زێنن و بچنه‌وه ڕۆژهه‌ڵات به مه‌به‌ستی كاری سیاسیی و ڕێخستن.
ده‌بێ ئیتر واز له‌و خه‌ونه بێنن كه كوردی به نه‌ته‌ویه‌كی یه‌كگرتوو پێناسه ده‌كرد، ئێوه كه ناتوانن وه‌ك دوو حیزبی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك دوو دیموكرات یان دوو وه‌ك كۆمه‌ڵه یان وه‌ك دوو كۆمه‌ڵه و دیموكرات، یان وه‌ك دوو حیزبی باشوور یه‌كێتی و پارتی، پارتی و گۆڕان، گۆڕان و یه‌كێتی، كۆمه‌ڵ و پارتی، یان وه‌ك دوو حیزبی ڕۆژئاوا په‌یه‌ده و ئه‌لپارتی، یان لایه‌نه‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه و پارتی له‌گه‌ڵ یه‌ك یه‌كگرتوو بن و خاوه‌ن ستراتیژییه‌كی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی و ئایینیی بن، ئیتر چۆن ده‌توانن كورد به نه‌ته‌وه پێناسه بكه‌ن. یان ئێوه له پێناسه‌ی نه‌ته‌وه ناگه‌ن، یان له‌ژێر ئه‌و درووشمانه‌دا كه‌ڵكی سیاسیی و ئابووریی له بابه‌تێكی تاییبه‌ت وه‌رده‌گرن، چونكه یه‌كگرتنی كورد له‌م دۆخه‌دا له دژی به‌رژه‌وه‌ندیی زۆربه‌ی حیزبه‌كانی كوردستانه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وان هه‌ر كامه بۆ خۆیان، خۆیان به خاوه‌ن حه‌ق و ئه‌ویتریان به ناحه‌ق و پیاوی بێگانه پێناسه ده‌كه‌ن.
با ئیتر واز له خه‌ونی یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك ئاڵا و یه‌ك نیشتمان بێنین، نیشتمانی من ته‌نیا ڕۆژهه‌ڵاته، چونكه ته‌نیا له‌وێ هه‌ست به ئارامیی ده‌كه‌م. چون ده‌كرێ له وڵاتێك كه هاوزمانانی من، من به ئێرانی پێناسه ده‌كه‌ن خۆم به خه‌ڵكی ئه‌وێ پێناسه بكه‌م، له دۆخێك‌دا هه‌ركه ده‌رفه‌تیان بۆلووا ده‌مفرۆشن، چون ده‌كرێ خه‌ڵكی ئه‌وێ هاوڵاتیی من بن و منیش هاوڵاتیی ئه‌وان بم، له وڵاتێكدا من وه‌ك كالا به وڵاتانی داگیركه‌ر ده‌فرۆشن، ئیتر ئه‌و وڵاته نیشتمانی من نییه.
ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك فاكتن، واته زانیاری سه‌لمێنراون، ئیتر بۆچی كه‌س ئاماده نییه ئه‌م ڕاستیانه به زماندا بهێنێت، ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بۆ گۆڕینی دۆخه‌كه بدا. گۆڕینی دۆخه‌كه‌ش له‌وه‌ڕا ده‌سپێده‌كات كه ڕاستییه‌كان ببینین و وه‌ك فاكت بیخهینهبهر كۆڵینه‌وه تا ئه‌نجامێكی درووست ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
ئیستا به كرده‌وه كورد بووه‌ته چوار نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، چونكه به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تدا دابه‌شكراوه، هاوكات زۆربه‌ی پارته سیاسییه‌كانی كورد له‌و به‌شانه‌ی كوردستان پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه نابێ هیچكام له پارته‌كانی پارچه‌یه‌كی كوردستان ده‌ست وه‌ربداته كاروباری پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستان. ئه‌مه‌ش به مانای ئه‌وه دێ كه هه‌ر پارچه‌یه‌ك بۆ خۆی هه‌وڵی درووست كردنی نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز ده‌دات، ته‌نانه‌ت كورد خاوه‌نی یه‌ك ئاڵای هاوبه‌شیش نییه. ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بێ كه من باسی ده‌كه‌م كه‌واتا ده‌بێ ده‌ستی هه‌موو پارته‌كان ئاوه‌ڵا بێ بۆئهندامگیریی له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان دا.
لێره‌دا به‌و ئاكامه ده‌گه‌ین كه هیچكام له حیزبه‌كانی كوردستان وتاریان له‌گه‌ڵ كرداریان ته‌با نییه و ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و حیزبانه توانای ئه‌وه‌یان نییه له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆیان ڕاستگۆ بن، چونكه خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی هزریی و سیاسیی و نیشتمانیی نیین. ئیستاش حیزبه كوردستانییه‌كان هه‌وڵ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشتمانی داگیركه‌ران ده‌ده‌ن. ئیستاش ڕۆڵه‌ی كورد بۆ ئازادكردنی نیشتمانی داگیركه‌ران و دیموكراتیزه‌كردنی نیشتمانی دژه‌كورد به كوشت ده‌ده‌ن.
ئایا كاتی ئه‌وه نه‌گه‌ییشتووه كه كورد ستراتیژیی خۆی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بگۆڕێ؟ ئه‌گه‌ر ئێوه خه‌بات بۆ دیموكراتیزه‌كردنی نیشتمانی دژه‌كورد ده‌كه‌ن، ده‌ست له خه‌باتی چه‌كداریی هه‌ڵبگرن و لانیكه‌م وه‌ك فارس و تورك و عه‌ره‌به‌كان خه‌بات بكه‌ن، ئه‌وان خه‌باتی چه‌كداریی ناكه‌ن، ته‌نیا خه‌باتی مه‌ده‌نیی ده‌كه‌ن، ئێوه‌ش له ڕۆژهه‌ڵات و باكوور ئیتر ده‌ست له شه‌ڕی چه‌كداریی هه‌ڵگرن و هه‌نگاوێك به‌ره‌و نیشتمانیبوون بێنه پێشه‌وه. ناكرێ به كوشتنی دوو سه‌باز كه ئه‌وانیش هه‌ر كوردن، بیست ڕۆڵه‌ی دیكه‌ی كورد كه ئه‌ندامی خۆتانن به شه‌هیددان بده‌ن.
ئه‌م ستراتیژییه‌ی ئه‌مڕۆ كه كورد له ڕۆژهه‌ڵات هه‌یه‌تی زۆر هه‌ڵه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی باشوور دێته به‌رچاو، چونكه له باشووریش سه‌دامیان ڕاونا و عه‌بادیی، مالیكی، سه‌در و ده‌یانی دیكه كه له سه‌دام دژهكوردترن هاتنه سه‌ركار و ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه گرت، له ڕۆژهه‌ڵاتیش هه‌مان سیناریۆ دووپات ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر كورد له‌سه‌ر هه‌مان ستراتیژی ئه‌مڕۆ بچێ كه ئامانجی ڕۆخانی ڕژیمی ئێران و دیموكراتیزه‌كردنی ئێرانه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه دێنه سه‌ركار هه‌مانن كه پێشه‌وایان له‌سێداره دا، ته‌نانه‌ت پشتیوانیی له ڕژیمی تارانیش ده‌كه‌ن كه كورد زیاتر سه‌ركووت بكات.
بۆچی كاتێ باس له‌سه‌ر ڕزگاركردن، خوێندان، خه‌باتكردن و قوربانیدانه ئه‌وه حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ته‌نیا خه‌ڵكی كورد ده‌كه‌نه قوربانی، به‌ڵام كاتێ باس دێته‌سه‌ر ئازادیی و دیموكراسیی ئیتر داوای ئه‌و مافه بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ئێران ده‌كه‌ن و ده‌یانهه‌وێ كورد قوربانی بدا و ڕۆڵه‌ی كورد به‌كوشت بدرێ و به‌رهه‌مه‌كه‌شی دژه‌كورد بیخوات. نابێ ئیتر ئه‌م سیاسه‌ته درێژه‌ی پێ بدرێ، ده‌بینین كاتێ ڕۆڵه‌ی كورد ده‌بێته قوربانی له‌پێناو ئازادكردن و دیموكراتیزه‌كردنی ئێران فارسه‌كان، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له میدیادا هه‌یه له ئه‌ورووپا ده‌ستخۆشی له ڕژیمی ئێران ده‌كه‌ن و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕژیم ده‌رده‌بڕن، ئێرانی داهاتوو كه ئێوه ئیستا خوێنی كوردی له پێناودا ده‌ڕژێنن، سبه‌ینێ ئه‌مانه ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن، ئه‌و كات هه‌ر ئه‌مانه وه‌ك مالیكی و عه‌بادی هێرشتان ده‌كه‌نه‌سه‌ر.
به‌ده‌ر له‌وه ئه‌گه‌ر ئا له‌م دۆخه‌دا كه ئه‌مڕۆ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات تێیدان ڕژیمی ئێران بڕۆخێ،ڕۆژهه‌ڵات پتر وێران ده‌بێ، چونكه كۆمه‌ڵه‌كان و دیموكراته‌كان و پژاك له‌گه‌ڵ یه‌ك ته‌با نیین و ئه‌مه‌ش ماڵوێرانیی به‌دوا دێ و كوردكوژیی له‌نێوخۆدا ده‌ست پێ ده‌كات، خوێنی كورد له ڕۆژهه‌ڵات به‌ده‌ستی ئه‌م حیزبانه‌وه ده‌ڕژێ و یه‌كتركوشتن ده‌ست پێده‌كه‌ن، چونكه ئه‌مانه ئیستا یه‌ك حیزبی دووسهدنهفهری كه هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك بۆچوونی هاوبه‌ش كۆكن، پێ ئیداره ناكرێ، ئیتر چۆن ده‌توانن ڕۆژهه‌ڵاتێكی پان و به‌رین و پڕ له كه‌سایه‌تیی خاوه‌ن زانست ئیداره بكه‌ن. ئه‌مانه بهرهگهی یه‌ك ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گره‌كانیان ناگرن و ده‌ست به سه‌ركووتكردن ده‌كه‌ن. ئامانج له هێنانه‌ئارای ئه‌م باسانه چاكسازییه نه‌ك بێ هیواكردن!.
له‌بیرمان نه‌چێ كاتێ باشوور ڕاپه‌ڕینی كرد، هه‌موو حیزبه‌كانی باشوور له‌سه‌ر به‌ره‌ی كوردستانیی پێكهاتن، به‌ڵام ئاكامه‌كه‌ی بینرا كه چی ڕووی دا! ئیستا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان پێكه‌وه ناتوانن چاییه‌ك بخۆن، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ به‌م شێوه بچنه‌وه ڕۆژهه‌ڵات ده‌زانن چی ڕوو ده‌دات؟
ئیستا له ڕۆژهه‌ڵات حه‌وت گرووپی چه‌كدار هه‌ن كه هه‌موویان خۆیان به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌ژمار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزانه میلیشیا نیین و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانن، ده‌ی بۆ یه‌كناگرن؟ خۆ هێزی چه‌كداری حیزبی به هێزی میلیشیا پێناسه ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئێوه میلیشیا نیین یه‌كبگرن و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پێكبهێنن، با ئه‌م هێزه‌ش له‌ژێر ئاڵایه‌كی نیشتمانیدا ڕاهێنانی پێبكرێت، با حیزبه‌كانیش كاری سیاسیی خۆیان درێژه پێبده‌ن، به‌و شێوه هه‌م حیزبه‌كان كاری سیاسیی و ڕێخستن ده‌كه‌ن و هه‌م كوردیش له ڕۆژهه‌ڵات ئه‌رته‌شی نیشتمانیی ده‌بێ كه سامانی هه‌موو گه‌لی كورده و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵات شانازیی پێوه ده‌كات.
ئه‌و ئه‌رته‌شه ڕۆژهه‌ڵاتی نوێ ده‌پارێزێت. به‌ڵام به‌مشێوه كه دیاره ئێوه ده‌تانهه‌وێ ئه‌م هێزه میلیشاییه له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسه سیاسییه‌كاندا به قازانجی خۆتان به‌كار بهێنن، ئه‌مه‌ش لانیكه‌م له باری یاسیاییهوه ڕێگه‌پێدراو.
ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ ڕۆژهه‌ڵاتی نوێ وه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌مڕۆ نه‌بێ، ده‌بێ یاسا سه‌روه‌ر بێ و ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و حوكوومی لێك جیابكرێته‌وه. یه‌كه‌م هه‌نگاوی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی له حوكوومه‌ت له‌وه ده‌ستپێده‌كات كه هێزه چه‌كداره‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزب‌دا ده‌ربهێنرێن و ببنه سپای نیشتمانیی.