عیماد عه‌لی: ئه‌گه‌ری دۆڕانی كورد له یاریه‌كه‌ی به‌غدا.
ئه‌وه‌ی زۆر قازانجی بۆ كورد بوو، ئه‌وه‌یه كه كوتله سیاسیه براوه‌كانی عیراق له‌ژماره و قه‌باره‌دا له‌ده‌رئه‌نجامدا له‌یه‌كتر نزیكبوون له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا و كوتله‌ی گه‌وره‌ی جیاواز له‌وانیترده‌رنه‌كه‌وت. بۆیه یاریه‌كه‌ی ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه له‌م خوله‌دا ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات له سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان دروست بێت یان به‌هه‌مان به‌شبه‌شێنه‌ی پێشتر بروات، ئه‌مه‌ش له ئامانجه‌كانی ده‌سترۆیشتوانی وڵاتانی هه‌رێمی جیهانیه كه ده‌یانه‌وێت وه‌ك قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی دهرهئهنجامهكه كه به‌دڵیان نه‌بوو، به دروستكردنی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بتوانن به زاڵی بمێننه‌وه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت رۆشنبیری و فه‌لسه‌فی گه‌لانی عیراقه‌وه. ئه‌گه‌ر كورد به یه‌كگرتوویی و دوور له هه‌ندێگ به‌رژه‌وه‌ندی بجوڵێته‌وه ( كه له‌وباوه‌ره‌دام به‌م كارهكتهرانەوه سه‌ركه‌وتوو نابێت) ئه‌وه براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت و ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌و دوو پێكهاته‌كه‌ی تر كێبركێی حزبی بكات، ئه‌وه دۆراوی یه‌كه‌م ده‌رده‌چێت و له‌وان زیاتر زه‌ره‌ده‌كات نه‌ك وه‌كو ئه‌وانیتر نه دۆراو نه‌ش براوه بیت، بۆ؟
ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو بێت و پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تر هاوپه‌یمان بن، له هه‌موو بریاره‌كان به ههستیارهكانیشهوه ده‌بنه هێلكه‌ی قهپانهكه و ئه‌توان سه‌رجه‌م پرسه‌كان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و، وه‌ك ئه‌وه‌یان لێدێت كه به ناراسته‌وخۆ حوكمی عیراق بكه‌ن. یه‌كگرتوویی كورد بۆ پرسی نێوخۆیی و چاره‌نوسی دورمهوداش به‌ردێكی بناغه‌یی ده‌بێت. به‌ڵام گه‌ر په‌رته‌وازه بن و به دوو دید و بۆچون یان زیاتر برۆن، ئه‌وا به‌هه‌مان وه‌زعی سونه و شیعه، ئۆپۆزسیۆن و دسه‌ڵاتیان لێ دروست ده‌بێت و به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌روه‌كو پێكهاته‌كانی تر دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا و، هیچ قورساییه‌كی تایبه‌تیان نامێنێت و به‌هه‌مان بارودۆخی پێشتر ده‌رۆن به‌رێوه و ته‌نانه‌ت خراپتریش.
له هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رلمانی عیراق و مه‌سه‌له‌ی كاندیدی سه‌رۆك كۆمار و ئه‌گه‌ری له ئارادا بونی دووكاندیدی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه كورد له‌و ئاستهدانیه بتوانێت له‌م قۆناغه ئامانجی حزبی بكاته قوربانی ئامانجی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه ده‌بێت خه‌ڵك چ ئومێدێكیان پێ بمێنێت.
دابه‌شبونی عیراق به‌سه‌ر دوو دید و روانگه و پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆن و دوور كه‌وتنه‌وه له پشكداری گه‌وره‌ترین خاڵی یه‌كێتی و یه‌كبونی خاك و ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری عیراق ده‌بێت و ئه‌وه‌ی له‌م بۆچون و ره‌فتاره ی به نیازن له عیراق به‌رجه‌سته بكرێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌شدار بێت ده‌بێت له دووباره لكاندنه‌وه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ عیراق به زه‌لیلی و ژێردهستهییهكی زیاتر و به‌هێزتره‌وه خۆی بدۆزێته‌وه، به‌ڵكو خۆی له سه‌ره‌تای گه‌رانه‌وه بۆ پاش ساڵه‌كانی بیستی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌بینێته‌وه.
له‌م رۆژانه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه، به‌ڵام دوكه‌ڵه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی په‌رله‌مانی عیراق و نه‌بونی هه‌ماهه‌نگی له دیاریكردنی كاندید بۆ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و سه‌رۆكی عیراقیش ده‌ركه‌وت وئێستاش ئه‌و ململانێیه كه له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆك كۆمار له نێوان هه‌ردوو حزبی زلهێز له ئارادایه، كه ترسناكیی زۆر گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه و، لاف و گه‌زافی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌خاته ژیر پرسیاره‌وه. له‌م مانگه‌دا زۆر شتمان بۆ روون ده‌بێته‌وه و عه‌قڵیه‌تی كوردیشمان به‌یه‌كجاری بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه تاچه‌ند بیریان له ستراتیجیه‌ت و ئامانجی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان كردۆته‌وه، یان وادهرۆن كه به‌ناچاری ده‌بێت دووباره بگه‌رێینه‌وه بۆ خاڵی سفری چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م.