عه‌تا قه‌ره‌داخی: كورد 98 ساڵ له دواى سیڤه‌ر چی بكات؟. بەشی دووەم.
( له رووخاندنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، سه‌ربارى لاوازیى ناسیونالیزمی كوردى، هه‌لی ئه‌وه هه‌بوو كه ده‌وڵه‌ت بۆ كورد دروست بكرێت، وەک چۆن چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له ناوچه‌كه‌دا بۆ عه‌ره‌ب دروست كرا ، كه ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی له‌و كاته‌دا هێنده له ناسیونالیزمی كوردى په‌ره‌سه‌ندوتر نه‌بوو. واته چوارچێوه‌ى چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی ناسیونالیستی بۆ عه‌ره‌ب دروست كرا، به‌بێ ئه‌وه‌ى ناسیونالیزم ئاماده‌بوونی هه‌بێت. دیاره له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و بۆچوونه‌ى كه ده‌شێ له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تدا ناسیونالیزم گه‌شه بكات و پێ بگات. جێبه‌جێكردنی به‌نده تایبه‌ته‌كانی (62-63-64)ى رێكکه‌وتنی سیڤه‌ر لە 10-8-1920، ده‌شیا ئه‌و هه‌له‌ى به كوردیش بدایه و ده‌وڵه‌تی كوردى پێكبهاتایه، به‌ڵام دیاره جووتبوونی به‌رژه‌وه‌ندیى رۆژئاواى داگیركه‌ر له‌و كاته‌دا له‌گه‌ڵ تورك و عه‌ره‌به‌كان ئه‌و هه‌له‌ى به كورد نه‌دا و رێكکه‌وتنی لۆزان ئه‌و ئومێده‌ى كوردى له‌و كاته‌دا له گۆڕ نا. بۆیه له‌و كاته‌وه بۆ ئێستا و بۆ له‌مه‌ودواش كورد رێگایه‌كی له‌به‌رده‌مدا ماوه بۆ دروستبوونی ده‌وه‌ڵه‌تی كوردى، ئه‌ویش بوونی ناسیونالیزمی كوردییه به ئایدیۆلۆجیاى بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریى به‌رفراوان، كه هه‌موو سنووره ناوچه‌ییه‌كانی خێڵ و عه‌شیره‌ت و حزب و رێكخراو و ئایین و مه‌زهه‌ب و ته‌ریقه‌ت ههڵوهشێنێـتهوه و كورد بكات به یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و له ده‌ورى یه‌ك ئامانج كۆى بكاته‌وه، كه ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆیی و پێكهێنانی ده‌وڵەتی نه‌ته‌وه‌ییه. تا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش پێكنه‌یه‌ت نه كورد ئازادى و دیموكراسی و ماف به خۆیه‌وه ده‌بینێت، نه له مه‌ترسی له‌ناوچوون رزگارى ده‌بێت، نه ده‌توانێت له به‌رهه‌مهێنانی شارستانێتیدا به‌شداریى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تی بكات.)
له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، حزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه نه‌بوونه‌ته هه‌ڵگری پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت، له باشووری كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و حزبه‌كانی تریش كه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك جه‌ماوه‌ریان هه‌بووه و هه‌یه، هه‌ڵگری به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌بوون، ئێستا پارتی به قسه و به دروشم و له راگهیاندنهكانیهوه به‌رده‌وام باسی ده‌وڵه‌ت ده‌كات، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا پارتی ئه‌و دروشم و قسانه ده‌كات به كردار و دابڕان له‌گه‌ڵ رابردووى خۆی و سه‌رجه‌م حزب و بزووتنه‌وه‌كانی تر‌ى ئێستا و رابردووى كوردستاندا بكات؟ له باكوور پارتی كرێكارانی كوردستان كه پێشتر باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كرد، ئێستا پاشه‌كشه‌ى كردووه و باسی دیموكراتی گه‌لان ده‌كات و گوتارێكی ته‌مومژاوى هه‌یه و زیاتر گوتارى توركیاى دیموكراتی و پێكه‌وه‌ژیانی تورك و كورده. له رۆژئاوای کوردستانیش گوتارێكی ئاشكراى نه‌ته‌وه‌یی یان ناسیونالیزم نییه، به‌تایبه‌تی كه هێزى سه‌ره‌كیی رۆژئاوا وێنه‌یه‌كی پارتی كرێكارانه و به‌و پێیه‌ش گوتارى رۆژئاوا هاوشێوه‌ى گوتارى پارتی كرێكارانه، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه گوتارى رۆژئاوا له‌ژێر كاریگه‌رى و هه‌ژموونی گوتارى پارتی كرێكاراندایه.
له راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا خه‌ڵكی كوردستان به‌كرده‌وه سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان راگه‌یاند، كه‌چی حزبه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی به‌رنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت نه‌بوون، نه‌یانتوانی هیچ بڕیارێك بده‌ن و سه‌رئه‌نجام دواى دروستبوونی په‌رله‌مانی كوردستان له رێگای په‌رله‌مانه‌وه به‌رنامه‌ی خۆیانیان به ناوی به‌رنامه‌ی خه‌ڵكی باشووری كوردستانه‌وه دیاری كرد، كه فیدراڵی بوو له چوارچێوه‌ی عێراقی یه‌كگرتوودا. دواتریش كه ئه‌مه‌ریكا رژێمی به‌عسی رووخاند، هه‌لێكی له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردی كه‌ركووك و ناوچه داگیركراوه‌كانی تری باشووری كوردستانی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی عێراقی رزگار بكردایه و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌م به‌شەدا ده‌وڵه‌تی رابگه‌یاندایه، كه‌چی ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه له‌به‌ر به‌هێزبوونی ئینتیمای عێراقیبوونیان و له‌به‌ر نه‌توانینی بڕیاردان و ترسی گه‌وره له هه‌ر جۆره موجازهفهیهك له زووترین كاتدا گه‌یشتنه به‌غدا و له‌بری هه‌وڵ و كۆشش بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، شانیان دایه به‌ر دروستكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق، ئه‌مه‌ش بێجگه له لاوازیی ناسیۆنالیزمی كوردی و نه‌گه‌یشتنی به ئاستێك كه هه‌ڵگری پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بێت، هیچ بیانوو پاساوێكی تری نییه.
كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا گه‌وره‌ترین هه‌لی زێڕینی له‌ده‌ست دا بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، به‌تایبه‌تی له كاتێكدا له عێراقدا ده‌وڵه‌ت هه‌ڵوه‌شابووه‌وه. له باكووری كوردستانیش پارتی كرێكارانی كوردستان كه پێشتر باسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو كوردستان و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی یه‌كگرتووی كوردی ده‌كرد، ئه‌ویش پاشه‌كشه‌ی له‌و به‌رنامه‌یه‌ی خۆی كرد و ئێستا ئه‌ویش به‌رنامه‌یه‌كی ئاشكرا و روونی نییه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی. ئه‌م هه‌ڵوێستی نه‌توانینی بڕیاردانی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن حزب و رێكخراو و هێزه كوردییه‌كانه‌وه ئه‌وه نیشان ده‌دات، هێشتا ناسیۆنالیزمی كوردی نه‌بووه‌ته بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی جه‌ماوه‌ریی خاوه‌ن پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت. بێ گومان ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌ی هه‌ڵگری پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت نییه، ناسیۆنالیزمێكی ناته‌واو یان بێ شوناسه.
ئێمه پێشتر باسی ئه‌وه‌مان كردووه، كه كۆمه‌ڵگای كوردی له په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا له‌بری به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌ت، میرنشینی دروست كردووه (7) كه ئاستێكی په‌ره‌سه‌ندووه له ده‌سه‌ڵاتی خێڵ(8). ناسیۆنالیزمی كوردی له‌بری هه‌ڵگرتنی پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ڵگری به‌رنامه‌ی دیموكراسی بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌سته و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان بووه و له‌م رهوتهشیدا به‌رزترین خاڵ كه پێی گه‌یشتووه فیدراڵییه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و كوردی بنده‌ستدا. ئه‌مه‌ش ئه‌وەمان نیشان ده‌دات، كه هه‌ر چۆن په‌ره‌سه‌ندنی ناسروشتیی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له رابردوودا له‌بری ده‌وڵه‌ت میرنشینی به‌رهه‌م هێناوه، به هه‌مان شێوه ناسیۆنالیزمی كوردییش كه به‌رهه‌می هه‌مان په‌ره‌سه‌ندنی ناسروشتیی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه، له‌بری هه‌ڵگرتنی پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی، به‌رنامه‌ی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی هه‌ڵده‌گرێت، كه ئه‌میش به‌راورد به ده‌وڵه‌ت هه‌مان شێوه‌ی میرنشینه، ئه‌مه‌ش گه‌وهه‌ری كۆمه‌ڵگای كوردی و شێوازی پێكهاتن و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌خاته به‌رده‌م پرسیاره‌وه، كه ئایا بۆچی له هیچ قۆناغێكی ژیانی خۆیدا نه‌یتوانیوه دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و قۆناغه به‌رهه‌م بهێنێت؟ دیاره په‌ره‌سه‌ندنی ناسروشتی و تێكشكاندنی كه‌سێتیی كوردی له مێژوودا و بێ توانایی و لاوازیی ئه‌م كه‌سێتییه تێكشكاوه بۆ خۆدروستكردنهوه و خۆبنیاتنانه‌وه به جۆرێك كه بتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێت و بڵێت: ”ئه‌مه منم“، هۆكاری سه‌ره‌كیی زاتی مانه‌وه‌ی كورده به‌بێ ده‌وڵه‌ت و له په‌راوێزی مێژوودا.
به‌ڵام ئایا ده‌بێ ئه‌م كه‌سێتییه بۆ هه‌تا هه‌تایه به‌م شێوه‌یه بمێنێته‌وه و بۆ هه‌تاهه‌تایه نه‌گاته ئاستی خۆنماییشكردن و نه‌بێت به خاوه‌نی پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش بخاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه؟ بێ گومان مێژوو ناوه‌ستێت و سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه به‌ئاشكرا مێژوو به‌گوێره‌ی كورد له جووڵه‌یه‌كی زۆر هێواشدایه، به‌ڵام گومانی تێدا نییه كوردیش ده‌گاته ئاستی گورزاشتكردنی راسته‌قینه له خۆی و هه‌نگاوی بهرهوهاتنه ناو مێژوو ده‌نێت و ده‌بێته خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی خۆی، واته ده‌بێ به‌و چاوه بڕوانین، له كاتێكدا ئێستا له ئه‌وروپا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و له‌ده‌ستدانی زۆرێك له خاسێته‌كانی خۆی ده‌چێت و به‌ره‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپا یان ده‌وڵه‌تی هه‌مووان هه‌نگاو ده‌نێت، كورد ده‌بێ بگاته قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی یه‌كگرتووی خۆی و له‌وێشه‌وه به‌شداریی دیاری خۆی بكات له بیناكردنی شارستانیی مرۆڤایه‌تیدا و له‌و گونده گه‌ردوونییه‌ی كه چاوه‌ڕوانی پێكهاتنی ده‌كرێت، كوردیش ماڵی تایبه‌تی خۆیی هه‌بێت، به‌ڵام ئایا چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك كورد ده‌گاته ئاستی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت؟ دیاره ئێستا ئه‌و پرسیاره سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ئایا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا له باشووری كوردستاندا هه‌یه و ئه‌و بزووتنه‌وه و حزب و نوخبه سیاسییه‌ى كه ئێستا له كوردستانی گه‌وره‌دا هه‌ن، به‌م به‌رنامه و تێڕوانین و شێوازی كاركردنه‌ی ئێستایانه‌وه، ده‌بنه ئه‌و بكهرەى كه ده‌وڵه‌تی كوردی چ له به‌شێكی كوردستاندا، یان له كوردستانی گه‌وره‌دا دروست بكه‌ن؟
باشووری كوردستان هه‌لێكی باشی له‌به‌رده‌ستدا بوو بۆ په‌ره‌دان به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له ساڵی 1991 دامه‌زرا، به‌ڵام خه‌ریكبوونی لایه‌نه‌كان به كێشه‌كانی نێوان خۆیانه‌وه له شه‌ڕی ناوخۆ و له خراپ به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان و له نه‌توانینی بیناكردنی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه بۆ ده‌وڵه‌ت پێویستن، له شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و بیناكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌رەوه و له هه‌مووشی گرنگتر كاركردن به جۆرێك كه یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی لێ پێك بێت، ئه‌گه‌ری پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی له‌م به‌شەدا دواخست. دیاره له نه‌بوونی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و له لاوازیی ناسیۆنالیزمی كوردی له‌م به‌شەدا و خه‌ریكبوونی لایه‌نه‌كان به ململانێی ناوخۆ و كاركردنیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبایهتیاندا، یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م به‌شه‌ی له هه‌موو كات زیاتر هه‌ڵوه‌شانده‌وه و خواست و ویستی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی له بیری جه‌ماوه‌ریش برده‌وه. كه‌واته ئێستا چۆن و له چ رێگایه‌كه‌وه كورد ده‌توانێت زه‌مینه بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی بسازێنێت؟ كورد بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئاستی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت، پێویستی به پرۆژه‌یه‌كه كه تێیدا كه‌سێتیی تێكشكاوی خۆی بینا بكاته‌وه و ببێته كه‌سێتییه‌ك له‌سه‌ر پێی خۆی رابوه‌ستێت، واته له حاڵه‌تی هه‌ست به كه‌می كردن و مانه‌وه له‌سایه‌ی باوكی داگیركه‌ر رزگاری ببێت. ئه‌وه‌ش بێ گومان له پرۆژه‌یه‌كدا ده‌بێ كه بریتییه له پرۆژه‌ی رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌یی كوردی، كه ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش به سوودوه‌رگرتن له هه‌موو خاڵه پۆزه‌تیڤه‌كانی ئه‌و ده‌روازانه ده‌بێت كه باسمان كردن، كه تێكڕا بخرێنه كار به مه‌به‌ستی بیناكردنه‌وه‌ی كه‌سێتیی كوردی و گواستنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی بۆ ئاستێكی ئه‌وتۆ، كه بتوانێت ببێته خاوه‌نی شوناس و هه‌ڵگری پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی.
بێ گومان له پرۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره‌دا، واته كاتێ ناسیۆنالیزمی كوردی ده‌بێته بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وا هه‌موو به‌ربه‌سته ناوخۆییه‌كانی كه رێگرن له‌به‌رده‌م پێكهاتنی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه و نه‌ته‌وه ده‌بێته یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو، چیتر جیاوازیی خێڵایه‌تی و عه‌شیره‌تایه‌تی و زاری قسه‌كردن و ئایین و مه‌زهه‌ب و رێبازى ته‌سه‌وف و جیاوازیی حزبایه‌تی و ئایدیۆلۆجیا و ناوچه و شار و هه‌رێم و…ناتوانن رێگر بن له‌به‌رده‌م هێزی ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا، كه بزووێنه‌ری جووڵاندنیان بڵندبوونی رۆحی گشتیی كۆمه‌ڵگایه به ئاڕاسته‌ی گه‌یشتن به به‌رزترین پله و ئاستێك كه تیایدا به‌ئازادی گوزارشت له خۆی بكات، كه ئه‌ویش ته‌نیا له ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت، چونكه مرۆڤ ته‌نیا له ده‌وڵه‌تدا بوونێكی عه‌قڵانی ده‌بێت، بوونێك كه تیایدا عه‌قڵ ئازاد بێت. هه‌روه‌ك رۆح هیچ خاسێتێكی نابێت ته‌نیا به هۆی ئازادییه‌وه نه‌بێت(9). كه‌واته ئازادبوونی عه‌قڵی مرۆڤی كورد له ده‌وڵه‌تی كوردیدا ده‌بێت. بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی پرۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ش ده‌بێ وه‌ها سه‌یر بكرێت كه كورد یه‌ك پێكهاته‌یه و یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووه و پێویسته هه‌موو بوونی كورد به پێكهاته‌ی مرۆیی و نامرۆییه‌وه بخرێته كار و ئه‌وه‌ش كورد له مێژووی دوورودرێژی تێكشكاندن و بهركاربوون و پاشكۆبوونهوه بگوازرێته‌وه بۆ بكه‌رێكی كارا و خاوه‌ن كه‌سێتی و خاوه‌ن شوناس، كه بگاته ئاستێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئاماده‌بوون و خۆسه‌لماندن، نه‌ك هه‌ر خۆی بڵێت ئه‌مه منم، به‌ڵكوو ئه‌وانی تر بڵێن ئه‌وه كورده له ریزی ئه‌وانی خاوه‌ن بوون و شوناسدایه و ئاماده‌بوونی هه‌یه. ئه‌وه‌ش ته‌نیا له رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌یی و له دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستاندا ده‌گاته ئه‌نجام. ئه‌گه‌رچی ئێستا گوێمان له‌وه ده‌بێت كه به‌شێك له نوخبه‌ى سیاسی و حزبی كوردى باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ده‌وڵه‌تی كوردى ئه‌گه‌ر دیموكراسی نه‌بێت نه‌بوونی باشتره، دیاره ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می عه‌قڵێكه كه ناتوانێت خوێندنه‌وه‌ى دروست بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى و كێشه‌كانی بكات. راسته دیموكراسی ئامانجێكی سه‌ره‌كیی خه‌باتی رزگاریخوازیى كورد بووه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت چهترهكهیه بێ بوونی ده‌وڵه‌ت نه ئازادى و نه دیموكراسی مانایه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریى خۆى هه‌بێت، ده‌توانێت له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى خۆیدا خه‌بات بكات بۆ بنیاتنانی باشترین سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایی و بنیاتنانی باشترین نموونه‌ى دیموكراسی و ئازادى. بیریشمان نه‌چێت هیچ ده‌وڵه‌تێك به دیموكراسی دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵكوو دواتر خه‌باتی جه‌ماوه‌ر، دیموكراتی و ئازادى به‌رهه‌م هێناوه و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى كردووه به ده‌وڵه‌تی یاسا و دەوڵەتى هاووڵاتى.