ناودار زیاد: دیموکراتى و ئایدۆلۆژیا, ناتەبا و ناکۆک بەیەکتر.
دیموكراتی له فه‌رهه‌نگی زانسته سیاسییه‌كاندا به واتای ده‌سه‌ڵات و حوكمی گه‌ل دێت. چه‌مك و واتای زاراوه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ت شاره‌كانی یۆنان (500 پ، ز)، له ده‌وڵه‌ت – شاره‌كانی یۆنان‌دا خه‌ڵكی بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ندێك گرفت و پێشهات و مه‌سه‌له‌ی دیاریكراوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان له شوێنێكی دیاریكراو كۆده‌بوونه‌وه و ڕاسته‌وخۆ بڕیاریان له‌باره‌وه ده‌دا. ئه‌م جۆره حوكمڕانیكردنه دواتر به دیموكراتی ڕاسته‌وخۆ ناوزه‌ندكرا، چونكه خه‌ڵكی به‌شێوه‌یه‌كی كرداری و ڕاستەوخۆ به‌شدارى دەکرد له دروستكردنی بڕیاری سیاسی‌دا.
به تێپه‌ڕبوونی كات به‌هۆی زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتووان و به‌رفراوانبونی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌وڵه‌تان، جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیسته‌مه بوو بە ئاسته‌نگ و نه‌كرده‌نی، بۆیه بیرلهوهكرایهوه كه میلله‌ت له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌ستێت به دیاریكردن و متمانه‌دان به نوێنه‌ره‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، بۆئه‌وه‌ی نوێنەرانى هەڵبژێردراو له‌جیاتى میلله‌ت بڕیار بده‌ن. ئه‌مه‌ش به دیموكراتی ناڕاسته‌وخۆ (نوێنه‌رایه‌تی) ناوده‌برێت.
له كۆمه‌ڵگه نوێیه‌كاندا دیموكراتی وا پاچڤه ده‌كرێت كه بریتییه له ده‌نگدانێكی گشتی بۆ دیاریكردنی فه‌رمانڕه‌واكان، هاوكات له‌گه‌ڵ وریاداریكردنیان له پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركه دیاریكراوه‌كه‌یان له ڕێگه‌ی جیاكردنه‌وه و چاودێریكردنی ئیش و كاره‌كانیان و، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ماف، به‌جۆرێك خزمه‌تگوزاری و ئازادییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵ فه‌راهه‌م بكات.
دیموكراتی چ وه‌ك چه‌مك و چ وه‌ك سیسته‌می حوكمڕانی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕه‌واجی په‌یداكرد و بره‌وی سه‌ند. ته‌نانه‌ت ئێستا پارته پارێزگار و سۆسیالیست و دینییه‌كانیش بانگه‌شه‌ی دیموكراتی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و وابه‌سته‌ییه‌ی كه دیموكراتییه‌ت هه‌یه‌تی به بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادیییهكانەوە. هه‌رچه‌نده له مێژوودا چه‌ندین نموونه‌ی حوكمڕانی دیموكراتییمان هه‌یه كه له لایه‌ن ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراوه‌وه قاڵبگیر كراوه و له چوارچێوه و سنوری یه‌ك ئایدۆلۆژیادا به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ بوارێك بۆ بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و دنیابینی دیكه نههێشتراوهتهوه، به‌مه‌ش سیسته‌مه‌كه خزاوه‌ته هه‌ڵدێری دیكاتۆریه‌ت و تۆتالیتاریهتهوه. وه‌ك ده‌زانین له ئه‌ڵمانیای دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، نازییه‌كان لەڕێگەى پرۆسه‌ی دیموكراتی و هەڵبژاردنەوە چوونه‌سه‌ر كورسی فەرمانڕەوایی، به‌ڵام ورده ورده ئایدۆلۆژیاكه‌ی خۆیان سه‌پاند و سیسته‌میان به‌ره‌و دیكتاتۆری برد. به‌هه‌مان شێوه فاشیسته‌كان له ئیتاڵیا و، به‌عسییه شۆڤێنییەکان له سوریا وعێراق و، شیوعییه‌كان له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و كوبا و… هتد.
ئه‌وه‌ی واده‌كات دیموكراتییه‌ت له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیادا پێچه‌وانه و لێكدژ بێت ئه‌وه‌یه كه له هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌كدا هێڵێكی گشتی بیروباوه‌ڕ هه‌یه كه به پیرۆز ته‌ماشا ده‌كرێت، واتا چوارچێوه‌یه‌كی بیركردنه‌وه‌ی قاڵبگیر هه‌یه، كه له ڕێگه‌ی ستراتیجیه‌ت و پلانی گشتگیره‌وه بۆ گه‌یشتن به هه‌ندێك ئامانج كه له لایه‌ن تاكه‌كه‌س یان سهركردایهتییهكهوه دانراوه، كار و چالاكییه‌كانی گروپ ڕێكده‌خات، بۆیه كاتێكیش بوون بە خاوەنى ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌وا دام و ده‌زگاكانی بهرێوهبڕدن به‌كاردێنن بۆ سه‌پاندنی ئایدۆلۆژیاكه‌یان، له‌م میانه‌یه‌شدا پڕهنسیپهكانی دیموكراتییه‌ت وه‌ك پلورالیزمی سیاسی و فره ڕه‌نگی و ئازادی بیروباوه‌ڕ و ده‌ربڕین و کۆبونەوە تووشی شەلەل و ئیفلیج بوون ده‌بن، بۆ نموونه نازییه‌كان پێیان وابوو نه‌ته‌وه‌ی ئاریان باڵا و پیرۆزن و پێویسته ئه‌وان حوكمڕانی جیهان بكه‌ن. لای ئیسلامییه‌كانیش به موسوڵمانكردنی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه ئامانجی سه‌ره‌كییه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیسته‌كان مافی حوكمڕانی و چالاكی ته‌نها بۆخۆیان به ڕه‌وا ده‌بینن، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌ژێر سێبه‌ری ئایدۆلۆژیاكه‌یان و به‌ناوی بهرگریلێكردنیهوه سه‌دان كرده‌وه‌ی قێزه‌ون و دڕندانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ نموونه كۆماری ئیسلامی ئێران به پاساوی مه‌ترسی بۆسه‌ر سیسته‌مه دینییه مهزههبییهكهیان سیاسه‌تی له‌سێداره‌دان په‌یڕه‌و ده‌كات. له‌لایه‌كی تره‌وه ئایدۆلۆژیاكهشیان خزاندووەتە ناو پرۆگرامی په‌روه‌رده و خوێندنەوە و هەوڵى هەناردەکردنیشى بۆ وڵاتانى دەرەوە دەدەن، وێڕاى هه‌وڵەکانیان بۆ شێواندنی لقە كلتورەکانى(subculture) وڵات و تواندنەوەیان لە ناو کلتورى فارس‌دا. بەجۆرێک له دەرئەنجامدا مۆرك و جێده‌ستیان به هه‌موو شوێنێكه‌وه قایم ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سروشتی كۆمه‌ڵگه‌كاندا ناكۆك و ناتەبایە و حاڵه‌تی نائارامى و ناسه‌قامگیری له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت.
له كۆتاییدا دهگەینە ئەو دەرئەنجامەى كه دیموكراتییه‌ت خاوه‌ن ئایدۆلۆژیا نییه و سیسته‌مێكی سیاسی حوكمڕانیكردنه كه تیۆره و بنه‌ما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به درێژایی سه‌دان ساڵ له‌لایه‌ن فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندانه‌وه دارێژڕاوه و به‌رده‌وام له فراوانبوون و په‌ره‌سه‌ندندایه. هه‌رچه‌نده هیچ نزیكایه‌تییه‌كی له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراودا نییه به‌ڵام ئایدۆلۆژیاكان ویستویانه و ده‌یانه‌وێت بۆ به‌دیهێنانی خواست و ئامانجه‌كانیان كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن.