بەهرۆز جەعفەر: حیساباتەکانی پارتی هەڵەن و لەسەر قەزیەی کوردیش ئەکەون.
پێش هەموو شتێک (ئەگەر وەکو کەسێکی حیزبی و لە مەنزوری حیزب و خێڵەوە ئەخوێنیتەوە، ئەوە یانی تۆ بڕیارتداوە هیچ نەخوێنیتەوە).
یەکەم: لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان توانای خوێندنەوەی پێشهاتە جیهانی و هەرێمایەتیەکانی نەبو، لەبەرئەوەی بیری تاکپەرستی و هەلپەرستی ژمارەیەک ملیاردێری پارتی لەگەڵ مالیکی ناگونجێت، ئیتر گڵۆڵەی قەزیەی کورد لەبەغدا ئەخەنە لێژی، کە شەڕی «داعش» یش دێت بەسەرا، ئەم حیزبە ناتوانێت دەستکەوتەکانی جەنگ بچنێتەوە، ئیتر بیانویەک، یان ئارگیۆمێنتێکیش نەماوە ئەم حیزبە کادرو لایەنگرانی خۆی پێوە سەرقاڵ بکات، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە هەموو ئەو سەکتانە چارەسەر بکات، ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق ئەکەنە گوتار و ئەیخەنە مێشکی مەرکەزی بڕیاری پارتیەوە!.
وەختێک ئێمە ئەمەمان زانی، تێگەیشتین ڕیفراندۆم تەنها مەهزەلەیەکە، تەنها بەزمێکە کە خەڵکی کوردستان شەقەکەی ئەخۆن و، قورس لەسەر میللەتەکەمان ئەکەوێت، چونکە دیاربوو لەسەر هیچ ئاستێکی جیهانی، هەرێمایەتی، عێراقی، ناوخۆیی دا کاریان بۆ نەکردبوو!. ئێمەش «وەک توێژەر» و هاوڕێی «میدیاو ناوەندە بیانییەکان» ئەمانویست ئەمە بڵێین، وە لەسەر هەموو ئاستەکان بۆ مێژوو کار بۆ میللەتی کورد بکەین، سوبحانەڵا… هەرچی دز و جەردەو جاش هەیە تێیان بەرداین، دواتر لەبەرئەوەی ئاو نەکەینە ئاشی سەرمایەدارێکی هەڵتۆقیوەوەو بەدوای گوتاری کەس نەکەوین «بێدەنگیمان هەڵبژارد»…
ئەوەتا ئەنجامی ڕیفراندۆم بەدەستەوەدانی نیوەی خاکی کوردستان بو، ئەوەتا ڕیفراندۆم نە لای ناتۆ، نە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نە لە بەغدا، نە لای ئەمریکاو ئەوروپا، نە لەناوخۆی هەرێمدا، هیچ جێگەیەکی نەگرت و، هەرەسی بە قەزیەی کوردیش هێنا تا ئاستێکی زۆر…!. ئیتر بێ شەرم و ناموبالاتیە بەرانبەر خاکی پیرۆزی کوردستان ئەڵێن: « ڕیفراندۆم دەستکەوتەو شانازییە… کارتێکە لە گیرفانمانایە»!.
دووەم: کاتێک دکتۆر بەرهەم ساڵەح، وەک یاریزانێک لە کێشی قورس، وەک کەسێک کە هەرگیز خیانەتی نیشتیمانی نەکردووە، وەک دیبلۆماتکارێکی ئازا، ئەگەڕێتەوە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەمە هەرگیز لە چاوەڕوانی پارتی دا نە بووەو تووشی شۆکی کردون!. لە کاتێکدا ئەم شۆکەی پارتی لە جێی خۆی نییە، چونکە ئەگەر وابێت هێشتا پارتی نە یەکێتی و نە ستراکچەری بیرکردنەوەی کاراکتەرەکانی نەناسیوە، هێشتا پارتی گرێو گۆڵەی خۆی داوەتە دەست کۆمەڵێ ڕاوێژکاری فشەباز کە هەتا سەری بەر زەوی نەکەوێ باوەڕ بە کەوتنی خۆی ناکا «ئەوجا کارەساتەکە ئەوەیە پارتی کەوتنی خۆی بەکەوتنی کوردستان وێنا ئەکات»!.
یەکێکی تر لەو هۆیانەی ئەم حیزبەیان خستۆتە سەر ڕێی کارەسات، جارێکی تر بەرگرتنە بە پرۆژەیەک کە ئەمریکا مەبەستیەتی، کاندیدکردنی بەرهەم ساڵەح جگە لەوەی بە پاڵپشتی (ی، ن، ک) و ئۆکەی ئێران و، تەنانەت لاری نەبونی تورکیاو ئەوروپاو، زەرورەت زانینی خودی بەرهەم ساڵەحە لەلایەن ئەمریکیەکان و کوردستانیان و کوتلە عێراقیەکانەوە، پێویستیەکی قۆناغەکەشە، بەشێکە لە پرۆسەی یەکڕیزی کوردو یەکبوونی هێزەکانی ناوچەی سولەیمانی، ئێ بەڵام پارتی دێ تەقە لەم پرۆسەیە ئەکا، ئەیەوێ بڵێ بێ ئێمە هیچ کوردێک کورد نییەو، هیچ کەسێ مافی هیچ پرۆژەو بڕیاردانێکی نییە. پارتی حیقدەکانی خۆی ناشارێتەوە کە ئاخ بۆ حوکم کردنی ناوچەی سولەیمانی هەڵئەکێشێت، گرێ و دەروونشیکاری سیاسیی ئەوان هەموو شتێکی تێکەڵ بە گروپی ( 16 ) ی ئۆکتۆبەر ئەکات، لەکاتێکدا ئێستا ئەو گروپە لە ڕێنیسانسێک نزیکبونەتەوە لەناوچەکەدا.
ئیتر بێ حورمەتییە، تەزویر بکەی و، خاکی کوردستان لەدەست بدەی و، خەڵک لەسایەی درۆی کوردایەتی دا بێ ئینتیما بکەی و، کەرکوک فەرامۆش بکەی لە بەغدا شەڕە پۆست بکەی، ڕوویەکی قایمی ئەوێ ساڵێک بەر لە ئیستە ئەیانوت بەغدا (55 ) ماددەی دەستوری پێشێل کردووە، ئەیانوت دەوڵەت چێ ئەکەین ئەگەر مالیکی ببێ بە سەرۆکوەزیران، ئیمڕۆکە لە بەغدا شەڕە پۆست ئەکەن!.