بەهرۆز جەعفەر: دەستکەوتێکی تری ڕیفراندۆم.؟!
ئیمڕۆ (22 ی سێپتەمبەری 2018) بەغدا لە بازگەی قەرەنجیر و پردێ گومرکی دانا!. ئەوروپای دوای دوو جەنگە جیهانییەکە لە ساڵی ( 1952) ڕێککەوتننامەی ئاسن و خەڵوزیان مۆرکرد، تا گەیشتە ساڵی ( 1992) ڕێککەوتننامەی ماسترێخت یان ئیمزاکرد، تیایدا ( 28 ) دەوڵەت (لە 2013 کرواتیاش بو بە ئەندام) هەموو سنورێک یان لەنێوان هەموو ( 28 ) دەوڵەتەکەدا لابرد!. کوردیش بەهۆی سیاسەتی هەڵەو بەرژەوەندی و گەندەڵیەوە دوای دەیان ساڵ گەیشت بەوەی بەغدا گومرکی بۆ دابنات!.
بەهۆی شکستی سیاسەتی ئابوری هەرێم و ئابڕوچونی سیاسەت لە کوردستان ئەوەتا لە ناو یەک دەوڵەتدا دوو گومرک لە سنوری نێوان هەرێم و حکومەتی مەرکەزی دا جێگیرکرا (ئەم گومرک دانانە مانایەکی تری ئەوەیە بەغدا هەرگیز جووڵە ناکات لەو ناوچانەی لە دوای ڕیفراندۆم ەوە دەستی بەسەردا گرتووە).
جگە لەوەش دانانی گومرک لەلایەن بەغداوە، دوای ئەو هەموو کێشمە کێشمە دێ کە بەرپرسانی کورد داهاتی برایم خەلیل و باشماخ و مەرزەکانی تر ڕادەستی بەغدا ناکەنەوە، بەغداش وەک کاردانەوەیەک ئەو گومرکانەی داناوە، ئینجا ئیتر لەهەموو حاڵەتێکدا خەڵکی کوردستان شەقەکەی ئەخۆن، شەڕی داعشە خەڵک باجەکەی دا، مووچە بڕا، خاک داگیرکرا، پەلاماری دووز درا، فڕۆکەخانە داخرا، گومرک دانرا، هەمووی ئەنجامی ڕیفراندۆمێکی بێ مانا بو، کە نوخبەیەک سیاسی و دەمهەراش ئەیانەوێ بیکەن بە دەستکەوت و شانازی، بەس ئەوەتا خەڵک باجەکەی داو ئەدا… ئیتر لایەنێک هێنانی بەعس بۆ سەر پەرلەمانی کوردستان بە دەستکەوت و شانازی بزانێت، پەرلەمانێک کە کورد هەزارەها ساڵە نەیبووە، بێگومان هەمو شتێکیان لەدەست دێت. ئەوەتا لەساڵیادی ڕیفراندۆم دا پارتی شەڕی هەموو پۆستەکانی بەغدا ئەکات و، داوای حکومەتێکی بەهێز!! بۆ عێراق ئەکەن!؟.
ئەوەتا ساڵێ پێش ئیستە حەیای عێراقیان بردبو، دەوڵەتیان دروست ئەکردو، حیسابیان بۆ هیچ یەکەیەکی دەولی نە ئەکرد، ئیمساڵەکە داڵەوداڵ ئەگەڕێن تا لە بەغدا پۆستێکیان بدرێتێ، داوا ئەکەن، ئەپاڕێنەوە تا سوێند بە یەکپارچەیی خاکی عێراق بخۆن و، ڕەمزی عێراقچێتی بن، هێشتا ڕێگەشیان نادرێت!. بینیتان یەکەم کەس ڕیفراندۆمچیەکان بوون چوونە بەغدا بۆ شان و دەست ماچ کردن. ئەرێ کوردێکی ڕاستەقینە نییە بپرسێ: ئەوەبو ئابوری سەربەخۆ!؟. ئەوەبو ڕیفراندۆم؟!.