شێرزاد شێخانی: ئاخ هەولێرەكەم.
هەولێریات
سێ سارە لێتەوە دوورم هەولێرە شیرینەكەم، وا دەزانم وەكی ئەهلی كەهف سەت سارە لەخەودام هێشتا بەخەبەر نەهاتیمەوە.
ئەهریمەنەكانی شارەكەم ناهێلن بێمەوە باوەشت پیاسەیەكی سەر قەراتو كووچەو كۆرانەكانی گەرەكی عارەبانو تەعجیلت بكەم. ناهێلن لەسەری قەراتە سەربەرزەكەتەوە تەماشایەكی مینارەی چۆلی بكەم، سەلامەك لەحاجی لەقلەقەكەی سەر مزگەفتی خانقات بكەم.
ناهێلن دوو شیش كەبابی حاجی یاسین بنۆشمو، چایەكی گەرمی بە هێلی كاكە مەهدی بەسەردا بكەم..
سێ سارە لێتەوە دوورم هەولێرە جوانەكەم، بەقەدەر مەودای عەرزو عاسمان بیرت دەكەم. بیری گازینۆ لەیالی و بلیاردەكەی، دەمەوێ بچمەوە سەر ئەو تەختەیەی خارە نوعمانی قۆشمەچی لەسەری دادەنیشتو لەگەر مامە غەنی سوعبەتیان دەكرد. دەمەوێ تاوێك لەچایخانەی سەید سەلیم دانیشم لەگەر سەید عیسای ئامۆزام یادەوەرییەكانمان بگێڕینەوە، پێی برێم” سەید لەبیرتە لەو بەرامبەرە كسۆك بەخۆی و زەمبیلەكەی لەپێش دوكانی حاجی مەعروف كەبابچی دادەنیشت و پەنجەكانی دەگەست كە تووڕەیان دەكرد”. پێی برێم خارە سەید لەبیرتە تەلەفزیۆنە رەشو سپیەكەتان سەعات شەشی ئێواران دەستی پێدەكردو چەند بەخشوعەوە گێمان لەقورئانی حاجی مەحمود عبدالوهاب و راتب الكلحی دەگرت. پێی برێم لەبیرتە سەید كەسبەینانی گێژنان بە ئەفلام كارتۆنە روسییەكان قەرس دەبوین و حەزمان لەمیكی ماوس و جیكل و هیكل بو.
پێی دەرێم لەبیرتە سەید عەسرانی گێژنان عەوەز دۆخی كوو بەگۆرانی ” سۆت السهاری ” هەمو گیانمانی بەدەنگە نازدارەكەی دەبردە تەبەقەی حەفتەمی عاسمانەوە. پێی دەرێم لەبیرتە سەید گیان سبەینان زوو سواری نێرنی هەژدە نەفەریی دەبوین لۆ بەغداێی لەرادیۆی سەیارەكەوە گێمان لەفەیروز دەگرت كە گۆرانی ” تك تك یا ئوم سلێمان ” دەهۆنیەوە.
غەریبیت دەكەم هەولێرە شیرینەكەم، غەریبی جغارەی دەستی سەید محیەدینی كەشیدە كەسكو، سەید جەودەتی دەموچاو یابانیەكەت. غەریبی دەفو عەلەمی سەرقەبرانی سەیدو شێخەكان. غەریبی پیرەژنەكانی پێش دەركەی ماستفرۆشانی جادەی شێخەڵڵا دەكەم.
غەریبی بابی زەكەریای لۆبیافرۆشی پێش دەركەی قەراتی دەكەم، دوكانەكەی سەلیم قاقاو چایخانەكەی تاقی بابا و دوكانە گچكەكەی ئیبۆ بەربەر، مەكتەبەی فاروق عەسكەری و سەربەستی و سۆلافەكەی سەید ئەحمەد بەرزەنجی.
غەریبی پاقڵاوەكەی مام رەسوڵ و شەربەتە مێوژەكەی مام عارەب و سیفۆنەكەی صالح سیفۆن.
غەریبی حەسارەكانی گەڕەكی عارەبانو جولەكان و ئوتێلی سوندباد و ئوتێل فەڕەح وئوتێل لبنان.
غەریبی عەسرانی ئاوی كەسكو سۆرو ئاوی میری و غاباتەكەی بەرامبەر خەستەخانەی جمهوری دەكەم.
غەریبی تەشریبەكەی مام عوسمانی تەنیشت مزگەفتی ئالتی بەرماق دەكەم كە سبەینان مەلا بانگدان دەچوین قاپەك گۆشتی لەپێشمان دادەنا بە درهەمەكو نیو.
غەریبی رەسمەكانی سەر دیوارەكانی چایخانەی مەچكۆ دەكەم، بیری مەحمود زامدارو موحسین ئاوارەو شێرزاد حەسەن و پەشێوی مەزن دەكەم..
بیری مەم و عومەر فەرهادی وپیرباڵ مەحمود دەكەم.
بیری مشكۆو هابەو حەیدەرە كەچەڵ و عوودەكەی مستەفا رەئوف و كەمانەكەی شێرزاد سەرسپی دەكەم.
بیری دوو خارە رەشەكەی سەر روومەتی واحیدو یەحیا مەرجان دەكەم.بیری دۆندرمە خۆشەكەی كەماڵە كەچەڵ دەكەم.
بیری عەلی جەباری شاگردی چایخانەی عەبۆ دەكەم، زۆر حەز دەكەم جارەكیدی تەماشای ئەو هەشت پیارەیە بكەم كە بەیەك دەست هەریدەگرتن.
بیری تەسبیحفرۆشەكانی بەردەركی مزگەفتی خانەقا دەكەم.
بیری كەلایاناێی كوڕە سورچیەكانی سەرشێستی مزگەفتی سپی دەكەم.
بیری كچە ناسكو نازدارەكانی گەڕەكی خانەقا دەكەم كە لەپێش دەركەی ماریان بەتەباشیر شەش خانەیان دروست دەكرد لۆ ساپ ساپێن، بیری ئەو كوڕانەی خڕ دەبونەوە لۆ پەلیكانێ.
زۆر بیری هەولێرە پاكو بێگەردەكەم دەكەم، هەولێری پڕ لەجوانی مرۆڤ، هەولێری پڕ لەئەخلاق و میهرو خۆشەویستی، هەولێری مەڵبەندی مامۆستای راستگۆو مۆزەفی دەستپاك و تاجیری بەویژدان.
هەولێری شاهی شاهەنشاهی هەمو شاهانی شاران.
باقی وەلسەلام.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts