عەلی مەحمود: پەڵە رەشەكەی هەڵبژاردنی 30 ئەیلول.
هەموومان وێنەی دوو تێكۆشەرە گەورەكەی نەك كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراست بگرە جیهانمان بینی ” كەریم ئەحمەد و بهادین نوری” كزومات و لە پەنای ناوەندەكانی هەڵبژاردن دانیشتبوون چاوەڕوانی مافی دەنگدانیان دەكرد, ئەوان جیا لە 43%ی كۆمەڵگا كە بایكۆتی دەنگدانیان كردبوو هەر بەو ئومێدەی لاوێتییەوە هاتبوون بە دەنگەكانیان گۆڕانكاری بكەن, لە بری ئەوەی لە شوێنی تایبەت ئەو مافەیان بدرێتی وەك مەسئولۆكە كورتە باڵاكانی ئەمڕۆ, لە ناوەندە ئاساییەكە لە گەڵ خەڵكەكەدا دەیانەویست ئەو مافەی خۆیان مومارەسە بكەن, ئەوان قەت بێ ئومێد نابن, چونكە لە رابردوو لە دوای شكستەكان زۆرجار هەڵسابونەوە .
ئەم دوو تێكۆشەرە 75 ساڵ لەمەوپێش كە تێكەڵاوی خەباتی سیاسی بوون, لە هەڕەتی لاویدا بە بێ پشتیوانی كۆمەڵایەتی و دارایی, بە گیرفانی بەتاڵ و هەژاری و هەتیوی لە ناوەڕاستی پەنجاكاندا بە دوای یەكدا سەركردایەتی گەورەترین هێزی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیان كرد, بە حیزبێكی 400 ئەندامی موحتەریفی شۆڕشگێڕی 200 دینار بودجەییەوە, سەركردایەتی گەورەترین خرۆشانە سەرتاسەرییەكانیان كرد.
حكومەتەكان لە بەغدا وەك گەڵای پایز لە بەردەمیان خۆیان ناگرت, سەركردەو دامەزرێنەرانی هەر 5 پارتەكەی كۆمسیۆن ئەگەر ئەوكاتە هەبووبن خوا خوایان بوو مەرحەبایەكیان بكەن و چەند خولەكێك لە كاتەكانیانیان بۆ تەرخان بكەن, ئەوان هەرچەندە بەردەوام لە كێشمەكێشی سیاسی و فكریدا بوون لە گەڵ یەك, وەلێ چارەنووسیان ئەمجارە یەك بوو, ئەوان بە خۆیان خێزانەكانیانەوە لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ لە جەرگەی پایتەختی عێراقەوە سەركردایەتی خەباتی ژێر زەمینیان دەكرد, یەكەم شۆڕشی دژ بە دەرەبەگایەتی و پاشایەتیان راگەیاند, ئەوان لەسەر جادەكانەوە حكومەتەكانیان دەڕوخاند و كاغەزۆكەكانی دەستیان ناوی كابینەو سەرۆكی حكومەتەكانی تێدا دەنوسرایەوە
ئەوان قارەمانی زیندانەكان, شێری راپەڕینەكان, رێنیشاندەری شۆرشەكان بوون, ئەوان جەماوەریان بە دوو ئەندازەی سەرتاپای حیزبەكانی ئێستای عێراق بوو نەك كوردستان, كەچی لە بری دەوڵەمەند بوون منداڵەكانیان لە برسان دەمردن و كوڕەكانیان لە سەنگەردا شەهید بوون و ژنەكانیان لە خەباتی ژێر زەمینیدا گیانیان بەختە كرد, ئەوان وەك ئێوە نین, ئەوان نەوەی شۆرشگێڕانن و دڵیان هەر بۆ یەكسانی لێدەدا, بۆیە بەو تەمەنەوە ملی وێستگەی هەژارانیان گرتە بەر بۆ دەنگدان, ئەوان تا ئێستا هەر لە كێشمەكێشدان بۆ یەكسانی, ئەوان بە جەستە ماندوو و شەكەت, بەڵام بە دڵ گەرم و پڕ لە هیوان بۆ یەكسانی, ئەو یەكسانیەی ئێوە دوژمنتانە, ئەوان تەنها بە گۆچان و دانیشتنەكانیان هەمووتانیان شەرمەزاركرد, دەنگ نەدانی ئەوان گەورەترین شەرمەزاری بوو بۆ هەڵبژاردنە پڕ لە ساختەكارییەكەتان, دەنگی ئەوان ئاوێزانی یەكسانییە, بۆیە رێگا مەدەن بچێتە سندوقەكانتانەوە.