هۆمەر نۆریاویی: هەناسەیەک سیخناخ لە هونەر، هەمیشە بۆ نیشتمان دەسترێت.
بە بیانووی کۆنسێرتەکەی سەعدوڵڵا نەسیری و گرووپی ژوانا بە یادی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان لە باژاڕی سنە.
لە ڕۆژگار و سەردەمێکدا مخابن تا دێت نەغمە و سۆزی هەمیشە بلاوێنی دەنگە ڕەسەکانی نێو گۆرانیی کوردی لەبەر ئەو ئاشووفتەبازاڕەی لە نێو دنیای موزیکی کوردییدا دروست بووە و میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییش بە ناوی تازەگەری زێتر پەرەی پێ دەدات و جەماوەر وەک پێویست ئیتر گوێبیستی دەنگە سیحراوییەکانی هەر وەک سەی ئەسکەر کوردستانی، عەلی مەردان، کاوێس ئاغا، مریەم خان، تایەر تۆفیق، حەسەن جەزراوی،سێوە، عارف جەزراوی، ڕەسووڵ گەردی، شەماڵ سائیب، تەحسین تەها، فوئاد ئەحمەد، ئایشەشان، حسێن عەلی، ساڵح دیلان، مشکۆ، ئەحمەد شەماڵ، محەممەد ماملێ و سەدان دەنگی ناوازەی دی لە نێو مۆسیقای کوردییدا نابێت، هەر لێرەوە، ڕاست لە نێو باژاڕ و دیار و دەڤەرەکەی سەی ئەسکەر و مەزهەر خالقی و دەیان هونەرمەندی پایەبەرزی دیکەی ئەم ناوەی کوردستانەوە، هەناسەیەکی سیخناخ لە هونەر دێت و دیسانەوە دەمانباتەوە تا نێو مێرگ و پێدەشت و گوڵجاڕ و چۆم و دۆڵ و دەربەند و بنار و چیا و لووتکەکانی گۆرانیی کوردی و جارێکی تر گوڵاوی دەیان سترانی وەک” دیسان شەو هات” و ” ئهم ڕۆژی ساڵی تازهیه نهورۆزه،هاتهوه”ی حەسەن زیرەک و ” شەدەشل بۆچ وات کرد”ی عەلی مەردانی مەزنمان بە گیاندا دەپژێنێت.
ڕاست 47 ساڵ پاش حەسەن زیرەک و 37 هاوین دوای عەلی مەردان، لە سنە و دیوەخانەکەی مەستوورەی هەمیشە شەیداوە، دەنگێک دێت و شکۆ و گەورەیی ئەو دەنگانەی نێو مۆسیقای کوردییمان بیر دەخاتەوە و لە هاژەی ڕۆحی ئەوانمان بۆ دەگوێزێتەوە و پێمان دەڵێت، یادەوەرییەکان هێشتا هەر تازەی تازەن.
هەنووکە وا سەی ئەسکەر هەر بۆ خۆی هاتووە و لێرەیە و دەیەوێت میوانداریەتی لە دوو دەنگی ناوازەی نێو مۆسیقای کوردی بکات. ئێستێ خودی “عەلی مەردان”ی مەزن و “حەسەن زیرەک”ی نەمر بە ڕۆح لێرەن تا نزیک نزیک هەر لە مەکۆکەی مەستوورەی کوردان و شارەکەی سەی ئەسکەری دەنگ زوڵاڵەوە،گوێیان لەو قوڕگە هونەرییە و لەو هەناسە هەر هەمیشە ئاوێزان بە باڵای سەرپاک کوردستاندا بێت کە تەمەنێکە گەڕیدەی هونەری نیشتمانە و لە کوێ ئەم گەلە ئازارێکی بگاتێ،لە کوێ زامێک بنیشێتە سەر جەستەی، لە کوێ پێویست بکات خەمێک بڕەوێنێتەوە،لە کوێ حەوجێ بە شادکردنی دڵان بکات، هەر خۆی لەوێندەرێ ئامادەیە و پڕ بە نیشتمان دەچریکێنێت و خۆشەویستی ئەم خاکە گەوهەرینە، هەر لە هەموو گیانیدایە. چ تۆفیریش ناکات لە کوێی ئەم نیشتمانە بێت. دە ئارام بنوون مامۆستایانی مەقام و بەستەی کوردی، ئەوەتانێ دەنگێک لێرەوە، هەر لە ناو خودی ئەمارەتی شۆڕەژنەکەی نێو تۆرە و مێژووی کوردانەوە، یادتان دەکاتەوە و پەیامی ناخەکەتان بۆ نەوەی نوێ دەگوێزێتەوە و جارێکی تر هەر خودی ئێوەی سەرتاپا لێوڕێژ لە هونەر دەگەڕێنێتەوە بۆ نێو خرۆشی جەماوەر.
ئەم نەغمە حەزینەی نیشتمان، پتر لە 30 ساڵە ڕووی لە کوێی ئەم گەردوونە بەرینە کردبێت،هەمیشە پەپوولەی ستران و گۆرانیی کوردی لە دەوری باڵای ئاڵاوە و باڵوێزێکی تاسەر ئێسقان گەلپەروەر بۆ هونەری ڕەسەنی کوردی بووە و هەمیشە بۆ نیشتمانەکەی هاواری بڵند بووە و لە کوێ بووبێت، خودی نیشتمان لەوێندەرێ ئامادە بووە و بە نەغمەی گیانبلاوێن و ئاوێتە بە شنەی ناخەکەی، بسک و زولفە پەرێشانەکەی ئارایشت کردووە. ئەم دەنگە لە ناخەوە نزیکە،هەر وەک خودی گشت ناخێکی هەمیشە ئەوینداری نیشتمان، ئاشق و سەوداسەری خاک و خۆڵەکەی کوردانە و بە هەڵوەرینی هەر گەڵایەکی نیشتمانەکەی، گەڵایەک لە گۆرانی بەرۆکی دەگرێت و لە کوێش نیشتمان بزەی لەسەر لێو بێت، نەغمەی ئاواز و سترانی ئەمیش هەر لەوێندەرێ لەرزانەیەتی.
ئێستا لە باڵاخانەکەی چەمەوە، لە ڕێی گەروو و قوڕگێکی هونەریی و دەنگێکی ئاشناوە،سۆزی مۆسیقای ڕەسەنی کوردی تا سەر “ناڵەشکێنە” دەچێت و جارێکی تر زیرەکی نەمر بێدار دەبێتەوە و هەر لەوێشەوە ئەم نەغمە نیشتمانپەروەرە ڕاست دەڕوات تا دەگاتە “بابەگوڕگوڕ”ی دڵ و نەغمەی هەرە ڕەسەنی عەلی مەردانی مەزنمان بە دیاری بۆ دێنێتەوە.
“سەعدوڵڵا نەسیری” ئەو هونەرمەندە ناوئاشنایەی کورد دێتە ئەژمار کە لە دنیای سترانی کوردییدا خاوەنی ستایل و شێوازی تایبەت بە خۆیەتی و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هونەرمەند پێویستە داهێنەر بێت و دووی لاساییکردنەوە نەکەوێت تا هونەرەکەی زێتر باڵا بکات و هەرمان بمێنێتەوە. ئەرچی ناتوانین نکۆڵی لەم ڕاستییە بکەین کە لە سەرەتاکاندا زۆربەی هونەرمەندان بۆ دیتنەوەی شێوازی خۆ، گەرەک ئاوڕێک لە ڕابردووی مۆسیقای کوردی بدەنەوە و ڕابردوو بکەنە چرا بۆ سبەی خۆیان و دۆزینەوەی ستایلی خۆ. ئەم هونەرمەندە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە هونەرمەندی ئێستا، هونەرەکەی کەمتر ئاوێتەی مێژوو و فەرهەنگی کوردی دەکات و ئەوەندە ڕەسەنایەتی پێوە دیار نییە هەر بۆیە بەرهەمەکەیشی زوو لە یادان دەچێتەوە.
سەعدوڵڵا نەسیری، ئەو هونەرمەندە گەڕیدەیەی کورد دێتە ئەژمار کە هەر ساتە و دەڤەر و شار و شارۆچکە و شارەدێ و گوندێکی کوردستان مەنزڵیەتی و هەردەم وێڵی دوای مێلۆدی و نەغمەی نوێی کوردییە و هەر وەک عەلی مەردان و حەسەن زیرەک،هونەرمەندێکی عەوداڵی نیشتمانە و دەنگی ژێی ئامێرەکەی دەستی، هەمیشە هەر بۆ نیشتمان هاواری بەرزە و بۆ کوردان دەسترێت.
بەرزڕاگرتن و یادکردنەوە لە مامۆستایان عەلی مەردان و حەسەن زیرەک لە باژاڕێکی وەک سنەدا بویەر و ڕوداوێکی بە هەڵکەوت نییە و، پێمان دەڵێت ،سنە بە درێژایی مێژووی ئاواز و گۆرانیی کوردی، دەنگی هونەر تێیدا هەمیشە بڵند و بەرز بووە و ئەم دەنگە هەتا دێت بەرزتریش دەبێت. هەر ئەم پرسە، گەورەیی بۆ شاری سنەی هەمیشە لێوانلێو لە هونەریشە.
سەعدوڵڵا نەسیری سەبارەت بە ئامانجی کۆنسێرتەکەی دەڵێت: “ویستم لە ڕێی ئەم کۆنسێرتەوە جارێکی تر مەزنیی ئەم دوو کەسایەتییە هەرە ناودارەی نێو مۆسیقای کوردی بۆ هەمووان خاسما لاوان وەبیر بێنمەوە”.
ئەم هونەرمەندە هیوادارە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی بە هەموو لق و پۆکانیەوە ئاوڕی زێتر لە سیما هەرە دیارەکانی نێو موزیکی کوردی بداتەوە و ئەم گەوهەرە گرانباییانە پتر بە نەوە و بەرەی ئێستای بناسێنێت.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە گۆرانیبێژ و ھونەرمەندی بهناوبانگی کورد “حەسەن زیرەک”،ساڵی 1921 (ڕۆژی 1ی سهرماوهزی ساڵی 1300ی ههتاویی)لە شاری “بۆکان”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی له ڕووی ژیان ههڵدێنێت. “حهسهن زیرهک”ی بلیمهت پاش عومرێک چهرمهسهریی و دهربهدهریی و تهمهنێک خزمهتکردنی گۆرانی کوردی، ڕۆژی 5ی پووشپهڕی ساڵی 1351ی هەتاویی (1972) نهخۆشی بهرۆکی دهگرێت و سهرهنجامیش ئهم گهوره هونهرمهنده له نهخۆشخانهی بۆکان به نامورادی سهر دهنێتهوه و بۆ ههمیشه گۆرانییهکانی به کوردستان دهبهخشێت و “ناڵەشکێنە”دەبێتە ئارامگەی هەمیشەیی. حەسەن زیرەک بۆ خۆی دەڵێت: “هونەر بۆ من بەهرەیەکی نەدا،هونەر بۆ من کارێکی نەکرد بە شوێنیدا بچم،چون کوردم ،بە زمانی کوردی قسە دەکەم”.
ڕاستیت گەرەک بێت گۆرانی زیرەک، خەرمانەیەک لە وشەی زەنگینی کوردی بە مرۆ دەبەخشێت. گۆرانی ئەوەندە خۆی لە ڕۆحی زیرەک ئاڵاندبوو کە هەموو ژیانی هەر بۆ سترانی کوردی بوو. زیرەک ڕووی لە هەر ڕادیۆیەکی کوردی کردبێت، بووە بە سەنگ و قورسایی پێ بەخشیوە. هۆکارێکی سەرکەوتوویی زیرەک لە نێو دنیای گۆرانیدا دەگەڕێتەوە بۆ توانەوەی لە نێو ژیانی کۆمەڵی کوردییدا. تەمەنێک گەڕان بە بەشێکی فرەی کوردستاندا، ئەو سامانە بەرفرەوانە لە مێلۆدی و ئاواز و هەوای کوردی بە حەسەن زیرەک دەبەخشێت کە هێشتاکەیش هەر نوێ دەنوێنن.
هەر بۆیە نوێکردنەوەی سترانەکانی حەسەن زیرەک بە گەروو و قوڕگی جیاواز، هەم خزمەتە بە گۆرانیی کوردی و هەمیش مەزنیی زیرەکی نەمرمان بۆ دەردەخات. ئەوەی هونەرمەندێک گۆرانی حەسەن زیرەک بە دەنگ و ستایلی خۆی بچڕێت، هەم بەرگێکی نوێتر دەکاتە وەر گۆرانیی زیرەک و هەمیش پێمان دەڵێت، زیرەک هەر یەکە و ئەو چریکە ئەفسووناوییە خاوەنەکەی هەر بە تەنیا حەسەن زیرەکە و بەس. لەو لاشەوە زیرەک بۆ نەوەی ئێستا دەگوێزێتەوە. حەسەن زیرەکی نەمر خاوەنی پتر لە 1000 گۆرانی یان بە واتایەکی دیکە، نزیکەی 1500 سترانە و بۆ هەمیشەی مۆسیقای کوردی بە یەک لە دەنگە هەرە دیار و ناوازەکان دەمێنێتەوە.
لەو لاشەوە،بێ سێ و دوو لە نێو مۆسیقای کوردییدا هەر کە باسی مەقام بێتە گۆڕێ، ناوی “عەلی مەردان” ، یەک لە ناوە هەرە دیارەکان دەبێت. مامۆستا عەلی مەردان، ساڵی 1904(1283ی هەتاویی) لە گەڕەکی “بەرتەکیە”ی کەرکووک لە دایک دەبێت و ساڵی 1981(1360ی هەتاویی) هەر لە کەرکووک،ماڵئاوایی لە ئاخی کوردان دەکات و گۆڕستانی “پشت تەکیەی تاڵەبانی” دەبێتە دوا هەواری. عەلی مەردانی مەزن خاوەنی پتر لە 750 مەقام و بەستەیە و بە پاشای مەقامی کوردی دادەنرێت و یەکێک لە ئەستوونە سەرەکییەکانی مەقام لە نێو مۆسیقای کوردییدا دێتە ئەژمار. چەندان تایبەتمەندیی و خاڵی هاوبەش لە نێوان حەسەن زیرەک و عەلی مەردان دا هەنە کە بەشێکی ئەم تایبەتمەندییانە لە کەسایەتی هونەریی هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیرییشدا بوونیان هەیە هەر بۆیە لە دەرکەی دڵە هونەرییەکەی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان دەدات.
• هەر دوو هونەرمەند لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مۆسیقای کوردی دێنە ئەژمار.
• گەڕان بە هەر هەموو گوند و شار و شارۆچکەیەکی کوردستاندا بۆ ئاشنابوون بە مەقام و ئاواز و مێلۆدی نوێ، لای هەر دوو هونەرمەند بایەخی زۆری پێ دەدرێت.
•حەزێکی ئاوێتەی حوزن و غوربەت لە ناخی هەر دووکیاندایە.
• هەر دوو هونەرمەند لە گوڵجاڕی سترانی کوردیدا خاوەنی ستایل و قوڕگی تایبەت بە خۆن.
• هەستی نیشتمانپەروەریی بەهێز لای هەر دوو هونەرمەند وەکوو یەکە.
هەر بۆیە هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری ژیرانە ئەم دوو گەورە هونەرمەندە هەڵدەبژێرێت و هیواخوازە درێژەپێدەری ڕێچکە و ڕێبازە هونەرییەکەی ئەوان بێت.
سەرەڕای ئەوەی کۆنسێرتەکەی ئەم هونەرمەندە و گرووپی ژوانا بەرەوڕووی پێشوازیی بەرفرەوانی هونەردۆستان بووەوە بەڵام هەندێک کەموکووڕیی و هەڵە و پەڵەیشی پێوە دیار بوو کە ئومێدە بۆ بەرنامە هونەرییەکانی داهاتوو قەرەبوو بکرێنەوە و ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
• شپرزیی و نەبوونی نەزم و تەکووزیی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێک،یەکێک لەو خاڵانە بوو کە بەرهەست بوو و کۆنسێرتەکە پتر لە کاژێرێک پاش کاتی دیارییکراو دەست پێکرا.
• جەماوەری هونەردۆست پێویستە بە گوێرەی ئەو بەرهەمانەی بڕیارە پێشکەش بکرێن، ڕێز بۆ بەرنامە هونەرییەکە دابنێن و خۆ لە داواکاریی نابەجێ و زێدە ببوێرن و لە جیاتی هات و هاوار و دەنگ بەرزکردنەوە، چێژ لە کۆنسێرتەکە ببەن.
• زۆر جار بە داخێکی گرانەوە خەڵکانێک تاسەر ئێسقان دوور لە حەزی هونەریی و بەدوور لە ڕۆحییەتی مۆسیقای کوردی ڕوو لە بەرنامە هونەرییەکان دەکەن و سەرەڕای ڕێزی فرەوانم بۆ ئاهەنگی شایی و زەماوەند، کۆنسێرتێکی هونەریی و ئاهەنگی گۆڤەند لێک جیا ناکەنەوە و بە بارێکی شپرزی دەروونییەوە ڕوو لەم جۆرە شوێنانە دەنێن کە پڕیەتی لە خێزان.
• بەڕێزێک بە ناوی دوکتۆر “مورادی”وەک ڕەخنەگرێکی ئەم کۆنسێرتە بە لای نووسەری ئەم دێڕانەوە کە وەک پێشکەشکاری کۆنسێرتەکە دەوری دەبینی، کەوتە باس لەسەر تامەزرۆیی خۆی بۆ بیستنی گۆرانیی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان و پێی وابوو کۆنسێرتەکە وەک پێویست ڕێزی لەم دوو هونەرمەندە مەزنە نەناوە.
بە لای ئەم بەڕێزەوە، هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری تەنێ سەردێڕی یەک و دوو گۆرانی حەسەن زیرەک و عەلی مەردانی هێناوە و بۆ خۆی لێرە و لەوێ وشەی خستۆتە پاڵ گۆرانییەکانەوە کە ئەمە بە خاڵێکی لاواز بۆ کارە هونەریەکەی دادەنرێت.
• هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری بە گوێ شلکردن و بیستنی دەنگی جیاواز و ڕەخنەی خاوەنڕایان و جەماوەری هونەردۆست دەتوانێت بۆ داهاتوو، قەرەبووی کەمایسییەکان بکاتەوە و ڕەخنە و پێشنیازەکان لە پێناو زێتر پێشخستنی هونەرەکەی دەکار بگرێت.
• یەکێک لە خاڵە لاوازەکان لە کاری ئێستای هونەرمەندانی کورددا بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات ئەوەیە کەمتر دەخوێننەوە و کەمتر بە ناخی ئەدەبی کوردییدا ڕۆ دەچن و پتر بۆ خۆ، بەناو تێکستی گۆرانییەکانیان دادەنێن کە بە لای منەوە ئەمە لە بایەخی بەرهەمە هونەرییەکانیان کەم دەکاتەوە. چونکە بەشێکی هونەرمەندان ئاستی ڕۆشنبیریی ئەدەبییان نزمە و ئەوەندە لەسەر ئەدەبی کوردی قووڵ نابنەوە.
لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی بوترێت کە هونهرمهند”سهعدوڵڵا نهسیری” ساڵی 1355ی ههتاویی (1976ی زایینی)له گوندی “هانیس” ی سهر به شاری سنه له دایک بووە. خاوەنی چەندان ئەلبۆمی هونەرییە و کەم نین ژماری ئەو گۆرانییانەی ئەم هونەرمەندە هەر وەک “سەفەر”،”ئەی شەماڵ” ،”کۆبانی” و … کە یادەوەرییان لای جەماوەر دروست کردووە.
کۆنسێرتی گرووپی ژوانا بۆ یادکردنەوە لە حەسەن زیرەک و عەلی مەردان ڕۆژی چوارشەممە،14ی خەرمانانی 1397ی هەتاویی( 5ی سێپتەمبەری 2018) لە ئەمارەتی “خەسراوا”ی شاری سنە بەڕێوە چوو.
پێویستە ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆنسێرتە، جەلال ڕەحیمی بە ئامێری کەمان، ئیسماعیل مەردانی بە نەرمەنای، فەرهاد پوورنەورۆز بە تۆمبەک، موختار زەندی بە دەف و دایەرە، ئەییووب ساعیدی بە کەمان، محەممەد ڕەزایی بە عوود، ژوانا نەسیری بە دایەرە و هەروەها دەنگ و دیلان نەسیری بە ئامیری کەمانچە، یارمەتی هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیرییان دا. ماندووبوونی هونەرمەند دیلان نەسیری کە کاری دابەشکردنی مۆسیقای بۆ ئەم کۆنسێرتە لە ئەستۆ گرتبوو، بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆنسێرتە جێی پێزانینە؛ سەرپەرشتیاری گرووپەکەیش خودی هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری بوو. ڕێکخستنی کاروباری تەکنیکیی و دەنگ لە ئەستۆی دوو لاوی ئیلامی فەرزاد فاتمی و میلاد عاشووری بوو. عادڵ محەممەدی، وەک ڕێکخەر و جێبەجێکاری کاروبار بۆ کۆنسێرتەکە دەوری دەبینی. ئەم کۆنسێرتە بە پاڵپشت و سپۆنسەری: شارەوانیی سنە، ئیرشاد و ڕۆشنبیری، میراتی فەرهەنگیی و پیشە دەستییەکان، سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بڵاڤۆکی ئاڵا،ئاوی کانزایی هەورامان و چاپی موعەللیم بەڕێوە چوو.
نووسەری ئەم دێڕانە هیواخوازە هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری لە بەرنامە هونەرییەکانیدا سەرکەوتوو بێت و بە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی جیاوازیش، پتر هونەرەکەی پێش بخات. خوێنەری وردبین، بەشێکی ئەم نووسینە پێش بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە نووسراوە. ئەم بابەتە هەر دوا بەدوای کۆنسێرتەکە نووسراوە کە مخابن لەبەر ئەو دۆخە شپرزەی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵات تێی کەوتووە و پێوەی دەتلێتەوە،چاپ و بڵاوبوونەوەی بۆ ئێستا دوا کەوت.
ژێدەرەکان:
• گۆرانیبێژە نەمرەکان، بەرگی یەکەم، باکووری، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، 2001، هەولێر
• گۆرانیبێژە نەمرەکان، بەرگی دووەم، باکووری، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، 2002، هەولێر
• چریکەی کوردستان، ئامادەکردنی میدیا زەندی، دەزگای چاپ و پەخشی بۆرەکەیی، چاپی یەکەم 1376ی هەتاویی(1997)
• عەلی مەردان و شێعری هەڵبژاردەی کوردی، کۆکردنەوەی عەبدولقادر عەلی مەردان، دەزگای ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوەی کوردی، ساڵی چاپ 1990
• بەرنامە ڕادیۆییەکانی نووسەر
• ژمارەیەک گۆڤار و بڵاڤۆکی کوردی
• دەیان ماڵپەڕ و وێبلاگی کوردی