کاوسێن بابەکر: دکتۆربەرهەم لەگرەوی ئەرکێکی قورسدا!
ڕاستە دکتۆر بەرهەم پیاوێکی دپلۆماتکارو بەئەزموون و زمانزانە، بەلام لەووڵاتێکدا بۆتە سەرکۆمار کە هێشتا لە لێواری شەڕێکی خوێناوی بەتەواوی دوور نەکەوتۆتەوەو کێشەکانیشی هێندە کەڵەکە بوون، کە سەدان ملیار دۆلارو تەمەنی نوحیان ڕەنگە گەرەک بێ، دیارە لەنێو ململانێی مەزهەب و تایفەکاندا کەدەستی دەرەکیش بێ چیلکەی ئاگر خۆشکردنەکە نین!
ئەگەر گەندەڵی و وێرانەیی شەڕو بێکاری و.. لە سەرانسەری عێراقداکێشەی تاک بەتاکی عێڕاقیان بێ، ئەوا کێشەکانی نێوان هەرێم و سیستەمە فیدڕاڵیەکە کەخۆی لەپێشێلکردنی دەستوردا دەبینێتەوە، کە دوای 16ئۆکتۆبەر گەورەترو مەترسیدارتر بوون، هێندە ئاڵۆزو تێکچڕژاون بێ هاوکاری و دڵسۆزی لایەنە کوردی و ئێراقیەکان چارەسەرکردنیان بە سەرۆکۆمار زۆر ئەستەمە.
لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێ سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم لەبەردەم چ ئەرکێکی ئەگەر نەڵێم: نەکردەنی، زۆرگران دایە، ئەگەر ئەوەشمان لەبیر نەچێ ململانێی پۆستەکە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کەلێنی خستۆتە نێوان دووپارتە سەرەکیەکەی کوردستان کە پێویستە هەموو لایەنەکان بەیەکڕیزی لەپشت دکتۆر بەرهەم بوەستن لەبەر خاتری چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی هەرێم کە لەهەمان کاتدا کێشەی دەستورین و لەدەستەڵاتی سەرۆکی کۆمارن، هەرە گەورەو چارەنوس سازەکانیش مەسەلەی بودجەو مادەی 140 و ناوچە جێناکۆکەکان و نەوت و پێشمەرگەن. بەڵام ئەگەر دیسان لایەنەکان بەتایبەت پارتی بە مەسەلە شەخسی و حزبیەکان ناکۆکیەکان گەورە بکات، ئەوا دەبنە ڕێگر لەبەردەم سەرۆک کۆمار ڕوونیش دیارە ئەرکی سەرۆکی کۆمار چەندە قورستر و چەندە ئاڵۆزتر دەبێ.
بۆیە لە ئێستادا یەکێتی نیشتمانی دەبێ چالاکانە بکەوێتەگەڕ بۆدانانی مێزی گفت و گۆ لەگەڵ لایەنە کوردستانیەکان بەتایبەت پارتی و ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانی و تەم و مژەی کەوتۆتە نێوان ئەم دووحزبەو یەکڕیزی بکەنە دروشمی ئەم دەورەیەو بەمەش کاری سەرۆکی کۆماری نوێ ئاسانتر دەکەن، گرەوی سەرکەوتنی دکتۆریش لەزەمینەسازی بۆ ئەم یەکڕێزی و تەباییەدایەو ناکرێ دوایی سەرنەخستنی ئەرکەکان بەتەنها بەملی دکتۆردا هەڵواسن.