عه‌تا قه‌ره‌داخی: دووانه‌ى پشێوی و سه‌قامگیرى.
پشێوى و سه‌قامگیرى دوو بارى دژ‌و ناكۆكن، هه‌روه‌ك له روانگه‌ى كۆمه‌ڵناسیشه‌وه دوو چه‌مكی به‌رامبه‌رن و باڵاده‌ستبوونی هه‌ر یه‌كێكیان لاوازبوونی ئه‌وى تریانه. مرۆڤ به سرووشتی ئه‌فریده‌بوویه‌كه كه‌متر سه‌قامگیری ده‌روونی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. سه‌قامگیری ده‌روونی به‌رهه‌م و ده‌رهاوێشته‌ی دڵنیایی ته‌واو و گه‌یشتن به حاڵه‌تی یه‌قینه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه مرۆڤی بڕوا پته‌و به ئایین و به‌و چاره‌نووسه‌ى له ئایینه‌كاندا باسكراوه، زیاتر هه‌ست به دڵنیایی بكات و دوور له گومان و راڕایی و دڵه‌ڕاوكێ بژی، چونكه ئه‌و به پێی ئه‌و بڕوایه‌ی هه‌یه‌تی ده‌زانێت به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و چاره‌نووسی به كوێ ده‌گات. هه‌ربۆیه ئه‌م جۆره مرۆڤه نه‌ك هه‌ر له بوونی خۆی و له هه‌ڵسوكه‌وت و رهفتاركردندا جۆرێك له جێگیری پێوه دیاره، به‌ڵكو ئاسۆیه‌كی روونیشی هه‌یه بۆ ئاینده‌و ئه‌گه‌ر گومان و ترسێكیشی هه‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ده‌ترسێت ئه‌ركه ئایینهیهكانی وه‌كو پێویست جێبه‌جێ نه‌كردبێت و ئه‌وه‌ش ده‌شێ وای لێبكات به جۆرێك له گومانه‌وه سه‌یری خۆی بكات و بترسێت له‌وه‌ى كه ئه‌و پله باڵایه‌ی پێ ره‌وا نه‌بینرێت كه له رۆحی باڵادا كه رۆحی ئیلاهیه بتوێته‌وه. كه ئه‌مه‌ش به‌رزترین پله‌ى ته‌سه‌وفه. مرۆڤه دڵنیاكان یان ئه‌وانه‌ى كه ده‌گه‌نه قۆناغی یه‌قین ئه‌وانه‌ن كه له نێوان ئه‌وان و رۆحی باڵادا هیچ دیوارێك نه‌ماوه. له رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ئه‌گه‌ر كۆی مرۆڤه‌كان بگه‌نه ئه‌و ئاسته‌ی یه‌قین ئه‌وا مانای وایه كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك پێكدێت كه دڵنیایی باڵی به‌سه‌ردا كێشا بێت. ئه‌وه‌ش ئه‌و قۆناغه‌ى ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیه كه به قۆناغی سه‌قامگیری ناوده‌برێت، ئه‌و قۆناغه‌ش به قۆناغی عیمرانی هه‌مه‌لایه‌ن ناو ده‌برێت، كه مه‌به‌ست له‌وه‌ش بیناكردنه وه‌كو پرۆژه‌یه‌كی گشتگری مرۆیی و نامرۆیی.
ئه‌گه‌ر بۆ تاكی بڕوادار گه‌یشتن به دڵنیایی و یه‌قین سه‌قامگیری ده‌روونی به‌رهه‌م بهێنێت و ئه‌وه‌ش ئه‌و باره بێت كه تاكه‌كه‌سی جێگیری تێدا به‌رجه‌سته ببێت، ئه‌وا به گوێره‌ى كۆمه‌ڵگه گه‌یشتن به ده‌وڵه‌ت و به ده‌ستهێنانی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى كه توانای پاراستنی كۆی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌یان هه‌یه له هه‌ر مه‌ترسیه‌ك و به‌رپرسیارێتی خۆیان له دابین كردنی ژیانێكی پڕ له دڵنیایی بۆ كۆی كۆمه‌ڵگه جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌وه ئه‌و باره‌یه كه تیایدا ترس له ئاینده ده‌ڕه‌وێته‌وه‌و ئه‌و پشێوییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى كه ده‌بێته فه‌زای گشتی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆتایی دێت. كه‌واته لێره‌وه ده‌توانین بڵێین سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگه‌و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی له ئه‌نجامی ره‌وینه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌كانی ئاینده‌و دڵنیابوون له ئاینده‌و گه‌یشتن به جۆرێك له یه‌قین كه یه‌قینی مانه‌وه‌و پاراستنه به‌رهه‌م دێت. له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیشدا ئاینده تاریك‌و له‌به‌رده‌م تهمومژو مه‌ترسیدا بێت نه سه‌قامگیری تاكه‌كه‌س و نه سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌راهه‌م نابن. هه‌ربه‌و پێیه‌ش زه‌مینه‌ى بنیادنان و عیمران به هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه زه‌مینه‌یه‌كی شلۆق و ناته‌واو ده‌بێت. كه‌واته لێره‌دا ده‌پرسین ئایا كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی به تایبه‌تی له باشووری كوردستاندا له‌بارێكی سه‌قامگیردایه؟ ئایا دڵنیایی له ئاینده بووه‌ته فه‌زایه‌ك كه كۆی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌ستی پێ بكه‌ن؟ ئایا تاكو ئێستا ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى كه دڵنیایی له بوون و مانه‌وه‌و پاراستن فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن دامه‌زراون و بوونیان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه بوونیان نییه ئه‌ی پێویسته چی بكرێت؟ ئایا په‌شێوییه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی له‌سه‌ر ئاستی تاكه كه‌س و له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ش به‌رهه‌م و ده‌رهاوێشته‌ى چین؟ ئایا ژیانی حیزبایه‌تی و سیاسی له‌و رووه‌وه چ رۆڵێكی بینیووه‌و ده‌بینێت؟ ئایا ده‌شێ له‌وه‌ها بارێكدا هێمنی و له‌وێشه‌وه سه‌قامگیری درووست ببێت؟ كه دیاره مه‌به‌ستمان له‌و سه‌قامگیرییه كه به شێوه‌یه‌كی سرووشتی تاكو كۆمه‌ڵگه خۆیان پێی بگه‌ن نه‌ك ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ى كه هێز یان ده‌سه‌ڵات بیسه‌پێنێت؟
بێگومان له رووی كۆمه‌ڵناسیه‌وه سه‌قامگیرى كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نیا له كاتێكدا درووست ده‌بێت كه رۆحی گشتی كۆمه‌ڵگه له باری وروژاندن و هه‌ڵچوونی به‌رده‌وامه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ بارێكی هێمن، ئه‌ویش ته‌نیا له بڵندبوون و گه‌یشتن به دوا ئاستی خۆیدا جێبه‌جێ ده‌بێت كه پێی ده‌گوترێت بڵندبوونی رۆحی گشتی و گه‌یشتنی به ئاستی گوزارشت له خۆكردنی كه ئه‌ویش ته‌نیا له درووستكردنی ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت. به‌هه‌رحاڵ ناسه‌قامگیری ناوخۆی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان له دوو رووه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. یه‌كه‌م مانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی له قۆناغی هه‌رزه‌كاری كۆمه‌ڵگه‌دا. مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه هه‌تا ئێستا له رووی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌ت چونكه گه‌یشتن به ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌ت و به كرده‌وه‌ش درووستكردنی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع بریتیه له قۆناغی كامڵبوون یان پێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه. له‌م رووه‌وه تاكو ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له قۆناغی پێش پێگه‌یشتندایه كه قۆناغی هه‌رزه‌كاری كۆمه‌ڵگه‌یه. دیاره هه‌رچۆن قۆناغی هه‌رزه‌كاری به گوێره‌ى تاكه‌كه‌س قۆناغێكی ناجێگیرو پڕ له جوڵه‌و پشێوییه، به هه‌مان شێوه قۆناغی هه‌رزه‌كاری كۆمه‌ڵگه‌ش قۆناغێكی ناجێگیرو پڕ له ههڵبهزودابهزو پشێوییه. كه هۆكاره‌كه‌شی بێجگه له پاڵنه‌ره ناوه‌كیه‌كان، نادڵنیایی و گومان و ترسه له ئاینده. ئه‌مه بێجگه له رۆحی وروژاوى گشتی كۆمه‌ڵگه كه ئه‌ویش ته‌نیا له بڵندبوونو گه‌یشتن به ئاستی ره‌های گوزارشتكردن له خۆی ده‌نیشێته‌وه‌و ده‌كه‌وێته بارێكی ئارامه‌وه كه وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد ئه‌ویش قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌ته.
دووه‌م هۆكاری پشێوی به‌رده‌وام له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا پشێوی په‌یوه‌ست به قه‌یرانی تاكه‌كه‌سه كه مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه‌ش پێنه‌گه‌یشتنی تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شووناسه له‌سه‌ر ئاستی گشتی. له كاتێكدا كه تاكه‌كه‌س نه‌بووبێته كه‌سێتیه‌كی ته‌واوى له‌سه‌ر پێی خۆ راوه‌ستاو كه هه‌موو بڕیارێكی خۆی، خۆی بیدات به جۆرێك خۆی خاوه‌نی راسته‌قینه‌ى خۆی بێت، ئه‌وا ئه‌وی تاكه‌كه‌س به‌رده‌وام له‌بارێكی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناجێگیرداو له یاری و پهتپهتێنێكی به‌رده‌وامدا دهبێتو هه‌میشه‌ش له‌لایه‌ك به‌كار ده‌هێنرێت له‌لایه‌كی تره‌وه لاوازی بنیادی كهسێتیهكهى ده‌بێته فه‌زایه‌كی گشتی و ئه‌وه‌ش له دوو رووه‌وه كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت. یه‌كه‌میان به ئاسانی به‌كارده‌هێنرێت و ملی پێكهچ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته زه‌مینه‌یه‌كی باش بۆ باڵاده‌ستبوونی نوخبه‌یه‌كی دیار به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا كه ده‌شێ نوخبه‌ى سیاسی یان ئابووری یان ئایینی و رۆشنبیری بێت و كۆی كۆمه‌ڵگه‌ش به ئاره‌زووی خۆیان بجوڵێنن و به‌كاری بهێنن. له ئاستی دووه‌مدا تاكه‌كه‌سی پشێو و لاواز‌و ناجێگیر هه‌میشه ئاماده‌باشی هه‌یه بۆ هه‌ڵچوون و درووستكردنی پشێوى فراوانتر كه ده‌شێ ببێته پشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ته‌نانه‌ت كه‌لتووریش. هه‌میشه له‌م جۆره كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا كه تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شووناس پێنه‌گه‌یشتووه، كۆمه‌ڵگه له بری ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بنه‌مای چینایه‌تی دابه‌ش ببێت، زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ستبوون به دامه‌زراوه‌كانی پێش ئه‌و دامه‌زراوانه‌وه دابه‌ش ده‌بێـت كه پێیان ده‌گوترێت دامه‌زراوه‌ى كۆمه‌ڵ، یان نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان یان گه‌ل. به‌ڵكو دابه‌شبوونه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سته‌و گورپی خێڵ و عه‌شیره‌ت و مه‌زهه‌ب و ته‌ریقه‌ت و حیزب و ده‌سته‌و گروپ و ناوچه ده‌بێت. كه هه‌ریه‌كه له‌م دامه‌زراوانه‌ش كه زیاتر وه‌كو دامه‌زراوه‌ی پێش كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی سه‌یر ده‌كرێن، كه ئه‌م دامه‌زراوانه‌ش هه‌ر له سرووشتی پێكهاتنیانه‌وه هه‌ڵگری رۆح و بنه‌مای یه‌كتر قبوڵنهكردنن چونكه به دیواری ئه‌ستوور خۆیان له‌وانی تر جیاده‌كه‌نه‌وه‌و بره‌و به‌و بنه‌مایانه ده‌ده‌ن كه خودی ئه‌م پێكهاتانه‌ى لێبه‌رهه‌م دێت كه ئه‌ویش بریتیه له په‌یوه‌ندییه‌كانی خوێن و ده‌مارو عه‌قڵ و ئایدیۆلۆجیای ته‌سك و داخراوی حیزبایه‌تی و مه‌زهه‌بی و ناوچه‌گه‌ری، كه ئه‌مانه‌ش به‌رده‌وام له‌سه‌ر ژێیه گرژه‌كانی سایكۆلۆجیای تاك و كۆ كارده‌كه‌ن كه ئه‌و جۆره كاركردنه‌ش به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنی گرژی و پشێوییه له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا.
ئێستا به ئاشكرا كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی له‌م باره‌دا ده‌ژی. له‌لایه‌ك نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ده‌وڵه‌ت هه‌تا ترس له ئاینده‌و گومان و دله‌ڕاوكێ له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌س و كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌ره‌و لاوازبوون بچێت. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر به چاوی رهخنهوهو به وردی سه‌یری كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی بكه‌یت به ئاشكرا هه‌ست ده‌كه‌ین و ده‌شبینیت كه چ دابه‌شبوونێكی ئاسۆیی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و دامه‌زراوه لۆكاڵیانه هه‌یه‌و چۆن ئه‌و دابه‌شبوونانه به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م یه‌كێتی و یه‌كبوونی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتیمانیداو چۆن له‌رووی نه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه كۆمه‌ڵگه به پێی ئه‌و دامه‌زراوه لۆكاڵیانه دابه‌شبووه‌و به‌چ شێوه‌یه‌كیش ئه‌و دهبهشبوونه به‌رده‌وام مایه‌ی پشێویی‌و ئاڵۆزی كۆمه‌ڵایه‌تیه. هه‌ربۆیه به‌م باره شلۆق و ناجێگیره‌وه كه له كوردستاندا هه‌یه، ئاینده به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م گوماندا ده‌بێت، چونكه به‌م بكه‌ره لۆكاڵی و دابهشبووانهوه كه به‌رده‌وام تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌و ئاراسته‌یه په‌روه‌رده ده‌كه‌ن كه ئاسۆی بینینیان ته‌نیا تا سنووری بازنه‌ى دامه‌زراوه لۆكاڵیهكهی خۆیان بڕبكات، هه‌ڵهێنانی هه‌نگاوی به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی سه‌قامگیر كارێكی ئاسان نییه. بۆیه من وای بۆده‌چم ته‌نیا شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی هه‌مه‌لایه‌ن و گشتگر ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی بگوازێتـهوه بۆ قۆناغێك كه تیایدا سه‌قامگیری فه‌راهه‌م ببێت، ئه‌ویش به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كۆی ئه‌و دامه‌زراوه لۆكاڵیانهى كه ئێستا هه‌ن و به به‌رهه‌مهێنانی عه‌قڵێك كه كۆمه‌ڵگه وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو سه‌یر بكات و زه‌مینه‌ى په‌روه‌رده‌ى دیموكراتیانه‌ى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بسازێنێت و ژێیه گرژه‌كانی په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئێستا خاوبكاتهوهو به‌وه‌ش ئه‌و فه‌زا بارگاوی كراوه به رق و كینه‌و سڕینه‌وه‌ى یه‌كتر كۆتایی پێبهێنێت و له شوێنی‌دا فه‌زایه‌كی هێمن درووست بكات كه تیایدا نموونه‌ى باڵا نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بێت به جۆرێك كه بوون و كه‌رامه‌تی هه‌موو تاكێك تیایدا پارێزراو بێت. ئه‌وه‌ش ته‌نیا كاتێك به دیدێت كه رۆحی گشتی كۆمه‌ڵگه له جوڵه‌ى بڵندبوونیدا بگاته به‌رزترین ئاستی و له‌وێشه‌وه ئازادانه گوزارشت له بوونی خۆى بكات كه ته‌نیا له‌و باره‌دا هسَمنی و سه‌قامگیرى ئه‌گه‌رى درووستبوونی هه‌یه، ئه‌ویش ئاستی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ته. واته به بێ گه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه به ئاستی به‌رهه‌مهێنانی دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌ت هه‌رگیز ناشێت سه‌قامگیرى و به‌و پێیه‌ش هێورى و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م بێت.