بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق لە پێشوازى هەردوو سەرۆکى کۆمارو وەزیرانى نوێدا.
دواجار لە دواى نزیکەى پێنج مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى گشتى عێراق لە ڕۆژى 12 /5/2018 ەوە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق شەوى 2تشرینى یەکەم 2018 توانى دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵەح بەسەرۆک کۆمارى عێراق هەڵبژێرێت دواى ئەوەى لایەنە سیاسیەکانى هەرێم نەیانتوانى بسازێن لە سەر کاندیدێکى هاوبەش کە ئەمەش باس و خواستێکى درێژە لەوەیە لێرەدا بە باشى نەزانم بچمە ناو درێژیەکەوە.
هەر هەمان شەو سەرۆکى نوێ دواى ئەوەى سوێندى یاسایی خوارد لە بەردەم سەرۆکى دادگاى فیدراڵى عێراقدا ئەویش دکتۆر عادل عەبدولمهدى کەسایەتى بێلایەن لە ئێستادا هەرچەندە لە ڕابردوودا یەکێک لە سەرکردە دیارەکانى ئۆپۆزەسیۆنى عێراق بوو ڕاسپارد بۆ ئەوەى لە ماوەى مانگێکدا کابینەى نوێ ى حکومەتى عێراق پێکبهێنێت.
تائێرە ئاساییە ئەگەرچى ئەم دوو کەسایەتیە سیاسیە دوو کاراکتەرى کۆنى گۆڕەپانى سیاسى عێراق بوون بەتایبەتى لە دواى ڕوخانى ڕژێمى سەدام لە ساڵى 2003 بەڵام لە چەند ساڵى لە ڕابردوودا لەسەرشانۆى ڕووداوەکان نەبوون ئەوەى ئەم دوو کەسایەتیە لەسیاسیەکانى ترى عێراق جودا دەکاتەوە ئەمان خوێندن و پەروەردەیان لە دەرەوەى عێراق و لە فەرەنساو بەریتانیا بووەو بە بیرو بۆچوونى دیموکراسى و کراوە ناسراون و دوورن لە توندڕەوى نەتەوەیى و تائیفى و بەیەک مەودا لە هەموو پێکهاتەکانى عێراق دەروانن و کەس هیچ هەستیارى و نیگەرانیەکى دیارى بەرامبەریان نیە بۆیە بە کاندیدى کۆ یان هەمووان ناو دەبرێن و خەڵکى عێراقیش بە هیواو ئومێدێکى گەورەوە لێیان دەڕوانێت بەو هیوایەى بتوانن چارەسەرێک بۆ دەردە بێدەرمانەکانى تائێستاى عێراق بدۆزنەوە ئەم دکتۆرانە.
ئەم دووانە لە دوو بنەماڵەى ئەرستۆکراتى کوردو عەرەبەوە هاتوون دکتۆر عادل کوڕى وەزێرێکى پێشووى عێراقەو پەروەردەى گەڕەکى کەڕادەى بەغدادە و دکتور بەرهەمیش کوڕى دادوەرێکى کوردە لە گەڕەکى عەقارى شارى سلێمانى.
ئەوەى ئەمجارە مەترسى لێدەکرا ململانێ ى توندو پڕ لە گێرەو کێشمەى شیعەکان بوو بۆ دروستکردنى گەورەترین قەوارەو فراکسیۆن لە ناو پەرلەمانى عێراقدا بۆ ئەوەى ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەى جارانى پێشوو پێش ئەوەى قەوارەو فراکسیۆنى گەورە ڕبگەیەنرێت کاندیدێکى بێلایەن ڕاسپێرا بۆ ئەوەى کابینەى نوێ پێکبهێنێت لە ماوەى دەستوورى دیاریکراودا هەرچەندە ئەحمەد ئەسەدى وتەبێژى لیستى فەتح لە پرێس کۆنفرانسێکى کورتدا لە دواى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند کە قەوارەى گەورە یەکلایى کراوەتەوە بەڵام هیچ بەڵگەیەکى ئاشکرا نیە ئەوە بسەلمێنێت.
ئەرک و ئالنگارییەکانى پێش ئەم دووانە
هەرچەندە حکومەتەکەى عەبادى بارێکى قورسى بۆ ئەم حکومەتەى عەبدولمەهدى جێهێشتووە چ لە قەیرانو ململانێکانى نێوان هەرێم و بەغداد و ئاوەدان کردنەوەو بنیاتنانەوەى ناوچە وێرانبووەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش و کێشەو داخوازییەکانى خەڵکى بەسرەو هەموو عێراق بۆ خزمەتگوزارى پێویست و خێرا لە ئاوى خواردنەوەو کارەباو….تد، جگە لە قەیرانى ئاو و وشک بوونى ڕووبارەکانى عێراق لە لایەن وڵاتانى دراوسێەوە کە ئەمانە هەموو شەڕى قورسن و بۆ ئەم کابینە نوێیە بە جێماون، ئەگەرچى ئەم دووانە بە کاندیدى سازان و هەماهەنگى هەردوو دوژمنى باوک کووشتەى یەکتر ئێران و ئەمریکا ناسراون بەڵام لە پێگەیەکدا نین ئیرەییان پێ ببرێت بە هۆى هەموو ئەو قەیران و کێشانەوە کە لە ڕابردوودا عێراق دووچاریان بووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پشتیوانى ئەمریکاو ئێرانیش سەرمایەیەکى گەورەیە بۆ ئەوەى بتوانن لە ماوەیەکى کورتدا هەنگاوى پێویست هەڵبگرن . هەروەها ململانێکانى ئەو دوو وڵاتەش پێویستى بە کەناڵێک هەیەبۆ ئەوەى لە کاتى پێویستدا بتوانن بەکارى بهێنن بۆ گەیاندنى مەسجەکانیان ئەو کەناڵەش دەکرێت سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق و بەرهەم ساڵەح بێت کە خاوەنى پەیوەندى هاوسەنگە لە گەڵ هەردوو لاى هاوکێشەکە، ئەوەشمان لە بیر نەچێت هەردووکیان خاوەنى توانا پسپۆڕى باشن لە بوارى ئابوورى و کارگێڕى دا.