عوسمان عومەر: توانا و کەسایەتى سەرۆکى وولات و کاریگەریەکانى لەسەر بڕیاردان.
پڕۆگرامى دروستکردنى بریارى سیاسەتى دەرەوە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا لە وولاتانى ئەوروپا چۆتە بەرنامەى خویندنى زانکۆکان و، پسپۆڕ و شارەزایان لەو بوارەدا کورسى خویندنى هەندێ پەیمانگاو زانکۆکان و بڕوانامەى دبلۆم و بەکالۆریۆس و، تەنانەت ماستەرو دکتورا لەوبوارە دەبەخشنە خوێندکارانیان لەکۆلیژى زانستە سیاسیەکان.
دیارە لە عیراق و هەرێمەکەى خۆشمان تەنها کۆلیژى زانستە سیاسیەکان بەرچاودەکەوێ هەندێ جاریش واسیتەو کۆنمرەى نزم یا کەسانێک دەخرێن و دەچنە ئەو زانکۆیانەوە کە بروانامەى ئەو ئاستەیان نییە بۆیە بریارى سیاسى لاى کورد بەتایبەت بوونى زۆر کەمە یا کەوتۆتە ژێر کاریگەرى کەسانى بێ بروانامەو عەشایەر و زۆر جار کاریگەرى سلبى بەسەر بریارەکانەوە هەبووە بۆتە هۆى کیشە گرفت بۆ هاوولاتیان و قەیران دروستکردن و توش بون بە دوو بەرەکێ و لێکترازان.
بۆ ئەوەى خوێنەرى بەڕێز بچێتە ناو بابەتەکەوە سیاسەتى ئەمریکا دەخەمە ڕوو. بێگومان هەموان دەزانین کە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا زۆر جیاوازە لەگەل سیاسەتى وولاتانى تر. هەرچەندە هەندێ وولات دەیانەوێ پەیڕەو یا یالاسایی ئەو حوکمڕانیە بکەنەوە تاڕادەیەک پێى نەگەیشتون.
لە وولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا 7 هێزى سیاسى هاوبەشن یا خاوەن دەسەلاتن و کاریگەرییان بەسەر سیاسەتى دەرەکى ئەمریکاوە هەیە، بەپێى دەستورى ئەو وولاتە ئەوانیش هێزى سەرۆک، کۆنگرس، کۆمەلى خاوەن بەرژەوەندى، هیزى فشار و سەنتەرەکانى بیرى سیاسى و ڕاگەیاندن و ڕاى گشتیە هەریەکە لەو هێزانە فشارى خۆیان دروست دەکەن هێزى ئەو فشارە بەندە بەوەى ئایا کەسایەتى سەرۆک خاوەن تواناو پێگەیەکى جەماوەى وایە کە فشارەکان کاریگەرییان لەسەرى نەبێ یاهەبێ و بچیتە ژێرباریەوە یا بە پێچەوانەوە؟. کاتێ سەرۆک لەکۆشکى سپى گیروگرفتى گشتى و کەسایەتى هەبێ ئەوا بێگومان دەچێتە ژێر کاریگەرى فشارەکانەوە، هەربۆیەش ئەمریکا بە دەولەتى خاوەن فشارى ناوخۆیی ناسراوە.
هێنرى کیسنجەرى وەزیرى دەرەوەى پێشوى ئەمریکا دەلێت: بریارەکان لە واشنتۆن وەک شەرى ناو حەلەبەى سەردەمى ئیمپراتۆریەتى رۆمانى دەچێت” بۆنمونە سەرۆک ئایزهاوەر یەکێک بووە لەو سەرۆکانەى ئەمریکا کە خاوەنى دەسەلاتی جەماوەرى و تواناو خاوەن ئیرادەو بریاردەر بووە، بۆیە توانیویەتى هێزەکانى فشار بێ لایەن بکات و نەچێتە ژێر باریانەوە، بەپێچەوانەى سەرۆک کلنتۆن بەتایبەت لەسەردەمى ویلایەتى دووەمى دا هیزەکانى فشار زۆریان بۆهێنا بوو، تەنانەت هەرەشەى دادگایی کردن و لابردنى بەهۆى فەزیحەتى مۆنیکا لوینسکیەوە.
لێرەوە دەگەڕیمەوە بۆ سیستەمى حوکمرانى لەعیراق لەدوای 2003 وە بەتایبەت دەسەلات و حوکمرانى جەنابى ڕەوانشاد مام جەلال کەخاوەن دید و بۆچون و ئیرادەى بەهێزى خۆى بووە، کەمجار کەوتۆتە ژێر فشارى ئەو هێزە پەرش و بلاوەى دواى ڕوخانى دیکتاتۆریەت. ئەویش بەهۆى کەسایەتى بەهێزى جەنابیان و جەماوەریەتى و زمانرانى و دبلۆماسیەت و کۆدەنگى هەندێ لایەن وایکرد کە بەجەنابیان بگوترێ صمام امان العراق.
لەگەل ئەو هەڵبەزین و دابەزینەى کاک دوکتۆر بەرهەم بەلام دواى هەڵبژاردنى وەک سەرۆک کۆمارى عیراق کاردانەوەیەکى باشى بەدواى خوی دا هێنا، پیویستە وەک سەرۆکێکى خاوەن ئیرادەو باوەر بەخۆبونەوە پەیرەوەى رێبازى ئایزنهاوەر یا رێبازى جەنابى رەوانشاد مامجەلال بکات. (نالێین وەک ئەوى پێ دەکرێ بەلام پیویستە هەموو تواناو سەلیقەى خۆى بخاتە گەر) بۆئەوەى کاریگەرى ئەو هیزە فشارانەى لەعیراق دا هەیە بتوانى بێلایەنیان بکات و، خاوەنى کەسایەتى و سەنگ و بریارى خۆى بێت و، هیچ کات زۆر نەکەوێتە ژێرکاریگەریى هێزى ئەو فشارانە بەتایبەت کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بەپێى دەستور و هەوڵى ئەوە بدات وەک جەنابى مام کۆکەرەوەى هێزە فشارەکان بێ و، وەک بانگهێشتنەکەى رەوانشاد بێ، کە بانگهێشتى سوننەکان بەجیا و شیعەکان بەجیا بۆ نانخواردن و دواتر هەردوکیانى لەسەر مێزى کفتوگۆ کۆکردبۆوە، لەوەش دلنیام کە سەرۆکێکى گەنجە و چالاکى و جموجولەکانى دەبێ زیاتر بێ هەلسوڕێ. هەرچەندە سەرۆکى عیراقە، بەلام نابێ کێشەو گرفتەکانى گەلەکەى خۆشى بیربچێتەوە.