عەلی مەحموود: بەڕێز بەرهەم ساڵەح دەست بەجێ داوای لێبوردن بكە!
15 ساڵی تەواوە، لە پای ئەو تاوانانەی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان لە رابردوودا ئەنجامی داوە، داوا دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق وەك رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بكات، ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی بوو، لەو مانگە سەرەتاییەی دوای روخانی سەدام بونە سەرۆك كۆماری عێراق بە پێی پیتی ناوەكانیان، دەبوایە ئەو ئەركەیان جێبەجێ بكردبایا، دواتر بەڕێز فوئاد مەعسوم، دواتر بۆ دوو خول بەڕێز تاڵەبانی سەۆك بوو، دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رو كرایەوە، وەڵام هەر نەبوو، بەڕێز مەعسومیش هات، داواكارییەكە روو لەویش ساڵ لە دوای ساڵ هەر بەردەوامە، ئەویش هەر بێدەنگ بوو، هەموو نەیانتوانی بە ئەركی خۆیان هەڵستن و سەروەرییەك بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو تۆمار بكەن، تەنها بۆ كورد نا بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی، ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار بكرێت لە وڵاتانی خۆیان بەو شێوە هەڵوێستە هەڵستاون،
لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە، شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان، روباری خوێن، دنیایەك هەڵە، وەحشیەت بونەتە بەشێك لە كلتوری ئێرە.
مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسك و پروسكدا غەرق بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە داد پەروەرییە، دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون، بە بێ یەكەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و هەرگیز بەدی نایات، وەك ئەوەی سیاسییەكانی كورد لەمڕۆدا دەیكەن، لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە راستییەكان و تاوانەكان و دادپەروەری دێت، تاوانبار و قوربانیەكان لە ئاوێنەی دەرخستنی هەقیقەت و راستیەكانی رابردوەوە وەك ئەوەی هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە تاوانەكانی رابردوو بشورێنەوە، كارێكی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەكان بكرێت ئاشتەواویی بكەن، لە كاتێكدا هێشتا دادوەری بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستیەكان و هەقیقەتی تاوانەكان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستیەكان و نووسینەوەی روداوە تاڵەكان!.
لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە فێر بین كە “باسكردنی سەرچاوەی تاوانەكان، دانپێنان، قەرەبووكردنەوە، دان نان بەو تاوان و كارەساتانەی لە رابردوو روویان داوە، هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەكانی بابەتەكە، ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی ڕەسمی تا ناكۆكیەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی “كۆمسیۆنی حەقیقەت و پێكهاتنەوە لە باشووری ئافریقا” ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد دەكات، كاتێك قوربانیان ی ان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك و داوای لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات. “پێكهاتنەوە –چارلس ڤیلا –ڤیسیستۆ”.
قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان كەوتوونە, بەڵكە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە, نابێت لە یادمان بچێت كە بژاردن هەم قەرەبووكردنەوەیە و هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە, وەك دەبینین بەردەوام لەناو بازنەكەداین, لە كاتێكدا نە قەرەبو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەكان لە ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, وەك بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داهاتووشدا بۆ ناوەكانی دی, راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە, وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەكەن.
قەرەبووكردنەوە كەرامەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لە زیانە مادییەكان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە, بۆیە مافی قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای سازش هەڵنەگرتنی قوربانیانی كوردستانە, كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات ئەگەر لە ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت, دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن.
دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی كارەكانی ڕابردووی تاوانەكان هەڵێیت, عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و قەربووی قوربانیان دەكاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەكان ڕابردووی سەدام, بەڵكە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و كاركردنیەتی بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكان بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش هێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان, تا ئەمانە نەكات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەكات و ساتدایەو هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە.
بە داوی لێبوردن كردن بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون, تاكە زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران, دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت , بەڵكە خۆ پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی , پاككردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە ,ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو. تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت پەیرەو كرا, كوردیش چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی نوێ كە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆكین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتدارییەتی داهاتوو .
سەرۆكی شیلی لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی یان داوای لێبوردنكردن بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی پێشوو بە سەركردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008 درێژەی كێشا, كەچی خۆی و بیروباوەڕەكەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوون كە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار, بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە, بۆیە دەبێت عێراق لە تاوانەكانی سەدام حوسێن بشۆردرێتەوە.
قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ قەرەبووی مادی, هەر یەكەیان نامەی سەرۆك كۆمار”یوهانز راو” یان پێگەیشت , كە لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر كردبوو.”تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی”, لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەكان كە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن لە مەحرەقە رزگاریان بووە هەر یەكەیان بە 2300 ئیرۆ قەرەبوو بكرێنەوە.
لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیركاریشی كردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوزی, نەك تەنها قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان, ئەمەش بۆ كورد جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە كاری لەسەر بكرێت, لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر كراوەو سامانەكەی تاڵان كراوە.
شیراك سەرۆكی كۆچكردوی فەرەنسا داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر گرتنی 13 هەزار جولەكە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی 1942 لە میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە كۆمەڵ كوشتنیان لە لایەن هیتلەرەوە.
هەرچەندە ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە ئینكار كردن وە نە داوای لێبوردن كردن, لێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە 8ی شوباتی 2018 بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی 1954 بۆ 1962 كە لە جەزائیر دەژیان لەوكاتە قەرەبو بكرێنەوە, هەرچەندە هێشتا فەرەنسا دانی بە هەقیقەتی یاسایی تاوانەكانی خۆی لە جەزائیر نەناوە كە ملیۆن و نیوێك قوربانی لێكەوتۆتەوە.
لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكدارییەكان بوون, لە كەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا, لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی كرد, داوای لێبوردنەكان پێویستە بە نوسراوبن و بڕیاری فەرمییان بۆ دەرچێت و هەڵوێستەكان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی, ئەگەر مامەڵە وەك تاوان دەكات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەكانیش بنێت و كۆتایی بە نكۆڵی كردن بهێنێت, كۆتایی بەو شەڕە سەختەی لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی كۆمەڵكوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەرو ملكەچی حەقیقەتە مێژوییەكان بێت, تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی كۆیلەداری و ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان كرد.
لە ساڵی 1998 دا بیل كلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی كرد لە رواندییەكان, بەهۆی هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكاەوە لەو گەل كوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا, شینزۆ ئەبی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن, رەتی كردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە كۆریەكان بكات, وەلێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە 15ی ئۆگستسی 1995 بە بۆنەی 50 ساڵەی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە هەموو ئەوانە كرد چ وڵاتەكەیانی داگیر كردووە وە یان وڵاتەكەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون, لە فبرایری 2008دا سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبوردنی كرد لە هەمبەر تاوانێك كرد كە بەرامبەر هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی 17000 لە منداڵەكانیان, لێ سەرۆك وەزیرانی نەمسا سیباستیان كۆرتز داوای لێبوردنی كرد سەبارەت بە پێشوازیكردنی وڵاتەكەی لە سوپای هیتلەر.
حكومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای 3 ساڵی دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەكە, ئەمەشیان بە داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی دانا, بۆخۆی ئەمەش داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, ئەمەو نموونەی زۆری دیكە .
ئەو قەرەبوە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشكرا كردنی ڕاستیەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی, كورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە, بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆكەكەیەوە بە بڕیاری رەسمی داوای لێبوردنی لێ بكات, بەڕێز بەرهەم ساڵەحیش كە هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە ئەركە لەسەری بەمكارە هەڵبستیت و وەك ئەو سەرۆكانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەك بە یەكی قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی بنێریت, ئەمە وەك تاك وەك نەتەوەش داوای لێبوردن لە كورد و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و سائیبە… بكرێت, هیوادارم بەم ئەركە هەڵبستێت و هەڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی و مەعسوم دوبارە نەكاتەوە.
چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆكەوە نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەدا, ئەوە گەورەترین پەیام و بەرزترین دڵنەوایی و چاكترین هەنگاوی پاككردنەوەی رابردووە, ئەگەر بەو ئەركە هەڵنەستن بە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆتان هەڵنەستاون.