نوری کەریم: دیکتاتۆریای قەڵەم.
(لەگەرمەی هەراو هوریای بێسەرو بەرەی هەڵبژاردن و دەنگ بدە ودەنگ مەدە،بابەتێک و بە لاڕێ یەکدا دور لەو هەراو مەزایە)
ئەمڕۆ لەباشوری کوردستان ژمارەی نوسەر و بنوس و قەڵەم بەدەست و ئەهلی قەڵەم ئەوەندە زۆرە دەتوانین بڵێین ژمارەی چاپەمەنییەکان: رۆژنامە، هەفتەنامە، مانگنامە، وەرزنامە، گۆڤار،کتێب، کتێبۆڵکە، بڵاوکراوەکان و بڵاوکراوە ئەلکترۆنی یەکان هێندە زۆرن، گەربێت و بەراوردێک لەنێوان لافاوی چاپەمەنی یەکان و نوسەراندا نەک تەنهاخاوەنی ئەو چاپکراوانە)دا بکەین، ئەنجامێکی سەیر دەردەچێت. ئاخۆ ئێمە لە باشور چەند نوسەرمان هەیە کە بەمانای وشەکە نوسەر بن و بەبەرهەمەکانیان کەلێنێکیان لەو هەمو کەلوکونەی ژیانی کوردەواریدا پڕکردبێتەوە لەبوارەکانی زانست و تەکنۆلۆژیا، دیرۆک، جوگرافیا، کۆمەڵایەتیی، هونەر، پەروەردەو پەروەردەی منداڵ، دەرونناسیی و… هتد. هەرچۆنێک ژمارەیان بخەمڵێنین دەبینین ژمارەی چاپکراوەکان زۆر لەسەرو ژمارەی نوسەرانەوەن. کەچی رێژەی خوێنەر یەک لە سەر هەزارە!!
وەک دەزانین نوسەر و بنوس و قەڵەم بەدەستەکانیش لە ئاستەکانی بەهرەو هونەریی نوسین وئەزمونگەریی خۆیان و خزمەتکردن و بەرهەمی بەکەڵکدا کە شایانی خوێندنەوە بێت لە چەندین ئاستی جیاوازدان.
1ــ نوسەری زۆر چاک و بەتواناو خۆشبەرهەممان هەیە، هەرنەبێت لەسەر ئاستی باشور زۆر ناسراون و خوێنەری تایبەتیی خۆیانیان هەیەو جێگەی شایستەی خۆیان گرتووە و دەتوانم بڵێم سەرچاوەی بیرو بۆچونی زۆرینەی خوێنەرەکانیشیانن. ( بە پێویستی نابینم ناویان بهێنم) بەڵام زۆر نێرگزیی وئەوەندە لەخۆڕازین حسابی خوێنەر بۆنوسەرانی دیکە دەکەن!
2ــ ئەو نوسەرانەی کە ناوەڕۆک و ئامانجی نوسینەکانیان لەگەڵ کردار و رەفتاری رۆژانەیاندا جوت ناوەستێتەوە، بۆنمونە دەبینین نوسەرێک لەبەرەی هەژار و چەوساوەکاندایە و هەوڵی ژیانێکی شیاویان بۆدەدات، بەڵام تێکەڵاویان نابێت و هاورێیەکی لە چینی نەدار و نەبوەکان نییە و رۆژێک لە رۆژانیش دەستی یارمەتیی بۆ لێقەوماوێک درێژنەکردووە. باسی ژیانی دیموکراتیی و ئازادیی بیروڕاو ئازادیی ئافرەت دەکات، بەڵام لەماڵەوە دیکتاتۆرێکە و ژیانی ماڵ و منداڵی کردۆتە دۆزەخ.
3ــ نوسەری گەورەو نوسەری سەرکەوتو و فرەبەرهەممان هەن لە دوتوێی بەرهەمەکانیاندا راستیی، دەستپاکیی، بێلایەنیی،مافەکانی تاک بێجیاوازیی،ئازادیی بیروڕادەربڕین، بینینی کەسەکان، روداوەکان و بارودەخەکە وەک خۆی دەخەنە بەردەستی خوێنەر، زۆر بەگەرمیی بانگەشەی دیموکراتیی و یەکسانیی و ئازادی مرۆڤ دەکەن، تۆش ئەرک وماندوبون و بەرهەمیان بەرز دەنرخێنیت. بەڵام هەر ئەوەندەی دەمت بسۆتێ و لەروی دڵسۆزیی و نەشێواندنی راستییەکانەوە سەرنجێک، تێبینی یەک یا رەخنەیەک لە بۆچونێکی بخەیتە روو، ئەوە کفری دوازدە ئیمامت کردووە و گوناهێکە سڕینەوە و لێبوردنی نییە، بۆ؟ چونکە بەڕێزیان لەسەرو رەخنەوەیە و ئەو لەو (بورجە عاجی)یەی خۆیەوە و بەو ئاسمانەوە کە بە فیزیکەوە تەماشای خوارەوە دەکات ئەو حەشامەتە بچوک دەبینێت، ئێمەش لە جێگەی خۆمانەوە تەماشای ئەو دەکەین بەو حەوایەوە، ئەو بچوکتریش دەبینین.
لەهەموی ناخۆشتر کاتێکە سەرنج و تێبینییەکە وەک خوێندکارێک بۆ مامۆستاکەی تیشک بخاتە سەر روداوێک، چەمکێک یا قۆناغێکی ژیانی سیاسیی و رێکخراوەیی.. ئەوە قیامەت هەڵدەستێت و مامۆستا (بەرگی غەزەب) دەپۆشێت. هەرچەند لەبەر چەند هۆیەک دڵنەوایشیی بکەیت نەبا دڵی ناسکیان برەنجێت کەچی (زەربی سفرت دەکات)، ئیتر تۆش ئازادیت. زۆر جاریش وەک هاوڕێ و دۆست یا خوێنەرێک وبەمەبەستی خزمەت، بابەتێک دەوروژێنیت یا بەرچاودەخەیت، یا سوکە رەخنەیەک لە وشەیەک، رستەیەک دەخەیتە بەرچاو، ئیتر ئەفەندی بەوە دەنازێت لە فەیسبوکدا (لایکی) زۆری بۆ دێت، دەست بە تێلا دێتە پێشەوە بۆ شەڕ، هەموکەسێکیش خۆی بەشەڕ و شەڕە دەنوکەوە خەریک ناکات.
4ــ هەندێکیش لە دوتوێی بەرهەمەکانیدا وەها دەرکەوتووە بە زمانی گوڵ و باڵندە دەنوسێت و بەرگی فریشتەی پۆشیوە و قەڵەمەکەشی لە شمشاڵەکەی دەروێش عەبدوڵا و قالە مەڕی پاکترە، بەڵام خوانەکات بەئاستەم بەر وشەیەکی بکەویت، لەگوڵ کالتری پێ بڵێیت، کابرا قوشقی دەبێت و (هەروەک سڕکردە و بنکردە، رابەر و راونەر، بەرپرس و بەرپەرست) ەکان روی راستەقینەی خۆی ئاشکرادەکات، تەوراسێک بەمدەست و شەکرشکێنێک بەو دەستەوە، شەکردەشکێنێت و شەلم کوێرم ناپارێزم هەتا هێوردەبێتەوە و تەریقیی بەخۆی دێت. ئاخر تۆ کە هێندە لەخۆت رازیت، خۆت لە ئاوێنەی دێودا بینیوە، بەڵام بەلای خوێنەرەوە هەر هێندەی خۆت دەتبینین و ئۆباڵیشت بەملی خۆت. هەندێکیشیان هەر تەریقیش نابنەوە و کاسەکەی شێخ رەزای تاڵەبانی لەسەریاندا دەشکێت کە دەڵێت:
( پێستی روی هێند قایمە، شمشێری میسری نایبڕێ* گەر بە کەوشی کەی، لەپێی کەی تا قیامەت نادڕێ )
5ـ توێژێکی نوێش هەن، ببەڵام ئەمەیان جیاوازە و بەرهەمی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی هەرێمە، بندیوارن و چەکداریشن! بندیواری یەکە لەوەوەیە قەڵەمبەدەست و بنوس و (نوسەر)ی بەرپرسێک یا گروپێک یا حیزبێکە و بەپێی خواست و مەرامەکانی ئەوانە قەڵەم دەخاتەکار و پارەی خۆی وەردەگرێت. چەکداری یەکەشی لەوەوەیە کە دەکەوێتە بەرایی ئەوانەوە کەبەر هەڵمەتی دەمانچە بەخشینەوە دەکەون و ئێ خۆ چەکیش وەک قەڵەم جوانە،ئەمیان بۆ کەمەر و ئەویشیان بۆ گیرفان.