عیماد عه‌لی: ئایا حوكمی زۆرینه چاره‌سه‌ره له كوردستان؟
سه‌ره‌رای گزی و فزی و ساخته و بێنه و به‌رده، ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌لبژاردنی كوردستانی باشوور تا راده‌یه‌كی باش خواست و دیدوبۆچون و بیركرنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی ده‌رخست. لێره‌دا قسه‌مان له بێهیوایی و نائومیدی زۆرینه‌ی ره‌های گه‌لی كوردستان به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نیه كه بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیان كرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستوه‌ردان و ساختانه ده‌ركه‌یت، ئه‌گه‌ر زۆر گه‌شبین بین ده‌كرێت رێژه‌ی به‌شداربوان به 30% مه‌زه‌نده بكه‌ین نه‌ك وه‌ك ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن و ده‌یگه‌ننه نیوه به نیوه.
باشه ئیمه لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه كه بگیرێته‌به‌ر بۆ راسته‌رێكردنی حوكم و دواجار گرنگترین شت چاره‌نوسی گه‌لی كوردستانه به گشتی كه له‌م قۆناغه‌دا به‌ده‌ست ئه‌و جێی باوه‌رانه‌ی ئه‌و رێژه‌ی خه‌ڵكه ده‌نگده‌ره‌یه كه چۆن حوكمی كوردستان ده‌كه‌ن. با وه‌ك خۆی باسی بكه‌ین و له سه‌ر بنه‌مای ده‌رئه‌نجامه به‌راییه‌كان هه‌ڵیسه‌نگێنین و كام رێگه باشتره و كامه‌ی دهمانگهیهینێته ئاینده‌یه‌كی تا راده‌یه‌ك دیار سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ئاڵۆز و پر له گیروگرفت بێت.
بۆ بیست و حه‌وت ساڵه ده‌سه‌ڵات به حوكمی برا به‌شی به‌رێوه ده‌برێت و له‌م چه‌ند ساڵه‌دا كۆمه‌ڵێك حزبی تریش خۆیان خزانده نێو ده‌سه‌لاته‌وه و سه‌ره‌تا وه‌كو ئۆپۆزسیۆن خۆیان نواند و دواتر تا سه‌ر به‌رگه‌یان نه‌گرت تاوه‌كو زۆرینه‌یی ده‌نگ و جه‌ماوه‌ری بۆ خۆیان زامن بكه‌ن و به هه‌ڵه یان به ناچاری به‌شداریان له‌به‌ده‌ستهێنانی شه‌ره‌فی به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی كوردستان كرد كه ئێستا ئیدعای ناكه‌ن و به تۆمه‌تێك ده‌یزانن و به‌ڵام رهتیناكهنهوه.
ئه‌مجاره به جیا له خوله‌كانی تر زۆرینه‌ی ره‌ها به‌ده‌ست پارتی دیموكراتی كوردستانهوهیهو داشی سواره‌و ده‌توانێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌رێوه بهرێتو بۆ چوار ساڵ یاری سیاسی خۆی بكات‌و چۆنێتی حوكمی خۆی دهربخاتو ئه‌وسا بۆ خه‌ڵك بیسه‌لمێنێت كه توانای خزمه‌تكردنی هه‌یه یان فه‌لسه‌فه‌ی حوكمرانی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا ناگونجێت و ئه‌گه‌ر شكستی هێنا له خولی هه‌ڵبژاردنی داهتوودا خه‌لك سزای بده‌ن و ده‌نگی پێنه‌ده‌ن و ورده ورده ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات خۆی بسه‌لمێنێت وخهڵكیتر جێگه‌ی بگرنه‌وه( لێره‌دا باس له چێژ و له‌زه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات و توانای به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ له هه‌موو رێگه‌كانه‌وه ناكه‌م كه هه‌میشه ده‌سه‌ڵات ده‌یگرێته‌به‌ر) ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی نابه‌جێ و زوڵم و زۆر‌و ته‌رهیب و ته‌رغیب ره‌فتار بكات ماوه‌ی حوكمه‌كه‌ی زۆر ناكێشێت و زۆر ده‌سه‌ڵاتمان بینی كه چۆن چۆكیان داداو بهكزه بایه‌ك وشكههڵاتنو ره‌قبونه‌وه، ئه‌گه‌ر نا خه‌ڵك له‌و ئاسته‌دایه قبوڵی ئه‌م جۆره حوكمه بكات به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌وا چاره نیه و ده‌بێت ملكه‌چ بین بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك كه له‌و ئاسته‌دا بێت ده‌سه‌ڵات به كێماسیهكانیهوه قبوڵ بكات.
له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ حزبه‌كانی تر، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ره‌ش و سپی و توانای مانه‌وه‌ی هه‌ر حزبێك به‌دوور له ده‌سه‌لات، پێویسته حوكمی زۆرینه و كه‌مینه خۆی فه‌رز بكات و ده‌سه‌ڵاتی كوردستان بكه‌وێته سه‌ر سكه‌ی خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان وه‌كو عیراق نیه كه سازان و هاوبه‌شی پێویست بێت، له‌به‌ر جیاوازی زۆرینه‌ی پێكهاته هه‌مه‌چه‌شنه‌كان.
بۆیه، باشترین و كورتترین رێگه حوكمی زۆرینه‌یه كه له‌م قۆناغه‌دا و له ماوه‌ی چوار ساڵ بۆخه‌ڵك زۆر شت روون ده‌بێته‌وه كه پێشتر تاكه لایه‌نێك به هۆكار دانه‌نرا” ئینجا بۆی ده‌رده‌چێت ئایا پارتی ده‌توانێت به ته‌نیا حوكمی ره‌شیدی خۆی بكات و بیسه‌لمێنێت كه حزبه‌كانی ترن نه‌یانهێشت ئه‌و به دیموكراسی و ئازادیه‌وه ده‌توانێت ده‌سه‌لات به‌رێوه‌به‌رێت، یان خۆی توانا و ئه‌وه‌ی نیه و حزبێك نیه له ئاست حوكمی سه‌رده‌مانه سه‌ركه‌وتوبێت و حزبی تر شایانی ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بگرنه دهستو له خوله‌كانی داهاتو به ده‌رئه‌نجامی سندوقه‌كانی ده‌نگدان جێگه‌ی بگرنه‌وه. له‌م ڕیگه‌یه باشترمان نیه، چونكه رێگه‌كانی ترمان تاقیكرده‌وه له‌م دوو ده‌یه و نیوه‌دا. بۆیه چاك و خراپ بۆ خه‌ڵك ده‌رده‌كه‌وێت و له نه‌هامه‌تیه تا راده‌یه‌ك رزگار ده‌بین.