تویتەكانی خاشوقچی: دەستخۆش ئەردۆغان بۆ دەرپەڕاندنی كورد لەعەفرین.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
جەمال خاشوقچی، كە تراژیدیای گیان لەدەستدانی لەلایەن زۆرێک لەدەوڵەتانەوە بۆ مەبەستی سیاسی بەكارهێنرا، هەڵوێستی بەرامبەر بەكورد وەك لەتویتەكانیدا دەردەكەوێ شۆڤینیانەو هەمان هەڵوێستی ئەردۆغان بو.
چیرۆكی خەمناكی جەمال خاشوقچی، چیرۆكی هەزاران چالاكوانی سیاسیو کەسی ناڕازییە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە لەهەلومەرجێكی ئاڵۆزدا دەبنە قوربانی دەزگا هەواڵگرییە تۆقێنەرەكانو لەلایەن باندە دەستڕۆشتوەكانی دەسەڵاتەوە تیرۆر دەکرێن.
بەڵام جەمال خاشوقچی بەپێچەوانەی زۆرێك لەو قوربانیانەی كەس ناوی نەبیستن، بەهۆی ئاڕاستەی ئیخوانییەوە لەلایەن میدیاكانی توركیای سەر بەئەردۆغانەوە بایەخێكی ئێجگار گەورەی پێدرا، دیارە نەك لەبەر پەرۆشی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بۆ مافی مرۆڤو ئازادی رادەبڕین، چونكە كەم وڵات هەیە لەجیهاندا هێندەی توركیا بەئەزمونو پسپۆڕ بێت لەبواری كوشتنی كەسانی ناڕازیو ئەنجامدانی تاوانی بكەر نادیارو نەزانراودا.
ئەمە جگە لەوەی كوشتنی جەمال خاشوقچی لەزۆرێك لەمیدیاكانی تریشدا دیسان گەورە كرا بۆ مەبەستی سیاسیو زۆر دەوڵەتو لایەنیش ئەم روداوە سامناكەیان قۆستەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
بۆ نمونە مەسەلەی دیارنەمانی خاشوقچی لەمیدیاكانی ئێراندا بەو ئەندازەیە گەورە نەكرا كە بۆ زۆربەی چاودێران جێی سەرنج بو، چونکە ئێران بەدوژمنی یەکەمی سعودیە دادەنرێ لەم ناوجەیەدا. هەڵبەتە میدیاكانی ئێران بۆ ناشیرین كردنی رژێمی سعودیە ئەم کارەساتەیان بەكاریانهێنا، بەڵام لەدیدی بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوە بۆ خاشوقچی نەلاوانەوە، لەبەرئەوەی بەپێچەوانەی توركیاوە خاشوقچی نەك پشتیوانی لەرژێمی ئێران نەدەكرد، بەڵكو سەرسەختانە دژ بەئێران بو، بەتایبەتی سەبارەت بەسوریا.
ئەگەر لەم روانگەیەوە كورد لەخاشوقچی بڕوانێت، سەرباری ئەوەی كوشتنو گیان لەدەستدانی پێشێلكارییەكی گەورەی مافی مرۆڤو ئازادی رادەبڕینە لەم ناوچەیەدا كە كورد یەكێك بوە لەقوربانییە سەرەكیەكانی، بەڵام هەڵوێستەكانی جەمال خاشوقچی بەرامبەر بەكورد لەهەشتیارترین ساتەوەختەكاندا مایەی نیگەرانی بوە.
خاشوقچی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتویتەر كوردی تۆمەتبار دەكرد بەوەی لەرۆژئاوای كوردستان (كە ئەو بەخاكی عەرەبی سوریای ناودەبرد)، عەرەب دەچەوسێننەوەو دەیانەوێ سوریا كەرتو پەرت بكەن.
س: ئاوێنە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە