بەهرۆز جەعفەر: عەبادی سەرۆک وەزیرانێکی سەرکەوتو بو.
لەکۆتاییدا هیچ نەبێ حکومڕانی دوای سەددام، سەلماندی لە عێراقدا دەستاودەستکردنی دەستەڵات (تداول السلطة) هەیە.
ماوەی چوار ساڵ سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش توانی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی حکومەتەکەی بدات. توانی عێراق لە تیرۆریستان پاک بکاتەوە. توانی باڵانسی هێز لە نێوان ئێران و ئەمریکادا ڕابگرێ و، حیساب بۆ هەموویان بکات. توانی بە پێشمەرگە موسڵ ڕزگار بکاو بە حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی کەرکوک و بیرە نەوتەکانی بخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی مەرکەزی. توانی دەستەڵاتی خۆی بەسەر هەموو خاڵە سنورییەکان و، گومرک و، فڕۆکەخانەکاندا بسەپێنێ.
سەرەڕای گەندەڵی و خروقاتە ئیدارییەکان لە خولی سێیەمی پەرلەماندا چەندین وەزیر و دەستەو بەرپرسیارێتی گرنگ لەکارەکانیان دوور خرانەوەو، لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا.
ئەمانە هەموو هەقیقەتن و، لەهەموو ئەمانە گرنگ تریش دوای چوار ساڵ بەڕێگەی ئاشتیانە دەستەڵاتەکەی ڕادەستی عادل عەبدولمەهدی کرد. تاکی کوردیش هەر ئەتوانێ جنێو بات و، هەندێ بەندوبالۆرەی درۆینەی قەومی لێ بداتەوە، بە دیار حیزبێکەوە دانیشتووە کە 27 ساڵە یەک سەرۆکی حکومەتی هەیە ئەویش بەخۆی و دارودەستەکەی ئەندازیاری تاڵانیە، میللەتێکیان دووچاری سەدان نەهامەتی یاسایی و سیاسی و دارایی و کۆمەڵایەتی کردۆتەوەو، ئیدارەی هەرێمۆچکەیەکی بچووکیان پێ نادرێ، سیانزە ساڵ نەیانتوانی حکومدارییەکی ڕەشید و ئینسانی ڕێک و پێک لە کەرکوکا بکەن!.