Talabani-3

شێرزاد شێخانی: دامەزراندنى دەزگایەکى رۆشنبیرى بەناوى مام جەلالەوە لەقاهیرەى پایتەختى میسر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەهەواڵێکى تایبەت بە سایتى ( سارا پرێس ) ى عەرەبى، سەرۆکى مەڵبەندى لێکۆلینەوەى کوردى لەقاهیرەى پایتەختى وڵاتى میسر رایگەیاند کە “مەڵبەندەکەیان دەزگایەکى تایبەتى رۆشنبیرى بە ناوى سەرۆکى کۆچکردووى عیراق و سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتمانى کوردستانیان دامەزراند کە چەندین کەسایەتى سیاسى و رۆشنبیرى عەرەبی و کوردى بەخۆوە دەگرێت و چالاکی رۆشنبیرى لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبیدا ئەنجامدەدات، ئەمەش وەک رێزلێنانێک لەرۆڵوخەباتى بەرێز مام جەلال وەکو سەرکردەیەکى کاریزمایی میللەتى کوردو، پێگەى بەرێزیان لەکایەى سیاسى عیراق و بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردى بەدرێژایی شەست ساڵى رابردوو لە مێژووى هاوچەرخى عیراق و کوردستان”.
سەید عەبدولفەتاح کە کەسایەتیەکى ناسراوى رۆشنبیرى میسرییە و سەرۆکى مەڵبەندى قاهیرەى لێکۆلینەوەى کوردییە لەمیسر بە سایتەکەى راگەیاندوە” کردنەوەى ئەم دەزگایە بۆ بەرزراگرتنى رۆڵو پێگەى بەرێز مام جەلال و ئەو خەباتەى کە لەپێناو بەها مرۆییەکان بەجێى گەیاندوەو، رێزگرتنیشە لە کارى سیاسى ئەم سەرکردەیە لەخزمەتکردنى دۆزى کوردو پرۆسەى دیموکراسى لەعیراقدا”.
جەختیشى لەوە کردەوە کەوا ” مام جەلال شایەنى هەمو رێزلێنانێکە، ئەوەى ئێمەش کردومانە وەفایەکى کەمە بۆ ئەم گەورە سیاسەتمەدارەى کوردو عیراق، پێویستە هەمومان هەوڵبدەین رێبازى خەباتى شۆڕشگێڕانەو دیموکراسیانەى ئەم خەباتگێڕە بگوازینەوە بۆ نەوەکانى داهاتوو. لەم روانگەیەوە هەوڵماندا مەڵبەندێکى رۆشنبیرى گەورە بەناوى بەڕێزیان بکەینەوە بۆ ئەوەى ببێتە سەنتەرى لێکگەیشتن و حیوارى بەردەوام لەنێوان گەلانى عەرەب و گەلى کورد کە هاوبەشى یەکترن، بەتایبەتیش لەبوارى بەرپاکردن و جێگیرکردنى دیموکراسى و مافی مرۆڤ و مافی چارەنوسى گەلان”.
سەید عەبدولفەتاح داواشی لەگشت رۆشنبیرانى عیراق و کوردو وڵاتانى عەرەبی کرد کەوا هەمانگی و هاوکارى ئەم دامەزراوەیە بکەن بۆ گەیاندنى پەیامە پیرۆزەکانى بەڕێز مام جەلال بە دونیا.
ئاماژەى بەوەشداوە” کەوا مام جەلال تەنها موڵکى میللەتى کورد و عیراق نیە، بەڵکو موڵکى هەمو ئازادیخوازو دیموکراتخوازى میللەتانى جیهانیشە. سەبارەت بەخۆمانەوە، ئێمەى میسرییەکانیش بەموڵکى خۆمانى ئەزانین، چونکە ئەم سەرکردە مەزنە خۆشەویستییەکى زۆرى بۆ میللەتو وڵاتەکەى ئێمەى هەبوە، جگە لەو خۆشەویستییە گەورەیەى بۆ مرۆڤایەتیشى هەیبو، خەباتێکى زۆریشى کردوە لەپێناو چەسپاندنى بەهاى مرۆڤایەتی لەسەر ئاستى جیهان، کاتێکیش هاتە ناو کوورەى خەباتى کوردایەتییەوە، ئەمە لەروانگەى هەستکردنى بوە بە عەدالەتى دۆزى میللەتەکەى، لەم پێناوەشدا لەمناڵییەوە ژیانى خۆی تەرخانکردوە بۆ سەرخستنى دۆزى کورد و، ساڵانێک لەدژی رژێمە دیکتاتورەکانى وڵاتەکەى جەنگاوە”.
سەرۆکى مەڵبەندى لێکۆلینەوەى کوردى لەقاهیرە رایگەیاند” بەڕێز مام جەلال وەکو سەرکردەیەکی گەورەى کورد، هیچکات دژایەتى میللەتانى عیراق و میللەتانى عەرەبى نەکردوە، بەڵکو هەمو خەباتى خۆى بەئاراستەى خزمەتى دۆزى رەواى میللەتانى عەرەبیشى بردوەو، بۆیە ئەم زاتە گەورەیە موڵکى هەمو ئازادیخوازانى ناوچەکەیە، ئەم هەڵویستانەشى زیاتر لەو کاتەدا دەرکەوت کە جەنابیان پۆستى سەرۆک کۆمارى عیراقى وەرگرت و زۆر دڵسۆزانە و لێپرسراوانە کارەکانى خۆى خستە خزمەتى گەلەکەى و میللەتانى عیراق و، هیچ فەرق و جیاوازییەکى لەنێوان پێکهاتەکانى عیراقدا نەکرد و، بوو بە چەتڕێک بۆ کۆکردنەوەى سەرجەم پێکهاتەکانى عیراق و پاراستتنى مافەکانیان “.
لەکۆتاییدا سەید عەبدولفەتاح ئاماژەیدا، کە کەسایەتى مام جەلال بەدرێژایی تەمەنییەوە بە رۆحێکى پاک و دڵێکى سپیی و، رۆشنبیریەکى فراوان و، بیرو دیدگایەکى واقیعیانەو، توانایەکى لەرادەبەدەرى هەبو لەدروستکردنى پەیوەندى دۆستانە لەگەڵ گشت کەسایەتى سیاسی و سەرکردەکانى ناوچەکە، بەمەش بوە خاوەن کارێزمایەکى دەگمەن لەسەر گۆڕەپانی سیاسى ناوچەکە بەدرێژایی چەندین دەیەى رابردوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت