عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: بەهانەکانی پاشەکەوتی موچە کۆتاییان هاتوە!
حکومەتی هەرێمی کوردستان جگەلەوەی مووچەی مانگەکانی ( 9 + 10 + 11 + 12)ی ساڵی 2015 ی نەدایە فەرمانبەران، هات و لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی نایاسایی دەرکرد لەغیابی پەرلەمانی کوردستاندا ئەویش بڕیاری ژمارە ( 64) ی 03- 02- 2016 بوو کە ناونراوە بە سیستمی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران. کەبەپێی سیستمەکە موچەی فەرمانبەران بەپێی زۆرو کەمی موچەکانیان پاشەکەوت دەیانگرتنەوە بەشێوەیەک کەلە ( 15٪ بۆ 75٪ )ی موچەکانیان بۆیان پاشەکەوت دەکرا.
هەرلەیەکێک لەخاڵەکانی تری بڕیارەکەدا واتا بڕیاری ژمارە ( 64)دا هاتبوو کەحکومەت بەپێی سیستمەکە مانگانەلەکات وساتی خۆیداو هەر (30) ڕۆژجارێک ئەو چارەکە یان نیوە موچەیە دەداتە موچەخۆروفەرمانبەران ، بەڵام ئەمەشیان وادەرنەچوو، زۆرجار مانگ دەبوە (50 — 60 )ڕۆژو لەهاویندا موچەی بەهارو لەزستانیشدا موچەی پایز وەردەگیرا تەنانەت لەئێستاشدا باس لەوەدەکرێت کە حکومەت بەنیازە موچەی مانگەکانی ( 10+ 11 +12)ی ساڵی 2018 بەتەواوی پاشەکەوت بکات، بەمەش ئەم حکومەتە بەتەواوی متمانەی خۆی هەرچەندە هێندەی تاڵەمویەکی ماوە لەلای هاوڵاتیەکانیەوە لەدەستدەدات و بەدەستهێنانەوەشی کارێکی ئاسان نیەو ئەستەمە.
لەو ساتەدا کە حکومەت ئەو سیستمە عەجیب وغەریبەی داهێنا هەندێ بیانوو بەهانەی بەدوایەکدا ڕێزکردبوو بۆ دەرکردنی بڕیارەکەو سەپاندنی سیستمی نایاسایی پاشەکەوتی موچە، کە هەندێکیان بریتی بوون لە:
1- بون و بەردەوامی شەڕی گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ( داعش) لەهەرێمی کوردستان .
2- بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە کەزۆرجار خۆیان واتا بەرپرسانی هەرێم مەزەندەیان دەکرد بە ( 1،800،000)یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار کەس .
3- نەناردن وبڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە .
4ـ- دابەزینی نرخی سوتەمەنی ( نەوت ) بەڕێژەیەکی زۆرو چاوەڕواننەکراو کەتاکە سەرچاوەی بەهێزی کۆکردنەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان بوو .
5- کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەک گەر لەساڵانی پێش شەڕی داعش مانگانە زیاتربوبێت لە ( 350)ملیارد دینار، ئەوا دواتر دابەزی بۆ ( 120)ملیارد دینار و کەمتر یان زیاتر .
6- کەمبونەوەی جموجوڵی بازرگانی و هاوردەو هەناردەی کاڵاوشمەک لەنێوان هەرێم و وڵاتانی دەوروبەرو تەنانەت لەگەڵ حکومەتی ناوەندیش.
لەگەڵ هەندێک بەهانەی نالۆژیکی و ناواقیعی لەوکاتەدا.
بەڵام دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، و لەئێستادا مانەوەو بەردەوامی ئەو سیستمی پاشەکەوتەو کۆتایی نەهاتنی تەواوەتی ئەوسیستمە نایاساییە هیچ بیانوو بەهانەیەک هەڵناگرێت، وگەر درێژەی هەبێت ئەوا جگە لەسزادانێکی گەورەی فەرمانبەران و موچەخۆران لەلایەن حکومەتە خۆماڵیەکەیانەوە، زوڵمێکیشە کەدەسەڵاتی کوردی لەهاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانی دەکات، وەک پێشنینانیش وتویانە گەرهەموو شتێک لەباریکیدا بپچڕێت ئەوا زوڵم لەئەستوریدا دەپچڕێت.
لەئێستاشدا هەموو ئەو بەهانانە کۆتاییان پێ هات کەکرابونە هۆکار بۆ سەپاندنی سیستمی بەناو پاشەکەوتی موچە چونکە شەڕی تیرۆرو ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش کۆتاییهات، زۆرینەی ئاوارەکان گەڕانەوە شاروناوچەکانی خۆیان، نرخی هەربەرمیلێک نەوت سێ هێندەی ساتی سەپاندنی پاشەکەوتی موچە بەرزبۆتەوەوزیادیکردوە، مانگانەش چەردە پارەیەکی باش لەناوەندەوە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت جگەلەو هاوکارییەی کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەیدەنە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، داهاتی ناوخۆش زیادیکردوەو جوڵەبازرگانیەکانیش وەک جاران ئاسایی بونەتەوە.
کورت و پوخت گەر حکومەتی هەرێم و بەرپرسەکانی بەنیازبن بیانووبەهانەی تر بدۆزنەوە یان بهێننەوە بۆ بەردەوامیدان بەو زوڵم و ستەمەی چەند ساڵێکە لە فەرمانبەران و موچەخۆران بەتایبەتی و هاوڵاتیان بەگشتی دەیکەن لای هەموان بەتاڵ و پوچەو کەس بەعانەیەکی قەڵبیش نایکڕێت، چونکە ڕوون و ئاشکرایە کەسەرچاوەکانی کۆکردنەوەی داهات لەهەرێمی کوردستاندا هێندە داهاتی لێکۆدەکرێتەوە کەنەک بەزیادەوە بەشی تەواوی موچه دەکات بەبێ پاشەکەوت، بەڵکو دەشتوانرێت پڕۆژە وەستێنراوەکان و پێدانی پێشینەکانیش بخرێنەوە گەڕو دۆخی هەرێم بگەڕێتەوە دۆخەئاساییەکەی خۆی.