نەبەز گۆران: نمایشكارانی دونیای سەرمایەداری.
مۆدێلی راگەیاندنی ئێستا، مۆدێلێكە مەترسیدارە. ئەم مۆدێلە لە پشت زۆربەی بەرنامەكانیەوە، بێئاگایەكی فراوان خۆی نما دەكات. كاتێك بەشێكی زۆری شاشەكان دەچنە ناو ماڵەكانەوە، ئەوەی پەخشیدەكەن چەند ساتێكی پوچی پڕ لە بێئاگایییە. پرسیارێك نایەتە ناو ئەم مۆدێلە پرسیاربێت، ئەوەی لەم مۆدێلەدا خۆی دەردەخات دونیایەكی بێ پرسیار و دونیایەكی خاڵییە. لەناو ئەم مۆدێلی تێركردنەی چاودا، سێ كۆڵەكە بنەرەتییەكەی میدیا_ كلتوور_ پەروەردە_ هوشیاری_ لە دۆخێكی لەرزۆكدان و بەرەو فەرامۆشكردنێكی تەواوەتی دەچن.
ئالێرەدا لەو فۆرمە سیاسییە دێینە دەرەوە بەشێك لە میدیا تێیدا شیوەن ئەكەن، دەچینە ناو فۆرمە كۆمەڵایەتییەكە، یانی دەچینە سەر ئەو شاشانەی زیاتر دەبنە شوێنی بینینی خێزان. ئەو بەشەی فۆرمێكی كۆمەڵایەتیی وەرگرتوە، هێندە لە ئاستێكی بێئاگاییدا كاردەكات، هەموو كردەیەكانی نمایشكارانەو بێ بەرهەم، كات بەرێكەر، بێ پرسیارە. نە باكی بە پەروەردەیە، نە بە هوشیاری، نە بە كلتوور، ئەشێت زۆربەی ئەو میكیاش كەرانەی نمایشی ئەم مۆدێلە دەكەن، رستەیەكیان نەبێت لەسەر هیچكام لەو كۆڵەكە بنەرەتیانەو، زۆریش دوربن لە ناسینی.
دیاردەی_ مایكەپ_ دیاردەیەكە بەهەرمەكەی ئیشكردنە بۆ تێركردنی چاو، ئیشكردنە بۆ خاڵیكردنەوەی _ ژن_ بۆ بكەرێكی چاوتێركەری بێئاگا، ئیشكردنە بۆ نەهێشتنی ماهییەتی _ژن_ وەك بكەرێكی عاقڵ و، دروستكردنی مۆدێلێك لە _ ژن_ ە، ئەركی بووەتە ئەوەی چۆن چاوەكان تێربكات. گرێی ئەم مۆدێلە لە وێرانكردنی جەوهەر و دونیای _ ژن_ وە دەست پێدەكات، تا بیگەیەنێتە شوێنێك، كە _ ژن_ ئیشی تەنها رازیكردنی چاوە پڕغەریزەییەكانی بەرامبەرەكەیەتی! ئەم مۆدێلە ترسناكییەكەی لەوەدایە خوێندنەوەیەكی دروستی نییە، نە بۆ دونیاكەی خۆی، نە بۆ دونیاكەی دەرەوەی خۆی. ئەركی تەنها ئەوەیە چەندساتێكی پڕچێژ ببەخشێتە چاوی بینەر. ئەو ساتانەش ساتی عەریزەیی و ئارەزوو خوازن و، هەرگیز توانای ئەوەی نییە بۆ یەك چركە دەست بۆ عەقڵی بینەر ببات، چونكە خۆی لە غیابی عەقڵدا دەژیت و كۆی پرسیارەكانی، لە هونەر، لە میوان، پرسیاری بێتام و تەقلیدین، پرسیاری نا پرسیارن، پرسیای كۆمیدی و چژێژ بەخشن، پرسیارێك نیین لە جەوهەری شتەكان. بۆیە كاتێك یەكێك لەو بكەرە میكیاشیانە پرسیارێكی نا ماعقوڵ دەكات لە میوان، ناكرێت لێی نیگەرانبین، چونكە خۆی ماهییەتەكەی خاڵییە، جیهانەكەی جیهانی نمایشە، بكەرێكە ئامادەیە بە چەندین كاتژمێر سەرقاڵی _مایكەپ_ كەی ببێت، ئەما هەرگیز ئامادەنییە نزیكبێت لە كتێبێكەوە، تا كەمێك خۆراك بە مێشكی بدات. ئەمانە چەندە مەترسین بۆ فەرهەنگ، ئەوەندەش مەترسین بۆ وێرانكردنی جیهانی _ژن_ ئێستایەكیان بەرهەم هێناوە، ژنیان كورتكردوەتەوە بۆ _لوت و سنگ و سمت و شێوەی مایكەپ_ هەرگیز یەكێكیان نابینی شانازی بە هوشیاری و دونیابینییەكەیەوە بكات، هەریەكیان لە جێگای خۆی شانازی بەو ئەندامانەی لەشییەوە دەكات، كە جێگەی سەرنجی چاوە پڕ لە غەریزەییەكانن! تەواوی دونیای ژنیان كورتكردوەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی چاوێكی ئارەزوو پەرست، دڵخۆشبكات! ژنیان كردە كەرەستەیەك بۆ دنەدانی غەریزە و، گرێكانی ئەندامانی لەشی خۆشیان كردە شوێنی كردەیەك، ماهیەتی دونیای ژن وێرانبكات و بیكاتە دونیایەكی نمایشی.
ئەگەر بۆ ساتێكیش بیانتوانیبایە دونیای ژن بناسن، بێگومان بۆ ساتێك لەم نمایشە دوردەكەوتنەوە و ئەو دونیاییەیان دەناسان، كە دونیای خۆیانە. ئەما بێئاگاییان ناچاریاندەكات خەریكی ئەم مۆدێلەبن لیك لە دەمی بینەریان دێنێتە خوار. ئەم بوكەڵانەی سەر شاشەكان و ناو دونیای وێنەكان، بوكەڵەی سەرمایەدارین، سەرمایەداری لەم جۆرە بوكەڵانەی خۆشدەوێت، چۆنی بووێت بەو شێوەیە ئاراستەیاندەكات و، خاوەن فیكر و دونیابینییەك نین تا ببنە رێگر لەبەردەم نمایشە كاتییەكانی سەرمایەداریدا. كێشە لەم بوكوڵانە نییە، كێشە لەو وەزارەتەیە ناوی وەزارەتی_ رۆشنبیری_ یە و بەبێ خەم دادەنیشێت بە دیار ئەم ئەهەلە نمایشكارەوە و قسەیەك لەسەر بەرهەمە خاڵییەكەیان ناكات. ئەو وەزارەتەی هیچ كێشەی لەگەڵ_كلتوور و فەرهەنگ و پەروەردە نییە. كاتێك وەزارەتێكی لەم جۆرەی بێخەم هەبێت، بێگومان ئەهلی چاوتێركەر و ئەهلی نمایشی بێئاگا، دێن دەستدەكەن بە وێرانكردنی هەموو ئەو بنەمایانەی هوشیاری لەسەری دەژیت. تەنها ئەو شوێنەش وێران ناكەن خۆیانی تێدان، بەڵكو تەواوی ئاگایی وێراندەكەن و، ژیان ئەكەنە نمایشێكی پوچی بێكەڵك و خۆیشان لەم دیمەنەدا دەستدەكەن بە پیشاندانی شوێنە هەستیاییەكانی خۆیان، تا چاوەكان هاربكەن و دونیاكە بكەنە دونیای غەریزە.
ئەسڵەنە بەشێكی زۆری ئەو نمایشكارانەی سەر شاشە و ناو وێنەكان، نازانن واتای هونەر چییە؟ نازانن هونەرێك چۆن دەبێتە هونەری رەسەن و، هونەرێكی دیكە بۆ نابێتە هونەری رەسەن! نازانن ئەركی بنەرەتی میدیا چییە، نازانن دەسكاریكردنی خەیاڵ و بیركردنەوەی بینەر چۆندەبێت، رستەیەكیان نییە لەسەر خۆیان و دونیا، نازانن جوانی ئەركی چییە و، بە غەریزەكردنی جوانی چییە؟! نازانن شوێنی ژن لە هوشیاری و بیركردنەوەدا لە كوێدایە و، شوێنی جوانی لە دونیادا لە كوێدایە! ئیشی ئەوان لەسەر هیچ كام لە بیركردنەوە و خەیاڵ و دونیابینیدا نییە، ئیشی ئەوان لەگەڵ چاودایە، چۆن چاو تێربكرێت! چۆن چاو رابكێشرێت. چاو چەقی دونیاكەی ئەوانە، چاویش بەو ئاراستەیدا كە پڕبێت لە غەریزە و ئارەزوو. كاتێك ئەو بوكەڵانە ئەمە ئەركەكەیانبێت، جێگەی نیگەرانییە لە ئاستە ناهوشیارەكەیان نیگەرانبیت.
ئێمە ناخوازین ئەوانە دەسكاری كلتوور بكەن، چوون كلتوور بە كەسانێك دەسكاریدەكرێت لانیكەم كلتوور بناسن و، بزانن بۆشاییە گەورەكانی لە كوێدایە و، بە چ شێوازێك دەسكاری دەكرێت بۆ ئەوەی بەهەرمێكی نوێی هەبێت. ناشخوازین دەست بۆ هوشیاری تاك ببەن، لەبەر ئەوەی خۆیان پێویستیان بە كلاسێكی چەندین ساڵە هەیە، تا هوشیارییان پێبناسرێت. ناشكرێت دەست بۆ پەروەردە ببەن، پەروەردە لەدەرەوەی دونیا میكیاشییەگەی ئەوانەوەیە. ئەما دەخوازین لانیكەم خەمێك لە بەتاڵی و بێئاگایی خۆیان بخوازن، دەخوازین هەنگاوێك لە جیهانی _ مایكەپ_ دوركەونەوە و، نزیك ببنەوە لە هوشیاری، بۆ ئەوەی لە بوكەڵەبوون و لەو كۆمیدیا پوچە رزگاریانبێت تەواوی ژیانیانی داگیركردوە بە بێئاگایی. (بەتەماشایەكی وێنەكانیان لە دونیای شاشەكان، لەوە تێدەگەیت لە گۆزەیەكی خاڵی ئەچن، لە دەرەوە رازێندراونەتەوە بۆ راكێشانی چاوەكان و، لە جەوهەردا خاڵین و هیچیان تێدانییە. تا ئەم چركە ساتەش كەسیان خاوەنی رستەیەك نییە بۆنی هوشیاری لێوەبێت، نە رستەیەكی خۆی هوشیاری بێت! هەموو سەرمایەكەیان پیشاندانی شوێنە هەستیارەكانیانە، چونكە هوشیارییان لەسەر ژن و جوانی هەر ئەوەندەیە.!)